Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ آذر ۲۴, جمعه

رۆژهەڵات شەرمەزاری كەبوودوەندە

رۆژهەڵات شەرمەزاری كەبوودوەندە

هاوار بازیان


مایەی شەرمە بۆ كۆمەڵگەیەكی 7-8 ملیۆن كەسی كە تێیدا باوكی مافی مرۆڤی كوردستان زیاتر لە یەك مانگە چاوەڕێی كۆكردنەوەی 150 ملیۆن تمەن بێ تا رێگەی دیدار و گەڕانەوەی بۆ ناو ماڵ و منداڵ پێ بدرێ، بەڵام ئەو كۆمەڵگەیە بۆی دابین نەكا، ئەوە لە كاتێكدا ئەگەر ویژدانی سیاسی و خەباتێكی راستەقینەی مەدەنی هەبێ هەركەسەو تەنیا 20 تمەنی وەبەر دەكەوێ!
نازانم كوان ئەوانەی لە نووسین و رەفتاردا خۆیان گیان فیدای سەرگرتنی خەباتی مەدەنی لە رۆژهەڵات نیشان دەدەن و بۆ ئەو مەبەستە كەبوودوەندیان كردبوووە دەستەواژەی قسەكردن و نووسین و سیاسەتەكانیان؟ نەكا چاوەڕێ بووبن كۆماری ئیسلامی كەبوودوەند لە سێدارە بدا و دواتر وێنەكەی بۆ هەڵبگرن، یان دەستەوەستان دانیشتبوون كەبوودوەند لە مانگرتندا گیان بدا و دواتر نووسین و بەیاننامەی نەرم و نیانی بۆ دەربكەن؟
یەك مانگە سەرۆكی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان چاوەڕێی كۆكردنەوەی 150 ملیۆن تمەنی دیكە دەكا تا رێگەی چوونەدەر و گەڕانەوەی بۆ ماڵی پێ بدرێ، بەڵام دیارە كۆماری ئیسلامی وەك ئەوەی بزانێ بەڕاستی كۆمەڵی مەدەنی لە رۆژهەڵات توانای خاوەندارێتی لە رێبەرانی خەباتی مرۆیی و مەدەنیی خۆی نەبێ، پرسی محەمەد سەدیق كەبوودوەندی بەرەو پارە و پول كشاند تا لەو رێگەوە بزانێ بەڕاستی خەباتكارانی مەدەنی لە رۆژهەڵات تا چەندە ئامادەن باج بدەن، هەروەها بیسەلمێنێ كە زۆربەی هەرەزۆری بەناو خەباتكار و چالاكی مەدەنی تەنیا وەك درووشم كار دەكەن و ئامادەی بچووكترین باجدان نین.
دواجار بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی رازی بوون كە بە دانانی دەستەبەرییەكی (سەنەد) 500 ملیۆن تمەنی رێگەی چوونەدەر لە زیندان و گەڕانەوە و دیدار بۆ ناو ماڵ و خێزانی بە كەبوودوەند بدا كە بەپێی لێدوانی بنەماڵەكەی تا ئێستە 350 ملیۆنی بۆ دابین كراوە و چاوەڕێی بڕەكەی تری دەكەن، بەڵام بەپێی قسەكانی بەرپرسانی رێكخراوی مافی مرۆڤـ، یەك مانگە هەموویان خەریكی كۆكردنەوەی 150 ملیۆن تمەنەكەی دیكەن، ئەوە لە كاتێكدا ئەو بڕە پارەیە رەنگە بەپێی ژمارەی ئەو كەسانەی بەردی خەباتكاری مەدەنی لە سنگ دەدەن بڕێكی زۆر نەبێ، یان تەنانەت بۆ یەك یان دوو كەسی دەوڵەمەند لە رۆژهەڵاتیش پوڵێكی وا زۆر نییە، بەڵام وەك دەبینین تا ئێستە كەس ئامادە نەبووە ئەو پارەیە دابین بكا یان خەمێكی لێ بخوا.
كورد لە رۆژهەڵات لە ئێستەدا ناتوانێ حاشا لە ناكارامەیی جۆرەكانی خەباتی خۆی بكا، ئەو پارچەیە لە كوردستان تەنیا ئامادەیە وەك ناو و نیشان باس لە خەباتی مەدەنی بكا، ئەگینا زۆر كەمن ئەوانەی ئامادەن لەو رێگەیەدا بچووكترین باج بدەن. وەك بەرپرسانی رێكخراوی مافی مرۆڤ باسی دەكەن بۆ ئەو پارەیە پێوەندییان بە زۆر كەس كردووە كە توانای دارایی باشە كە هەرچەندە بەڵێنی هاوكاریشیان داوە، بەڵام لە راستیدا تا ئێستە بێدەنگیان كردووە و بەجۆرێك خۆیان لەو هاوكارییە دەدزنەوە.
لەگەڵ بوونی زیاتر لە 20 حزب و هێز و لایەن و سەدان كەسایەتی و چالاكی سیاسی و مەدەنی بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان كە هەموویان لانیكەم زیاتر لە 10 بەیاننامە و نووسراویان لەسەر كەبوودوەند دەركردووە، زۆر مایەی شەرمە ئەمڕۆ ئەو حزب و كەسانە ئامادە نەبن لە كۆكردنەوەی ئەوەندە پارەدا هەوڵێكی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بدەن و بیسمەلمێنن كە بەڵێ لەگەڵ خۆیان و خەڵك راستگۆن، ئەگینا هەموومان ناچارین بڵێین ئەوەی كراوە و باس كراوە هەمووی چەواشەكاری بووە و درووشم و كاڵایەك بووە بۆ بازاڕی بەناو رۆشنبیران، خەباتكارانی مەدەنی و هێزە سیاسییەكان.
كەبوودوەند ئامادە بووە لەلای دڕندەترین دەسەڵاتدا لە پێناو دەرخستنی نەهامەتیی نەتەوەكەیدا 11 ساڵ زیندان بەگیان بكڕێ، بەڵام هەموو رۆژهەڵات ئامادە نەبوونە تا ئێستە بەیەكەوە لە ماددیات وڵامی ئەو خۆبەخشینەی كەبوودوەند بدەنەوە.
گەلێك كە ئەمڕۆ نەتوانێ بە پارە و ماددیات بەرگری و خاوەنداری لە رەمزێكی وەسا بۆ خەباتی مەدەنیی خۆی لە ناو زیندانەكانی دوژمندا بكا، چۆن دەتوانێ باس لە بەخشینی خوێن و گیان و فیداكاری بۆ خاك و نەتەوە بكا، ئەو كەسە راست ناكا و هەركەس ئەمڕۆ بڕوای پێ بكا نەزانە. دۆخی ئەمڕۆ كەبوودوەند باشترین دەرفەتە تا هەموو ئەوانەی لە دەرەوە یان ناوەخۆی وڵات نیازێكیان لە هاوكاری و هاندانی خەباتی مەدەنی لە رۆژهەڵات هەیە خۆی تێدا تاقی بكەنەوە، ئەوان دەتوانن لە رێگەی خۆیانەوە یان رێكخستنێكی ناڕاستەوخۆوە بەپێی توانا هاوكارییە دارایییەكانی خۆیان بگەیەننە بنەماڵەی كەبووندوەند یان بەرپرسانی یەكەمی ئەو رێكخراوە تا خەباتی مەدەنی و مرۆیی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی تمەنەوە زیاتر لەوە شەرمەزاری رێبەرانیان نەبێ.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر