NNS ROJ : شێرزاد که‌مانگه‌ر وته‌بێژی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (په‌ژاک) له‌م وتوێژه تایبه‌تییه‌دا له گه‌ڵ (NNS) وه‌ڵامی ئه‌و ره‌خنه جۆراوجۆرانه ده‌داته‌وه که له لایه‌ن ژماره‌یه‌ک له نووسه‌ران و هه‌روه‌ها حزبه‌کانه‌وه ئاڕاسته‌یان ده‌کرێ. وه‌ڵامی ره‌خنه و تێبینیه‌کان سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، هه‌ڵسوکه‌وتیان له به‌رامبه‌ر زیندانیانی سیاسی، سیاسه‌تیان له سهرحزبهکانی رۆژهه‌ڵات، به‌کارهێنانی زمانی توند له چه‌ند بڵاوکراوه‌یه‌کیان دا و... تاد ده‌داته‌وه. هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی حزبه‌که‌یان سه‌باره‌ت به پێشهاته‌کانی دوایی، سه‌فه‌ری نێچیرڤانی بارزانی بۆ ئێران و مه‌سه‌له‌ی خه‌باتی چه‌کداری ده‌خاته روو.
سازدانی: یاسر گوڵی
یاسر: نێچیرڤان بارزانی دوای گەڕانەوەی لە سەفەری ئێران لەگەڵ رۆژنامەکانی ئێران و باشووری کوردستان له چاوپێکه‌وتنێکدا گوتی کە (په‌که‌که) و (په‌ژاک) دەبێت چەک دابنێن و خاکی هەرێمی کوردستان دژ به ئێران و تورکیا بەکار نەهێنن. ئێوە لە بەرامبەر ئەو داخوازییە چی دەڵێن؟
که‌مانگه‌ر: ئەوەی راستی بێ، هەتا ئێستا ئەو کۆنسێپتەی کە لەلایەن دەوڵەتەکانەوە – بە تایبەت ئیران و تورکیا – بەڕێوە چووە، لە چوارچێوەی تەسلیم کردن و لەناوبردنی پژاک و په‌که‌که دا بووە. به‌ڵام په‌ژاک وەکوو بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئازادیخواز لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەگەر بڕیار بێت له هه‌لومه‌رجێکدا خەبات و تێکۆشانی خۆی بۆ شێوازێکی‌تر بگوازێتەوە، ئه‌وا پێویسته ئێران بە شێوازی ئاشتییانە و دیموکراتیک له پێناو چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد دا هه‌نگاوی نابێ. چونکه ئەوەی په‌ژاکی ناچار کردووە چەک هەڵبگرێت پاراستنی ره‌وا له خۆی و له گه‌له‌که‌ی بووه و مه‌به‌ستی شەڕێکی چەکداری نه‌بووه. لە ئێران دا نە لە بواری سیاسی و نە لە بواری کۆمەڵایەتیه‌وه هیچ ده‌رفه‌تێک بۆ خەباتی گەلی کورد و هاوکات نەتەوەکانی دیکەش نه‌ره‌خساوه. ئەوەش کە ده‌یانه‌وێ بێ شەرت و مەرج ئەو کارە بکەین، لە چوارچێوەی سیاسەتێک دایە کە بەساڵانە لە بەرامبەر پارتە کوردیەکان به تایبه‌ت لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەیان بردووە و دەیانەوێ پژاک و پهکهکەش لەو چوارچێوەدا پاکتاو بکەن و گۆشه‌گیری بکەن. به‌ڵام واقعێکی تریش هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که پژاک وەک خەبات و تێکۆشانی خۆی لە رۆژهەڵات، هەتا ئێستا باشووری کوردستان و خاکی عێراقی بۆ هێرش کردنه سەر ئێران بە کار نەهێناوە و هەموو خەبات و چالاکی خۆی لەناو قووڵایی رۆژهەڵاتی کوردستان ئه‌نجام داوه هەم لە بواری سیاسی‌دا، هەم لەبواری کۆمەڵایه‌تیدا، هەم لە بواری رێکخستنیدا و هه‌م لە چوارچێوەی پاراستنی رەواشدا، هه‌ر هه‌موویان لە ناو رۆژهەڵاتی کوردستان دا پێک هاتوون. ئەو قسانه له راستیه‌وه دوورن. ئه‌گه‌ر ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە یان راستتر بڵێین لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە دیدارێک پێکدێت و هه‌نگاوێک ده‌نرێ، با ئه‌و هه‌نگاونانه له پێناو چارەسەری کێشەی کورد دابێت، نەک له چوارچێوه‌ی پاکتاوکردنی پژاک یان په‌که‌که. چونکه پژاک پاکتاو نابێ. ئه‌م راستیه بەتایبەت لەم ماوە درێژه‌دا سەلمێندراوە که نەک هه‌ر پاکتاو نابێ، بەڵکوو رۆژبەرۆژ مەزنتر دەبێت و لەو چوارچێوەشدا خەبات و تێکۆشانی خۆی تا گەیشتن بە چارەسەری کێشەی کورد بە شێوازی ئاشتییانە و دیموکراتیک درێژه پێده‌دا.
یاسر: رۆژنامه‌کانی ئێران بڵاویان کرده‌وه کە سوپای پاسداران لە تۆپبارانەکان دا گوندەکانی نه‌کردۆته ئامانج، بەڵام بەگوێرەی بەیاننامەی رێکخراوە نێونەتەوەییەکان و میدیاکانی باشووری کوردستان، گوندەکان بوردمان کراون و هاوڵاتی مه‌ده‌نیش کوژراون. لێرە پژاک لە لایەن حزبەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانه‌وه رووبەڕووی ئەو رهخنەیه دەبێتەوە کە خەڵک و گوندەکانی بناری قەندیل وەکوو قەلغانی زیندوو به‌رامبه‌ر به هێرشی ئێران بەکار دێنێ. وڵامی ئێوە چییە؟
که‌مانگه‌ر: ئەو رهخنەیه لە جێگەدا نییە. لە بەر ئەوەی ئەو هەرێمانەی کەوتوونەتە بەر شاڵاوی بوردومان و تۆپبارانی سوپای پاسداران و تورکیا، شوێنگەلێکن کە نەک تەنها هی گەریلای ئێمە نین، بەڵکوو زۆر دووریشن. گوندگەلێک وەکوو سۆنێ و هەرێمی چۆمان و سیدەکان کە تۆپباران کراون، له ئێمه دوورن و گه‌ریلای لێ نییه. دیارە ئەوانە بۆ سەرپۆشین و بیانوویه‌کن بۆ ئەوەی بڵێن بەناوی گەریلای پژاک، گەلی کوردی باشووریان داوەتە بەر بۆردمان که لە ئەنجامدا زۆر شەهید و بریندار و ئاوارەبوونیشی لێ کەوتووەتەوە. گەریلای پژاک لە هەرێمە شاخاویەکاندا ده‌ژی، تەنانەت رێژەیەکی کەمی پژاک لە قەندیلە، لە سەدا نەوەدی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندان و لە سەدا دەی هێزه‌کانمان بۆ کاری سیاسی و کاری دیکە لە قەندیل جێگیر بوون. خه‌ڵکی هه‌رێمه‌که لە راگەیاندنەکانی باشووری کورددستانیش دا باسی ئه‌وه‌یان کردوه که گه‌ریلای په‌ژاک له‌و هه‌رێمانه نین. تورکیاش بە هەمان شێواز خەڵکی سێڤیلی کردۆته ئامانج، لە ئۆتۆمبێلی خەڵکی سڤیلی داوە و حەوت کەسی بنه‌ماڵه‌یه‌کی شەهید کردووە. بەڵام ئێستا دەیەوێت نکۆڵی له‌و راستییانە بکا. دیارە لێرا مەبەستی ئەوان گەلی کوردە نەک تەنیا گەریلای پژاک یان په‌که‌که.
یاسر: لە راگەیاندنەکان دا سەرکەوتووانە باسی سه‌ردانه‌که‌ی نێچیرڤان بارازانی دەکرێ. نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ زۆر لایەن دانیشتووە و تەنانەت ئەوەش گوتراوە کە دەبێت حکومەتی هەرێم هێزی پێشمەرگە لە ناوچە سنووریەکانی نێوان هەرێمی باشووری کوردستان و ئێران بەجێ بکات. ئێوە ئەم پێشکەوتنانە لە قازانجی کێدا دەبینن و چۆنی لێک دەدەنەوە؟
که‌مانگه‌ر: ئەگەر لەو چوارچێوەیه دابێ کە راگەیاندنەکان باسی لێوە دەکەن و هەنگاوی بەو شێوازەیان بۆی هەڵگرتبێت کە هەوڵ بده‌ن بۆ ئەوەی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی گەلی کورد لە ژێر گوشاری پاکتاو و لەناوبردن دا دەست لە خەبات و تێکۆشانی خۆی بەردهدا، ئەوانە بێگومان پێشکەوتن نین. چونکه راستیەکی حاشا هەڵنەگر هەیە کە هەم دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەم پارتەکان و هەم بە گشتیش گەلی کورد باش دەزانن کە قەندیل و هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا لەهەمان کاتدا کە ناوەندی تێکۆشانە، جێگەیەکه بۆ پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی باشووری کوردستان. ئەگەر هەنگاوەکانی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم له چوارچێوه‌ی چارەسەری کێشەی کورد لە هەموو پارچەکان یاخود پارچەیەکی کوردستان بێ، ئەوە دەتوانین بە پێشکەوتن ناوی ببه‌ین. بەڵام ئەگەر لەچوارچێوەی پاکتاوکردن و ته‌سلیم کردنی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازیدا بێت بێگومان ئەوە ناکەوێتەوە چوارچێوەی پێشکەوتنەوە ، به پێچه‌وانه‌وه دەکەوێتە چوارچێوە کۆنسێپتێکەوە کە هەوڵ ده‌درێ دەنگی ئازادیخوازی گەلی کورد کپ بکەن. ئێستا وه‌ک ده‌زانین باس لە خەبات و کاری سیاسی دەکرێت، بەڵام ئایا پێناسەی خەباتی سیاسی لە ئێران دا چیە؟ پێویستە ئەوانە لە بەر چاو بگرین. زیندانەکانی ئێران پڕن لە زیندانی سیاسی و چالاکوانی سیاسی و مەدەنی و رۆژنامەوان. له‌و هەل و مەرجەدا بەتەواوی خه‌باتی سیاسی سه‌رکوت ده‌کرێ و گەلی کورد رووبەڕووی قەتڵ عامە. خه‌باتی سیاسی هه‌روه‌ها لە پارچەیەکی تری کوردستانەوە و بە جێگیر بوون لە ناو کەمپەکاندا به‌ڕێوه ناچێ. گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ئەزموونانەی هەیە کە لەوێوە خەبات ناکرێ. بەڵکوو خەبات بۆ گه‌ل و سیاسەتکردن و بە رێخستنکردنی گەل لە ناو قووڵایی خاکی کوردستاندا و ناو گەل خۆیدا پێک دێت، بۆیە ئەگەر هەوڵدانێکیش هەبێت پیویستە لەچوارچێوەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد دا بێت و پێویستە راستییەکانی ئێرانیش بەرجاو بگیردرێت.
یاسر: ئایا ئێوە رێگه دەدەن کە هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بێنە ناوچەکانی ئێوە بۆ پاراستنی سنووری هەرێمی کوردستان و ئێران؟
که‌مانگه‌ر: ئەوانە په‌یوه‌ندی به‌و هه‌نگاوانه‌وه هه‌یه که ئاماژه‌م پێدان. ئەگەرکێشەی کورد بە شێوازێکی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت بێگومان نە گه‌ریلا و نە هیچ حزبێکی دیکە به‌و شێوه‌یه نامێنێته‌وه. ئەوانە ئەزموونێکن لە باشووری کوردستان زۆر به‌رچاو و دیارن. بەڵام ئەو هەرێمانە کە ئێستە وەکوو هەرێمێکی شاخاوی لە نێوان سی وڵات‌دا هه‌ڵکه‌وتوون، به‌ڕێوه‌بردن و کۆنترۆڵکردنیان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر زەحمەته و ئەو شوێنانه‌ش کە ئێمە وەکوو په‌ژاک و تەنانەت پارتەکانی دیکە وەکوو په‌که‌که بە ساڵانە تیایدا جێگیر بووین، پێش ئێمه‌یش پارتی و رێکخراوی دیکه له ناویا بووگن. ئێره هه‌م بۆته کانگای شۆڕش و هه‌م شوێنێک بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی هەرێمی کوردستان. قایل بوونمان په‌یوه‌ندی به‌و هه‌نگاوانه‌وه هه‌یه کە لەلایەن دەوڵەتەکانەوە یان حکومەتی هەرێمی کوردستانه‌وه به‌رز ده‌کرێته‌وه بۆ نموونه ئەگەر بیەوێ ناوبژیوانی بکا.
یاسر: خالید عه‌زیزی سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌م رۆژانه له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "ئاوێنه" باسی هێرشه‌کانی ئێران و تورکیای کردوه. له میانه‌ی قسه‌کانیدا ده‌ڵێت که ئه‌م شه‌ڕه‌ی ئێستای سوپای پاسدارانی ئێران و په‌ژاک و هێرشکردن بۆ سه‌ر باشووری کوردستان به ته‌نیا قازانجی بۆ سوپای پاسداران هه‌یه و پێی وایه سوپای پاسداران له لایه‌که‌وه ده‌یه‌وێ له تاران هه‌ندێ ئیمتیازی ئابوری وه‌رگرێت و له لایه‌کی تریشه‌وه له هه‌رێمی کوردستان زۆرتر خۆی سه‌قامگیر بکات. له لایه‌ن حیزبه‌کانی دیکه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ ره‌خنه‌یه‌کی له‌م چه‌شنه ئاراسته‌ی ئێوه ده‌کرێت که گوایه په‌ژاک هه‌موو کوردستان وه‌ک موڵکی خۆی به‌کار دێنێ له پێناو سیاسه‌ته‌کانی خۆی و رێگه‌ی ئاسته‌نگ کردوه له‌به‌رده‌م سیاسه‌تی دێموکراتیک و مه‌ده‌نیی ئه‌و حیزبانه.
که‌مانگه‌ر: سه‌ره‌تا پێویسته ئاماژه به هه‌ندێ شت بکرێت. په‌ژاک له چوارچێوه‌ی ئه‌و خه‌بات و تێکۆشانه‌ی له‌م ساڵانه کردوویه‌تی، پێناسه‌ی خۆی هه‌یه و وه‌کوو پارتێکی سیاسی و جڤاکی کار و خه‌باتی رێکخستنی ده‌کات. له هه‌مان کاتدا هێزی (گه‌ریلا)ی هه‌یه له پێناو پاراستنی ره‌وای خۆی و گه‌له‌که‌ی. پێویسته ئه‌مانه باش بزانرێن و باش پێناسه بکرێن. تێڕوانینی له‌م چه‌شنه که ئه‌م شه‌ڕه ته‌نیا به قازانجی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه، تێڕوانینێکی به‌رته‌سکه. ئێران له ره‌وشێکی دژوار دایه و ئێمه پێشتر له نرخاندنی سیاسی خۆماندا شرۆڤه‌مان کردوه و گوتوومانه مه‌به‌ستی ئێران به ته‌نیا په‌ژاک نیه به‌ڵکو سه‌رجه‌م گه‌لی کورده. هاوکات گۆڕانکاریه‌کی زۆر جیدی له هه‌رێمه‌که و به‌تایبه‌ت له وڵاتانی دراوسێدا له ئارا دایه. ئێران بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌رووی کێشه ناوخۆییه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی نه‌بێته‌وه و ئه‌م شه‌پۆله نه‌یگرێته‌وه، به نیازه شه‌ڕه‌که بگوازێته‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی خۆی. به‌ڵام لێره‌دا راستیه‌ک هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ئێستا گه‌لی کورد و بزاڤی رزگاریخوازی گه‌لی کوردستان نیشانی داوه که ئاست و هێزێکی جیاواز له جارانی هه‌یه و ده‌توانێ پارێزوانی له ده‌سکه‌وته‌کان و دۆزه‌که‌ی خۆی بکات. ئه‌گه‌ر په‌ژاک تا ئێستا به شێوازی حزبه‌کانی دیکه که به ناوی کار و خه‌باتی سیاسیه‌وه له باشووری کوردستان جێگیر بوون، خه‌باتی بکردایه، ئیستا شاڵاوی قڕکردن و ئۆپه‌راسیۆنی سیاسی، گرتن، ئێعدام و ئه‌شکه‌نجه له ناو زیندانه‌کانی ناوخۆی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران به گشتی، له ئاستێکی به‌رزتر دا ده‌بوو. ئێستا به بۆنه‌ی هه‌بوونی پارێزوانی گه‌ل له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئێران قه‌ت ئه‌و توانایه‌ی نیه.
یاسر: که‌واته ئێوه به له‌به‌ر چاوگرتنی کار و خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی خۆتان، هاوکات چه‌کیشتان له شان کردوه. به‌ڵام ئه‌م مه‌سه‌له‌ی چه‌که شان به‌شانی خه‌باتی مه‌ده‌نیی ئێوه، ئێستا بوه‌ته کێشه‌یه‌کی گه‌وره بۆ زۆرێک له لایه‌نه سیاسیه‌کان و ته‌نانه‌ت ئێرانیش رایگه‌یاندوه که ئه‌گه‌ر په‌ژاک چه‌ک دابنێت ئێمه کارمان پێی نابێت و ده‌ستبه‌رداری ده‌بین. داخۆ ئێوه له هه‌لومه‌رجێکی وادا به‌نیاز هه‌ن چه‌ک دابنێن و به‌شداری کار و خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی له ئێران ببن؟ ئه‌م ره‌خنه هه‌م لایه‌نی کوردی ئاراسته‌ی ئێوه‌ی ده‌کات که چه‌ک ئیستا باوی نه‌ماوه و ناتوانێت سیاسه‌ت به‌ره‌و پێشه‌وه ببات و هه‌میش ئیران به فه‌رمی رایگه‌یاندوه که من ناتوانم ئه‌و شێوازه خه‌باته‌ی په‌ژاک که چه‌کی تێدایه قه‌بوڵ بکه‌م. ئێوه راتان چیه له‌مباره‌یه‌وه؟
که‌مانگه‌ر: یه‌که‌م؛ ئێران وڵاتێکی دێموکراتیک نیه تا فکر و بیرورای جیاواز یان تێروانین و سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژیایه‌کی جیاواز له ناو خۆیدا قبوڵ بکا. ئێران قه‌ت پێی خۆش نابێت له‌و چوارچێوه‌دا که‌سێک له‌و چوارچێوه‌یه‌دا خه‌بات بکا و رووبه‌رووی سیاسه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامی ببێته‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه، گه‌لی کورد به ساڵانه خه‌بات و تێکۆشانی خۆی به شێوازی جیا جیا به‌ڕێوه ده‌با، به‌ڵام ئه‌وه‌ی راستی بێ و وه‌ک من له ده‌سپێکیشدا ئاماژه‌م پێ کرد، ئه‌مه‌یه که په‌ژاک خه‌باتی چه‌کداری ناکات. په‌ژاک پارتێکی سیاسیه که بۆ پاراستنی خۆی و گه‌له‌که‌ی، له‌و چوارچێوه‌دا چه‌کی پێیه. ته‌نانه‌ت له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دێموکراتیک و ئه‌گه‌ر له ناو گه‌لێکی دێموکراتیکیشدا، پێویست به پاراستنی جه‌وهه‌ریی ئه‌و گه‌له ده‌کات. یانی ئه‌و گه‌له پێویستی به هێزێکی پاراستن هه‌یه. بۆیه به باشی ده‌بێ پێناسه‌کانی خه‌باتی سیاسی له ئێران‌دا روون ببنه‌وه. ئه‌گه‌ر هێزه سیاسیه‌کانی دیکه، ئێستا ده‌ستیان له چه‌ک به‌رداوه و دانیشتون خه‌باتی سیاسی ده‌که‌ن، پێناسه‌یان بۆ خه‌باتی سیاسی چیه؟ خه‌باتی سیاسی له چ شوێنێک ده‌که‌ن؟ ناکرێ له باشوری کوردستانه‌وه خه‌باتی سیاسی بۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بکه‌ی، به‌ڵکوو له ناوخۆی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌کرێت. به‌ڵام پرسیار لێره‌دایه ئاخۆ ئێستا له ناوخۆی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌رفه‌ت بۆ کار و خه‌باتی سیاسی هه‌یه یان نا؟ گه‌لۆ چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی له زیندانه‌کان دان یان نا؟ له ژێر په‌تی سێداره‌دان یان نا؟ دیاره ئه‌وانه ده‌رفه‌تێک نین بۆ کار و خه‌باتی سیاسی و هه‌نگاویشی بۆ نانرێ. ئه‌گه‌ر ئێران ده‌یه‌وێت له‌م چوارچێوه‌دا هه‌نگاو بنێت، پێویسته کێشه‌ی گه‌لانی کورد، ئازه‌ری، عه‌ره‌ب، تورکمه‌ن، به‌لوچ و ... به شێوازێکی دیموکراتیک چاره‌سه‌ر بکات و به‌مجۆره رێگه بۆ کار و خه‌باتی سیاسی بکرێته‌وه. ئه‌وه‌ش به یاسایه‌کی بنه‌ڕه‌تی دێموکراتیک و له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تێکدا ده‌ره‌خسێ که هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا بتوانن فیکر و بیرورای خۆیان ئازادانه ده‌رببرن. ئه‌گه‌ر ویست و داخوازێکی وه‌هاش هه‌بێت ئێمه ئاماده‌ین بکه‌وینه ناو دیالۆگ و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌نگاو به‌رز بکه‌ینه‌وه.
یاسر: رێزان جاوید ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌ژاک له دیمانه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ به‌شی فارسی ته‌له‌فزیۆنی بی بی سی باسی ئه‌وه‌ی کردوه که په‌ژاک بانگه‌وازکه‌ی موراد قهرهییلانی بیست و باسی ئه‌وه ده‌کات که هه‌رێمی قه‌ندیل هه‌رێمی په‌که‌که‌یه و په‌ژاک ئێستا وه‌ک میوان له‌وێیه و وه‌ک پشتیوانێکی لۆجستیکی و بۆ په‌روه‌رده که‌ڵکیان له‌و هه‌رێمه وه‌رگرتوه. خاڵی سه‌رنج راکێش لێره‌دا ئه‌وه‌یه که باسی کشانه‌وه ده‌کات و ده‌ڵێ که هێزه‌کانمان پاشه‌کشێ پێ ده‌که‌ین بۆ ناو قووڵایی خاکی ئێران. لایه‌نه کوردی و ناکوردیهکان ئه‌م قسانه‌ی رێزان جاویدیان وا لێکداوه‌ته‌وه که ئه‌مه له‌و به‌ڵگانه‌یه که نیشانی ده‌دات په‌ژاک خۆی سیاسه‌تی خۆی به‌ڕێوه نابات، به‌ڵکوو راسته‌وخۆ په‌که‌که و بهرێوهبهرێتیی ئه‌وانن که فه‌رز ده‌که‌ن له‌سه‌ر په‌ژاک که‌ی شه‌ڕ بکات، که‌ی نا، پاشه‌کشه بکات یان نه‌کات. ته‌نانه‌ت سکرتێری چه‌ند حیزبی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش ئاماژه‌یان به‌مه کردوه که ئه‌م قسانه نیشانی داوه په‌ژاک سه‌ربه‌خۆ نیه و پارتی کرێکارانی کوردستان رێنوێنی ده‌کات.
که‌مانگه‌ر: به ساڵانه هه‌وڵدانێکی له‌و چه‌شنه هه‌یه و وه‌کو ئانتی پروپاگه‌نده، دژایه‌تی له‌گه‌ڵ په‌ژاکدا ده‌که‌ن. ئێمه دۆستایه‌تیمان له‌گه‌ڵ په‌که‌که دا هه‌یه. له بواری ئایدۆلۆژیدا، فه‌لسه‌فه‌ی رێبه‌ر ئاپۆمان قه‌بووڵ کردوه و ئه‌مه‌ش شتێک نیه مشتومڕی له سه‌ر بکرێ که داخۆ ئێمه مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه یان نا. ئه‌وان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه مارکس هه‌ڵبژێرن، مائۆ هه‌ڵبژێرن، ئێمه‌ش به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌وان که‌سێکمان وه‌کوو رێبه‌ر و سه‌رمه‌شقی خۆمان هه‌ڵبژاردوه. سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته و ئه‌م شه‌ڕه‌ی دوایی له‌گه‌ڵ سوپای پاسداران که ویستیان قه‌ندیل وه‌کوو سه‌مبولێکی به‌رخۆدانی گه‌لی کورد داگیر بکه‌ن، ئێمه وه‌ک په‌ژاک به ئه‌رکی خۆمان زانی که پارێزوانی لێ بکه‌ین. هه‌تا دواییش به‌رگریمان کردوه و ده‌شیکه‌ین. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، دیالۆگ له نێوان ئێمه و په‌که‌که دا هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بیانووی ئێران که ده‌ڵێ هێرش بۆ سه‌ر قه‌ندیل و هه‌رێمی کوردستان، به ته‌نیا هۆکاره‌که‌ی په‌ژاکه، پووچه‌ڵ بێته‌وه، شه‌ڕ په‌ره نه‌ستێنێت و روون ببێته‌وه راستیه‌کان چین. دیالۆگێکی دوورودرێژ و به‌رفراوانمان به‌ڕێوه بردوه و تا ئێستاش به‌رده‌وامه سه‌باره‌ت به بوونی هێزه‌کانمان که له ناوخۆی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندان و ئه‌و هێزانه‌ی که ئێمه هێناومانه‌ته‌وه بۆ پارێزوانی قه‌ندیل، دیسان بیانگه‌ڕێنینه‌وه بۆ ناوخۆی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان. ئه‌مه‌ش به دیالۆگ له‌گه‌ڵ په‌که‌که به‌ڕێوه ده‌چێت، چونکه حزبێکی به‌شێک له پارچه‌یه‌کی کوردستانن که خه‌بات و تێکۆشانێکی مێژووییان له‌وێ به‌ڕێوه بردوه و ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌واندا دۆستایه‌تیمان هه‌یه و دۆستایهتییهکهشمان به‌دره‌وامه. له چوارچێوه‌ی خه‌بات و تێکۆشانی نه‌ته‌وه‌ییدا ئێمه به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی و تێکه‌ڵیمان هه‌یه. به‌ڵام پێویسته بگوترێ په‌ژاک په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، رێبه‌ری خۆی هه‌یه و ئه‌وانه‌ی که قسه‌ی له‌و چه‌شنه ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر تێروانینێکی دێموکراتیک و واقعبینانه‌یان هه‌بێت و مه‌به‌ستیان دژایه‌تی په‌ژاک نه‌بێ ، پێویسته له نزیکه‌وه راستیه‌کانی په‌ژاک ببینن. ئه‌وان با به‌گوێره راستیه‌کانی پژاک هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن نه‌ک به گوێره‌ی ئه‌و شتانه‌ی رژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران دووپاتیان ده‌کاته‌وه.
یاسر: ئێوە بە فەرمی هەم لە بڵاڤۆک و هەم لە چاوپێکەوتنەکانتاندا و بە نووسراو و لێدوان باسی ئەوەتان کردوە و ڕاتانگەیاندووە کە هێرشەکانی ئێران، هێرش نییه بۆ سه‌ر پەژاک نیە بەڵکوو ئامانج لێی گەلی کوردە. حزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتیش بە فەرمی لە راگەیاندنەکانیاندا به جۆرێک هاوبیر بوون له گه‌ڵ ئێوه. ئێستە ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئەم شڕۆڤهگەلە زۆر لە یەک نزیکن و ئایا بۆ له سه‌ر بنه‌مای ئه‌م هاوڕاییه، چاوپێکەتن پیک نه‌هێنراوه بۆ ئه‌وه‌ی لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لێک نزیک بنه‌وه و پێکەوە بەشداری ئەم خەباتە دژ بە کۆماری ئیسلامی بن. ئەڵبەتە حزبەکان باس لەوە دەکەن کە ئەوان بە هیچ شێوەیه‌ک شەری چەکدارییان قەبووڵ نیە و پێشتر ئەزموونیان کردووە، شکستی هێناوە و ئێستە ئەیانەوێ بە شیوازێکی تر خەبات بکەن، بەڵام ئایا لەم قۆناغە ئیمکانی ئەوە هەیە کە ئێوە پیکەوە خەباتی هاوبەش بکەن؟
که‌مانگه‌ر: لە نێو پارت و رێکخراوەکاندا خاڵی هاوبەش زۆرن و ئەگەر لەو خاڵە هاوبەشانە هەر کەس بە سیاسەتی خۆی، بە ئیدئولوژی خۆی، بە بیر و بڕوای خۆی، بە ته‌ڤگه‌ر و پراکتیکی خۆی، دیارە لە چوارچێوەی ئه‌و شوعار و سلۆگانهی هەڵیانگرتووە، لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گەلی کورددا، هه‌نگاو بنێن، ئه‌وا نزیکی یه‌ک ده‌بنه‌وه. ده‌ڵێن خەباتی چەکداری ئێستە باوی نه‌ماوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه له چوارچێوه‌ی پاراستنی گه‌ل دایه. ئەگەر هێرشێک لە بواری جەستەییدا، بکرێتە سەر گەڵی کورد، هەروەها ئەگەر لە بواری زمان و فه‌رهه‌نگه‌وه، له بواری کۆمەڵایەتی و سیاسیه‌وه هێرش بکریتە سەر گەل، ئەرکی هەر کەسێکە خۆی بپارێزێت. بە تایبەتی لەو قۆناغەدا کە گۆرانکاری زۆر جدی لە رۆژهەڵاتی ناوین لە ئارادایە ، هه‌ر لە چوارچیوەی لێدوان و داخۆیانیدا هاوبیری ده‌ربڕدراوه و نەکەوتوەتە پراکتیکەوە تا بتوانن گۆرانکاری زۆر جدی بکه‌ن و لە یەک نزیک ببنه‌وه. هەندێک پارت و رێکخراوە هەنگاوی باشیان به‌رز کردۆته‌وه، بەڵام بۆ ئەوەی بکەوێتە بواری پراکتیکەوە، پێویستە هەڵوێستی باشتر و جیاوازتر لە بەرانبەر داخوازی و دۆزی گەلەکەیاندا هەڵبگرن.
یاسر: لە رۆژنامه‌ی زمانحاڵی ئێوە بە ناوی (ئالته‌رناتیڤ)، ڕخنەی زۆر توند ئاراسته‌ی لایەنە کوردیەکانی دیکە کراوه کە ناویشتان بردوه بۆ نموونه ئاغای شەرەفی لە حزبی دیموکرات و ئاغای موهتەدی لە حزبی کۆمەڵە. لە لایه‌کی دیکەشەوە له لایه‌ن حزبه‌کان و هه‌ندێک له نووسه‌ران، ره‌خنە هاتۆتە سەر ئێوە کە سەرەرای ئەو تێکۆشانەی کردوتانە و خۆتان سه‌لماندوه، بەرانبەر به‌و چالاکوانانەی کاریان بۆ ئێوە کردووە و ئێستە لە زیندانن، ناشینانه هه‌ڵسوکه‌وتتان کردوه. هه‌روه‌ها ره‌خنه ده‌گیرێ کە زمانی لایەنگران و ئەندامانی ئێوە توندە، وەڵامی ئێوە بۆ ئەم رهخنانە چیە؟
که‌مانگه‌ر: دوای چه‌ندین ساڵ پاش دامەزراندنی پەژاک، ئێستاش لە لایەن پار و رێکخراوە جۆراوجۆره‌کانه‌وه هێرش ده‌کرێته سەر پارتیمان. بە ناوی جیاواز جیاوازە هێرشیان کردوه. بۆ ماوەی حەوت ساڵ ئێمە بێ دەنگیمان هەڵبژارد، بەڵام ئیتر ئەو هێرشانه‌ی رووبەرووی جوڵانه‌وه‌ی ئازادیخوازانەی گەلی کورد بۆتەوە، دەکەوێتە چ خانه‌یه‌که‌وه؟ هەر تاک و رێکخستنێک مافی ئه‌وه‌ی هەیە ره‌خنه بگرێ، بەڵام کەس مافی تیرۆرکردنی حزب، تاک یان رێکخراوێکی لە بواری کەسایەتی و سیاسیه‌وه نییه. لێرە بە مه‌به‌ستی خاوەن دەرکەوتن لە دەسکەوتەکانی گەلی کورد، خۆڕاگرییه‌ک هه‌یه، هاوکات لە گەڵ ئەوەدا، چەن کەس وەکوو بڵندگۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئسلامی، بانگەواز یان لێدوانی جیا جیا دەدەن. ئەوە مافی ئێمەیە پارێزوانی لە خۆمان بکەین، مافی ئەوەمان هەیە وەڵامی ئەو قسهلۆکانە بدەینەوە. تاکوو ئێسته سیاسه‌تی پارت و ریکخراوه‌کان لە ژێر ناوی پاراستنی زیندانیانی سیاسی، وه‌ڵامده‌ره‌وه نه‌بوه و خزمه‌تی به دۆزی ئه‌وان نه‌کردوه. ئەرکی هەر کوردێکە نە ته‌نیا وەک ئەندام و لایەنگر، بەلکۆ هه‌موو چین و توێژه‌کان، بە هەر شێوازێک که له ده‌ستیان بێ، پارێزوانی لە زیندانیان بکه‌ن. ئەگەر بڕیار بێت، پارتێک کە رۆڵی پێشەنگایەتی گرتۆتە ئەستۆی خۆی، نەتوانێ پارێزوانی لە گەلەکەی خۆی بکا، ئه‌ی که‌واته چ ئەرکێکی له سه‌ر شانه. چالاکوانانی سیاسی رۆژانه رووبەڕووی پەتی سێدارە دەبنەوە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیسان دەڵێن دەنگی خۆتان هەڵنەبڕن، پارێزوانیان لێ مەکەن، با ئێران بە کەیفی خۆی چالاکوانانی سیاسی بخاته گرتووخانه‌کانه‌وه.....
یاسر: رخنەکە ئەوەیە دەڵێن ئەو شێوە گوتارەی ئێوە لە سەر زیندانیەکان، ده‌بێته هۆکارێک بۆ ئه‌وه‌ی لایەنگرەکانتان زۆرتر حوکم وەربگرن، تەنانەت له سێداره بدرێن تا ببنە بڵنگۆی ئیدئۆلۆژیک بۆ ئێوە.
که‌مانگه‌ر: ئەوە یان نه‌زانینه یان به ته‌واوی دەکەوێتە خزمەتی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە گەلی کورد و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی یان ئه‌وه‌تا نایانهەوێ بە هیچ شێوازێک تۆ پارێزوانی لە گەلەکەت و لە ئەندامانی خۆت بکەی. سه‌یر که‌ن... زۆر چالاکی سیاسی و مەدەنی، چ ئەوانەی ئەندامی ئێمە بوون و چ ئەوانەی ئەندامی ئێمەش نه‌بوون، لە لایەن پارتەکانیانەوە رەت کرانەوە و راگه‌یه‌نرا ئەندامی ئێمە نین، بەڵام دیسان شه‌هید کران، ئیعدام کران و بە ساڵان سزای زیندانیان به سه‌ر دا سه‌پا. سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە چالاکوانانی سیاسی شاراوه نییه. زۆرله ئەندامانی پارت و رێکخراوەکانی دیکە، سەرەڕای ئەوەی خاوەنداریان لێ نەکراوه، دیسان لە سێدارە دراون و شەهید کراون، ئەی ئەوانە دەکەونە کام قاڵبەوە؟ کێ داکۆکی لێ کردوون؟ کێ بۆتە بەڵنگۆی ئەوەی ناویان گەورە بکاتەوە؟ مەسەلە تێنه‌گه‌یشتنه له سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەربه گەلی کورد و بە تایبەت به‌رامبه‌ر به چالاکانی سیاسی. ئەوانە هەموو سیاسەتێکن ده‌که‌ونه خانه‌ی دژایەتی کردن و سیاسەتی تەسلیمبوون لە ناو زیندانەکاندا کە هه‌رگیز لە بەرژەوەندی گەلی کورددا نەبووه و خزمه‌تی به چالاکوانه سیاسیه‌کان نه‌کردوه.
یاسر: ئایا ئەم هێرشانەی دوایی تورکیا بنکە و بارەگاکانی ئێوەی گرتۆتەوە یان نا؟
که‌مانگه‌ر: نەخێر، تاکوو ئێستە وەکوو پەژاک بنکە و باره‌گای ئێمە بۆردومان نەکراوە.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر