کۆبوونەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان( پ ک ک)
حیزبی دێموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان(پ ک ک) بە مەبەستی بیروڕا گۆڕینەوە لە سەر چەند پرسێکی پێوەندیدار بە رۆژهەڵات و باکووری کوردستان لە دەوری یەک کۆبوونەوە.
دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، 26ی خاکەڵێوە، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستیی خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە لایەن هەیئەتێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) هوە بە سەرپەرەستیی موراد قەرەیلان، سەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان، لە هەرێمی قەندیل بە گەرمیی پێشوازیی لێ کرا.
لە سەرەتای ئەم دیداروچاوپێکەوتنەدا وێڕای بەخێرهێنانی هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەلایەن هەیئەتی خانەخوێوە، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە پێوەندی لە گەڵ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیەو دانووستانی نێوان دەوڵەتو عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستانو دۆزی کورد لە باکووری کوردستان، خوێندنەوەو ڕاوبۆچوونەکانی حیزبی دێموکراتی هێنایە بەرباسو، هەر لەم پێوەندییەدا سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی رێبەریی حیزبەکەی بۆ تیگەیاندنی لایەنە پێوەندیدارەکان لە چۆنیەتیی چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لە تورکیە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ موراد قەرەیلان، سەرۆکی کۆماجڤاکێن کوردستان، بە ئاماژەدان بە رەکەبەرایەتیی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، راشکاوانە باسی لە پیلانی دەوڵەتانی ناوچەکەو یەک لەوان رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران کرد کە هەوڵ دەدەن و پیلان دادەرێژن کە کەڵینی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان گەورەتر بکەنەوەو بە گشتیی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردی پێ لاواز بکەن.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆتایی قسەکانی دا وێڕای پێداگریی لە سەر پێوەندیی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) و درێژەدان بە پێوەندیی دۆستانەو نەتەوەییانەی هەردوو لا لە گەڵ یەکتری، بە ئاماژەدان بە خەباتی نزیک بە حەوت دەیەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و رۆڵی رێبەرانی شەهیدی لەم بزووتنەویەدا، راشکاوانە پێداگریی لە سەر پرنسیپێکی دیاری بزووتنەوەی سیاسیی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە هەمان دەستێنەوەردانی هێزی پارچەکانی کوردستان لە کاروباری یەکترییە، کردەوە.
لە درێژەی دیدارەکەی نێوان هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان(پ ک ک) دا موراد قەرەیلان، سەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان، وێڕای تەئیدی زۆربەی نیزیک بە تەواوی بۆچوونەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر باسەکان، بە وردی راپۆرتێکی لە پێوەندی لەگەڵ چۆنیەتیی پرۆسەی دانوستانی (پ ک ک) لە گەڵ دەوڵەتی تورکیەو دواتر وتوێژەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان لە گەڵ عەبدولڵا ئۆجەلان و پەیامە نەورۆزییەکەی ناوبراو پیشکەش کرد.
هەر لەم پێوەندییەدا قەرەیلان باسی لە داواکارییەکانی دەوڵەتی تورکیە بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان و بردنە پێشی پرۆسەی ئاستی لە تورکیە کردو ئەو دەمگۆیانەی وەدرۆ خستەوە کە (پ ک ک) بەڵێنیی چەک دانانی بە دەوڵەتی تورکیە دابێو رایگەیاند کە باسی چەکدانان بە هیچ شێوەیەک لە گۆڕێ دا نیەو ئاشکرای کرد کە رێبەریی پەکەکە پێوەندی بە سەرۆکی پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە هەیەو دانووستانەکانیش لە گەڵ راگرتنی دەنگی چەکەکان دڕێژەیان هەیە.
سەرۆکی کۆماجڤاکێن کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پڕژایە سەر رۆژهەڵاتی کوردستانو داهاتووی مەسەلەی کورد لەم بەشە لە خاکی نیشتمانو بە سەرنجدان بە بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی کورد لە باکوورو مەترەحبوونی قەزیەی کورد لە رۆژاوای کوردستان، پێیان وابوو گوڕانەکان لە بەرژەوەندی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان دایە.
قەرەیلان لە درێژەی قسەکانی دا باسی لە رۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان و رۆڵی رێبەرانی شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەتایبەت رێبەران؛ پیشەوا قازی محەممەدو شەهید قاسملوو لە خەباتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا کردو پێداگریی لە سەر یەکگرتوویی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان کردەوە.
لە کۆتایی دا هەردوو هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان پارتی کرێکارانی کوردستا(پ ک ک) پێداگرییان لە سەر پێوەندیی دۆستانە و نەتەوەییانەی نێوان هەردوو لا کردەوەو یەکگرتوویی هێزەکانی هەرچوار پارچەی کوردستانیان لە ئاستی سیاسەتی گەورەدا بە ئەرکی نەتەوەیی ناوزەد کرد.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر