Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۲ آذر ۷, پنجشنبه

گوتارى کۆنگرەى نەتەوەیى و غیابى سیاسییەکان!

       

گوتارى کۆنگرەى نەتەوەیى و غیابى سیاسییەکان!
لەنووسینی: کارزان عەزیز قادر
بە دریژایى میژوو خەباتى بزوتنەوەى نەتەوایەتى کورد، گوتاریکى گشتگیر و یەکدەنگی لەخۆ نەگرتووەو ڕێکنەخستووە، بەڵکو هەمیشە لە ڕێرەوی ئەو خەباتەدا لە گەڵ هەورازونشیو بەرەوڕوو بووەتەوە و دەرەتانی سەرکەوتن کز و لاواز بووە.


ئەگەر چاوێکی خێرا بە مێژووی خەبات و تێکۆشانی پڕ لە سەروەری نەتەوەی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا بخشێنین، ئەوا پتر بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە سەرکردەکانی کورد لە قۆناغ و بارودۆخە تاییبەتییەکانی مێژوو و ئەو سەردەمەی کە تێدا ژیاون و خەباتیان کردووە، نەیانتوانیوە کە هەوڵ و تێکۆشانی بزاڤی نەتەوەیی کورد لە گەڵ بارودۆخەکەدا بگونجێنن و ڕێکبخەن و لە سەر بنەمای خەباتێکی گشتگیری نەتەوەیی گوتارێکی نەتەوەیی و هاوبەش لە نێوان هەموو لایەنەکاندا ساز بکەن و بیهێننە کایەوە، ئەوەش بە سەرچاوەی تێکشکان و لاوازی هێزی کورد و بەدەست نەهێنانی مافەکانی پێناسە دەکرێت.
هەمیشە بە پێی قۆناغ و سەردەم ناسیۆنالیزمی کوردی کێشەی بۆ هێنراوەتە سەر ڕێ و بە هۆکار گەلێکی تاییبەت و ناڕێک و ئەنقەست ڕێ لە پێکهاتنی گوتاری هاوبەشی نەتەوەیی گیراوە. لە ڕاستیدا ناکرێ باس لە گەشەی بیری نەتەوەیی بکرێت لە کاتێکدا کە ئەو بیرە نەیتوانیوە گوتارێکی هاوبەش بێنێتە کایەوە و کاریگەری بنەڕەتی و بنەمایی لە سەر کۆمەڵگا و تەنانەت پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان دابنێت، ئەوەش بە هۆکاری لاوازی پڕۆژەی نەتەوەیی کورد پێناسە دەکرێت کە تاکوو هەنووکە نەیتوانییە ئەو بەربەستانە لەسەر ڕێ وەلا بنێت و دەستکەوتێکی ئەوتۆ بەدی بهێنێت و ئاسۆی ئەو بیرە پرشنگدار بکات و گەشە پێبدات.
هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، لە مێژووی کورد و بەتاییبەت لە سەردەمی میرنشینی لە کوردستانەوە بگرە تاکوو دەگاتە ئەمڕۆ و دەسپێکی ئەم خەباتە نوێیە، پڕۆژەی نوێی کورد لە کوردستان لە سەر بنەمای عەقڵانی و زانستنی دانەنراوە و هەوڵ و تێکۆشانی زانستی و درووست و بنەمایی بەڕێوە نەچووە، زۆربەی هەرە زۆری هەوڵەکان تێکەڵاوی هەڵەی سیاسیی بوونە یان خود هەست و ئیحساس، ئەوەش لە ژێر کاریگەری و تەوژمی سیاسیی لایەنێکی دەرەکیدا ئەو هەوڵانە دراون، ئەوەش ئاسۆی بیرو پڕۆژەی نەتەوەیی و زانستی و عەقڵانی تاریک و ناڕوون کردووە و بەلاڕێدا بردووە.
خاڵێکی دیکە کە هەمیشە بۆ سەرنەکەوتنی بزووتنەوە کوردییەکان ئاماژەی پێکراوە، کاریگەری و ڕۆڵی فاکتەرە دەرەکییەکان بووە کە بەو شێوەیە خوێندنەوەی بۆ کراوە کە گوایە ئەوە زلهێزەکان و دەوڵەتە ناوچەیی و جیهانییەکان بوونە کە نەیاویستووە یان خود پێیان باش نەبووە کە دەوڵەتی کوردی درووست بێت و هەر بەو مەبەستەش بەربەستیان هێناوتە سەر ڕێی هێزە کوردییەکان.
ئەو خوێندنەوەیە بە تەواوی درووست و توکمە نییە چونکوو ئەوەی کە باییخ و گرینگی پێنەدراوەو ئاماژەی پێنەکراوە فاکتەرە نێوخۆییەکان بووە، کە کاریگەری پتریان لەسەر سەرخستن یان خود سەرنەکەوتنی بزووتنەوە کوردییەکان هەبووە و ناکرێ ئاڵۆز کردنی دۆخەکە هەر هەمووی بخەینە ئەستۆ فاکتەرە دەرەکییەکان. بەڵکوو ڕێنەکەوتنی لایەنە کوردییەکان لە گەڵ یەک و ساز نەکردنی گوتارێکی نەتەوەیی و هاوبەش و نەبوونی پڕۆژەی زانستی و نەتەوەیی بەربەستی سەرەکی سەرکەوتنی کورد بوونە.
هەنووکە کاتی ئەوە گەییشتووە کە بۆ هەموو ئەو ڕەهەندە مێژووی و سیاسیی و فاکتەرە دەرەکی و نێوخۆییانە ڕوانگەیەکی ڕەخنەییمان هەبێت و بەشێوەیەکی ورد و درووست هاوهەڵوێستەی لەسەر بکەین و لێکۆڵینەوەی بۆ بە ئەنجام بگەیەنین. دەبێ ئەو پرسیارەش لە خۆمان بکەین کە ئایا تا چەند سەرکردەکانمان و کەسانی سیاسیی بەشێک لە هۆکاری ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی کورد بوونە؟
ئەگەر لە هەر قۆناغێکى مێژووى خەباتى بزووتنەوەى نەتەوایەتى، شرۆڤەیەکى ڕەئالیستیانەی بۆ بکەین ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەوەندەى لە نێوخۆدا کار بۆ لاوازى ئەم پرسە کراوە کار بۆ سەرخستنى نەکراوە، بێ گرینگیدان لە تێگەیشتنى ڕەهەندە عەقلانى و سیاسى، کلتورى و جوگرافیاى کوردستان، گوتارێک بووە لە دەرەوەى پرۆژەى ناسیۆنالیزم، دەکرێ قۆناغى مێژووى خەباتى بزووتنەوەى نەتەوایەتى لە سەروبەندى کۆنگرەى ئاشتى کۆمەڵەى نەتەوەکان وەک نموونە وەربگرین کە کورد بە وەفدێک بە سەرۆکایەتى شەریف پاشاى خەندان بەشدارى کۆنگرە دەکات و یاداشتنامەیەک پێشکەش بە کونگرەکە دەکات، داواکارییەکەی ئەوە دەبێت کە سەربەخۆیى کوردستانى گەورە ڕابگەیەنرێت، ئەو کات سەرانى کۆنگرە بەباییخەوە سەیرى ئەم یاداشتە دەکەن.
گەرچى ئاماژەیەکى کورتیش بووبێت لە پێوەندی بە کوردەوە، ئەوان پرسیاری ئەوە دەکەن کە کێ بکرێتە سەرۆکى کوردستانى گەورە؟ لە کاتى هاتنە پیشەوەى هەڵومەرجى لەو چەشنە کە ئەم پرسە بە نێودەوڵەتى بکرێت و کارى بۆ ئەنجام بدرێت، دواتر هەر لەو پێوەندییەدا، راستەوخۆ لە نێوخۆى کوردا ئەم مەسەلەیە دەبێتە کێشەو مشتومرێکى زۆرو ئالۆزى لێدەکەوێتەوە کە ئایا کێ بکرێت بە سەرۆکى کوردستان؟ سەرەنجام هەوڵ و تەقەلاکان بۆ پرۆژەى نەتەوایەتى شکەست دەهێنیت و لە پرۆژەی دروست بوونى دەوڵەتى کوردى دەبێتە پرۆژەیەکى بچووک و تەنها پارچەیەکى کوردستان دەگرێتەوە ئەویش داواکردنى ئۆتۆنۆمى بوو، داواکردنى ئۆتۆنۆمیش تا ئەم ساتەشى لەگەڵدا بێت لە بیرو کۆنەستى سیاسیی ئێمەدا بەدیار دەکەوێت و پێویست بە بەڵگە هێنانەوە ناکات، هەموو ئاماژەکانى بارودۆخى ئیستامان ئەمە دەردەخەن، بەڵام جارێکی دیکە لە بەهارى ئەمساڵدا پرسى کۆنگرەى نەتەوەیى کورد هاتە پێشەوە و هەوڵ و تەقەلاى سەرەتایی بۆ درا، چەند لیژنەیەکى بە ناو پسپۆرى بۆ دیارى کرا کە کارەکان بەرێوەببەن و کارئاسانی بۆ بەڕێوەچوونی کونگرەکە بکەن!.
گوتارى ئەم کۆنگرەیە گوتارێکى ڕووکەشە و جوغزێکى فەراوانى نەگرتبۆوە خۆو بەو پێیەى کە ڕەهەندى مێژوو، خاک، نیشتمان، کەلتوور، رۆشنبیرى و کۆمەلایەتى بگرێتەوە و بەرفەراوان بێت، نوێنەرى چەند پارتێکى دیاریکراوى لەخۆ گرتووە کە گوایە نوێنەرایەتى هەموو گەلى کورد دەکەن، لە لایەکیتر کۆنگرەى نەتەوەیى تەنها پەیوەست نییە بە پرۆژەو کاریزمای لایەنێک و هەوڵ و تەقەلاى کەسێک و حیزبێکى دیاریکراو، یان شوێنێکى دیاریکراوى جوگرافى، کە وەک دیفاکتۆ وەربگیرێت، بەڵکو دەکرێ بگوترێ بارودۆخێکى سەقامگیرو هەندێ دەستکەوتى بە دەستهاتووى کۆمەڵانى کوردستانە لە هەندێ بواردا، کە توانیویانە لەم بارودۆخ و هەلومەرجەدا هۆکاری هاتنە ئارای ئەم پرۆژەیە بێت.
ئەمە داوایەکى ڕەواى خەڵکى کوردستانە بۆ ئەم پرسە چارەنووسسازە، بەڵام دیسان ئەوەى من تێبینیم کردبێت مێژوو خۆى دووبارە دەکاتەوە لە سەردەمى(میرنشینەکان تاکو کۆمارى کوردستان لە مەهاباد) بە قۆناغى ئیستاشەوە دووبارە بکەرە سیاسییەکان کەسایەتییە لاوازەکان پێکی دەهێنن، کە هەڵگرى بیری ناسیۆنالیزمى نەتەوایەتى نین، بە دیوێکى تردا ئەوەندەى خەمى حیزبەکەیانە ئەوەندە کار بۆ ئەم پرسە ناکەن، بەڵگەش هەر لە کاتى دەستپێکردنى بانگەشەى هەلبژاردنى 21 ى 9 دا دیسان گوتارى ناسیۆنالیزمى کوردى لە پرۆژەى نەتەوەیەوە گۆردرا بۆ پرۆژەیەکى بچوکى حیزبى، حیزبایەتى لاى بکەرە سیاسییەکانى ئێمە بۆتە بەشێک لە ناوبانگ و ئیمتیاز و دەستکەوتى کورسى و ماددى.
 واتە هەر کاتێک حیزب نەبوو بە بزووتنەوەیەکى نەتەوایەتى ئەوا ناتوانێت هەڵگرى پەیامى دەوڵەتى کوردى بێت، یان ببێتە نوخبەیەکى دیارى ساسى و کاریزماى بیرى نەتەوایەتى، حیزب بە تەنیا ناتوانێت تەعبیر لە ڕاى گشتى گەلى کورد بکات و خۆى بە نوێنەرایەتى راستەقینە بزانێت، بەڵکو ئەوە گەلە بریار لەسەر ئەم پرسە چارەنووسسازە دەدات. سەردەمى درووشمى بریقەدار بەسەرچووە هەر حزبەو بە ئاوازى خۆى بانگەشەى بۆ بکات و خۆى بە پاڵەوانى ئەم پرسە بزانێت.
دواى هەڵبژاردن یەکەمین دانیشتنى کۆنگرەى نەتەوەییمان بینى، چۆن سیاسییەکان نەگەیشتنە ڕێکەوتن لەسەر کۆى پرسەکانى پەیوەست بە کۆنگرە، ئیتر کۆنگرەیان دوا خست بۆ کاتێکى نادیار، ئەمەش دەرخەرى ئەم راستیەییە کەوا سیاسییەکانمان لە هیچ ئان و ساتێکى زەمەنى ناگەن بەڕێکەوتن وەک ئەوە وایە(رێککەوتبن لەسەر ئەوەى کە لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا ڕێکنەون) لێرەدا تەنیا کات کوشتنە کە کۆبوونەوە لە پێناو کۆبوونەوە بێت. لێرەدا ئەو پرسیارەش دێتە پێشەوە کە ئایا گوتارى سەرانى کۆنگرە بەرنامەیەکى رێک و پێک و پلانێکى تۆکمەیان هەبووە بۆ سەرکەوتنى، بەدوور لە ئینتماى حیزبى کار بۆ ئەم پرسە بکەن؟ یان بیرى نەتەوەیی لاى سیاسییەکانی ئێمە غائیبە!


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر