Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۳ شهریور ۲۱, جمعه

تاکەی سوپای تورکیا لە خاکی کوردستان بێت..؟



تاکەی سوپای تورکیا لە خاکی کوردستان بێت..؟

سالار مەحمود پەرلەمانتاری کوردستان لەسەر لیستی سەوزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەکات سوپای تورکیا لە خاکی کوردستان نەمێنن چونکە بوونیان هیچ پاساوێکی نەماوە و جگە لەوەی نەنگییەکی گەورەیە و لە شکۆی هەرێمی کوردستانی کەمکردۆتەوە، هێشتا رونیش نییە کە ئاخۆ تورکیا یار یان نەیاری داعش بێت.


تورکیا دراوسێ خوێن ساردەکە
سالار مەحمود
جگە لەوەى کورد لە کوردستانى عیراقدا مێژوویەکى تاڵى لەگەڵ دراوسێکانیدا هەبووە، بەتێپەڕبوونى رۆژگارو زەمان ئەم تاڵچەشتنە هەر بەردەوامى هەبووە تا بەئێستاش دەگات. هەرچەندە  بەمانا زمانەوانیەکەى “دراوسێ” ئەم وڵاتانە نەسایەیان هەبووە نە “هاوسایە” ش بوون بۆ کوردو کوردستان.
تورکیا وەک هاوسنورى کوردستانى عیراق، لەو ڵاتانەیە لەگەمە نێودەوڵەتیەکان و ململانێ هەرێمایەتى و ئاشوب و دوو بەرەکیە ناوخۆییەکاندا، ئەزموونێکى گەورەى هەمە لایەنى هەیە، لە لەباربردنى دەرفەتەکانى کوردستان. واتە لەدەستوەردانەکانیدا هەمیشە سنور بەزێن بووە. بەڵام لەتەنگانەو بەهاناوەچووندا تەنێکى بێدەنگ و بێسۆز بووە. لە دەورانى مێژوودا بە زۆر شێواز تەراتێنى سەربازى کردوە لەم نیشتمانە، ئاسەوارى دەستوەردانى سەربازی تورکیا لەهەرێمى کوردستان هێشتا ماوە. بوونى بنکە سەربازیەکانى لەناو خاکى هەرێمدا نەنگیەکى گەورەیەو لە شکۆى هەرێمى کوردستانى کەمکردۆتەوە. هیچ بیانوویەک ئەوساو ئێستاش نیە بۆ بوونى معسکەراتى بێگانە لەناو خاکى نیشتماندا. ئەمە پێچەوانەى دەستورى هەمیشەیى عیراق و بڕیارى پەرلەمانى کوردستان و پەرلەمانى عیراقیش هەیە بۆ وەدەرنانى سوپاى تورکیا لەناو خاکى نیشتمان.
ئەشێ پرسیار بکرێت بۆچى لە رابردوودا وەک پەرلەمانتارو نوێنەرى خەڵک لەسەر ئەم بابەتە دەنگتان نەبووە، بۆ وڵامى ئەم پرسیارە دەقى ئەم یاداشتە دەئاخنمە ناو ئەم بابەتەکەرۆژى  10-4-2013 ئاراستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانم کردوە. کە ئەمەیە: وا جارێکى تریش لە دووتوێى ئەم بابەتە دەیخەمەوە بەردەست پەرلەمان و حکومەت و راى گشتى کوردستان.
بۆ /  بەڕێز سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان- عیراق
بابەت/ گەڕاندنەوەى سوپاى تورکیا لەخاکى هەرێم
ماوەى چەندین ساڵە سوپاى تورکیا چەند سەربازگەیەکیان لەناو خاکى هەرێمء قوڵایى هەرێم هەیە.. بەهەر هۆکارێک بووبێت لەو ساو بۆ ئێستاش. بوونى سەربازگەو جەندرمەى تورکیا لەناو خاکى هەرێمى کوردستان دژى بنەماکانى دەستورو یاسا نیشتمانى و نێودەوڵەتیەکانە. هەرێمى کوردستانى عیراق خاوەنى تایبەتمەندىء چوارچێوەى قانونى خۆیەتى. لەبەرچاونەگرتنى ئەم راستیە لەلایەن وڵاتانى دەوروبەرەوە رێزنەگرتنە لەئیرادەو سنورى کوردستان. بەبەرچاوى دونیاوە بەبەردەوامى  دەوڵەتى تورکیا ئاسمانء زەمینء سنورى هەرێم دەبەزێنێء تاوانى تێدا ئەنجام دەدات. لەئێستاشدا دواى بەرەو پێشەوە چوونى پرۆسەى ئاشتى لەباکورى کوردستانء تورکیا تا ئاستێک، کاتى ئەوە هاتووە جەخت بکەینەوە لەوەى کەچیدى بەهەر هۆیەکەوە بووە حکومەتى هەرێمى کوردستانء سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان. بەئەرکى یاسایىء نیشتمانى خۆیان هەستن بۆ گەڕاندنەوەى ئەو سەربازگەو مۆڵگایانەى تورکیا بۆ دەرەوەى هەرێم. ئەرکی دەسەڵاتى جێبەجێکردنە هەڵوێستء بڕیارى پەرلەمانى کوردستان جێبەجێ بکات، بەتایبەتیش بڕیارى ژمارە(37)ى لە17/5/2003 کەبەدەق هاتووە پێویستە ئەو هێزانە بگەڕێنەوە تورکیاو حکومەتى هەرێم لەسەریەتى ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات. بەڵام وا دەساڵ بەسەر ئەو بڕیارەدا تێدەپەڕێتء جێبەجێنەبووەو، هەنگاوى عەمەلى بۆ ئەو داواگشتیەى خەڵکى کوردستان نەنراوە. لەرێگەى ئەم نوسراوەوە وێڕاى جەختکردنەوە لەو پرسە. لامان وایە چیدى بێدەنگ بوون بەرامبەر تاوانى گەورەى لەو جۆرە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت بەتایبەتیش دواى ئەوەى پەیوەندیەکانى تورکیاو هێزە کوردیەکانى باکورى کوردستان هێوربونەوەیەک بەخۆوە دەبینێء، پەیوەندى هەرێمى کوردستانء تورکیاش لەبارى بازرگانىء دیبلۆماسیىء سیاسیەوە لەهیچ دۆخێکدا بەئەندازەى ئێستا باش نەبووە. لەبەر ئەوە لەسەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان داوا دەکەین جارێکى تر دەسەڵاتى جێبەجێکردن رابسپێرێت بۆ ئیزندانء گەڕاندنەوەى سوپاى تورکیا  لەناو خاکى هەرێم.
هەرێمى کوردستان لە دواى رووداوەکانى 9-6-2014 ەو گرتنى موسڵ لەلایەن تیرۆریستانى داعشەوە تووشى هەڕەشەیەکى راستەوخۆى ئەو باندە تیرۆریستیە بۆتەوە. جدیەتى مەترسیەکان هاتە سەر هەولێرى پایتەختیش، هۆکارى زۆر هەبوون لەو پەڕى دونیاوە تا ئەمسەرى دونیا وڵاتان بە راستەوخۆ و نا راستەوخۆ بکەونە خۆ، بۆ بەهاناوە هاتنى ئەم هەرێمە. وەک جوگرافیایەکى ئارام و ستراکتۆر جیا لە قەوارەکانى ترى ناوچەکە، هەر لەکەندا و ئوسترالیاو ئەمریکاو ئێران و، ئەندامانى ئەنجومەنى ئاسایش و، بەشێک لە وڵاتانى ناو یەکێتى ئەوروپاو بەشێک لە وڵاتانى ئەندامى حلفى ئەتڵەسى ناتۆ. وێنەکە لە ئێستادا بەم جۆریە بەپشتیوانى خەڵکى کوردستان پێشمەرگە توانى مەترسیەکان بڕەوێنێتەوەو، هاوکارى سەربازى وڵاتان رۆڵى گەورەى هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵگرى ئاماژەى جدی و گرنگن. واتە ئەگەر تورکیاش نەبێت گورگ نامانخوات. لەم  هاوکێشەیەدا خەڵکى کوردستان هەقى خۆیانە بپرسن ئەم هەموو پیاهەڵدان و دۆستایەتیانەى لەهەرێمەوە بۆ تورکیا لەجێى خۆیدا بوو؟، بە زمانێکى سادە نەخێر. ئەو هەموو ئاڵا هەڵکردنەى وڵاتى تورکیا لەهەولێر لەجێى خۆیدا بوو؟ نەخێر.  سەردانى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان بۆ کونسوڵخانەى تورکیا لەهەموو بارێکدا لەجێى خۆیدا بوو؟ نەخێر. راستە ئابوریى و پەیوەندیە ئابوریەکان گرنگن، بەڵام ئەو هەموو قورساییە ناهاوسەنگە لە گەیاندنى سود و قازانج بەتورکیا چى بەئێمە بەخشى؟  پرسیارى تر زۆرن لەبەر هەستیارى بارودۆخەکە بەگرنگى نازانم بیانخەمە روو. بەڵام گرنگە هەمووان درەنگ یا زوو بزانین دراوسێکانمان هاوسایە نین، بەڵام  ئەوەى دەکرێ وەکو دەرفەت تێى بڕوانرێت ئەوەیە، داعش کوردى نەخواردو قەرزدارى تورکیاش نەبووین. جارێکى تریش و، دواى چاکەیەکى بێحیساب و زۆرى ئابورى کوردستان بۆ تورکیا رووداوەکان ئەم وڵاتەیان بۆ خەڵکى کوردستان تاقیکردەوە، کە نەک هەر هاوسایە نیە، بەڵکو لە گەورەترین و نوێَترین میحنەتا نزیکترین تەماشاکەری بێدەنگ و خوێنساردى، جینۆسایدى شەنگال و ئاوارەبوون و کۆمەڵکوژیى کوردو تورکمان و مەسیحى و ئێزیدى و ئەوانى تریشە. تورکیا ئەوەندە خوێن ساردو چاو نوقاوە ناتوانین لەناوەندى نێودەوڵەتیشدا  وەک شایەتحاڵى رووداوەکان هەژمارى  بکەین. چونکە روون نەبۆتەوە ئایا لەم هاوکێشەیەدا یار یان نەیارى داعشە.
http://www.pukonline.net/?p=16640

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر