وارڤین دەقی رەشنووسی پرۆژە یاسای پێشنیازكراوی قەدەغەكردنی خەتەنەكردنی مێینە بڵاو دەكاتەوە
وارڤین – كەركووك: ئەمڕۆ لە ساڵڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەكردنی مێینە، سەنتەری پەنا لە شاری كەركووك، پڕۆژە یاسایەكی بۆ قەدەغەكردنی ئەو دیاردەیە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەكانی بەغدا، كرد. (وارڤین) دەقەكەی بڵاو دەكاتەوە.
دەقی پڕۆژە پێشنیازكراوەكە:
رەشنوسی پڕۆژە یاسای قەدەغەكردنی خەتەنەكردنی مێینە
ماددەی یەكەم: مەبەست لەم زاراوانەی خوارەوە ماناكانی بەرانبەریانە بۆ مەبەستی شیكردنەوەی ئەم یاسایە و بەدەستەواژەی كورت.
یەكەم: حكومەت : حكومەتی ناوەندی فیدرالی عێراق .
دوەم: مێینە: هەموو مرۆڤێك لە ڕەگەزی مێینە لە تەمەنی لەدایك بوون و تا كۆتایی ژیانی " واتە مناڵ ، گەنج ، كچ ، ژن ، پیر ، شوكردوو ، سەڵت "
سێیەم: خەتەنەكردنی مێیینە: بریتیە لە بڕین و شێواندنی بەشێك یان تەواوی میتكەو بەشەكانی كۆئەندامی زاوزێی مێینە و هەر جۆرە دەستكاریكردنێك و بڕینێك كە بەپێی ستاندارە جیهانیەكان قەدەغەكراوە و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO بە (FGM/C ) دەیناسیت واتە " شێواندنی كۆئەندامی زاوزێی مێینە بە بڕین " و چەند پلەو جۆریكی هەیە كە لە پلە یەك تا پلە سێ دەستنیشانكراوه.
مادەی دووەم:
یەكەم: خەتەنەكردنی مێینە وەك لە مادەی یەكەم بڕگەی 3 ئەم یاسایەدا هاتوە بەهەموو جۆرێك قەدەغەیە و تاوانێكە سزای یاسایی ئەنجامدەری ئەدرێت .
دووەم: لەگەڵ جێبەجیكردنی هەر یاسایەكی توندتر كە لە یاساكانی دەوڵەتی عێراقدا هاتوە هەركەسێك كردەوەی خەتەنەكردنی مێینەی ئەنجامدا سزا ئەدرێت بەیەكێك لەم بڕگانەی خوارەوە:
هەر كەسێك جۆرێك لە جۆرەكانی خەتەنەكردنی مێینەی ئەنجامدا یان بەشداری لە ئەنجامدانیدا كرد سزا ئەدرێت بە حەپسكردن بۆ ماوەیەك كە لە یەك ساڵ كەمتر نەبێت غەرامەشی لێ وەردەگیرێت كە بڕكەی لە یەك ملیۆن1000000 كەمتر نەبێت و لەچوار 4000000 ملیۆن زیاتر نەبێت .
1- باری تاوانكار توندتر ئەبێت ئەگەر پزیشك بوو یان كارمەندی تەندروستی یان مامان وە پێویستە لەلایەن سەندیكای تایبەت بە پیشەكەی مۆڵەتی كاركردنی لێوەرگیریتەوە و سزا بدرێت.
2- هەر كەسێك تەمەنی لە 18 ساڵ زیاتر بوو لەجێگەیەكدا ئامادەبوو كە ئەم تاوانەی تیا ئەنجامدرا و ڕێگری لێنەكرد یان هەواڵ " أخباری " نەدا سزای یاسایی حەپسكردن كە لە 6 مانگ كەمتر نەبێت و غەرامەیەكی لێوەردەگیریت كە لە دوو2000000 ملیۆن دینار كەمتر نەبێت.
3- هەركەسێك كردەوەی خەتەنەكردنی ناكامی ( قاصر ) ئەنجامدا بە قورسترین باری ئەم یاسایە یان یاسا توندەكانی دیكەی سزادانی عێراقی سزا ئەدرێت.
4- هەركەسێك كردوەی خەتەنەكردنی مێنەی ئەنجامدا و مردنی لێكەوتەوە بەیاسای سزادانی عێراقی مادەی 405 سزا ئەدرێت و هیچ بیانویەك بۆ جێبەجێكردنی ئەم مادەیە لەئارادا نیە.
5- هەركەسێك هانی خەتەنەكردنی مێینەی دا و بانگەشەی بۆ كرد هەمان حوكمی بڕگەی یەكەمی ئەم مادەیەی بەسەردا جێبەجێ ئەكرێت و ئەگەر ئەو كەسە یەكێك بوو لەم كەسانەی كە دەستنیشانكراوون ئەوا قورسترین سزای بەسەردا جێبەجێ ئەكرێت و مۆڵەتی كاركردنی لێ وەردەگیرێتەوە (مەلای ئاینی، پزیشك، یاریدەدەری پزیشك، پەرستار، مامۆستا، كارمەندەكانی باخچەی ساوایان، مامانی مۆڵەتپێدراو).
مادەی سێیەم:
ئەم یاسایە تەنها ئەو حاڵەتانەی دەستكاریكردنی كۆئەندامی زاوزێی مێینە بەدەر ئەكات لە سزا كە هۆكاری پزیشكی زۆر پێویست بن و لەلایەن لیژنەی پزیشكی پشتراست بكرێتەوە بەدیاریكراوی "نەشتەرگەری كۆئەندامی زاوزێی بەهۆی توشبوون بەنەخۆشی سەرەتان ، یان هەر هۆكاریكی دیكە كە پزیشكی تایبەتمەند پشتراستی بكاتەوەو لیژنەی پزیشكی پەسەندی بكەن".
مادەی چوارەم:
1.كەسی تاوانلێكراو (قوربانی ) یان هەر ئەندامیكی خێزان تا پلە دووو یان داواكاری گشتی مافی تۆماركردنی سكاڵایان هەیە.
2.تۆماری سكاڵا بەپێی ئەم یاسایە نا كەوێتە ژێر حوكمی كات تێپەر بوون ( تقادم ).
مادەی پێنجەم:
بۆ جێبەجیكردنی ئەم یاسایەو ئەو بارانەی لەم یاسایەدا ئاماژەیان پێنەدراوە پەنا ئەبرێتە بەر یاسا كارپێكراوەكان لە عێراق یان بنەما نێودەوڵەتیەكانی مافی مرۆڤ كە دەوڵەتی عێراق واژۆی لەسەر كردوون.
مادەی شەشەم:
ئەو مێینانەی ڕوبەڕوی ئەم كردەوەیە بونەتەوە هاوكاری تەندروستی و دەرونی و پشتوانی تەواویان پێشكەش ئەكرێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ تەندروستی و ژیانی كۆمەڵایەتتیاندا.
مادەی حەوتەم:
كار بە هیچ یاسایەك ناكرێت كە پێچەوانەی بەندەكانی ئەم یاسایە بێت.
مادەی هەشتەم:
ئەم یاسایە لەڕۆژی بڵاوكردنەوەی لە وقائعی عێراقی جێبەجێ ئەكرێت.
هۆكاری پێویست بۆ دەركردنی ئەم یاسایە :
خەتەنەكردنی مێینە یەكێكە لە خراپترین تاوان و شێوازەكانی توندوتیژی و كاریگەری خراپی هەیە لە سەر لایەنی تەندروستی و دەرونی كەسی و ژیانی خێزانی و كۆمەڵایەتی هەربۆیە لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی و وەك تاوانیكی تەندروستی خراپ ناسێنراوەو پێناسەكراوە وە لە پەیماننامەی "سیداو كە دەوڵەتی عێراق وەژۆی كردوە قەدەغەكراوە ، لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامیش لەساڵی 2006 زانكۆی ئەزهەر لەسەر بنەمای فەرمودەی پێغەمبەر "لا ضرر ولا ضرار فی الاسلام" قەدەغەو حەرامی كردوە ، لە دەوڵەتی فیدرالی عێراقیش لە هەریمی كوردستان لەساڵی 2011 قەدەغەكراوە ، بەڵام بەپێی راپۆرتەكان تا ئێستاش ئەم تاوانە لە هەندێك ناوچەی عێراق بەردەوامی هەیە هەربۆیە بەم یاسایە قەدەغەكرا .
سەرنج: پێشنیازی سەنتەری كە لەلایەن پارێزەر (فلاح مرادخان) ئامادەكراوە كە ڕێكخەری پرۆژەكانی ڕێكخراوی وادی یە.
http://warvin.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=1970&Jor=19
---------------
رێكخراوێكی ژنان داوا دەكات بەغدا بە یاسا شێواندنی كۆئەندامی زاوزێی مێینە قەدەغە بكات
وارڤین – كەركووك: لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی شێواندنی كۆئەندامی زاوزێی مێینە، ناسراو بە (خەتەنەی كچان)، سەنتەری (پەنا) لە شاری كەركووك لە یادداشتێكدا داوای لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، یاسایەكی تایبەت بە قەدەغەكردنی ئەو دیاردەیە دەربكرێت.
سەنتەری (پەنا) لە شاری كەركووك، لە یادداشتێكدا كە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراقی كردووە، داوای دەركردنی یاسایەك بۆ قەدەغەكردنی خەتەنە دەكات.
لە یادداشتەكەدا، كە وێنەیەكی تایبەت بۆ (وارڤین) نێردراوە، هاتووە: ئەو دیاردەیە، "لە هەرێمی كوردستان لە (2011) بەیاسای ژمارە (8) قەدەغەكرا و سزای یاسای بۆ دانرا، وەك رێكخراوەكەمان لەساڵی (2010) لەسەر ئەم بابەتە كارمان كردووە لەشاری كەركووك و لەساڵی (2012) یەكەم لێكۆڵینەوەی مەیدانیمان بڵاوكردەوە".
هەروەها هاتووە: "بوونی دیاردەكە لەناوچەكانی دیكەی عێراق وا دەخوازێت، كە جەنابتان بە ئەركی سەرشانی خۆتان هەڵستن وەك نوێنەری راستەقینەی میلـلەت بۆ قەدەغەكردنی ئەم دیاردە دزێوە، كە بەپێی گەڵاڵەنامەكانی مافی مرۆڤ و رێكەوتننامەكانی مافی ژنان و تەندروستی جیهانی (WHO) و یونیسیف قەدەغە و مەترسیدار و لە جیهانی ئیسلامیش بەپێی فەتوای زانكۆی ئەزهەر لە (2006) قەدەغەكراوە".
دەقی یادداشتەكە
یاداشتێك بۆ قەدەغەكردنی خەتەنەكردنی مێینە لە عێراق
بەڕێزان / سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ.
بەڕێزان / لیژنەكانی "یاسایی و تەندروستی و مافی مرۆڤ و مافی ژنان" لە پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ.
بەڕێزان / ئەندامانی پەرلەمانی عێراق.
داواكارین لە بەڕێزتان كە یاسایەك دەربكرێت بۆ قەدەغەكردنی خەتەنەكردنی مێیینە لە عێراق و هیوادارین، كە داوا لە ئەنجومەنی وەزیران و حكومەتی عێراق بكەن كە ڕێوشوینی پێویست بۆ جێبەجێكردنی ئەم یاسایە بگرێتە بەر.
بۆ ئەم مەبەستەش هاوپێچ ڕەشنوسێكی یاسایی پێشنیازكراوی ڕێكخراوەكەمان ئاراستەی جەنابتان دەكەین كە لەلایەن پارێزەر (فلاح مرادخان شاكرم) ئامادەكراوە بە ئەزمونی (9 ساڵ) كاركردن لەو بوارە لە ڕێكخراوی وادی لەعێراق.
خەتەنەكردنی مێینە لە عێراق یەكێكە لەو كێشە تەندروستی و كۆمەڵایەتیانەی، كە لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵدراوەئیشی لەسەر بكرێت و بەداخەوە تێگەیشتنێكی هەڵەی ئاینی و كەلتوری هەیە بۆ ئەنجامدانی.
بەخۆشحاڵیەوە لە هەرێمی كوردستان لە 2011 بەیاسای ژمارە 8 قەدەغەكرا و سزای یاسای بۆ دانرا، وەك ڕێكخراوەكەمان لەساڵی 2010 لەسەر ئەم بابەتە كارمان كردووە لەشاری كەركووك و لەساڵی 2012 یەكەم لێكۆڵینەوەی مەیدانیمان بڵاوكردەوە كە بەپێی ئەنجامەكانی ئەم لێكۆڵینەوەیە (38.2 %) مێینەی سەرو تەمەن (14 ساڵ) لە كۆی (1212) مێینە كە توێژینەوەكەیان لەسەر كراوە لەناو مەركەزی كەركوك و قەزاو ناحیەكان و گوندەكان ڕوبەڕوی خەتەنەكردن بونەتەوە.
ئەم لێكۆڵینەوەیە هەوڵیداوە ئەنجامێكی گشتی ئەنجامدانی ئەو دیاردەیە لەنێوان پێكهاتە سەرەكیەكانی شاری كەركووك دەستنیشانبكات. سەرەڕای زەحمەتی و ئاڵۆزی ئەم هەوڵانە بەپێی ئەم ئەنجامانە بوونی ئەم دیاردەیە لەنێوان كورد (65.4%) و عەرەب (25.7%) و توركمان (12.3%) لەسەر ئاستی باوەڕی ئاینیش لەنێوان سوننە (40.9%) و لەنێوان شیعە (23.4%) و لەنێوان كاكەیی (42.9%) ە جێی باسە لەنێوان مەسیحی و كلدۆ ئاشوریەكان هیچ ڕیژەیەك تۆمار نەكراوە.
ئەگەر لەڕووی گرنگی و پێكهاتەو چڕی دانیشتوانەوە كەركووك بە عێراقی بچووك بناسێنرێت ئەوا؛ چ بەهۆی پشتڕاستبوونەوەی دیاردەكە و قەدەغەكردنی لەهەرێم و چ بەبوونی ئەم ئاماژانە و چەندین ئاماژەی دیكە بۆ بوونی دیاردەكە لەناوچەكانی دیكەی عێراق وا دەخوازێت، كە جەنابتان بە ئەركی سەرشانی خۆتان هەڵستن وەك نوێنەری راستەقینەی میلـلەت بۆ قەدەغەكردنی ئەم دیاردە دزێوە، كە بەپێی گەڵاڵەنامەكانی مافی مرۆڤ و رێكەوتننامەكانی مافی ژنان و تەندروستی جیهانی (WHO) و یونیسیف قەدەغە و مەترسیدار و لە جیهانی ئیسلامیش بەپێی فەتوای زانكۆی ئەزهەر لە (2006) قەدەغەكراوە.
هەر شادوو سەركەوتوو بن .
وەك پشتگیریەك بۆ ئەم داواكارییە:
2- دوو لێكۆڵینەوەی مەیدانی، كە یەكەمیان لەپارێزگای كەركووك لەلایەن سەنتەرەكەمان و دووەمیان لە هەرێمی كوردستان لەلایەن ڕێكخراوی وادی ئەنجامدراون .
4- یاسا و بڕیاری 10 وڵات لە جیهان بۆ قەدەغەكردنی ئەم دیاردەیە وەك نموونە.
5- فەتوای زانكۆی ئەزهەر و كۆنفراسی زانستی لە (2006).
6- وەك بیرخستنەوەیەكیش واژۆكردنی دەوڵەتی عێراق لەسەر رێككەوتننامەی سیداو.
سەنتەری پەنا 6-2-2013
داوا لە هەموو ئەو ڕێكخراوو كەسایەتیانە ئەكەین كە ئارەزومەندانە پاڵپشتی ئەم رەشنوسی یاسایە ئەكەن پەیوەندی بكەن بە :
ئیمهیلی: panacenter@yahoo.com
ئا: نێرگز قادر
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر