Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۸۹ مرداد ۱۱, دوشنبه

تــەنــها مــەســعود رەجــەوی و قــاسمــلو دەیــانــتوانــی ســەدام بــبــینن

تــەنــها مــەســعود رەجــەوی و قــاسمــلو دەیــانــتوانــی ســەدام بــبــینن

ئـ.عــەلــیزادە، لــە گــێڕانەوەی مێـــژووی 30 ســاڵەی بــزووتــنەوەی ســیاسیی كوردستاندا

ئــیبراهــیم عــەلــیزادە، كەسایەتییەكی دیاری ناو بزووتنەوەی چەپی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستانە، ئێستاش سكرتێری حزبی كۆمۆنیستی ئێران (كۆمەڵە)یە. ئەو ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لەمەیدانی سیاسی هەڵدەسوڕێت و لەماوەی ژیانیدا چەندین پۆستی جۆراوجۆری لەریزەكانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران وەگرتووەو یەكێكە لە دامەزرێنەرانی (كۆمەڵەی شۆڕگێڕی زەحمەتكێشانی ئێران) و ئێستاش لە ئۆردوگای زڕگوێز رێبەرایەتی پارتێكی دێرینی چەپ دەكات.بەهمەن سەعید، وەكو رۆژنامەنووسێك لە ساڵی 2009 كتێبێكی قەبارە گەورەی بەناونیشانی (سێ ساڵ، لەگەڵ ئیبراهیمی عەلیزادە سكرتێری كۆمەڵە) بڵاو كردەوە، كە سەرجەمی كتێبەكە گفتوگۆیەكی دوور و درێژە لەسەر سەرجەم وێستگە شەخسی و سیاسییەكانی ژیانی عەلیزادەو سەرنجەكانی ئەو لەسەر مێژووی زیاتر لە (30) ساڵی ژیانی سیاسیی ئەو و حزبەكانی رۆژهەڵات و بزووتنەوەی چەپ لەئێراندا. عەلیزادە، لەم گفتوگۆیە كۆمەڵێك فاكتی شاراوەی ئەم مێژووە تایبەت بەڕووداوەكانی ناو ئێران و هەروەها هەرێمی كوردستان بە درێژایی ئەو مێژووە ئاشكرا دەكات. بەشێكی كتێبەكە باسكردنە لەژیانی شەخسی خۆی و هەروەها هۆكارەكانی دروستكردنی كۆمەڵەو دواتر گۆڕانی بە حزبی كۆمۆنیست و سەرەنجام جیابوونەوەی مەنسوری حیكمەت و هەموو ئەو جیابوونەوانەی كە لەمێژووی ئەم پارتەو سەرجەم پارتە نەتەوەییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ناو ئێراندا روویانداوە. لەبەشێكیدا لەسەر ئامانجی دروستكردنی كۆمەڵە دەڵێت: دروستكردنی كۆمەڵە هیچ كات بەدیلی حزبی دیموكرات نەبووە لەكوردستانی ئێران، بەڵام بەهۆی ئەو ناكۆكیانەی كە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیان هەیانبوو لە شۆڕشی1979ی ئێرانداو رووخانی شا بەیەكجار زەق دەبنەوەو سەرەنجام دەبێتە هۆی بەیەكدادان و كوشت و بڕیشی لێ دەكەوێتەوە. عەلیزادە لەم گفتوگۆیەدا ئاماژە بەوەش دەكات كە كۆمەڵە ئەوكاتە رووی لە كوردستانی عێراق كرد كە ناچار بوو بەشە ئازادكراوەی كوردستان چۆڵ بكەن و كۆماری ئیسلامی پایەكانی خۆی بە هێزی سەربازی لەو ناوچانە جێگیر كردەوەو هەر ئەوكات لەرێگەی (خانەی موعینی)یەوە كە دواتر بۆ پەیوەندیكردن لەگەڵ كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان دێت و لەكاتی هاتنیدا لە سنووری ماوەت شان بەشانی هێزەكانی یەكێتی لەشەڕی بەعسدا شەهید دەكرێت. ئیبراهیم عەلیزادە، ئەوەش ئاشكرا دەكات كە لەسەرەتای هاتنیان بۆ سنورەكانی كوردستانی عێراق، پێشمەرگەی ئەو بەشەشیان لەریزەكانی خۆیان جێ دەكردەوە، بەڵام دواتر لەبەر دڵی حكومەتی عێراق دەسبەرداریان دەبن و هەندێكیشیان دەنێرن بۆ دەرەوەی وڵات. ئەو ئاماژە بەهەڵگیرسانی شەڕ دەكات لەنێوان كۆمەڵەو حزبی دیموكراتداو ئەم شەڕەش بۆ قەبوڵنەكردنی كۆمەڵە لەلایەن حزبی دیموكراتەوە دەگەڕێنێتەوەو خەتاكەی دەخاتە ئەستۆی عەبدولڕەحمان قاسملۆو ئەو پارتە كوردیەوە. لەسەر رۆڵی قاسملۆش ئاماژە بەوەدەكات كە كاتێ شەش لایەن لە هەوڵی راگرتنی شەڕی نێوانماندا بوو لەو كاتەدا قاسملو پەیامی ناردووە كە هیچ رێككەوتنێك ئیمزانەكەن تا خۆی دەگەڕێتەوە، بەڵام دواتر كەدەگەڕێتەوە، هەوڵی شەش لایەنەكە بێ ئاكام دەمێنێتەوە. ئەوەش دەڵێت، بەعس و موخابەراتی عێراق ناوبژیوانی كۆمەڵەو دیموكرات دەكەن و ئامانجیشیان لەوەستانی ئەم شەڕەوە دەڵێت “لایان وابوو رژێمی ئێران لەشەڕی ناوخۆی كوردستان زۆرترین كەڵك وەردەگرێت بۆ بەهێزكردنی بەرەكانی شەڕی خۆی”، چونكە ئەوكات ئێران و عێراق لەشەڕێكی سەختدابوون لەگەڵ یەكتری و هەرلایەك لە دژی لاكەی تر هاوكاری جۆراوجۆری پێشكەش بزووتنەوە چەكداریەكانی یەكتری دەكرد. ئەو نموونەیەكی بەشێوەی نوكتە لەسەر ناوبژیوانی بەعس لەنێوان ئەو دوو حزبەدا دەگێڕیتەوە كاتێك فازل بەراكی سەرۆكی ئەوكاتی موخابەراتی عێراقی لەگەڵیان دانیشتووە، بۆ رازیكردنی كۆمەڵە چەند كتێبێكی ماركس و لینین دەهێنت و بە كۆمەڵە دەڵێت “ئێوە حەقتانە حزبی دیموكرات بە بۆرژواز بناسن، بەڵام بەپێی ئەو كۆدانەی من هەمە، لەو قۆناخەی ئێستادا بۆرژوزای شۆڕشگێڕەو ئێوە جارێ ئەوە بسەلمێنن”.
(م.س) حزبی دیموكرات ئاگاداری گفتوگۆی قاسملوو ئێران نەبوو
سەبارەت بە تیرۆركردنی قاسملو رێبەری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەوڵاتی نەمسا عەلیزادە لەو گفتوگۆیەدا ئاشكرای دەكات كە قاسملو بۆ ئەم دانیشتنە دەفتەری سیاسی حزبەكەشی ئاگادار نەكردۆتەوە. هەرچەندە چەند مانگ پێش تیرۆركردنی قاسملو، عەلیزادە لەگەڵ رۆژنامەوانی فەرەنسی (كریس كۆچێرا) لەسەر ئەم جۆرە داوایانەی كۆماری ئیسلامی بۆ گفتوگۆ گوتوویەتی “ئەم دانیشتنانە بۆ لەناوبردنە نەك بۆ سەلماندنی مافەكانی خەڵكی كوردستان”.
بۆ پەیوەندی گرتن لەگەڵ بەعس كۆمەڵە پرسی بە یەكێتی كردووە
عەلیزادە لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا لەسەر پەیوەندی بەستن لەگەڵ بەعس، ئاماژە بەوەدەكات كە زۆر پێویستیان بە هاوكاری بووە ئەوكاتیش ئێران و عێراق لەشەڕێكی سەختدابوون و ئەوان هیچ ناوچەیەكی ئازادكراویان لەكوردستانی ئێران لەبەردەستدا نەبووە دەنا لەوانەبوو ناچاری دروستكردنی وەها پەیوەندییەك نەبووبان، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بەوەدەكات كە ئەوان پرسیان بە(ی.ن.ك)كردووە، هەروەها ئەوەش ئاشكرا دەكات كە ئەو پەیوەندیانە بۆ ئێمە بێ ژانەسەر نەبوون. بۆ ئەمەش نموونەی كوژران و برینداربوون و بەركیمیاوی كەوتنی دەیان كەس لەپێشمەرگەكانیان بەدەستی ئەرتەشی عێراقی دەهێنێتەوە، كە بە ئەنقەست بەرامبەریان ئەنجامی داوە.
بەعس دژی كۆمەڵەی ئێران چەكی كیمیاوی بەكارهێناوە
عەلیزادە ئەوەش ئاشكرا دەكات كە بەعس لە دۆڵی (بۆتێ)ی نزیك رانیەو 23كەسی ئەوانی بە بۆمباران كوشتووەو 150تریشی لێ برینداركردوون، بەڵام كاتێك ناڕەزایەتی بەرامبەر بەعس دەردەبڕن، ئەوان بۆ نزیكی ئەوان لە مقەڕەكانی ئۆپۆزسیۆنی بەعسی دەگێڕنەوە، ئەوكات لەدانیشتنێكی نێوان بەعس و كۆمەڵەدا، بەعسیەكان بۆ رەواندنەوەی نیگەرانیەكانی كۆمەڵە لەسەر ئەم رووداوە، داوای لێبوردن دەكەن و رێگە دەدەن كۆمەڵە بەیانێك بڵاو بكاتەوەو بنووسن بەعس عوزرخواهی هێناوەتەوە، بەڵام نابێت ئاماژە بە چەكی كیمیاوی بكەن. ئەو دەڵێت “ئەم هێرشانەی بەعس بۆ سەر ئێمە، باجی پەیوەندی ئێمە بوو بە خەڵكی كوردستان و یەكێتی، چونكە دەرگای مقەڕەكانی ئێمە هەرگیز بەڕووی پێشمەرگەكانی یەكێتی دانەخرابوو”.

تەنها مەسعود رەجەوی و قاسملو دەیانتوانی سەدام ببینن

عەلیزادە سەبارەت بە پەیوەندی و بینینی سەدام ئاماژە بەوەدەكات كە ئەوان هەوڵیان داوە ئاستی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ خودی سەدام دابێت، بەڵام ئەو دەرفەتە نەخولقاوەو بەعس بۆ ئەمە دەزگایەكی موخابەراتی دامەزراندبوو، دەڵێت “بەڵام ئەوكات تەنها مەسعود رەجەوی و جاروبار دكتۆر قاسملو ئیمكانی ئەوەیان هەبوو سەدام ببینن”.

بەعس داوای ئەنجامدانی كاری تیرۆرستی لەكۆمەڵە كردووە

ئیبراهیم عەلیزادە لەو چاوپێكەوتنەدا ئاماژە بەوەدەكات كە بەعس لەدانیشتنەكانیاندا داوای كاری تیرۆرستی و تەقینەوەو لێدوان لە پێگە ئابووریەكانی ئێران، لە شارە كوردیەكانی ئێرانی لەكۆمەڵە كردووە، بەڵام ئەوان رەتیان كردۆتەوەو دەڵێت “ئەو داوكاریەی ئەوانمان رەت كردۆتەوەو هیچ كات حازر نەبووین پلانە نیزامیەكانی ئەوان قبووڵ بكەین”.

رەخنە لە مام جەلال و حكومەتی هەرێم

سەبارەت بەروانینی حكومەتی هەرێم بۆ ئەو كوردە ئاوارانەی كە لە هەرێم دەژین و مافی وەرگرتنی رەگەزنامەیان بۆ فەراهەم ناكرێت، زادە كۆنگرەی سێهەمی حزبەكەیان لەساڵی 1983بە نموونە دەهێنێتەوە كە ئەوكات مام جەلال بەشداری كردووەو رەخنە لەبڕگەیەكی ناو رەشنووسی بەرنامەی كۆمەڵە دەگرێت و لەسەر ئەم رەخنەیەش ئەم بڕگەیە لەلایەن كۆمەڵەوە دەستكاری دەكرێت و عەلیزادەش وەك بیرهێنانەوەو رەخنەیەك لەمام جەلال و حكومەتی هەرێم دەڵێت “حەق وایە حكومەتی هەرێم، ئەو رەخنەیەی ساڵی1983ی مام جەلال لە رەشنووسی بەرنامەكەی ئێمەی لەبەرچاوبێت و بەپێی ئەو گۆڕانكاریە هەڵسوكەوت بكات كە ئەوكات لەسەر پێشنیاری مام جەلال هێنامانە ناو بەرنامەكەی خۆمانەوە”.
پەیوەندی كۆمۆنیستی كارگەری و ئیسرائیل
لەبەشێكی تری دیدارەكەدا، رۆژنامەنووسەكە پرسیاری ئەو دەنگۆیە دەكات كە حزبی كۆمۆنیستی كارگەری (مەبەستی باڵی مەنسور حیكمەتە) پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبێت، عەلیزادە دەڵێت “مەعلوماتی كۆنكرێتیم لەو بارەیەوە لا نییە، بەڵام رەنگە ئەو ئیدیعایە پەیوەندی بەپەسندكراوێكی ناوخۆی ئەوكاتەی كۆمۆنیستی كرێكاریەوە هەبێت، كە دەكرێت وا تەفسیر بكرێت كە وەها پەیوەندییەك رێگە پێدراوە”.
هاتنی پاسدار بۆكۆیە بۆ شكاندنی سومعەی یەكێتی بوو
عەلیزادە لەسەر هێنانی سوپای پاسداران لەناوەڕاستی نەوەدەكان بۆ كۆیە و سەر بارەگاكانی دیموكرات دەڵێت “یەكێتی بەرامبەر بە زەختی ئێران تاڕادەیەكی سنووردار سازشی سیاسیی كرد، ئەم رووداوەش پەیوەندی بە زەختی زۆری ئێرانەوە هەبوو، بەڵام زەڕبەیەكی قورسی لەمتمانەی خەڵكی كوردستانی ئێران دا، بەڵام پێشتر دیموكرات لەو هێرشە ئاگادار كرابۆوە، بۆیە زیانیان پێنەگەیشت”. هەروەها دەڵێت ” ئێران مەبەستی دیموكرات نەبوو، بەڵكو بۆ شكاندنی سومعەی یەكێتی بوو، دیموكرات بوو بەبیانووی بەڕێوەچوونی ئەو پلانە كە تا ئێستاش لەسەر شانی یەكێتی قورسایی هەیە”.

-------------------------------------------------------------------------


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر