Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۳ مهر ۲۷, یکشنبه

ئایا نەوەی نوێ بەواتای بیری نوێ دێت! (بەشی یەک)


ئایا نەوەی نوێ بەواتای بیری نوێ دێت! (بەشی یەک)
لەنووسینی: ئاریتما موحەممەدی


ئەم بابەتە لە چەند بەش پێک دێت و پتر بابەتێکی فەلسەفی و کۆمەڵایەتییە و تێیدا هەوڵ دەدرێت کە بنەما سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا و کێشە و بەربەستەکانی بەردەم پێشکەوتن و نوێبوونەوە لە ڕوانگەی دوو توێژی مەزن و گرینگی کۆمەڵگاوە شی و شرۆڤە بکات و ئامانجەکانی پشت ئارەستە کردنی ڕووداوەکان ڕوون دەکاتەوە و کردار و بکەرەکانی بنەڕەتیی کایەی سیاسیی و بزووتنەوەکانی مەدەنیی کۆمەڵگا دەناسێنێت و لە هۆ و هۆکار و چارەسەرییەکان دەکۆڵێتەوە و ئەکتەری پشت ئەو ڕووداوانە دەناسێنێت! هاوکات لەم بابەتەدا باییخ بە کۆمەڵگای کوردستان و کێشە و بەربەستەکانی بەردەم پێشکەوتن و نوێبوونەوەی کوردستان دەدرێت و چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەکان ئاماژەیان پێ دەکرێت. گرینگترین خاڵی چارەسەری ئەوەیە کە ئێمە کێشە و بەربەستەکانی بەردەم پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەک پێناسە بکەین و بناسین، ئەو کات دەکرێت کار لەسەر چارەسەرکردن و دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەری بکەین. کوردستان لە مێژە کۆمەڵگایەکی جڤاکیی بووە و ئەزموونی جڤاکیی لەنێو کۆمەڵگای کوردستاندا پڕۆسەیەکی کۆن و مێژووییە و لە شارستانییەتی زاگرۆس، ماد، سوومر و (میزۆپۆتامیاوە) سەرچاوە دەگرێت، ئەمەش خاڵێکی دڵخۆشکەرە و هیواکانی چارەسەری کێشەکان بە چەشنێکی بەربڵاو و هەست بەبەرپرسیارێتی کردنی کۆمەڵگا لەمەڕ کێشەکان لە ئاستێکی بەرزدا خۆ دەنوێنێت، تەنیا پێویستە کە ئێمە ئەو بزاڤە جڤاکییانە زیندوو بکەینەوە و وەگەڕیان بخەینەوە. بەشداری کچانی تێکۆشەری کورد لە شەڕ و بەربەرێکانێی دژبە داعش یەکێ لەو تاییبەتمەندییە جڤاکیی و هزریی و دیرۆکییانەیە کە نەتەوەکەمان هەیەتی و ئەوەش هێمای هاوخەباتی و هاوشانی و هاوتێکۆشینی ڕۆڵەکانی کورد لە ئاست کێشە و لەمپەرەکان پێشان دەدات، نەتەوەیەکی یەکدەست و یەکهەڵوێست دەبێ کچان و کوڕانی بەو چەشنە هاوشانی یەکتر خەبات بکەن و دەستکەوت بەدەست بهێنن.
یەکێ لە کێشەکانی هەرە مەزنی ئەمڕۆی کوردستان یەکنەگرتوویی سیاسیی و نەتەوەیی پارتەکانی کوردستانە، چونکە کۆمەڵگای کوردستان بەهەموو بەشەکانی کوردستانەوە، نەتەوەیەکی خاوەن هەست و یەکهەڵوێستە، کۆ کردنەوەی هاوکاری بۆ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە تەنیا کونجێک لە یەکهەڵوێستیی نەتەوەیی پێشان دەدات، هاوکاری کردنی باشوور و باکووریش بۆ ڕۆژئاوا بە هەمان چەشن فەلسەفەی هەمان پەیام دەگەیەنێت، هەروەها دەتوانین ئاماژە بە کۆمەڵێک خاڵ و فاکتەری دیکەش بکەین کە پێناسەی نەتەوەیی و یەکهەڵوێستی کورد لە ئاستێکی بەربڵاو و بەرفەراوان و گشتگیر و هەمەلایەن دەسەلمێنێت. ئەمە بەو واتایە دێت کە نەتەوەی کورد لەگەڵ ئەوەدا کە کۆمەڵێک بەربەستی مەزنی لەسەر ڕێ هەیە، کەچی تاکوو ئیستاش جڤاکیی بوونی کۆمەڵگای پاراستووە و کڕنووشی بۆ داگیرکەران نەبردووە و هەردەم یەکێتیی و یەکهەڵوێستی پاراستووە، ئەوەش پاشەکشەی بە بیری داگیرکەری کردووە، هەرچەند کوردستان وەک خاکەکەی داگیرکراوە، بەڵام قەد زمان، ناسنامە و شۆناسی نەتەوەیی کورد و جڤاکیی بوونی کۆمەڵگای کوردستان داگیرنەکراوە و داگیرکەر نەیتوانیوە کاریگەری نەرێنی لەسەر دابنێت و تێکی بشکێنێت.
کۆمەڵگایەک کە تاکەکانی هەست بەبەرپرسیارێتی کردن نەکات، کێشەکانی بەردەوام پەرە دەستێنێت و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ئابووری کز دەبێت و پاشەکشە دەکات، ئەوەش بە سەرەتای داڕمانی کۆڵەکەکانی بنەڕەتیی کۆمەڵگا پێناسە دەکرێت. کۆمەڵگای کوردستان یەکێ لەو کۆمەڵگانەیە کە تاکەکانی چالاکن و هەست بە بەرپرسیارێتی کردن دەکەن و هەر ئەوەش هۆکاری ئەوە بووە کە لە ڕێڕەوی مێژوودا ناسنامەکەی بپارێزێت، دیارە لە ڕەوتی ڕووداوەکانی نوێدا و لە سەردەمی پێشکەوتن و هاتنەکایەی پڕۆسەی گلۆبالیزم و کرانەوەی کولتوورەکان بەڕووی یەکتردا تا ئاستێک کورد کەوتووەتە ژێر کاریگەری ئەو پڕۆسە نوێیە، بەڵام ئەگەر باییخ بە بزاڤە خۆماڵییەکان بدەین، بێگومان چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا ئاسانتر دەبێت. چونکە تێکڕای ئەو بزاڤانەی کە پشت بە سۆسیالیزم، کۆمۆنیسم، کاپیتالیسم، گلۆبالیزم و لیبرالیزم و هتد... دەبەستن بەرهەمی چارەسەرکردنی قەیرانێکن کە قەیرانێکی دیکە دەخوڵقێنن، ئەمەش لەگەڵ پڕۆسەی جڤاکیدا ناتەبایە، چونکە لە کۆمەڵگایەکی جڤاکییدا ڕۆڵی تاکەکان پڕ باییخە و تاکەکان لێک دوور ناخرێنەوە، بەڵکوو تاکەکان لە کۆدا هێز و وزەی چارەسەرکردنیان پتر و کاریگەرتر و بەهێزتر دەبێت و ئامانجەکان ڕێکوپێکتر دەپێکن.
ئەمە بەو واتایە دێت کە ئەگەر بزاڤە مەدەنیی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ڕێکخستنەکانی جڤاکیی بە چەشنێکی بەرفەراوان و هەمەچەشن و هەمەڕەنگ لە هەوڵی ڕێکخستنی تاکەکانی کۆمەڵدا بن و بۆ پرس و کێشەکان شرۆڤە و شیکاری پێویست ئەنجام بدەن، پتر سرنجی تاکەکان ڕادەکێشن و لە ئارەستەکردنی ڕوانگە و هێز و وزە و هزریاندا کاریگەری ئەرێنی دادەنێن. لە دۆخێکی لەو چەشنەدا ئیتر تاکەکانی کۆمەڵگا لە ئاست کێشە و بەربەستەکان بێ هەڵوێست نابن و بە دوای چارەسەرکردندا دەگەڕێن و وزەی خۆیان بۆ گەشەسەندن و پێشخستنی کۆمەڵگا تەرخان دەکەن. بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە هەمیشە ئەوە تاکەکان نین کە بێ هەڵوێستن یانخود هۆکاری خوڵقانی کێشە و بەربەستن، بەڵکوو لە زۆربەی کاتەکاندا ئەوە دەسەڵاتە کە هۆکاری پەرەسەندنی گەندەڵی دەبێت و بەرژەوەندی چینێکی تاییبەت دابین دەکات و کۆمەڵگاش وەلا دەنێت، لێرەدا تاکەکانیش تاوەنبارن، چونکە بێ هەڵوێست و ناچالاکن، بەڵام پارتی سیاسیی لە ئارەستەکردنی ڕووداوەکان و هێنانە کایەی کێشە و هاوکات چارەسەرکردنی بەربەستەکان لە هەنگاوی یەکەمدا ئەرکی مەزنی لە ئەستۆ دەبێت، بەو پێیەی کە دەسەڵات لە هەناوی ئەوەوە سەرچاوە دەگرێت. کەواتا تاکی چالاک و خاوەن هەڵوێست و ژیر لە پاشکەوتوویی سیاسیی و کۆمەلایەتیی کۆمەڵگا و لە گەندەڵبوونی کۆمەڵ ڕێگری دەکات. ئیتر گرینگ نییە کە ئەو تاکە لە چی قۆناغێک لە ژیان و تەمەن دایە، گرینگ نییە کە لاوە یانخود پیرە، تەنیا پرسێک کە لێرەدا گرینگ و جێی باییخە، هەڵوێستە!
ڕۆڵی ئەکتەری سیاسیی حیزب، لاو
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێکی زۆر لە چالاکانی سیاسیی و مەدەنیی کورد لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان و بە تاییبەت له‌ ئاستی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ڕەخنە ئارەستەی پارتەكانی سیاسیی کوردستان دەکەن و بەوە تۆمه‌تباریان دەکەن کە گوایە ڕێگە بە نەوەی نوێ و بە هزروبیری نوێ نادەن کە له‌ دەسەڵات به‌شدار بن و ڕۆڵی خۆیان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و كۆمه‌ڵگادا بگێڕن و پلەکانی ترۆقی ببڕن و کاریگەری له‌سەر کۆمەڵگا درووست بکەن و هه‌وڵ بۆ نوێبوونه‌وه‌ی وڵات و سیستەم و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی بده‌ن و خۆیان لە جمگەکانی گرینگی دەسەڵات و بەڕێوەبردندا ببیننەوە. یانخود زۆر جار لە بەرپرسە حیزبییەکانەوە دەبیستین کەوا له‌نێو به‌شێك له‌و پارتانه‌دا کرانەوەی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌ڕێوه‌یه‌ و گرینگی و باییخ بە لاوان و نەوه‌ی نوێ ده‌درێت و بانگهێشتی لاوان دەکەن کە ببنە ئەندامی ئەو حیزبانە و هەوڵ بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات بدەن. هەر لەو پێوەندییەدا ئەوەش دووپات دەکەنەوە کە ئیتر ئەوانەی کە ماوەیەکە ژیانیان تێکەڵ بە سیاسەت بووە و تەمەنیان چووەتەسەر لە ده‌سه‌ڵات ده‌كشێنه‌وه‌ و ڕێگە بۆ لاوان خۆش دەکەن، بۆ ئەوەکە دەسەڵات بەدەستەوە بگرن و درێژە بە خەبات و تێکۆشان به‌ مه‌به‌ستی هێنانه‌دی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و سه‌ربه‌ست بخەنەگەڕ و هه‌وڵ بۆ ئارەستە کردنی هێزی گه‌ل و جێگیرکردنی بیر و هزری نوێ و بە ڕۆژکردنەوەی زانستی سیاسیی و ئه‌زموونی كار و زیندوو ڕاگرتنی جووڵه‌ی هه‌وڵ و تێكۆشان بدەن. به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی و تاکتیکی ئەزموونکراوی ئه‌و هه‌وڵه‌ی ده‌سه‌ڵات و حیزب ئه‌وه‌یه كه‌ له‌و ڕێگایه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه‌ ئاره‌سته‌ی سیاسیی خۆیان بخه‌نه‌ ڕۆژه‌ڤه‌وه و به‌ ڕاكێشانی كۆمه‌ڵێك لاوی بێ ئه‌زموون و ناشاره‌زا کە هاوکات خولیای سیاسه‌ت و خەبات و تێکۆشانن، خۆیان به‌ حیزبێكی نوێ كه‌ گرینگی و باییخ به‌ پرسی لاوان و نه‌وه‌ی نوێ ده‌دات، پێناسه‌ بكه‌ن و بناسێنن، دەسەڵاتی بنەڕەتیی کە ڕۆڵی سەرەکیی لە ئارەستە کردنی خەبات و تێکۆشاندا دەگێڕێت له‌ ڕێگای ئه‌و تاكتیكانه‌وه‌ هه‌وڵ دەدات كه‌ به‌و چه‌شنه‌ سیاسه‌ت و ئامانجی سیاسیی خۆیان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببه‌ن و “بیروهزری نوێ” ده‌كه‌نه‌ قوربانی ئامانجی سیاسیی حیزبییان كه‌ ته‌نیا ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی پێ درێژ ده‌كه‌نه‌وه و دۆخی هەنووکەیی كۆمه‌ڵگاش لەگەڵ گۆڕانكاری قووڵی ئابووری، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەرەوڕوو نابێت و لاوانی لێهاتووش به‌شداری هه‌ڵزنانی خێرای كۆمه‌ڵگا نابن و لە بنەڕەتەوە وزەی لاوانی بەئەزموون و کەسایەتییەکانی خاوەن ڕوانگەی زانستیی بەفیڕۆ دەدرێت و بەو چەشنە هەوڵی داپۆشینی گەندەڵی دەخەنە بوواری کردارەوە و پێویستییەکانی ئاڵوگۆڕی هەنووکەیی نێو کۆمەڵگاش دەبێتە خەزانی پاییزانەی سەرئاو.
من لەو پێوەندییەدا بەم چەشنە ڕوانگەی خۆم دێنمە سەر زمان، قەد دژایەتی ئەوە ناکەم کە با ڕێگە بۆ لاوان و تازەپێگەییشتووان خۆش بکرێت و به‌شداری كایه‌ی سیاسیی بکەن و ئەزموون کۆکەنەوە و ڕێگەی خزمەتکردن بدۆزنەوە، مەبەست لە ئاماژەدان بەم پرسە دژایەتی کردنی بەشداری لاوان لە خەبات و تێکۆشاندا نییە، بەڵکوو هەمیشە لاوان بە کۆڵەکەکانی هەرە گرینگی پێشکەوتن و خەبات و تێکۆشان لەنێو کۆمەڵگادا پێناسە کردووە، کێشەی من لەگه‌ڵ بنه‌مای ئه‌و هزره‌یه‌ كه‌ ده‌یهه‌وێت هه‌ژموونی خۆی بسه‌پێنێته‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگا و لەو ڕێگایەوە هەوڵ ده‌دات کە لاوان و تازەپێگەییشتووان کە بە دوای دۆزینەوەی کەسایەتیی خۆیانەوەن و هەوڵی جێگیرکردنی کەسایەتییان دەدەن، وەک کەرەستە بەکار بهێنێت و پلاندانەرانی ئەو پڕۆژانەش خۆیان لە دواوە ئارەستەی ڕووداوەکان بگۆڕن و ئەو بەشە لە گۆڕانکاری کە پێیان باش بێت، ببێتە بەشێک لە ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگا و ئەوەی کە پێیان باش نەبێ و لەگەڵ بنەمای هزرییاندا نەگونجێت وەلا دەنرێت و دیسانەوە درووشمی ئەوەش به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ کەوا ڕێگەیان بۆ لاوان و بۆ بیروهزری نوێ خۆش کردووە و خۆیان به‌ نوێگه‌را پێناسه‌ ده‌كه‌ن. ئەمە لە ڕاستیدا بێ بنەمایە و تەنیا وەک تاکتیک کەڵکی لێوەر دەگرن. چونکه‌ بیروهزری نوێ، پڕۆژی گرینگ و چارەنووسساز و باییخدار، لە بنەمادا گەورە و بچووکی بۆ نییە، تەمەنی زۆر و کەم و پیر و لاوی بۆ نییە، پڕۆژەی پێویست و گۆنجاو کە خزمەت بەگەل بکات لەلایەن هەر کەسێکەوە پێشنیار و ئامادە بکرێ، پێویستە کە ڕێزی لێبنرێت و دەستخۆشی لێبكرێت و ڕۆڵ و تێکۆشانی به‌رز بنرخێنرێت و هاوکاری و پشتیوانی بکرێ بۆ ئەوەکە خزمەتی گەورەتر و مەزنتر پێشکەش بە کۆمەڵگا و نیشتمان، گه‌ل و وڵات بکات.
توێژی لاوان؛
توێژی لاوان له‌ دوو بەشی سه‌ره‌كیی پێك دێت،‌ بەشێکیان کاریگەرن و ڕۆڵی گرینگ و چارەنووسساز لەنێو کۆمەڵگادا دەگێڕن و ئەگەر هاوکاری و پشتیوانی بکرێن دڵنیام کە خزمەتی مەزن پێشکەش بەکۆمەڵگا دەکەن. هەمیشە وتوومە کە لاوان ئەو هێزە مەزنەی کۆمەڵن کە کۆمەڵگا لە پاشكه‌وتوویی و داخراوەیی ڕزگار ده‌كه‌ن و بەرەو داهاتووێکی گەشتر و جوانتر دەیخەنە ڕێ و دەرفەت و هەلی گەورە بۆ كۆمه‌ڵگا دەخوڵقێنن و وڵات ئاوەدان دەکەنەوە و بەسەر هەورازونشیوەکانی کۆمەڵگادا زاڵ دەبن و ژیانی کۆمەڵگاش ڕەنگێکی دیکە بەخۆیەوە دەگرێت و گۆڕانكاری مه‌زن و نوێ ده‌هێننه‌ كایه‌وه‌ و كۆمه‌ڵگا گه‌شه‌سه‌ندی كولتووریی، سیاسیی، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی به ‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، هاوكات ئه‌و توێژه‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌ی قوربانی دانن، به‌ڵام ئه‌و بەشەكه‌ی دیكه‌ی لاوان بوونەتە کەره‌ستەی داگیرکەری و بەربەست لە پێشکەوتن و بەهۆکاری ئاڵۆز بوونی دۆخەکە پێناسە دەکرێن و بوونەتە پەرژێنی دواکەوتوویی لە کۆمەڵگا و هێز و هزریان له‌ پێناو ڕۆخان و شێواندنی كۆمه‌ڵگا و كولتوور و ناسنامه‌ به‌فیڕۆ ده‌ده‌ن، هاوكات ڕێگرن له‌وه‌كه كۆمه‌ڵگا‌ پێشكه‌وتن به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت و قۆناغه‌ پڕ هه‌ورازونشیوه‌كانی تێپه‌ڕ بكات و هه‌میشه‌ ده‌بنه‌ په‌یجه‌ بۆ هه‌لپه‌ره‌ستان بۆ به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنی ده‌سه‌ڵات و لاواز كردنی ڕۆڵی كۆمه‌ڵگا و كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵ داده‌نێن، ئه‌وه‌ش به‌یه‌كێ له‌ به‌ربه‌سته‌ هه‌ره‌ مه‌زنه‌كانی ڕێگر له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا پێناسه‌ ده‌كرێت. یانخود زۆرجار ئەوە دەبیستین کە لاوان زۆر زوو لەژێر باری بەرپرسیارێتیی دەردەچن و درێژە بە تێکۆشان نادەن، ئەمە تا ئاستێک ڕاستە، بەڵام ئەم ڕاستییە کام بەشە لە لاوان دەگرێتەوە، بێگومان ئەو بەشە لە لاوان لەخۆ دەگرێت کە بەدوای ساز کردنی کەسایەتییەوە دەگەڕێن، نەک بەدوای خزمەت کردن بە گەل و نیشتمان، چونکە دەسەڵاتی سیاسیی حیزب کە ئێمە لەم بەشەدا مەبەستمانە لە بەشداری کردنی لاوانی خاوەن هەڵوێست یانخود کەسایەتییەکانی خاوەن هزر لە دەسەڵات و جمگەکانی بەڕێوەبردندا ڕێگری دەکات و پتر ئەوان بەدژبەری دەسەڵاتی بێسنووری خۆی پێناسەی دەکات، لەبەر ئەوە ئەوان بە دوای هێنانەدی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی لە سیستەمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووری کۆمەڵگان دان.
پیرانی پێشه‌نگی هزر؛
بە تەمەنەکانیش بە هەمان شێوە بەشێکیان پێشڕەوی خەبات و تێکۆشان بوونە و هەمیشە لە ڕێڕەوی مێژوو و هاوکات لە گواستنەوەی قۆناغەکاندا ڕۆڵی ئەرێنییان لەسەر بزووتنە سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و مەدەنییەکان داناوە و کاریگەریی پڕ باییخیان بەجێ هێشتووە و ڕۆڵی مه‌زنیان گێڕاوه‌ و بە بەشێکی گەورە لە سەرمایەی وڵات پێناسە دەکرین، ئەو بەشە کە مامۆستا و دکتۆر و خزمەتکەر بوونە و هەمیشە لە زانکۆ و زانستگاکاندا خەریکی لێکۆڵینەوەن و به‌دواوه‌چوونیان بۆ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا كردووه‌ و بەردەوام به‌ دوای دۆزینەوەی ڕێگه‌چاره‌دان، یانخود به‌ چه‌شن و شێوه‌ی جیاواز و بەجیا لە جێگە و پێگەی خۆیاندا دەور و ڕۆڵی مەزن دەگێڕێن و کاریگەری ئه‌رێنیان له‌سه‌ر کۆمەڵگا داناوه‌ و هەردەم لە هەوڵی خزمەت کردن به‌ كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیی دان و ڕۆڵی گرینگ و بەرچاو لەمەڕ پرسەکانی‌ پێوه‌ندیدار به‌ کێشە و ڕێگەچارەکانی کۆمەڵگا دەگێڕن. بەشێکی زۆر لە پیرانی تێکۆشەر کە هەنووکە ڕەخنەیان ئارەستە دەکرێت لە پێوەندی بە دەیان پرس و پڕۆسەی گرینگ و چارەنووسسازدا پێشەنگی خەبات و تێکۆشان بوونە و گەشەیان بە کۆمەڵگا داوە و تاکوو هەنووکەش ڕۆڵیان باییخداره‌.
لەنێو نه‌ته‌وه‌ی کوردیشدا دەیان لەو کەسایەتییانەی بەتەمەن و تێکشەر بوونیان هه‌یه‌ و تاکوو ئیستاش كاریگه‌ری ئه‌رێنیان له‌‌سەر سیاسەت و زانست و شیعر و ئەدەبی كوردیی داناوە و بە هێمای مرۆڤی بەهەست و تێکۆشەر و بەنرخ و مەزن و خەباتگێڕ پێناسە دەکرێن و جێگای ڕێزن و به‌ یه‌كێ له‌ كۆڵه‌كه‌كانی مه‌زنی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا و زمان و به‌رخۆدان پێناسه‌ ده‌كرێن، ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ دێت كه‌ پیرانی به ‌ته‌دبیر ڕۆژگارێك هه‌مان لاوانی تێكۆشه‌ر و خه‌باتگێڕ بوونه و هه‌نووكه‌ هه‌ركامه‌ و له‌ بوواری خۆیدا ئه‌زموونێكی به‌نرخیان كۆ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌كرێ له‌ شوێن و جێی تاییبه‌تدا ‌كه‌ڵك له‌و ئه‌زموونانه‌‌ وه‌ربگرین‌، هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا نوێگەری بەرهەمی ئەزموون و خەبات و تێکۆشان و بەرهەمی هزر و بەربڵاویی دەلاقەی ڕوانگەی مرۆڤەکان بۆ کێشەکان و دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەریی کێشە و بەربەستەکانی ژین و ژیانە. کەواتا تەمەن کاریگەری مەزن لەسەر پێشکەوتنی کۆمەڵگا دانانێت، بەڵکوو ئەوە هزر و بیرە کە ڕۆڵی مەزن لەمەڕ چارەسەر کردنی کێشەکان دەگێڕێت و ڕێگای نوێ بۆ تاقیکاری دەدۆزێتەوە، هەرچەند لاوان وزەی زۆرتریان هەیە، بەڵام هاوکات بە تەمەنەکانیش لە ڕێڕەوی ئەو دەیان ساڵەدا کۆمەڵێکی زۆر ئەزموونیان کۆ کردووەتەوە کە دەکرێت وەک ڕێگە و ڕێبازی نوێگەری و پێشکەوتن و بەرەوپێشەوەچوون کەڵکی لێوەر بگیرێت، کەواتا وزە، ئەزموون و تێکۆشان هەر سێ پێکەوە دەتوانن ڕۆڵی گرینگ و مەزن بگێرن و لە ڕاستیدا تەواوکەری یەکترن. بەڵام دەبێ ئەو سێ کۆڵەکە مەزنە کە بنەمای پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەکن پێش هەموو شتێک هەوڵی داڕشتنی پەروەردەیەکی بەهێز و ئەرێنی لەنێو کۆمەڵگادا بدەن، چونکە ئەو سێ کۆڵەکە بەبێ پەروەردەیەکی درووست و ئەرێنی، دەکرێت بۆ لاواز کردنی باییخە کۆمەڵایەتییەکان بەکار بهێنرێن و ڕۆڵی لاواز و نەرێنی لە کۆمەڵگادا بگێڕن و وەک بەربەستی پێشکەوتن و هاتنە کایەی ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگا پێناسە بکرێن و پتر لە خزمەت بەرژەوەندی بەشێک لە تاکەکانی کۆمەڵگادا بن، وەک بەشێکی زۆر لەو کەسایەتییە زانستیی و کۆمەڵایەتییانە کە لە خزمەت دیکتاتۆران و ڕژیمەکانی داپڵۆسێنەر دان و باییخ و گرینگی بە توێژ و چینەکانی جیاوازی کۆمەڵگا نادەن و هەمیشە و هەردەم بۆ تاک یانخود بۆ یەک چین بیر دەکەنەوە، چینەکان، ڕوانگە و بیروهزرەکانی دیکەی کۆمەڵگا وەلا دەنێن و سەرکوتیان دەکەن و برەو بە ترس و تۆقاندن و سەرکوت کردن دەدەن.
لە کۆتایی ئەم بەشەدا بەو ئاکامە دەگەین کە لاوانی تێکۆشەر و خاوەن وزەی ئەرێنیی لە کۆمەڵگادا ڕۆژگارێک دەبنە پیرانی خاوەن هزر و پێگە و بەئەزموون، هاوکات پیرانی خاوەن هزر و پێگە ڕۆژگارێک لاوانی بە وزە و خاوەن هەڵوێست بوونە و قەد لە هەمبەر ڕووداو و پێشهاتەکانی کۆمەڵگا بێ دەنگ و بێ هەڵوێست نەبوونە و هەمیشە هۆکاری چارەسەری بوونە، کەواتا ئەو بەشە لە لاوان و لە پیران کە وەک یەک ڕۆڵی ئەرێنی دەگێڕن و بە دوای چارەسەر کردنی کێشەکان دان ڕۆڵ و هەڵوێستێکی هاوبەشیان هەیە و ئامانجیان پێشکەوتن و بەرەو پێشەوەچوونی کۆمەڵگایە. ئەمەش دژایەتیی ئەو تیئۆرییە باوە دەکات کە پێی وایە نەوەی نوێ بە واتای بیری نوێ دێت!
درێژەی هەیە...

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر