Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۴ بهمن ۱۱, یکشنبه

له‌ سه‌ر داوای ساواک مه‌لا مسته‌فا، سلێمانی موعینی شه‌هید کرد و ته‌سلیم به‌ ئێرانی کرده‌وه‌


له‌ سه‌ر داوای ساواک مه‌لا مسته‌فا، سلێمانی موعینی شه‌هید کرد و ته‌سلیم به‌ ئێرانی کرده‌وه‌
سولەیمان موعینی .. ئێران ئەمریان بە مەلا مستەفای بارزانی کرد، کە شەهیدی سەرکردە سولەیمان موعینی بکوژێ، دواتر تەرمەکەی تەسلیم بە ئێران بکاتەوە 


سیامه‌ندی موعینی، کوڕی ئه‌و سه‌رکرده‌ تێکۆشه‌ره‌ی کوردستانی رۆژهه‌ڵاته‌، که‌ مه‌لا مسته‌فا تیرۆر و شه‌هیدی کرد، دوای ئه‌وه‌ ته‌رمه‌که‌ی ته‌سلیم به‌ ئێران کرده‌وه‌، ساواکیش بۆ ته‌مبێکردن و ترساندنی کورده‌کان بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێک به‌ هه‌ڵواسراوی پیشانی خه‌ڵکیی ده‌دا. کوردستانپۆست به‌ پێویستی زانی دیداری کاک سیامه‌ند بکات، هه‌ندێک زانیاریی نوێ و یادگاری خۆی له‌ سه‌ر ئه‌و مێژووه‌ بگێڕێته‌وه‌، له‌هه‌مان کاتدا ئه‌وه‌شی بۆ باسکردین، که‌ که‌ناڵی NRT  چاوپێکه‌وتنێکیان له‌گه‌ڵدا کردووه‌، به‌ڵام بڵاویان نه‌کرده‌وه‌، گومانیش بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت که‌ له‌ ژێر فشار و ترسدا چاوپێککه‌وتنه‌که‌یان راگرت و ئیستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ئه‌و دیداره‌یان به‌خشنه‌کرد. 
په‌یامنێری کوردستانپۆست له‌ ستۆکهۆڵم ئه‌م پرسیارانه‌ی ئاڕاسته‌ی کاک سیامه‌ندی موعینی کرد، له‌ خواره‌وه‌ وه‌ڵامه‌که‌ی بخوێنه‌ره‌وه‌:


کوردستانپۆست: دەکڕێت کەمێک باس لە هەوڵەکانی باوکت و هاورێکانی بکەی بەئامانجی چی هاتبوونە باشوور؟
سیامه‌ند: پاش تێکشکانی کۆماری جوانەمەرگی کوردستان کۆمەڵێک لاوی تێکۆشەر حەولی بەردەوامبوونی خەبات لە ناو حیزبی دیمۆکراتی کوردستانیان دەدا و لەم قالبەدا دەیان هەویست خەبات و تێکۆشان بەردەوام بکەن بە دژی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی حکومەتی پەهلەوی. هەر لەو سەردەمەدا لە باشوری کوردستان خەباتێکی چەکداری و سیاسی هەبوو کە بۆ خەلک و تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگای دڵخۆشی و هیمایەک بوو، هاوکات بۆ پشتیوانی ئەم خەباتە و پتەو کردنی ڕیزەکانی خۆیان ڕویان کردە ئەم بەشە لە کوردستان.


کوردستانپۆست: ئایا پێش ئەوەی باوکت لەلایەن پیاوەکانی مەلا مستەفاوە بگیرێ و تەحویل بە ئیران بکرێتەوە، هیچ جۆرە کێشەو ناخۆشیەک لەنیوان هەردو پارت (دیموکرات و ماڵی بارزانی) هەبوو؟
سیامه‌ند: ئەوەندی من بزانم هیج کێشەیەکی بنەڕەتیان نەبوو، بەڵام لە ناو حیزبایەتیدا رەنگە جیاوازی بیر و بۆچون هەبووبێت، ئەوەی بگەرێتەوە نیوانی کاک سولەیمان و مەلا مستەفا، ئەوەی دەزانم بە پیی بەڵگە و وینەکانی کە بە دەستمەوە هەیە، وا ویدەچیت کاک سولەیمان، لە لای مەلامستەفا زۆر خۆشەویست بووە. هاوکات شۆڕشی باشور گەلێک کەڵکی لەم تێکۆشەرانە وەردەگرت و بە هۆی ئەوە کە ئەو سەردەم کەسی خوێندەوار زۆر نەبوون کە لە ناو شۆڕش دا هەڵسوڕاو بن و بەشێک لەم تێکۆشەرانە خوێندەواری زانکۆکانی ئێران بوون کە بۆ شۆڕشی باشور زۆر بە کەڵک بووە. ئەو سەردەم هیچ کێشەیەک لە بەینی ئەو دو پاڕتەدا نەبوو بەڵکو زۆریش لێک نزیک بوون و هاوکاری باشیان بە یەکەوە هەبوو.
کوردستانپۆست: بە بیروڕای تۆ ئامانجی مەلا مستەفا لەم هەنگاوە چی بوو ؟
سیامه‌ند: هیچ ئامانجێکی نەبوو تەنیا ئەو پەیوەندیە ناسالمەی لە گەڵ ساواک بوو کە مەجبوری کرد ئەو کارە دژە کوردیەی بکات و تەنیا و تەنیا لە بەرژەوەندی داگیرکەری کوردستان دا بوو.
کوردستانپۆست: ئایا بەرای بەرێزتان پێشوتر هیچ سەرکردەیەک زاتی ئەوەی کردوە ئەم کارەی مەلا مستەفا بکات وبیکاتە ئاو ڕشتنێک پارتەکانی تریش دواتر پەیرەوی بیکەن .واتا کوردی بەشەکانی تر تەسلیم بەئێران یان بە ولاتێکی تری داگیرکەر بکاتەوە ؟
سیامه‌ند: ئەوەندی من لە میژوی کورد ئاگادار بم، لە سەردەمی نویدا خەبات لە کاناڵی حیزبیەوە شێوازێکی نویە، کە تێکۆشەران لەم سەردەمەدا دەستیان پێکردبوو و پێش ئەو، هەر وەک خۆشتان دەزانن زۆربەی شۆڕشەکان لە قالبی عەشیرەتی و مەزهەبیەوە بە دژی زۆرداران و داگیرکەران خەباتیان دەکرد. حیزبایەتیش چەشنێک خەباتی کلاسیک بوو کە پێشتر لە وڵاتانی دیکەوە فۆرمی درابویە و لە گەل پێسکەوتویی کۆمەڵگا مێتۆدی خەباتیش شکڵ و قەوارەی دەگۆرێت. و کوردستانیش لەم بەرەو پێشچونە هەڵاوەردە نەبوو. یەکەم جار پاڕتی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێڕاق بە سەرۆکایەتی بارزانی ڕەچەشکێنی ئەم شێوە قێزەونەی دان و ستانەی سیاسی لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستان بوو کە هەتاکو ئێستاش گەلەکەمان باجی دەداتەوە و ڕوناکبیرانی گەلەکەمان زۆر بە جیددی لێکۆڵینەوەیان لە سەر نەکردوە، هەتاکو گەلەکەمان بە شێوەیەکی بنەڕەتی دژی ئەو جۆرە خەیانەتە ڕوبەڕو نەبنەوە هەر دەم مەترسی دوپات کردنەوەی ئەم جۆرە تڕاژێدیایانە لە ئارا دا دەبێت هەر چەند هێندێک کەس دەڵین ناهێڵین دوپات ببێتەوە بەڵام ئەوە تەنیا قسەیەکی بی بنەمایە و هیچ گارانتیەکی نیە،ئەوان دەبی پێداچونەوەیەکی سادقانە بە سەر ڕوداوەکان دا بکەنەوە

کوردستانپۆست: باس لەوە دەکرێ شەهیدی سەرکردەی باوکت زۆر لەمەلا مستەفا پاراوەتەوە کە بەدەستی خۆی بیکوژێ نەوەک تەحویل بەئێرانی بداتەوە چونکە ئەوە ئابروچونێکی زۆر گەورە یە بۆ ناوی کورد بەلام مەلا مستەفا بریارەکەی ساواکی جێ بەجی کردوە ؟
سیامه‌ند: من بە وردی نازانم لەو کاتە چی گوتراوە بەڵام ئەوەندی من بزانم کاتێک کاک سولەیمان بە دەسیسە لە لایەن قادر تەگەرانیەوە تەسلیمی سەدیق ئەفەندی کرا، ئەو کات لە لایەن سەدیق ئەفەندیەوەڕاگوێزی بارەگای بارزانی کرا و هەر ئەو دەم ٢ کەس لە مەئمورانی ساواک لە وی دەبن و داوا لە مەلا مستەفا دەکەن کە کاک سولەیمان بکوژیت و تەرمەکەی تەحویلی ئەوان بدات، ئەوە بە 2 ئامانج ئەو داوایە دەکە، یەکەم ئەگەر بە زیندویی کاک سولەیمان تەحویلی ئێران دراباوە ئەوان زۆریان بۆ زەحمەت دەبوو بیکوژن چونکو ئەو سەردەم باسی (فەزای بازی سیاسی) دەکرا و ئێران دەی هەویست بە وڵاتانی ڕۆژئاوا بڵی ئێمەش ئازادیمان هەیە و تەنانەت ئامنستی و هێندێک ڕێکخراوی مافی مرۆڤ سەردانی زیندانەکانیان دەکرد. دوهەم ئەم کارەی بارزانی کاردانەوەیەکی نیگاتیوی لە سەر خەلکی ڕۆژهەڵات دەبوو بە نیسبەتی شۆڕشی باشور، بۆ تێکشکاندنی ورە و موڕالی سیاسی جەماوەری خەلک کە بڕوایان بە شۆڕش تێک بشکێت، کە بەو خەیانەتە ساواک بە ئامانجەکانی خۆی گەییش
کوردستانپۆست: ئایا شەهید سولێمان موعینی هەر بەتەنیا روبەروی ئەو ناپاکیە بۆوە . یان هاوریی تری لەگەل بووە؟
سیامه‌ند: نەخیر کاک سولەیمان لە گەل هەڤاڵیکی تری بوو بە ناوی خەلیل شەوباش، کە هەر وەکی پێشتر ئاماژەم پێکرد، کاتێک سەدیق ئەفەندی کاک سولەیمان دەباتە لای بارزانی، هەر لە ڕێگاوە کاک خەلیل تیرەباران دەکەن و هەر لە وی بەجیی دەهێڵن، کە گۆیا خەلکی گوند تەرمەکەی دەدۆزنەوە و بە خاکی دەنێژن.
کوردستانپۆست: ئایا دوای ئەو تاوان و ناپاکیە نەتەوەیە نوێیە ، هیچ تاوان و ناپاکی تری لەم شیوە رویداوە ، قسەو باس لەسەر تەحویل دانەوەی زیاتر دەکڕی تۆ زانیاریت چیە؟
سیامه‌ند: بەڵی ئەوە یەکەم و ئاخرین کردەوە نەبوو بەڵکو بەردەوام ئەم خۆشخزمەتیە بە داگیرکەران کرا و کۆمەڵێکی زۆر لە خەباتگێرانی ئەو سەردەم وەک دوکتور شوان،ئاڵچی و کۆمەڵیکی تر کوژران و تەحویلی تورکیە درانەوە و پاشانیش لە هەمو پارچەکانی کوردستان ئەوە بوو بە نەریت و کوژران و تەحویل دانەوەی شۆڕشگێران بە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان درێژەی هەبوو، وەک مێتۆدێکی قێزەون لە لایەن پاڕتی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێڕاق بە دژی نەیارانی خۆی بە کەڵکی هێنا بۆ بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی خۆی.
کوردستانپۆست: مەسعود بارزانی بەئاشکرا لەپەرتوکەکەی ئاماژە بەتیرۆرکردنەکەی دەکات کە هەلەیان کردوە ئایا لەپای ئەو ناپاکیە هیچ داوای لێبوردن یان شتێکیان بەرامبەر ئیوە کردوە؟سیامه‌ند: بەڵی مەسعود لە کتێبەکەی ئاماژە بەو ڕوداوە دەکات، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر ناشەفاف و ناڕاست. هیچ داوایەکی لێبوردنیان لە خەلکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەکردوە.
کوردستانپۆست: ئایا هۆی چیە سالیادی باوکت هیچ لایەنیکی دیموکرات گرنگی پێ نادات؟
سیامه‌ند: دێمۆکڕاتەکان کە قسەیان لە گەڵ دەکی گەلێک شانازی بەو سەردەمەوە دەکەن و کاک سولەیمان وەک سەرکردە و قارەمانێکی گەورەی گەل پێناسە دەکەن، لە سەردەمی ڕوخانی شای ئێران لە ساڵەکانی ١٩٧٨ بەم لاوە وێنەو و پۆستەری کاک سولەیمان لە لایەن حیزبەوە بە هەزاران بڵاو کراوە و ساڵیادیان بۆ دەگرت، بەڵام ئێستا بە هۆی ناچاری و بێدەستەڵاتی ناوێرن هیچ کردەوەیەک لە خۆیان نیشان بدەن تەنانەت باسیشی بکەن.

کوردستانپۆست: کاتێک باوکتان شه‌هید کرا، ئێوه‌ته‌مه‌نتان چه‌ند بوو، که‌سوکاره‌که‌تان له‌کوێ بوون، چه‌ند خێزانن؟
سیامه‌ند: کاتێک باوکم تیرۆر کرا من تەمەنم هەشت ساڵ بوو، و خوشکیکی چەند مانگانەم هەبوو کە لە سەنگەسەر کاتیک دەستبەسەر بووین لە دایک بوو.
کوردستانپۆست: ئایا ساواک له‌و کاته‌دا و پێشتریش فشاری خستبووه‌سه‌ر ئێوه‌؟
سیامه‌ند: ئێمە هیچ فشارێکمان لە لایەن ساواکەوە لە سەر نەبوو بەڵام باپیرم و کەس و کارمان لە مهاباد لە ژیر زەخت و زۆریەکی زۆر دابوون و بە دائیم مەئموریان لە سەر بو و زۆر جاران بانگهێشتی ساواک دەکران و بەردەوام هەڵیان دەکوتایە سەر ماڵیان و ئەزیەتیان دەکردن، پاشان کە من تەمەنم گەییستە 16 بەرەو ژور چەند جاران بردیانمە ساواک و تەنانەت جارێکیش لە یەکەم خۆپێشاندانەکانی شاری مهاباد من و کۆمەڵێک خەڵکی تر کەوتینە ناو زیندان و 49 رۆژ زیندانی کرام .


کوردستانپۆست: چ یادگارێکتان له‌گه‌ڵ باوکاتان هه‌یه‌؟
سیامه‌ند: بە هۆی ئەوە کە من زۆر کەم لە گەل باوکم ژیاوم ، باوەر بکەم سەرجەم کەمتر لە6 مانگ، بۆیە بیرەوەریەکان زۆر نین و بەداخەوە من نەم توانی ئەو مرۆڤە شۆڕشگێرە لە نزیکەوە باش بناسم، و زۆر زو بوو بە قوربانی گەلەکەی. کاک سولەیمان هەر وەک لە ناەیەک کە بۆ ئیدریس بارزانی نوسیوە دەر دەکەوی کە ژیانی خۆی بۆ خەبات تەرخان کردبو و بنەماڵە لە دەرەجەی دەهەمەوە دەهات.
کوردستانپۆست: باوکتان نووسین و یاداشتی له‌پاش خۆی به‌جێ ماوه؟
سیامه‌ند: بەڵی هێندیک نامەو و نوسراوە و شی کردنەوەی سیاسی هەیە کە بەشێکیان لە کتێبەکانی کەریمی حیسامی دا هاتونەوە باسیان لی کراوە.‌

کوردستانپۆست: بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌ده‌یان که‌سی له‌تێکۆشه‌ره‌کانی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتی تیرۆر و ته‌سلیم به‌ئێران کردۆته‌وه‌، به‌لای تۆوه‌ هۆی چییه‌ که‌وا جگه‌ له‌ ئێوه‌ که‌سی دیکه‌ له‌بنه‌ماڵه‌کانیان وه‌کو ئێوه‌ هه‌ڵویست وه‌رناگرن؟

سیامه‌ند: بەڵی ڕاستە کەم نین ئەوانەی بە دەستی نەیارانی کورد کوژراون و تەسلیمی ئیران کراونەتەوە، من پەیوەندیم لە گەل کۆمەڵیک لە بنەماڵەی ئەو قوربانیانە هەیە و ئەوانێش دلخوێنن لە سەر ئەم کارەساتانە و ڕەنگە ڕٶژێک ئەوانێش هاواریان بەرز بکەنەوە و داوای ڕونکردنەوە لە بکەرانی ئەو کردەوانە بکەن. بۆ لیکۆڵینەوەی ئەم ڕوداوانە پێویستی بە لێژنە و کومیتەیەک هەیە کە بتوانێت ئەم ئەرکە نەتەوەییە بباتە پێش بۆ پێش گرتن لە دوپات کردنەوەیان و نفرین کردنی کوردکوشتن بە دەستی کورد.

کوردستانپۆست: به‌نیازیت چی بۆ به‌دادگایی، یان به‌ناساناندنی تیرۆری باوکتان بکه‌ن؟

سیامه‌ند: من نامەیەکی زۆر موئەدەبانەم بۆ مەسعود بارزانی ناردوە و لە نامەکەدا ئاماژەم بەوە کردوە کە پێویستە مەسعود بە هۆی ئەو کارە و بە مناسبەتی سەرۆکایەتی پاڕتی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێڕاق داوای لێبوردن لە گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات و چیتر بێدەنگی و خۆ گێل کردن لە سەر ئەم کارەساتە نەکات و بە شێوەیەکی شەفاف ڕونی بکاتەوە کە ئەگەر خەتایان کردوە ئەوە داوای لێبوردن بکات، ئەگینا بە ڕونی بۆ گەلەکەمانی باس بکات هۆی ئەو خەیانەتە چی بووە؟ 
من بە پێی توانام بەردەوام دەبم لە سەر ئەم بابەتە هەتاکو ئەنجامێکی لێوەردەگرم. هۆکاریشی ئەوەیە کە ئەم خۆشخزمەتیانەی پاڕتی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێڕاق لە خەباتی نەتەوەیی گەلەکەمان نەبیتە نەریت و وەک سیمبولێکی قیزەون باسی لێوە بکردریت کە ئیتر لە دواڕۆژ دا هیچ حیزب و لایەنێک ئەو مافە بە خۆی نەدات خەیانەتی ئاوا دەرحەق بە ڕۆڵە قارەمانەکانی گەلەکەی خۆی بکات.

کوردستانپۆست: ماوەیەک لەمەوبەر که‌ناڵی ئاسمانی NRT دیداری لەگەل کردی ، وەریکلامیشیان بۆکرد ، کەچی دوایی بلاویان نەکردەوە !؟ ئایا بەرای تۆ هۆکارەکەی چی بوو ، وەهیچ رونکردنەوەیان بۆتۆ نەدا کەبۆچ بلاویان نەکردەوە؟
سیامه‌ند: بەڵی لە سەردانم دا بۆ سولیمانی لە سەر داوای NRT چاوپێکەوتنێکم هەبوو، لە بەشی ڕوداو و مێژوو ، لە دوو بەشی 50 خولەکیدا چاوپێکەوتنەکەیان تۆمار کرد و بڕیار وا بوو لە ڕۆژی 12 ی مانگی 7 بڵاوی بکەنەوە. 2 ڕۆژ پێشتر لە سەر تلویزێۆنەکەیان رێکلامیان بۆ بەرنامەکە کرد ، بەڵام بە داخەوە لە سەر کاتی خۆی چاوپێکەوتنەکەیان بڵاونەکردەوە، هۆیەکەی بە پیی گوتەی بەرپرسانی تلویزیۆنەکە هەرەشەی هێندێک بەرپرسی حیزبی بووە کە پێێان خۆش نەبووە ئەم بەشە لە مێژوی کورد بۆ خەڵکباس بکرێتەوە.
چاوپێکەوتنەکە لە دوو بەش دابوو کە بەشی یەکەم لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە باس لە سەر ڕەوشی کورد دەکات و پاشان ڕوداوی خەیانەتی شۆڕشی باشور لە هەمبەر تێکۆشەرانی ڕٶژهەڵاتی کوردستان کە باسی پەیوەندی بارزانی و ساواکی ئێران دەکەم و فرۆشتنی ئەم تێکۆشەرانە بە ڕژیمی پاشایەتی ئێران.
بەشی دوهەم تێڕوانینی خۆم و بەسەرهاتی ئێمە لەو سەردەم دا دەگێڕمەوە زۆرتر باری تێڕوانینی سەخسی هەیە.
پارتی زۆری حەول داوە کە کەمتر باسی ئەو بەشە لە مێژو بکردرێت و تەنانەت حیزبەکانی ڕٶژهەڵاتیش خۆی لێ دەبوێرن و زۆر بە دەگمەن باسی دەکەن، هۆیەکەشی بە بڕوای من ترس لە پاڕتی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاقە.
ئەوەی کە بڵاوی نەکردەوە هۆیەکەی دەگەڕێتەوە سەر هەڕەشەی پاڕتی لەم کاناڵە و هەوەها، پێشوش کە من لە کاناڵەکانی تر باسم کردوە لە لایەن پاڕتیەوە گلەییان لێ کراوە، کە بۆ چی" کای کۆن" ! بە با دەکەن و ئێستاکە هەلی نیە باسی شتی ئاوا بکردرێت. من دەبینم کە هێندێک کەسیش بە ناوی ڕوناکبیر ئەم تێڕوانینەیان هەیە، بەڵام پرسیار ئەوەیە دوای 44 ساڵ کەی کاتی ئەوە دێت کە ڕوداوەکان بەو جۆرەی کە هەیە باسی بکردرێتەوە، پرسیار ئەوەیە بۆ دەبی مێژوی سەردەمێک بشاردرێتەوە بۆ بەرژەوەندی دەستەڵاتداران. هەر چەند مێژومان رون و شەفافتر بیت ئەوەندە داهاتومان سەقامگیرتر دەبێت، مێژو چرای روناکی ڕێگامانە، نابی بهێڵین چراکەمان بکوژێننەوە.



هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر