Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۸۹ مهر ۱۵, پنجشنبه

یکی از مزدوران بعث که دستش به خون جوانان ملت کرد رنگین میباشد



متا سفانه ریئس حکومت اقلیم کردستان با این جاش دیدار نموده و ازش استقبال به عمل آورده است در حقیقت این مزدور باید مورد محاکمه بشود و به مجازات خود برسد چرا چون این شخص دستش به خون جوانان ملت کرد رنگین میباشد.
-------------

پیاوێك به‌ده‌ستی سووره‌وه‌ پیاسه‌یه‌كی به‌هه‌رێمدا كرد

قاسم ئاغا،به کوشتنی 32 پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و 5حیزبی شیوعی‌‌و 2سۆسیالیست‌و 1زه‌حمه‌تكێشان‌و 490 هاووڵاتی‌ تاوانباره‌‌ که چی هه‌فته‌ی‌ رابردوو مه‌سعود بارزانی‌ پێشوازی لێ كرد

بورهان قادرو ئاریان: هه‌فته‌ی‌ رابردوو پاش پێشوازیكردنی‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌قاسم ئاغا، كه‌ به‌شه‌هیدكردنی‌‌ 32 پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پێنجی‌ حیزبی شیوعی‌‌و دوو سۆسیالیست‌و یه‌ك زه‌حمه‌تكێشان‌و 490 هاووڵاتی‌ تاوانباره‌‌و له‌دادگای‌ كۆیه‌ش‌ 18سكاڵای‌ یاسایی له‌سه‌ره‌، خه‌ڵكی‌ كۆیه‌و كه‌سوكاری‌ قوربانیان كه‌مپینی‌ به‌دادگاییكردنیان دروستكردو رۆژی‌ شه‌ممه‌ش بێ ئه‌وه‌ی‌ بدرێته‌ یاسا، كوردستانی‌ به‌جێهێشت، حیزبه‌كانیش بێده‌نگن‌و له‌كاتێكدا شیوعی به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ تاوانباركردنی‌ قاسم ئاغایان به‌شێوه‌ی‌ ڤیدیۆیی له‌لایه‌.

به‌پێی روونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ كوردۆساید كه‌وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست رۆژنامه‌ی‌ ده‌ستوور كه‌وتووه‌، رۆژی‌ شه‌ممه‌ قاسم ئاغا موسته‌شارو به‌شدار له‌شاڵاوی‌ ئه‌نفال كوردستانی‌ به‌جێهێشت‌و به‌ره‌و وڵاتێكی‌ ئه‌وروپا رایكرد، بێ ئه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات‌و به‌رپرسانی‌ هه‌رێم له‌به‌رانبه‌ر داخوازی ده‌ستگیركردن‌و راده‌ستكردنی‌ به‌یاسا وه‌ڵامێكیان هه‌بێت، له‌روونكردنه‌وه‌كه‌ی‌ كوردۆسایدا سه‌ره‌ڕای‌ نیگه‌رانی‌ له‌و هه‌واڵه‌، ئۆباڵی‌ راكردنی‌ ئه‌و تۆمه‌تباره‌ش له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی‌ وه‌زیری ناوخۆو پارێزگاری هه‌ولێر.

له‌روونكردنه‌وه‌كه‌دا كوردۆساید ئه‌وه‌ش روونده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌زانیارییان له‌لایه‌ ده‌سه‌ڵات‌و به‌رپرسانی‌ هه‌رێم كارئاسانییان كردووه‌ بۆ راكردنی‌ ئه‌و تاوانباره‌و رزگاركردنی‌ له‌سزای‌ یاسایی.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ كه‌مپینی كه‌سوكاری شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوه‌كان له‌یاداشتێكدا بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كه‌وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست ده‌ستوور كه‌وتووه‌، به‌ناوی‌ قوربانیانی‌ ده‌ستی‌ قاسم ئاغا له‌(كۆیه‌و ده‌شتی كۆیه‌و ته‌قته‌ق‌و ئاغجه‌له‌رو شوان‌و شێخ بزێنی) تاوانه‌كانی‌ قاسم ئاغا بیر سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ده‌هێننه‌وه‌و به‌شه‌هیدكردنی‌ 37 هاووڵاتی‌‌و پێشمه‌رگه‌ له‌رۆژانی‌ راپه‌ریندا تاوانباری‌ ده‌كه‌ن.

له‌به‌شێكی‌ ئه‌و یاداشته‌دا هاتووه‌ “ئێمه‌ كاتێك ئه‌م یاداشته‌ بۆ به‌ڕێزتان به‌رزده‌كه‌ینه‌وه‌، ده‌مێكه‌ سكاڵای یاسایی خۆمان دژی تاوانبار له‌دادگای كۆیه‌ تۆماركردووه‌و ئه‌وه‌ی كه‌ له‌به‌ڕێزتان داواكارین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ناوبراو‌ و هه‌موو تاوانباره‌كان بدرێنه‌ دادگای باڵای تاوانه‌كان، له‌سه‌ر هه‌ردوو كه‌یسی ئه‌نفال‌و سه‌ركوتكردنی راپه‌ڕین بۆ ئه‌وه‌ی به‌سزای عادیلانه‌ی خۆیان بگه‌ن‌و رێگا نه‌ده‌ن كه‌تاوانباران له‌سزای گه‌ل رزگاریان ببێت”.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌و له‌و دۆخه‌دا كه‌بێده‌نگی‌ حیزبه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستانی‌ گرتووه‌ته‌وه‌، هیچ كام له‌پارته‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان له‌به‌رانبه‌ر راكردنی‌ قاسم ئاغا روونكردنه‌وه‌یان نه‌بوو، ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی تاوانباره‌ به‌كوشتنی‌ 32 پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پێنجی‌ حیزبی شیوعی‌‌و دوو سۆسیالیست‌و یه‌ك زه‌حمه‌تكێشان‌، له‌كاتێكدا ‌حیزبی شیوعی‌ كوردستان چه‌ندان به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ تاوانباركردنی‌ قاسم ئاغایان له‌لایه‌، كه‌ له‌نێویاندا به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ ڤیدیۆییه‌و له‌وكاته‌دا كه‌پێشمه‌رگه‌كانی‌ ئه‌و حیزبه‌ شه‌هیدده‌كات، وێنه‌گیراوه‌.

قاسم ئاغا، كه‌ به‌شه‌هیدكردنی‌‌ 32 پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌ تاوانباره‌، سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتی‌ ده‌ڵێن ئاگایان له‌وه‌نه‌بووه‌ كه‌قاسم ئاغا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ كوردستان‌و دواتر ده‌ربازكراوه‌، ئارێز عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ له‌لێدوانێكدا بۆ ده‌ستوور، وتی‌ “له‌باره‌ی‌ ده‌ربازكردنیه‌وه‌ تائێستا هیچمان نه‌وتووه‌، به‌ڵام بێده‌نگبوونمان په‌یوه‌ندی به‌رێككه‌وتننامه‌ی‌ ستراتیژییه‌وه‌ نییه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ئاگاداری هاتنه‌وه‌كه‌ی‌ نه‌بووین”.

ئارێز ده‌ڵێت ده‌بوو كه‌سوكاری قوربانیانی ده‌ستی قاسم ئاغا باشتر كاریان بكردایه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ به‌زووی ته‌سلیمی دادگای بكه‌ن.

وه‌ستا ره‌سوڵ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كه‌خۆی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌یه‌ كه‌زۆرترین كه‌سی به‌ده‌ستی قاسم ئاغا كوژراون، وتی‌ “وه‌كو یه‌كێتی هیچكات پشتگیری له‌ئازادكردنی تاوانباران ناكه‌ین‌و دژی ئه‌وه‌ش ده‌وه‌ستینه‌وه‌، به‌ڵام ئاگادارنیم یه‌كێتی له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌ی‌ كردووه‌ یاخود نا”.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌حیزبی‌ شیوعی‌ به‌ده‌ستووری‌ راگه‌یاند “ئه‌و كاسێته‌ لای‌ حیزبمان هه‌یه‌‌و من بینیوومه‌،‌ به‌ڵام حه‌یف‌و شه‌رمه‌زارییه‌ ئه‌و حیزبه‌ی‌ كه‌خۆی‌ به‌حیزبی‌ شه‌هیدان ناوده‌بات، ناتوانێ‌ دێڕێك له‌سه‌ر جاشێكی‌ له‌وجۆره‌ بنووسێت‌و به‌ڵگه‌ی‌ هه‌یه‌، كه‌چی‌ بێده‌نگه‌”.

حه‌مه‌ ره‌شاش پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرینی‌ حیزبی‌ شیوعی‌ كوردستان كه‌ئێستا به‌پله‌ی‌ موقه‌ده‌م خانه‌نشینه‌‌و خۆی‌ یه‌كێك بووه‌ له‌و پێشمه‌رگانه‌ی‌ به‌شداری‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ی‌ كردووه‌ كه‌پێشمه‌رگه‌كانیان كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر ده‌ستی‌ هێزه‌كانی‌ قاسم ئاغا وتی‌ “ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌ 5/3/1989 كه‌ له‌چیای‌ كۆسره‌ت بوو، ئێمه‌ چوارده‌ پێشمه‌رگه‌ بووین له‌و شه‌ڕه‌دا دوو هاوڕێمان به‌ناوه‌كانی‌ رێباز‌و شه‌پۆل له‌و شه‌ڕه‌دا شه‌هیدبوون‌و كه‌وته‌ بن ده‌ستی‌ ئه‌و جاشانه‌”.

حه‌مه‌ ره‌شاش له‌ساڵی‌ 1981چووه‌ته‌ ریزه‌كانی‌ ئه‌و حیزبه‌وه‌‌و سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ كه‌حیزبی‌ شیوعی‌ به‌ڵگه‌ی‌ لایه‌‌و بێده‌نگه‌، حه‌مه‌ ره‌شاش وتی‌ “حیزبی‌ شیوعی‌ له‌دوای‌ 1991ه‌وه‌ بێ هه‌ڵوێست بووه‌‌و ئێستاش بێ هه‌ڵوێسته‌، كه‌سی‌ تری‌ له‌و جۆره‌ زۆره‌ كه‌حیزبی‌ شیوعی‌ به‌ڵگه‌ی‌ له‌سه‌ری‌ لایه‌،‌ چونكه‌ ئێستا كه‌وا قسه‌ له‌گه‌ڵ تۆدا ده‌كه‌م، كاسێته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ی‌ ئه‌و شه‌ڕه‌م له‌لایه‌، به‌ڵام حیزبی‌ شیوعی‌ ئێستا تابڵێی‌ بێ هه‌ڵوێسته‌، چونكه‌ جگه‌ له‌وه‌ زه‌ویان بۆ جاش‌و ئیستخبارات وه‌رگرتووه‌،‌ به‌ڵام چه‌ندان كه‌سی‌ وه‌كو من تا ئێستا مه‌ترێك زه‌وی‌ وه‌رنه‌گرتووه‌”.

بۆ لێدوان وه‌رگرتن له‌حیزبی‌ شیوعی‌، ده‌ستوور په‌یوه‌ندیكرد به‌دوو ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ ئه‌و حیزبه‌،‌ به‌ڵام به‌بیانووی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌وته‌بێژیان هه‌یه‌ ئاماده‌نه‌بوون لێدوان بده‌ن، تا ئاماده‌كردنی‌ ئه‌و راپۆرته‌‌ په‌یوه‌ندیمان به‌وته‌بێژی‌ ئه‌و حیزبه‌ كرد، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌ستنه‌كه‌وتن.

له‌رێگه‌ی‌ كه‌مپینی‌ به‌دادگاییكردنی‌ قاسم ئاغاوه‌، ده‌ستوور زانیوویه‌تی‌ كه‌قاسم ئاغا تاوانه‌كانی‌ ده‌رهه‌ق به‌خه‌ڵك‌و پێشمه‌رگه‌ له‌ 1979 ده‌ستپێده‌كات‌، له‌و ساڵه‌دا ١٩ پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌گوندی قوڕه‌ به‌رازه‌ شه‌هیدده‌كات‌، له‌ساڵی‌ 1980 دوو پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌دۆڵی ئه‌سحابان‌و له‌ساڵی‌ 1981 پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ سۆسیالیست له‌خۆشناوه‌تی‌‌و له‌هه‌مان ساڵدا دوو پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌ له‌كۆیه‌و هه‌روه‌ها هاووڵاتییه‌ك له‌هه‌مان شارو له‌راپه‌ڕینی‌ 1982 دوو هاووڵاتی‌ شه‌هیدده‌كات‌و له‌هه‌مان ساڵیشدا هاووڵاتییه‌كی‌ كۆیه‌ شه‌هیدده‌كات‌، دوای‌ پێنج ساڵ كوڕه‌كه‌شی ئه‌نفال ده‌كات. له‌1983 دیسانه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ سۆسیالیست له‌ناو شاری‌ كۆیه‌ شه‌هیدده‌كات. له‌ساڵی‌ 1983 له‌ناو بازاڕی‌ كۆیه‌دا هاووڵاتییه‌كی‌ تر شه‌هیدده‌كات‌و له‌ساڵی‌ 1984یش وه‌ك نیشانه‌یه‌ك بۆ “دڕنده‌ییه‌”كه‌ی‌ مامۆستایه‌كی‌ كۆیه‌ ده‌كاته‌ نیشانه‌و له‌سه‌ر رێگای‌ هه‌ولێر شه‌هیدی ده‌كات.

له‌ 1985 هاووڵاتییه‌ك‌و له‌ 1986 دوو پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و سووتاندنی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ ترو له‌ 1987 سێ هاووڵاتی‌و دوو پێشمه‌رگه‌و له‌هه‌مان ساڵدا پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ حیزبی زه‌حمه‌تكێشان شه‌هیدده‌كات‌، ژنێكی‌ مه‌سیحی‌ لاقه‌ ده‌كات له‌ساڵی‌ 1988 له‌هه‌مان ساڵدا 450 كه‌س له‌شاڵاوی‌ ئه‌نفالدا راده‌ستی‌ به‌عس ده‌كات‌، هه‌روه‌ها دوو پێشمه‌رگه‌و سێ هاووڵاتی‌ كاسب‌ شه‌هیدده‌كات‌و له‌هه‌مان ساڵیشدا پێنج پێشمه‌رگه‌ی‌ حیزبی شیوعی‌‌و له‌1989 پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ تری‌ یه‌كێتی‌‌و 28 هاووڵاتی ترو دوو پێشمه‌رگه‌ی‌ تری‌ یه‌كێتی‌ شه‌هیدده‌كات. كۆی‌ تاوانه‌كانی‌ ده‌گاته‌ شه‌هیدكردنی‌ 32 پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌و پێنج پێشمه‌رگه‌ی‌‌ حیزبی شیوعی‌‌و دوو سۆسیالیست‌و یه‌ك زه‌حمه‌تكێشان‌و 490، هاووڵاتی‌، كه‌زۆربه‌ی‌ هاووڵاتییه‌كانی‌ له‌ئه‌نفالدا راده‌ستی‌ به‌عس كردووه‌ بۆ ئه‌نفالكردن

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر