Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۲ بهمن ۲۷, یکشنبه

کانالی روداو کانالێکی پارییە هەر کەسێک پاریان پی بەدا عەوا بە بالی ئەو لایەنەدا دەخۆینن


هیچکام لەو دوو لایەنە براوەی ڕاپرسییەکەی تۆڕی میدیایی ڕووداو، براوەی ڕاستەقینەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نین!
لە نووسینی: ئاریتما موحەممەدی
ئەمڕۆ یەکشەمە ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧١٣ی کوردی دوای ماوەیەک سەردانی شاری ئۆسلۆ،م لە پێتەختی نۆروێژ کرد و هاوڕێیەکم بینی و لە کافەنێتێکدا دانیشتین و چاییەکمان خوارد و ئیتر هاوڕێکەم باسی ڕاپرسی تۆڕی میدیایی ڕووداوی بۆ کردم و وتی کە ئەندامانی کۆمەڵەکان و دیموکراتەکان کەوتوونەتەخۆ و بەدوای دەنگ کۆکردنەوەن بۆ تۆمار کردنی بردنەوە لە ڕاپرسییەکەی تۆڕی میدیایی ڕووداو، وتی کە ئەو هەوڵەش ئێرەی گرتووەتەوە و ئەندامانی هەردوولا پەیتا پەیتا خۆیان بە کافەنێتە جیاوازەکان بۆ تۆمار کردنی دەنگ دەکەن.



چاوێکمان بە ماڵپەڕی ڕووداودا خشاند و بینیمان کە تاکوو ئیستا کۆمەڵە و دیموکراتەکان لە پێشەوەن، ئیتر هاوڕێیکەم وتی کاکە من دەنگ دەدەم بە فڵان... وتم دەباشە بەس من هیچکات باوەڕم بەدەنگدان لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی و ڕاپرسی ماڵپەرەکان نەبووە و نییە، وتم جاری وا هەیە کە یەک کەس لە دەیان کۆمپێترەوە دەنگ دەدات. وتی دەکاکە لەوە وازبێنە، با من دەنگی خۆم بدەم، ئیتر ئەوەندەی پێنەچوو کە وتی دەوەڵا لەم کۆمپێترەوە دەنگ دراوە، منیش ئەوەم پێوت کە دەوازبێنە کێ دەگاتە ئێرێ بۆ دەنگ دان، وتی کاکە هەر کەس زۆرە، ئەمانەی لای خۆمان کە لێرەن!.
وتم لەوانەیە بەڕێکەوت بووبێت، کۆمپێترێکی دیکە تاقی بکەرەوە، هەستایە سەرپێ و چوو هەر لەو کافەنێتەدا یەکی دیکەشی تاقی کردووە، وتی دەوەڵا لێرەش دەنگ دراوە، ئیتر بووە پرسیار بۆ من، منیش چووم یەک و دوو کۆمپێترم تاقی کردەوە، کەچی ڕاست دەرچوو و لە ڕێگای ئەو کۆمپێترانەوە دەنگ دراوە بە ڕاپرسییەکەی تۆڕی میدیایی ڕووداو کە تاییبەت بوو بەوە کە؛ کام لایەن نوێنەرایەتی راستەقینەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات!.
لەگەڵ ئەو هاوڕێیەمدا تێکڕای کۆمپێترەکانی ئەو کافەنێتەمان تاقی کردەوە، کەچی لە ڕێگای ئەو هەموو کۆمپێترانەوە دەنگ بە لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دراوە. کەمێک کاتمان لەبەر دەستدا مابوو، بۆیە سڵمان نەکردەوە و چووین و گەڕاین لە ئۆسلۆ لەو شارە ساردەی پێتەختی نۆروێژ، یەک و دوو کافەنێتی دیکەمان دۆزییەوە و ئەوانیشیمان تاقی کردەوە کەچی لە ڕێگای ئەو کۆمپێترانەشەوە دەنگ بە لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دراوە. دۆستان لە شارێک کە هەزاران کیلومێتر لە کوردستان دوورە، کۆمپێتری کافەنێتەکانی بەڤیرووسی ڕاپرسییەکەی ڕووداو کە تاییبەت بوو بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نوێنەری ڕاستەقینەی ئەو بەشەی کوردستان ئالوودە کراون!.
ئیتر لە پاش بینینی ئەو ڕووداوە کە من ناوی دەنێم کارەسات، ئەوە بە مێشکمدا هات کە باشە، ئەمە ئیستا لە ڕێگای ماڵپەڕ و تۆڕێکی کۆمەڵایەتییە کە ئەوەی لێدەکەوێتەوە، ئیتر وەرە سبەی لە کوردستان هەڵبژاردن بکرێت و دەنگ دان بەڕێوە بچێت، چی ڕوو دەدات و کێ براوەی ڕاستەقینە دەبێت، مەگەر هەر خوودا خۆی بزانێت و ئەو بەندانەی کە بەو کارە هەستابن. دیارە من ناڵێم کە ئەوە سیاسەتی ئەو دوو حیزبەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بوونەتە چەند پارچە و هەر لە ئیستاوە ئەندامەکانیان بەو کارانە ڕاهێناوە و ڕادەهێنن کە خۆیان فێری خەشکردن و فڕتوفێڵ کردن لە هەڵبژاردن و تەنانەت ڕاپرسییە بێ نێۆڕۆک و ناڕاستەکانیش بکەن، چونکوو لەوانەیە لە داهاتوودا پێویستیان بەو ئەزموونانە هەبێت!.
بەڵام من ئەوە بە هەڵەی ئەو حیزبانە دەزانم کە ئەندامەکانیان بەوە ڕاهێناوە کە بنەماکانی دیموکراتی لەبەرچاو نەگرن و دۆڕان بە پیلانی لایەنەکانی دیکە بزانن. ئەو کولتوورە لە داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان قەیرانی مەزن دەخوڵقێنێت و ڕۆژهەڵات تووشی کێشەی مەزن دەکات کە لەوانەیە ڕووداوی نەخوازراو و شەڕی براکوژیشی لێبکەوێتەوە. من پێم وایە دەبێت ئەو حیزبانە کە ساڵیانێکە لەژێر ناوی خەبات بۆ ئازادی و دیموکراسی کوردایەتی دەکەن و لەو ڕێگایەشەوە خوێنی زۆریان داوە، دەبێ لانیکەم ئەندامەکانیان بە کولتووری دیموکراتی ڕابێنن، هەرچەند ئەو ئەندامانە لە دیموکراتیکترین وڵاتی جیهانیشدا ژیان بەسەر بەرن، بەڵام پێویستە کە لە ئاست پرس و بابەتی گرینگ و هەستیاردا بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی لەسەروو هەموو بەرژەوەندییە حیزبیی و تاکە کەسییەکانیانەوە بێت، نەک فڕتووفێڵ و خەشکردن بەبەشێک لە شێوەی تێکۆشانی ڕێکخراوەی و حیزبایەتی پێناسە بکەن. پێویستە کە باس لەوەش بکەم کە ئەگەر “بەدەنەی” ئەو حیزبانە لەدەرەوەی سیاسەتی پارتەکەیان هەنگاو دەنێن، سنوورییان بۆ دابنرێت، چونکوو ئەگەر کێشە بکەوێتە نێوان “بەدەنەی” دوو ڕێکخراو بەئاسانی کونتڕۆڵ ناکرێت و ڕوودانی نەخوازراویشی لێدەکەوێتەوە، ئەزموونی باشووری کوردستان بەدرووستی ئەوەی سەلماندووە کە کێشەی نێوان بەندەی دوو ڕێکخراو گەییشتووەتە ئاستی سەرکردایەتی و قووڵتر بووەتەوە و بە ئاسانی چارەسەر نەکراوە.
 مەزنی مرۆڤەکان لەوە دایە کە دۆڕان هەزم بکەن و لە ئەستۆ بگرن و هۆکارەکەی بۆ خۆیان و کێشە و قەیرانەکانیان بگەڕێنەوە، پارت و لایەنە سیاسییەکانیش بەهەمان شێوە دەبێت کە ڕەچاوی بنەماکانی دیموکراتی و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بکەن و هاوکات بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد کە بندەستە و ڕۆڵەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دژوارترین چەشن دەچەوسێنەوە و کولتوور و ناسنامەمان ئاسیمیلە دەکرێت و ڕۆژانە دەیان کۆڵبەر و تاکی کۆمەڵگای کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان لەسەر سنوورەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەشیان بەگوللەدا دەدرێت و دەکوژرێن و بەند دەکرێن، یان خود چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد تەنیا لەبەر ئەوە کە یەک وشەیان درکاندووە و تۆزێ ڕەخنەیان لە ڕژیم گرتووە لەدار دەدرێن و دەیان ساڵ بەند دەکرێن، هەر بەو مەبەستەیە کە لەبەرچاو گرتنی بنەماکانی دیموکراتی و ئازادی بە پرسێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی پێناسە دەکرێت و تێپەڕاندن و تێکشکاندنی بناغەی کۆنەپەرەستیش بەهەمان چەشن لەو ڕێگایەوە بنبڕ دەکرێت و لەناو دەچێت، بۆیە ئەوەش درووست نییە کە دۆڕان بەپیلانی لایەنەکانی دیکە و ڕەخنەگرە سیاسییەکان پێناسە بکەن و تووڕەیی خۆیان بەسەر کەسانی بێتاوان و تێکۆشەر و ڕەخنەگرانی پێشکەوتووخواز بڕژێنن.
ئێمە دەبێ لە ئیستاوە بناغەی دەوڵەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی و دیموکراتی کورد بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابڕێژین و یەکێتی نەتەوەیی ساز بکەین و تین و گوڕی خەبات و تێکۆشان گەرمتر بکەین، چونکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پتر تووشی قەیرانە پلان داڕێژراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبن و لە گۆمی هەژاری و نەداری و دۆخی دژواری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووری نوقم دەبن، بۆیە نابێت کە خۆمان بەهندێک پرسی لاوەکی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتی و ماڵپەڕەکانەوە سەرقاڵ و خەریک بکەین و پلانی بردنەوە و سەرکەوتن و نەدۆڕان لەناو ئەو تۆڕانەدا دابڕێژین.
بۆ نموونە ئەگەر ئەنجامەکانی ئەو ڕاپرسییە کە ڕووداو دایناوە درووست بن، کەوا نییە، چونکوو لانیکەم بۆ من دەرکەوت کە بەو چەشنە کەخۆ دەنوێنێ نییە و لەوانەیە تەنیا یەک کەس لە ڕێگای دەیان کۆمپێترەوە دەنگی دابێت، هەروەها ئەو ڕێژەیە کە دەنگی داوە بە نائاسایی دەزانم، بەڵام ئەگەر درووستیش بێت، ناکرێ ئێمە دەنگی چەند هەزار نەفەر کە دەیان ساڵە لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابڕاون و دوورن و لەناو ناز و نیعمەت و خۆشیدا ژیان دەکەن وەک دەنگی زۆرینەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە بکەین.
ئیستا زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی ڕۆژهەڵات لە هەوڵی ئەوەدان کە چۆن نان بۆ ماڵ و منداڵیان دابین بکەن و داخ لەدڵن کە ئەوان لەژێر سێبەری کۆماری ئیسلامی ئێراندا چی دەکێش و دەچێشن و ئەمانەی ئێمە لێرە خەریکی چین و خۆیان بەچییەوە سەرقاڵ کردووە. ئەوە بۆ هەموو لایەکمان ڕوونە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی دەستی بە ئینترنێت ڕاناگات و لە ئینترنێتیش شارەزا نین و ئەو کەمینەش کە شارەزان لەڕێگای فیلترەوە کەندوکۆسپیان بۆ دێننە سەرڕێ و هەروەها گرینگی و باییخ بە ڕاپرسی لەو چەشنەش نادەن، چونکوو چارەنووسی نەتەوەی کورد لە ڕاپرسی لەو شێوەیە یەکلایی نابێتەوە و کێشەکانی کوردی پێ چارەسەر نابن. لە یەکی لە ماڵپەڕەکانی سەربە یەکێ لە دوو لاباڵی یەکێ لەو لایەنانە هەواڵی ئەوە بڵاو کراوەتەوە کە گوایە لەبەر ڕاپرسییەکەی تۆڕی میدیایی ڕووداو دوو باڵی ئەو حیزبە خەریکی تێکەڵ بوونەوەن!.
هەروەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد ئەگەر ئەو ڕاپرسییەش ڕاست بێت! کۆمەڵە و دیموکراتەکان لە پێشەوە بن، باشە ئەی پێم ناڵێن کە ئەو سەرکەوتنە دەرئەنجامی چییە؟ چیان کردووە کەوا ئیستا لە پێشەوە بن؟ ئێمە ئەوە دەزانین کە دەیان و سەدان کادر و پێشمەرگەی بەنرخی ئەو دوو لایەنە ڕیزەکانی ئەو حیزبە لەتەوپەت کراوەیان چۆڵ کردووە و بەجێهێشتووە، هۆکارەکەشی لەبەر بێبەرنامەیی و شەڕی دەسەڵات و کورسی و دۆڕانی سیاسیی و ناشارەزابوون لە ڕاپەڕاندنی کاروباری ئیداری، ئەوەش لە چەشنی حیزبایەتی بووە. ئیتر سەرکەوتن و پێشکەوتن لەناو ماڵپەر و تۆڕە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان بەدەردی چی دەخوات؟ سەرکەوتن دەبێ لەناو گەلی ڕۆژهەڵات بەدەستی بهێنین نەک لەناو تۆڕی میدیایی کە بۆ ڕاکێشانی سرنج و ڕای خەڵک دەست بۆ هەموو کارێک دەبات و هەر چەشنە هەوڵێک لەو پێناوەدا دەدات و بەدڵی خۆی دەستکاری ئەنجامەکان دەکات.
خاڵێکی دیکە کە لەو پێوەندییەدا بەپێویستی دەزانم ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە کە ئەو ڕاپرسییە، کراوەیە بۆ هەموو کوردەکانی جیهان و بەتاییبەت باشوور، چونکوو ئیستا کوردەکانی باشوور زۆر بەباشی و بەئاسانی دەستیان بە ئینترنێت ڕادەگات و ئاسانیشە کە بڕیار بدەن کە کام لایەن براوەی ئەو ڕاپرسییە بێت. لە ئەنجامدا بەو ئاکامە دەگەین کە کوردەکانی باشوور و ئەورووپا لە جێی ڕۆژهەڵاتییەکانی دانیشتووی ڕۆژهەڵات بڕیار لەسەر براوەی ئەو ڕاپرسییە بێبنەمایە دەدەن و پاڵەوانی گۆڕەپان هەڵدەبژێرن!.
ئەوەی کە ئیستا پێویستە قامکی لەسەر دابنێم ئەوەیە کە ڕابردووی سیاسیی ئەو حیزبانە جێگای ڕێزە و خەبات و تێکۆشانیان بۆ من پڕ باییخە، چونکوو لەیەکێ لە قۆناغەکانی مێژوودا لەپێناو مافی نەتەوەیی کوردا خوێنی زۆریان داوە و خەبات و تێکۆشانیان بەرەو پێش بردووە و تەنانەت بەشێک لە سەرکردەکانیشیان لەو پێناوەدا شەهید کراون، ئیتر ئیستراتیژی سیاسیی ئەو لایەنانە هەڵە بێت یان خود هەڵە نەبێت، پرس و باسێکی دیکەیە کە پێوەندی بە نێۆڕۆکی ئەم کورتە وتارەوە نییە، بەڵام بۆ هەمیشە نابێت کە خۆمان بەڕابردوو ببەستینەوە و هەمیشە داهاتوومان لە ڕابردوودا ببینین، چونکوو ڕابردوو و مێژوو تەنیا لەبەر ئەوە گرینگ و پڕ باییخن کە ڕێگەی داهاتووی لێ بدۆزینەوە و دۆست و دووژمنە مێژووییەکانمان باشتر بناسین و ئاگاداری دەورووبەری خۆمان بین کە چی تێدا ڕووی داوە و چ ڕوو دەدات، بۆیە ناکرێ داهاتوو بکرێ بە قوربانی ڕابردوو، سەیر کردنی ڕابردوو بۆ پێداچوونەوە بە هەڵەکانە و هاوکات بۆ نۆژەن کردنەوەی هەڵەکان و لەدەست نەدانی هەلە مێژوویی و گرینگەکانە کە لە داهاتوودا پێش دێن.
ئەم کورتە وتارە دوو پرس و باس لەخۆ دەگرێت؛
·         یەکێ پێوەندی بە کێشە و گرفتە لاوەکییەکانەوە هەیە کە ئەمڕۆ لە گۆڕێ دان.
·         ئەوی دیکەش پێوەندی بە پلان و ئیستراتیژی دواڕۆژی ئەو حیزبانە هەیە کە بناغە و بنەمای داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاری دەکەن.
تێبینی: ئامانج لە نووسینی ئەم کورتە وتارە بێڕێزی کردن بەهیچ کەس و کەسایەتی و لایەنێک نەبووە و نییە، تەنیا ڕووکردنی راستییەک بووە. 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر