-----------------------------
بەشداریی جەلال تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگروەکانUN ،باشترین هەلە بۆ ریسواکردنی هێرشەکانی ئێران و تورکیە
خەلیل غەزەڵی
رۆژی دووشەمە جەلال تاڵەبانی وەک سەکۆماری ئێراق لەگەڵ ژمارێک لە کاربەدەستانی حکوومەتی، بەمەبەستی بەشداری کردنی کۆبوونەوەی گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان (کە هەموو سالێک جارێک پێک دێت) بۆ ناوەندەی ئەم رێکخراوە لە نیویورک سەفەری کرد. هاوکات رێبەرانی گەلێک وڵاتی جیهان لەم کۆبوونەوەدا بەشداری دەکەن و هەر کەسە و بەپێی بەرژەوەندیی وڵاتەکەی خۆی دەرفەتی پێ دەدەرێت لەو سەکۆ جیهانییەوە قسە و گرفتی وڵاتی خۆی بە ئاگاداریی کۆمەڵگەی جیهانی و رێبەرانی هەموو دونیا بگەیەنێت. ئاشکرایە ئەم کۆبوونەوە هەلێکی باش بۆ هێنانەگۆڕی پرسە سەرپۆش بەسەر کێشراوەکان، لەوانە پرسی ئێمەی کوردیشە. هەر ئەوەش بوە کە تا ئێستا ژمارێکی زۆر لە رێبەرانی وڵاتانی چکۆلە یا زوڵم لێکراو، توانیویانە پرسی وڵاتەکەیان لەو کۆبوونەوەی گشتی بە ئاگاداریی ڕای گشتی جیهان بگەیەنن. کە بێگومان بێ دەستکەوت نەبوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرۆک یا کاربەدەستە باڵاکانی وڵاتانی دیکتاتۆر و ستەمکاریش ، لەم هەلە کەڵک وەردەگرن و وێڕای چەواشەکردنی هەقێقەتی وڵاتەکانی خۆیان، سیمایەکی درۆزنانە لە وڵاتی ژێڕ چەپۆکەیان بە عالەم نیشان دەدەن. بۆ نموونە ئەحمەدی نێژاد، ئەردوگان و قەزافی لەوانە بون کە هەر ساڵ بەشذاریی ئەم کۆبوونەوەیان کردوە.
لە کۆبوونەوەی ئەمساڵدا (وەک ساڵانی پێشوو) رێبەرانی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیە بەشدارن، لە ئێرانەوە مەحموودی ئەحمەدی نێژاد(سەرکۆمار) و لە تورکیەوە رەجەب تەیب ئەردوگان (سەرکوەرزیران) بەشدارن. بۆیە جێگەی خۆیەتی جەلال تاڵەبانی وەک سەرکۆماری ئێراق (کە سوێندی یاسایی خواردوە پارێزەری بەرژەوەندیەکانی ئەو وڵاتە بێت) و هاوکات وەک کوردێک، تەنانەت گەر بۆ جارێکیش بوە، پێ بەند بە سوێندەکەی خۆی و هەروەها وەک رێبەریی یەکێتی نیشتمانی کە ئێستە شەریکە دەسەڵاتی پارتییە لە باشووری کوردستان، ڕاشکاوانە دەنگ هەڵبێنێ و ئەو هێرش و پەلامارە کە ئەو دوو وڵاتە لە چەند ساڵی ڕابردوو و بەتایبەت لە دوو مانگی ڕابردوودا کردوویانەتە سەر باشووری کوردستان، بە ئاگاداریی کۆمەڵگەی جیهانی و رێبەرانی ولاتان بگەیەنێت.
گەرچی هەڵوێستی تا ئێستای تاڵەبانی (زۆر بەداخەوە) زۆرتر لە بەرژەوەندیی تورکیە و بەتایبەت ئێران بوە تا ئەو وڵاتەی کە بە رواڵەت سەرکۆماریەتی، بەڵام دیسان وەک کوردێک هیوادارم بۆ یەک جاریش بوە دەردی نەتەوەکەی بباتە کۆرێکی نێونەتەوەییەوە. هاوکات گەر لە تاڵەبانی چاوەروانیەکی وەها ناکرێ، ئەوە ئەرکی سەرۆکی هەرێم( گەرچی چاوەروانییەکی وەهاش لەو ناکرێ) و حکوومەتی هەرێم و بەتایبەت پارلەمانی کوردستانە کە بەشێوەی فەرمی داوا لە تاڵەبانی بکەن کە دادخوازیی نەتەوەی کورد لە کۆبوونەوەی گشتییUN دا(ئەگەر خۆی لە ئێران و تورکیە شەرم دەکات) با بەناوی حکوومەتی هەرێمەوە ، بە ئاگاداریی بیروڕای گشتی بگەیەنێت.
بێگومان کوردانی دانیشتووی ئامریکا و بەتایبەت شاری نیویورک(شوێنی مەقەری UN) دەتوانن بە پێک هێنانی کۆبوونەوە و میتینگی بەرفراوان زەخت بۆ تاڵەبانی بێنن کە دادخوازیی نەتەوەی کورد لە UN مەترح بکات و ڕاشکاوانە چەتەگەریی و دەسدرێژیەکانی ئێران و تورکیە لە ئاستی جیهانی دا ریسوا بکات.دیارە پێکهێنانی کۆبوونەوە لەپێش UN خۆی دەتوانێ بانگەوازێک بێت بۆ دادخوازیی و مەحکوومکردنی ئەو دوو وڵاتە. هاوکات نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە ئێرانیانی دانیشتووی ئامریکا هەموو ساڵێک دژی ئەحمەدی نێژاد کۆبوونەوەی بەرفراوان رێكدەخەن و ئێمە دەتوانین بە بەشداریمان لەو کۆبوونەوەدا، بە هێنانە گۆڕی رێكخستوو و سازماندراوی خواستەکانمان، لە قاڵبی دروشـم و پلاکاد دا، شوێنمان لەو کۆبوونەوە بەرفراوانەشدا دیار بێت.
بێگومان لەم هەلومەرجەدا کە تورکیە بەشێوەیەکی پۆپۆلیستی و فیڵبازانە دەیەوێت ئاڵای رزگاریی فەلەستین(نا راستەوخۆ ئیسلام)بەدەستەوە بگرێ و لەگەڵ رۆژئاوا و ئیسرائیل خۆی تووشی کێشە کردوە و، هەروەها بەو هەلومەرجە خراپە کە ئێران لە ئاستی نێونەتەوەیی هەیەتی، باشترین هەلە کە کورد بتوانێ هەم کێشەی خۆی باشتر بە جیهان بناسێنێ و هەم دژی ئەو دوو وڵاتە مانٶر بدات و سیمای جەنایەتکارانەیان بە کۆمەلگەی جیهانی باشتر بناسێنێ. بەڵام سەد مەخابن ئەوەی ئێستا دەتوانێ ئەو دەرفەتە بڕەخسێنێ (تاڵەبانی) ،ئەو چاوەروانییەی لێناکرێ!!
//////////////////////
بڵێی بەناز بەمەرگی خۆی ئەو بێدەنگیە ئاوسە بشڵەقێنێ ؟
رزگار ڕانگور
ئەو ڕۆژنامە ڕووزەردو ئەحمەقانەی کەبونەتە ئینجیلی حیزب ،مەرگی بەنازدا دەیانەوێت چیمان پێ بڵێن؟ بێدەنگیەکی ئاوس نیشتمانی ئێمەی تەنیوە بیست ساڵە ئافرەتەکانمان بە بۆکڕوزی گیانیان ئاسمان قاندەدەن و بۆنی لاشەی سوتاو و خوێن پەخش دەکەنەوە . شەڕ دەکەن بەدژواری و کەچی تاکو ئیستا جەستەیەکی سوتاو وەک خاچ نەبۆتە دەرکەوتەکی جوان . کە دوعا بەرد باران کرا ووتم دەسەڵات گۆڕی خۆی هەڵکەند و ووتم دوعا بێ ئەوەی وانەی سیاسەتی خوێندبێ بوە ڕابەری شۆڕشێک لەدوایەوە ژن بەهەموو مانایەک بەئازادێکان دەگات و ئیتر بۆ دەرمانیش ژن و کچ کوشتن نابیستین، دوعا سەدانی تری بەدواوە هات کەچی بێدەنگێکە ئاوس تر بوو ، گەڕەکەکان زیاتر قان دران بەبۆنی لاشەی سوتاو و لەخوێن گەوزاو ، نەعەشق توانی هیچ بکات نە نەفرەت و هەژاری ، باوەڕم وایە هەندێ چرکە هێندە کەسایەتیمان وێران دەکات ئیتر باوەڕ لەهیچ شوێنێکدا ناتوانێ ئۆقرە بگرێ و توانای لاوازی ئومێدەکان وردو خاش دەکات، ئاخر، مێدیای دەسەڵات مەعمود زامداریان لێ کردینە پوشکین و نوسەرەکانی مێدیا ڕووزەردەکان وایان لێ کردین بەدوای گەوهەری نوسینی مەعمود زامداردا بگەڕێین ، سەرم لێ هات چۆنە من ئەم نوسەرەم لەپەنا دەستما نەدیوە و تاکو ئیستا تاکە دێڕێکی ئەم کەڵە نوسەرەم نەخوێنۆتەوە . هەمان ئەو ڕەوە قەڵەم بەدەستە لەمەرکی کیژۆڵەکی تەمەن ٢٢ ساڵدا وەک نەعامە سەریان دەکەن بەخۆڵدا و ئەوەی قسەش دەکات دەڵێ پێمان بەناز جگە لەکێشيی کۆمەڵاتی هیچی تری نەبوە، بێدەنگ بین لەو هەڵوێستە ناجوامێریەی دەسەڵاتی کوردیدا ، پێمان دەڵێت بەنار لەسەر شەرەف ئاگری لەجەستەی نازداری بەردا.
بەناز پەلەی کرد و لەوە زیاتر نەیتوانی لە دوبەیەکی پڕ نابەرابەریدا بێدەنگی هەڵبژێرێت و بەدوای جێگەیەکدا گەڕا کەژیان هەمیشە لاو بێت تێیدا ، دەکرێ بەناز نەیویستبێ بکەوێتە ناو جەنگەڵی گوناهەکانەوە ، ئاگر بەردان لەجەستە ئاسان نی یە هەموومان ناتوانین ئەو کارە بکەین و زەناو هەرای هەستەکانی ناومان ئەو مۆسیقا نەرم و ناسکەی ناخمان دەخنکێنێ ، ئێمە خۆمان بەکەرمی قەدەر دەسپێرین و دەڵێین ئەم تاوان و ناهەقییەش کۆتای دێت.بەڵام نازانین چۆن و ناشمانەوێت خاوەندارێتی لەبەنازەکان بکەین .
دەروازە تەنها دەسپێکێکە بۆ چونە ناوەی کۆشکێک،یان کۆڵیتێکی هەژاری. ئەوە مەسیح بووتی ( ژیان پردێکە بەسەریدا تێپەڕە، بەس ماڵی لێ دروست مەکە) بەناز لەسەر پردەکەوە تێ پەڕێ بێ ئەوەی ماڵ دروست کات بەڵام گۆمی بێدەنگیەکی لەسەر پردی ژیانی تاک بەتاکماندا درووست کرد، بەناز ئەو شتەی بەیان کرد بۆمان کەخۆی ئەزموونی کردبوو، کێ ناڵێ لەهەوڵەکانیا بۆ پەیدا کردنی کار و دامەزراندنیدا ، نەیان ویستوە کەسایەتی و جەستەی ئەو خانمەش کۆنتڕۆڵ کەن ؟ بەناز لەگەڵ گیان سپاردنیدا هەموو نهێنێکانی ٢٢ساڵی لەگەڵ خۆیدا سوتاند ، بریا بەر لە ئاگر بەردانی لەجەستەی ئەزموونی ئەو ساڵ و نیوەی بۆ دەنوسینەوە و بمان زانیایە چی وا لە گەنجێکی تەمەن ٢٢ساڵ دەکات بۆ ژیانێکی سەربەرزانە ئاگر لەجەستەی خۆی بەردات ،
بەناز سەفەرێکی کرد، لەوسەفەرەدا ژیانی گۆڕێ، دەکرێ بەناز دەسپێکێک بێت بۆ گۆڕینی ژیانی هەموومان، ئێمە هەموومان لەسەفەر داین کەچی وەک بەنازەکان ناتوانین ژیان لەئەزەلەوە بگۆڕین، تەنانەت بۆخۆشمان، وەک ئەوەی پێمان بڵێن بڕۆن باخی عەدەنی تەرک کەن کە ئەوە محاڵە و تەرکی باخی عەدەن ڕزگار بوونمان نی یە لە کۆیلەیەتی دەسەڵات و نەفس. بەوپەڕی خاکەڕایەوە دەڵێم بەدڵ ئیرەی بەئازایەتی بەناز دەخۆم ئەو تەنها لەپێناوی هێشتنەوەی کەرامەتدا ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا ، کەچی نوسەرەکانی دەسەڵات ناتوانن باسی ئەو تراژیدیایە گەەورەیە بکەن، چجای ئاگر بەردان لەخۆیان، ئەوە کامە بیرمەند بوو فەرمووی (ئەو کاتەی تۆ دەست لەهەرچی هەتە دەشۆی، بەڕاستی دەبیتە خاوەنی هەموو گەنجینەکانی دنیا) دوعا و بەناز و سەردەشت وسۆران و شەهیدەکانی ١٧ی شوبات و دوای ئەوانیش بەنموونە .
ئیتر هیچی تر نەماوە ،لەدوای مەرگی بەنازەوە ئێمە تاقیکەینەوە ، بەناز دەبێت ببێتە ئەو پردەی ئێمە بەرەو ژیانێکی شەرەف مەندانە بەرێت .
ژیانی شەرەف مەندانەش ڕاماڵینی ئەو دەسەڵاتەیە، کەلەهەموو بەهایەکی موڕاڵی شۆراوەتەوە و بەناز لەمەرگی خۆیدا مانیفێستێکی بۆ بەیان کردووین و هەموومانی لەبەردەم پرسیارە گەورەکەی ویژدان و ئازایەتی یان ترسنۆکی و کۆیلایەتی ڕاگرتوە و پێمان دەڵێ ، نەفرەت قبوڵ دەکەن یان ئازادی و سەرفرازی؟
////////////////////
لێدوانی کهجهکه لهسهر دیدارهکانی ئۆسلۆ |
ئەمرۆ، کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە بە لێدوانێکی فەرمی ئەو چاوپێکەوتنانەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: ئەوان هیچ پەیوەندییەکان بە بڵاوکردنەوەی ئەو کاسێتە دەنگییەوە نییە، کە سەبارەت بە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکان بڵاوکراوەتەوە و ڕادەگەیەنێ: لە چوارچێوەی ئەخلاق و هەڵوێستی بە پرنسیپانەی ئێمەدا، هەرگیز ڕێبازێکی بەو شێوەیە بەسەر ناکرێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی تورک ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرانی سەرەکی چارەسەرکردنی پرسی کورد ئۆجەلان و پەکەکە دیداری ئەنجامدا، بەڵام حوکمەتی ئاکەپە نکۆڵی لەو بەڕێوەچوونی ئەو دیدارانە کردووە.
لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەی ئاکەپە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان پیشتر پشتڕاستی کردبۆوە کە ئەم دیدارانە پێکهاتوون.
هەردوایش، بەپێی کاسێتیکی دەنگی کە لەسەر تۆری ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە، ئاشکرا بوو کە ڕاستەوخۆ دیدار لە نێوان پەکەکە و کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک پێکهاتووە.
کۆما جڤاکین کوردستان کەجەکە ئەمرۆ بە دەرکردنی لێدوانیکی فەرمی ئەو دیدارانەی پشتڕاست کردەوە و سەرنجی بۆسەر ئەم خاڵانە ڕاکێشا:
- ئەو چاوپێکەوتنانەی کە لەژێر ناوی 'دیدارەکان لە ئۆسلۆ' لە چاپەمەنییەکاندا بڵاوکرایەوە، ڕای گشتی بەشێوەیەکی گشتی باسی لێوە دەکات. بڵاوکردنەوەی ئەو کاسێتە دەنگییە، هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە. ئێمە لەچوارچێوەی ئەخلاق و برنسیپەکانمان، هیچ کاتێک ڕیباز گەلێکی بەوشێوەیە بەسەر ناکەینەوە. خۆی لەخۆیدا ڕوون و ئاشکرایە کە ئەو لایەنانەی ئەو کاسێتە دەنگییەیان خستۆتە بەردەم چاپەمەنییەکان، خاوەن نییەتێکی باش نین.
کەجەکە لە درێژەی لێدوانەکەیدا تیشک دەخاتە سەر ئامانجی ئەو دیدارانە و ڕادەگەیەنێ:
-ئامانج لەو دیدارانە، ئاواکردنی پرۆژەیەکی ئازاد و دیموکراتیک بوو بۆ گەلەکەمان. ئامانجمان چارەسەرکردنی دیموکراتیانەی پرسی کورد بوو. ئێمە هەمیشە لەو باوەڕەدابووین کە کێشەی کورد دەکرێ بە رێبازی دیالۆگ و چاوپێکەوتن چارەسەر بکرێت. ئەو دیدارانەی لەگەڵ دەوڵەتی تورک و حوکمەتی ئاکەپە پێکهاتوون لەسەر ئەو ڕاستییە بووە.
کۆما جڤاکین کوردستان کەجەکە سەبارەت بە بنبەستبوونی ئەو دیدارانەش هەڵسەنگاندنیکی وەهای کرد:
- لەگەڵ ئەوەیدا کە ئەم دیدارانەی لەگەڵ ڕێبەرمان و تەڤگەرەکەمان پێکهاتن رێی لەبەردەم هەندێ شت کردەوە، بەڵام بەهۆی سیاسەتی نکۆڵیکار و خۆ ویستانەی ئاکەپە کە پشت بە توندوتیژی دەبەستێ، ئەوەی لەو دیدارانە چاوەڕوان دەکرا پێکنەهات. ڕێبەرمان لەکاتی پێکهاتنی دیدارەکاندا بە فەرمی چەند پرۆتۆکۆڵی پێشکەشی کاربەدەستانی دەوڵەت کرد، بەڵام وڵامیان نەدرایەوە. هەروەها ئەو کۆنسەکانی دەستوری بنچینەیی و ئاشتی دانەمەزریندران و پارلەمانیش هیچ بەرپرسیاریەتییەکی وەئەستۆ نەگرت لەپیناو چارەسەرکردنی کێشەی کوردا.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر