Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۲ بهمن ۲۵, جمعه

کێشە و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن چارەسەر دەبێت!


کێشە و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن چارەسەر دەبێت!

لەنووسینی: ئاریتما موحەممەدی
'کێشە و قەیرانەکانی وڵاتی ئێمە پێویستی بەهەوڵ و تێکۆشانی دڵسۆزانە و لە خۆبردوویانە هەیە بۆ 



تێپەڕبوون و چارەسەر کردن' "ئاریتما موحەممەدی"
لەم کورتە وتارەدا هەوڵم داوە کە بەکورتی ئاماژە بەچەند کێشە و بەربەستی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەم و لەو پێوەندییەدا ئاماژەیەکی کورتیش بە یەکێ لە پڕۆژەکانی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەم، کە بە سەرچاوەی چارەسەری کێشە و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت کوردستانی گەورەش پێناسە دەکرێت. من پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نەوەی پێنجەم پێناسە دەکەم و هێزی چارەسەریی پێنجەمیشی پێیە!. نەوەی پێنجەم بەرهەمی خوێندنەوەی نوێی هزریی و نەتەوەیی بۆ مێژووی کورد، ئیستا و داهاتووی کوردە. لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەم کە بەزمانێکی سادە یەکێ لە پڕۆژە پێشنیارکراوەکانی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکورتی شرۆڤە بکەم  و هاوکات دۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەخەمەبەر باس و لێکۆڵینەوە.
قەیران و لەمپەرەکانی بەردەم پارتی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛
هزری ئێرانیی و شۆناسی ئێرانیی بوون و کاریگەری نەرێنی ئەو پرسە لەسەر کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەمێکە بۆ تێکەڕای لایەنەکان و تەنانەت چالاکوانان و خەباتکارانی سیاسیی و مەدەنی و سەربەخۆ ڕوون بووەتەوە، بەڵام بێ هەڵوێستی و هەست بەبەرپرسیارێتی نەکردنی ئەو لایەنانە لە ئاست لاواز بوونی هزروبیری نەتەوەیی و نەبوونی پڕۆژەیەکی سیاسیی و گرینگ و گوتارێکی هاوبەش لە نێوان هەموو لایەنەکان، ئاڵۆز بوونی کێشە و پرس و  بەدینەهاتنی مافی چارەنووسی کوردی لێکەوتووەتەوە. دەرئەنجامەکانی ئەو پرش و بڵاوییە ئەوە بووە کە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاست پارتە کوردییەکان بێ هیوا بێت و بەدوای ئەلترناتیڤێکی نوێ لە ناوخۆی وڵاتدا بگەڕێن بۆ دەرباز کردنی کۆمەڵگا لەو دۆخە دژوار و شێواوە کە تووشی بووە. یەکێ لەو هۆکارانەی کە تاکوو ئیستا ڕێگر و بەربەست بووە لەوە کە پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان لە نێوخۆی خەڵکدا نەبیننەوە، ئەوە بووە کە بەشێک لەوان بوونەتە پاشکۆی لایەنەکانی دیکە و ڕێباز و هێڵی سیاسیی و ڕوونی نەتەوەییان وەلا ناوە و پتر چاوەڕێی ئەوەن کە ڕەشە بایەک هەڵ بکات و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئازاد بکات، ئەوانیش خۆیان لە لووتکەی دەسەڵاتدا ببیننەوە. ئەوەش بەرهەمی بێ ئیستراتیژی و نەبوونی پلان و بەرنامەیەکی تووکمەیە کە هەنووکە بووەتە کێشەی سەرەکی بەردەم بەشێکی زۆر لەلایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کە دژواترین قۆناغ و دۆخی سیاسیی و پێگەی لاوازی خۆی لە ناوچەکە و هاوکات لە ئاستی جیهانیش تێپەڕ دەکات، هەلێکی زێڕین و دەرفەتێکی گوونجاو بۆ مانوڕدانی لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتووە پێش. بەڵام بەلە بەرچاو گرتنی ئەو دۆخە، هاوکات پرشی و بڵاوەیی هێزە کوردییەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران درێژە بە سیاسەتی سەرکووت و میلیتاریزە کردنی ڕۆژهەڵات دەدات، بەبێ هیچ ترس و گومانێک، پلانەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو پێش دەبات و جێبەجێ دەکات و دەیسەپێنێتە سەر خەڵک. ئەو دۆخە ئاڵۆزە کە هەنووکە لە ڕۆژهەڵات پێش هاتووە، ئاستی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی بەرز کردووەتەوە و دژواری ژیانی هاوڵاتییانیش قووڵتر بووە و گەشەی کولتووریش دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینییوە، کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیان و دەروونی خەڵک و کۆمەڵگا داناوە. چۆڵ بوونی گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کشانەوەی پارتە کوردییەکان لە ساحەکە، لاوازی حیزبی کوردی لەو بەشەی کوردستان پێشان دەدات، بەلە بەرچاو گرتنی دابەزینی ئاستی جەماوەرییان، دەکرێ بڵەیین کە ڕۆخاون و هیوایەک بەنۆژەن کردنەوە و خۆڕێکخستنەوەی ئەو پارتانە لەسەر بنەمای سیاسیی و نەتەوەیی نوێ لە ڕۆژهەڵات نەماوە. پلانە سیاسیی و ئیدۆلۆژییەکانیشیان سەردەمی خۆی تێپەڕاندووە، هەنووکە بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە فیدرالیزم و ئەتۆنۆمی یان خود هەوڵدان بۆ بەدەست هێنانی کۆمەڵە مافێکی کولتووری لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی ڕژیم فەشەلی هێناوە و کەس بە دوای ئەو چەشنە داخوازییانەدا ناکەوێت و گەل مافی بنەڕەتی و ڕزگاری یەکجاری و دانانی بەردی بناغەی کۆماری کوردستان و بەدەستەوە گرتنی مافی چارەنووس لە چوارچێوەی پێکهاتنی دەوڵەتی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەوێت، ڕەئالیسمی ئەو بیرۆکەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە نابێ خوێنی گەل لەپێناو تیئۆری فەشەلهێنراو و بێ بنەما بڕژێت و ئاکامی شکست و سەرنەکەوتنیشی بەدواوە بێت. بنەمای ئەو بیرۆکەیەش لە سەرنەکەوتنی ئەزموونی ٣٥ ساڵی ڕابردووی پارتەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرچاوەی گرتووە.
بەلە بەرچاو گرتنی ئەو خاڵانە کە لە سەرەوە بەکورتی ئاماژەم پێکرد، هاوکات پاشەکشێ کردنی هێزە کوردییەکان و لاواز بوونی بیروهزری نەتەوەیی و زاڵبوونی کولتوور و شۆناسی ئێرانی بەسەر بزووتنەوەی کورد و ڕەنگدانەوەی ئەو بیرە ئێرانییە لەناو ڕاگەیاندن و سیاسەت و ئیستراتیژی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوو و پرش و بڵاو بوون و لێک دابڕانەکان، بەهۆکاری سەرەکی  ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە دەکرێت کە بووەتە هۆی ئەوە کە پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک بێت و هەنگاو بنێتە ناو گۆڕەپانە ئاڵۆزە و شێواوەکەی ڕۆژهەڵات. پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆی بەنەوەی پێنجەم لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە دەکات، نەوەی پێنجەم بەواتای بازدان بەسەر تێکەڕای ئەو هەوڵ و پلان و ئیستراتیژییە سیاسییانە دێت کە لەلایەن هێزەکانی دیکەی کوردستانی ئەزموون کراون، بەڵام نەک هەر سەرکەوتوو نەبوونە، بگرە هۆکاری قووڵ بوونەوەی کێشەکان و ئاڵۆز بوونی پرسی کورد بووە و قەیرانی دیکەشی لێکەوتووتەوە کە بەرهەم و دەرئەنجامی دژکردنەوەی ئیستراتیژی هەڵە بووە.
چارەسەری کێشەکان لە خوێندنەوەی نوێی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایە؛
پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندانی ساڵی ٢٧٠٥ی کوردی دامەزراندنی خۆی بە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند. پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمەبەستی برەودان بە بیری نەتەوەیی و خۆڕێکخستنەوەی گەل لە پێناو دابین کردنی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە چەشنی هێنانە گۆڕێی کوردستانێکی ئازاد لە شێوەی جێگیرکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیی و نیشتیمانیی و جڤاکییەکاندا خەبات و تێکۆشانی خۆی دەست پێکرد. ئامانجی فەلسەفی و نەتەوەیی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگیرکردنی کۆمارێکی جڤاکییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە جیاوازییە چینایەتیی و کۆمەڵایەتییەکان بنبڕ بکات و  خۆشەویستی و بەختەوەری بۆ کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگەڕێنێتەوە و دەستی داگیرکەران و بیروهزری داگیرکەری و کولتووری دژە کورد و دژە ناسنامەی کورد لەناو خاکی کوردستان کورت و بنبڕ بکاتەوە.
هەنووکە و پاش هەشت ساڵ تێپەڕبوون بەسەر دامەزراندنی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم پارتە چەندین قۆناغی جیاواز و پڕ لە هەورازونشیوی تێپەڕ کردووە و بەسەر کۆمەڵێک کەندوکۆسپی سەرڕێی زاڵ بووە و توانیوێتی کە لە دۆخێکی تاییبەت کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێپەڕی کردووە گەشە بەبیر و ئامانج و ئیستراتیژییەکانی خۆی بدات و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە لە شەڕی دووبەرەکیی نێوان لایەنە کوردییەکان بێزار و ماندوو بوونە بگەشێنێتەوە و هیوای دەسپێکی قۆناغێکی نوێ لە دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بچێنێت و ڕووناکایی و ترووسکایی بە هێز و وزەی نەتەوەیی کورد لەو بەشەی کوردستان ببەخشێت.
پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو کاتەوە کە دامەزراوە خۆی لەگەڵ بارودۆخە تاییبەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکنەخستووە، بەڵکوو لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە بۆ ڕزگاربوون لە ژێردەستی و بندەستی ڕێگایەکی درووست و ڕەئالیستی و نوێ پێشنیار بکات و پلان و پڕۆژە و بەرنامەکانی لەو پێناوەدا بەرەو پێش ببات و ئەو ڕێگایە کە چرای بندەستی و ژێردەستی کورت دەکاتەوە، دابگیرسێنێت.
پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاکە پارتێکی سیاسیی کوردستانییە کە خوێندنەوەیەکی قووڵ و مێژوویی و سیاسیی و دیرۆکی بۆ پرسی کورد و مێژووی نەتەوەی کورد هەیە. پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەلە بەرچاو گرتنی ڕۆڵی مێژوویی کورد لە زاگرۆس و خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و ئەو ئەزموونە سەرکەوتووانە کە بە قۆناغی بەرەوپێشەوەچوون و گەشەی سیاسیی و کولتووری و حوکوومەتداری لە ناوچەکە پێناسە دەکرێت و یارمەتیدەری بنەماکانی سەرکەوتنی شارستانییەتی میزووپۆتامیا بووە لە توێی پلانێکی سیاسیی قووڵ و ئیستراتیژییەکی نوێ بۆ کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێشنیار بکات. پلان و ئیستراتییژییەکە بەرهەمی خەبات و هەوڵی کورد لە مێژووی ئەو نەتەوەیەدا بووە. پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بەشێکی زۆر لەو ئەزموونە سەرکەوتووانەی کورد کە لە مێژووی نەتەوەکەمان هەڵێنجاوە، بە تێکەڵکردنی تێکنۆلۆژی ڕۆژ و سەردەم، کێشەی سیاسیی کورد بەرەو چارەسەرێکی بنەڕەتی و یەکجاری دەخاتە ڕێ، ئەو هەوڵەش پێویستی بە هاوکاریی و تەبایی نێوان تێکڕای لایەنەکان هەیە و پێویستە کە بیروهزری نەتەوەیی و قازانج و بەرژەوەندی نیشتیمانی لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییە حیزبیی و تاکە کەسییەکانەوە بیت بۆ دەستبەر کردنی ئامانجی مەزن و گەڕاندنەوەی شکۆی کورد لە ناوچەکە و بەدەستەوە گرتنی دووبارەی دەسەڵاتدارێتی زاگرۆس و میزووپۆتامیا و نوواندنی ڕۆڵی مێژووی خۆی لە پێناو چارەسەر کردنی کێشەکانی کۆمەڵگا.
یەکێ لە پڕۆژەکانی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر ناوی 'جڤاکی گەل' هاتووەتە ئاراوە و فەلسەفەی بنەڕەتی و بنەماییی جڤاکی گەل لە ژیانی هەرەوەزی و گێڕانی ڕۆڵی هاوبەش بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان سەرچاوە دەگرێت و هاوکات لەپێناو هێنانە گۆڕێی دەستکەوتی مەزن و دۆخی لەبار بۆ گەل و کۆمەڵگا بووە، کە ئەوەش لە مێژووی قووڵ و پڕ دەستکەوتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر چاوێکی خێرا بە ژیانی گوندنشینەکانی کوردستان لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوو بخشێنین، دەبینین کە تاکوو ئیستاش ئەو چەشنە ژیان و گیانی هاوکاریی کردن و بەشێوەی هەرەوەزی و جڤاکی ژیانە لە نێوان دانیشتووانی گوندەکانی کوردستان هەر ماوە. گرینگترین خاڵ لە پڕۆژەی جڤاکی گەل ئەوەیە کە باییخ بە ڕۆڵ و پێگە و هەوڵ و تێکۆشانی هەموو لایەک دەدرێت، ئەمەش یەکێ لە ڕێگاکانی چارەسەری کێشە و گرفتەکانی خەڵکە و هەمووان بە هاوکاری یەک کێشەکان چارەسەر دەکەن و بەسەر هەورازونشیوەکاندا سەر دەکەون. هزروبیری هەرەوەزی یان خود جڤاکیی، هزرێکی زاگرۆسی و کوردییە کە لە مێژووی کورددا گەلێک سەرکەوتن و دەستکەوتی گرینگ و پڕ باییخی بۆ نەتەوەکەمان بەدیهێناوە. بەڵام ئەگەر هەنووکە لە باری سیاسییەوە چاو لە هزروبیری هەرەوەزی لە کوردستان بکەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە زاڵبوونی داگیرکەرانی کوردستان بەسەر بەشێک لە کولتووری نەتەوەکەمان تا ئاستێک سیستمی هەرەوەزی و جڤاکیی لاواز و کەم ڕەنگ کردووەتەوە، بەڵام پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک پرسێکی گرینگ و پڕ باییخ چاوی لێدەکات و هەوڵی زیندوو کردنەوەی ئەو هزرە دەدات، هاوکات تێکەڵ بە زانست و تێکنۆلۆژی ڕۆژ و سەردەم دەکات بۆ ئەوەکە ئاستی خێرایی و دەوڵەمەندی لەسەر بێت و بە سەرچاوەی چارەسەری کێشەکان پێناسە بکرێت.
ئیمپراتووری ماد و دەسەڵاتدارێتی مەزنی کورد لە سەردەمی دەوڵەتی ماد دا، لەسەر پێوەر و بنەمای کار و خەبات و چالاکیی هاوبەش و جڤاکیی و هەرەوەزی دامەزراوە و ڕێکخراوە، هەموو لایەنەکان و تێکڕای تاک و هۆزەکانی ناو کۆمەڵگا لە ئاست ڕوودانی هەڵە و کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگا خۆیان بە بەرپرسیار زانییوە، ئەوەش هۆکاری سەرەکی سەرکەوتن و تێپەڕاندنی تەنگوچەڵەمەکان بووە. دەسەڵاتدارێتی پاشاکانی ماد، تەنانەت پێش ماد و دوای مادەکانیش لەسەر هەمان بنەمای هەرەوەزی ژیان و خەباتی جڤاکیی تێکۆشانیان کردووە و حوکوومەتیان بەڕێوە بردووە. هەروەک ئاماژەی پێکرا پاشاکانی ماد بەشێوەی جڤاکی و هەرەوەزی دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە و خزمەتیان بەگەل کردووە. دیاکۆ یان خود دیالاکو یەکەمین پاشای ماد بووە کە ئیمپراتووی مادی ڕێکخستووە و یەکێ لەو پاشانە بووە کە بەبێ ئەوە کە خوازیار و خولیای بوون بە پاشای لە مێشکدا هەبووبێت لەلایەن گەلەوە ڕاسپێردراوە کە هێز کۆ بکاتەوە و خۆی ئامادە بکات بۆ ئەوە کە ببێتە پاشای وڵات و دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت. زۆر کەس و لایەن پێیان وایە کە ئیستاش بە شێوەی هەڵبژاردن لە چوارچێوەی سیستمی دیموکراسی ئەمڕۆیی بەرپرسانی گرینگ و بەڕێوەبەرانی وڵات دیاری دەکرێن، بەڵام لە ڕاستیدا پڕۆژە و پلان و بیروهزری جڤاکیی پرس و باسێکی دیکەیە کە لە ڕوانگەیەکی بەتەواو جیاوازەوە سەرچاوە دەگرێت.
لە دیموکراسی نوێ لیبڕاڵی ئەمڕۆدا ئەو کەسانەی کە بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات خۆیان بەربژێر دەکەن، بەمەبەستی دەسەڵاتی سیاسیی و خۆدەوڵەمەند کردن هەوڵی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات و پلەوپایە دەدەن و هەوڵ بۆ دەسەڵاتخوازی زیاتریش دەخەنە گەڕ، بەڵام لە 'جڤاکی گەل' و هزروبیری هەرەوەزیدا پێچەوانەیە، واتا ئەو کەسەی کە دەبێتە بەرپرس، دەسەڵاتی هەموو ئاڵووگۆڕێکی نییە، تێکڕای پرس و باس و خوازەکان بەتێبینی و دەنگ و بیروڕای گشتییدا تێپەڕ دەبێت و بەرپرسیش وەک یەکێ لە ئەندامانی جڤاک و لیژنەی هەرەوەزی و وەک ئەوانی دیکە تەنیا یەک بۆچوونی هەیە و بڕوا و دەنگەکانی تاییبەت نییە. پرسێک کە لە سیستمی جڤاکیدا گرینگ و پڕ باییخە ئەوەیە کە ئەو کەسەی کە لە سیستمی هەرەوەزی و جڤاکیدا دەپاڵێورێت خوازیاری دەسەڵات و بەرپرسیارێتی نییە، بۆ نموونە لە زۆربەی کاتەکاندا ئەو کەسە لەلایەن ژوور و لیژنەکانی جڤاکییەوە پێشنیار دەکرێت، بەبێ ئەوە کە خۆی ئاگاداری ئەو هەوڵەی ئەندامانی جڤاک بێت. ئەوەش ئەرکی هەموو چالاکان و ئەندامانی ژوورەکانی جڤاک و ڕێکخستنەکانە نەک ویست و داخوازی تاکەکەسی.
سیستمی 'جڤاکی گەل' تاکە سیستمێکی سیاسیی و ئیداریی و کۆمەڵایەتییە کە ڕێ لە گەندەڵی دەگرێت و پلان و پڕۆژەکان لە قازانج و بەرژەوەندی کۆمەڵگا کۆتایی پێ دێنێت، پاش ئەوەش لە ڕابردووی کەسانی خاوەن پڕۆژە دەکۆڵێتەوە بەمەبەستی دڵنیابوون لە ئامانجی تاکەکەسیی پشتی پڕۆژەی پێشنیارکراو، بەو چەشنەش ڕێ لە کەسانی دەسەڵاتخواز دەگرێت و ناتوانن لە ناو ئەو سیستمەدا جێی خۆیان بکەنەوە، یان خود خۆحەشار بدەن. پێم خۆشە کە لەم بەشەدا نموونەیەک بهێنمەوە؛ لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو لە باشووری کوردستان کێشەی نشتەجێبوون هاتووەتە ئاراوە و لەو پێوەندییەدا دەیان ڕەخنەی درووست و گرینگ ئارەستەی سیاسەتی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، لە پێناو ڕەواندنەوەی ئەو کێشەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کە سەدان پڕۆژەی نشتەجێبوون بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای پێنج ساڵ تێپەڕبوون بەسەر جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەدا، سەرۆکی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە کرانەوەی ئەو پڕۆژانە لە هەرێمی کوردستاندا کێشەی نشتەجێبوونی چارەسەر نەکردووە، چونکوو کۆمپانی و خاوەن پڕۆژەکان بیریان لە قازانجی خۆیان کردووەتەوە نەک چارەسەر کردنی کێشەی نشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان، بۆیە تێکڕای کۆمپانییەکان پڕۆژەی ڤێلا و کۆشکسازییان جێبەجێکردووە کە ئەوەش لە توانای هەموو کەسێکدا نییە کە بیکڕێت و بیسێنێت. لە سیستمی 'جڤاکی گەل'دا ئەو کێشەیە ڕوو نادات، چونکوو لێپرسینەوەی قووڵ هەیە و شێوازی پڕۆژەکانیش دیاری کراوە و هاوکات پەرە و برەو بە کولتوورسازیش دەدرێت کە پڕۆژەکان لەسەر پێوەری ویست و داخوازی کۆمەڵگا بنچینەی بۆ دابڕێژرێت.
ئەوەمان لەبیر نەچێت کە هەڵبژاردنی کەسانی پێویست لەناو سیستمی 'جڤاکی گەل'دا بۆ ناوەندە حوکوومی و ئیداریی و سیاسییەکان لەسەر بنەمای دەنگدان نییە، بەڵکوو لەسەر پێوەری گرینگی و بەباییخ بوونی پڕۆژە و پلانی ئەو کەسانەدا دەبێت کە پلانەکانیان لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت و قازانج بە کۆمەڵگا بگەیەنێت، بەڵام لە هندێک بواری گرینگدا کەڵک لە هەڵبژاردن لەسەر شێوازی PLA وەر دەگیرێت. دیارە نێۆڕۆکی سیستمی جڤاکی گەل گەلێک قووڵە و پێویستی بە وردبینی زیاتر و کاتی زیاتر هەیە کە بپرژێینە سەری، بەڵام ئەوەش جێگەی گومان نییە کە قسە لەسەر نیۆڕۆکی ئەو سیستمە و ڕێکخستنی جمگەکانی جڤاکی گەل پێویستی بە هاوئاهنگی زیاتر و بەشداربوونی هەمەلایەنەی بیروڕا جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردستان دەکات کە بڕیار لەسەر چۆنێتی داڕشتنی چوارچێوەی 'جڤاکی گەل' بدەن. چونکوو ئەو سیستمە جێی سیستمی دەسەڵاتدارێتی سیاسیی و ئیداریی داهاتووی کوردستان دەگرێتەوە و پێویستە کە ڕوانگەکانی گەل و تێکۆشەرانی سیاسیی و پسپۆڕ و شارەزا لە بوارە جیاوازەکان لەخۆ بگرێت. پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو پڕۆژەیە پێشنیار دەکات کە بکەوێتە ناو مشتوومڕی نێوان لایەنەکان و گفتووگۆی لەبارەوە بکرێت و داڕشتنی سیاسیی و ئیداریی بۆ بەئەنجام بگات، بێگومان جێکەوتنی سیستمێکی لەو چەشنە کە کۆمەڵگای کوردستان ئەزموونێکی قووڵی لەو پێوەندییەدا هەیە کارێکی دژوار نییە و قۆناغە سەرەتاییەکانی زوو تێپەڕ دەبێت.
PLA'' Participatory Learning and Action؛
 
PLA سیستمێکی گرینگ و پڕ باییخە کە هەنووکە لە زۆربەی زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیهان کاری پێدەکرێت و ئەزموونە سەرکەوتووەکان لە نێوان کەسانی شارەزا و ناشارەزادا شرۆڤە دەکات و هەمووان وەک یەک کەڵکی لێوەر دەگرن و هاوکات وەک بنەمای کاری ڕێکخەری و تووێژینەوە کاری پێدەکرێت و بە شێوەی هەرەوەزی و جڤاکی بەڕێوە دەچێت. لە سیستمیPLA  دا تاکڕەوی و خۆسەپاندن جێی نابێتەوە، بەڵکوو ڕاگۆڕینەوە و پێکەوە بیر کردنەوە سەرچاوە و بنەمای ئەو سیستمە پێک دەهێنێت، سیستمی PLA تاکە سیستمێکی سیاسیی و ئیداریی و زانستییە کە کەمترین هەڵەی تێدا ڕوو دەدات. 'PLA' Participatory Learning and Action بەکورتی بەواتای فێربوون بەشێوازی هەرەوەزی و جڤاکیی و تێپەڕاندنی کۆسپەکان لەڕێی گفتووگۆی کراوە لە نێوان تێکڕای ئەندامانی جڤاک دەگەیەنێت. هەروەها بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان کۆمەڵگا و ڕاگرتنی بارسەنیی هێز لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵدا ڕۆڵێکی گرینگ و مەزن دەگێڕێت. هەروەک لەناو وتارەکەدا باسم کردووە کە ڕەگ و ڕیشەی ئەو سیستمە لە زاگرۆس و میزووپۆتامیا سەرچاوە دەگرێت و پێشکەوتنە مێژووییەکانی ناوچەکەمان و کێشەکانی کۆمەڵگا لەڕێی ئەو سیستمەوە هاتوونەتە کایەوە و چارەسەر کراون. لە زۆر بواری جیاوازیشدا بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئاستی خوێندەواری و زانستی و شارەزابوونی تاک، لە کار و پڕۆژەی جیاواز کەڵکیان لێوەر دەگرێت. بەواتایەکی دیکە تێکڕای تاکەکانی ناو کۆمەڵگا لە سیستمی PLA جێیان دەبێتەوە و چارەسەرێکی گونجاو و باشە بۆ بنبڕ کردنی بێکاری، هەروەک ئاگادارن کە یەکێ لە کێشە هەرە مەزنەکانی کۆمەڵگای ئەمڕۆیی بێکارییە.
لە سیستمی جڤاکیی و PLAدا پتر خەڵکی خۆجێیی دەسەڵاتی بەدەستەوە دەبێت و پڕۆژەکان و ئیدارەکان لەلایەن خەڵکی خۆجێیەوە بەڕێوە دەچن، چونکوو ڕوانینی کەسێکی هاوردە جیاوازە لەگەڵ ڕوانینی کەسێکی خۆجێیی و لە دوو دەلاقە و ڕوانگەی جیاوازەوە کێشەکان دەبینن و شرۆڤەی دەکەن، بۆ نموونە کەسێکی هاوردە ئاگاداری کێشە و گرفت و داخوازیی و پێداویستییەکانی خەڵک نییە. لە پێناو ئەوە دایە کە ئەمە بەیەکێ لە ڕێگە چارەسەرییەکانی کێشەکانی کۆمەڵگای ئەمڕۆیی پێناسە دەکرێت. هەنووکە لە بەشێک لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی جیهان لە زۆر بواری کۆمەڵایەتیی و ئیداریی و پڕۆژەسازیدا کەڵک لەو سیستمە وەر دەگیرێت. بۆ نموونە لە نەخۆشخانەکانی ئەورووپا کەڵک لە سیستمی PLA وەر دەگیرێت و لەو ڕێگایەوە تێکڕای کێشەکان چارەسەر دەکرێن، پێم خۆشە ئاماژە بەوەش بکەم کە سیستمی PLA تاکە ڕێگەی گەشەدان بە هزر و بیرکردنەوەیە. چونکوو پێش ئەوەکە شێوەیەک لە هەڵبژاردن بێت، بەدەلاقەیەکی کراوە بۆ تێگەیاندنی مرۆڤەکان لە بیر و هزر و پلان و پڕۆژری یەکتر پێناسە دەکرێت. ڕازی سەرکەوتنی کۆمەڵگایەکی سەرکەوتوو و بەختەوەر لەوە دایە کە کێشەکانی کۆمەڵگا بناسن و پێکەوە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان بدەن و پلان و پڕۆژە و بەرنامەکانیان لە ئاکامی هاوبیری و تێگەییشتنی تەواو لە پێناو خزمەت بەکۆمەڵگا و بۆ چارەسەر کردنی کێشە و قەیرانەکان سەرچاوە بگرێت.
کۆی وتار؛
لە کۆتایی ئەم وتارەدا بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم کە سیستمی
PLA و بنەمای کاری هاوبەش و هەرەوەزی و جڤاکیی، تێگەییشتن لەیەک و تێگەییشتن لە پڕۆژەکانی یەکترە، تێکڕای ئەندامانی جڤاک و لیژنە هەرەوەزییەکان بڕیاردەر دەبن و هەوڵ دەدەن کە هیچ ناتێگەییشتنێک لە نێوانیاندا نێیەتە کایەوە، چونکوو سەرچاوەی کێشە و ئاڵۆزییەکان لە ناتێگەییشتنییەوە دێتە ئاراوە، تەنیا بەئامانجی چارەسەر کردنی کێشەکە و بەڕێوەبردنی ئەرکەکان پێکەوە لەناو ژوورەکان جڤاکیی کۆ دەبنەوە، نەک بەمەبەستی خۆسەپاندن بەسەر گەل و کۆمەڵگا دا. لە سیستمی جڤاکی گەلدا لە بەڕێوەبەرایەتی ئیداریی و سیاسییدا توانای کەسەکان و پڕۆژەکانیان بڕیاردەر دەبێت کە کێ  و چ کەسێک لە کام پۆستدا دەست بەکار بێت. لە ڕاستیدا کولتووری جڤاکیی خۆسەپاندن و گرینگی و باییخ نەدان بە دەورووبەر بنبڕ دەکات و کاری هاوبەش و پڕۆژەی هاوبەش و بنچینە و بنەمای پڕۆژەی هاوبەش بە ڕازی سەرکەوتنی کۆمەڵگا و بەختەوەری گەل پێناسە دەکات، هەر بۆیە لە ناو سیستمی جڤاکی گەلدا بۆ هەموو پرس و باسەکان و چارەسەری کێشەکان کولتوورسازی دەکرێت.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر