نەسرین ستوودە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا
NNSROJ: نەسرین ستوودە، پارێزەری بەندکراوی ئێرانی، دوای ٤٩ رۆژ و پاش هەڵگیرانی قەدەغە لە سەر هاتنە دەرەوەی کچەکەی، ئەمڕۆ سێ شەممە (٤ی دێسامبر) کۆتایی
بە مانگرتنەکەی هێنا.
نەسرین ستوودە رایگەیاندبوو تەنیا لە حاڵەتێک دا واز لە مانگرتن دێنێ کە قەدەغەی چوونە دەرەوەی کچە تەمەن دوانزە ساڵەکەی هەڵبگیرێ.
ئاژانسەکانی
هەواڵی ئێران بڵاویان کردەوە، دوای چاوپێکەوتنی رەزا خەندان، هاوسەری ئەو
گیراوە سیاسیە و گرووپێکی تر لە چالاکانی ژنان لە گەڵ هەندێک لە نوێنەرانی
مەجلیس و بەرپرسانی دەزگای داد، بەربەست لە بەردەم سەفەری کچەکەی ستوودە
هەڵگیراوە و ئەویش کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە.
چەند
رۆژ لەمەوپێش، رەزا خەندان، هاوسەری ئەم پارێزەرە مانگرتووە، بە کەمپەینی
نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی ئێرانی راگەیاندبوو کە گیانی هاوسەرەکەی لە مەترسی
دایە.
ناوبراو
گوتبووی کە «نەسرین ستوودە، بەر لە دەسپێکی مانگرتن لە خواردنەکەشی، لە
رەوشێکی تەندروستی نالەبار دابووە و ئێستاکە، کێش و زەختی خوێنی دابەزیوە و
مەترسی جیددی لە سەر گیانی ناوبراو هەیە».
ستوودە لە ٢٦ی رەزبەری ١٣٩١ی هەتاوییەوە مانی لە خواردن گرتووە و ئەمڕۆ سێشەممە، دوای چل و نۆ رۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.
لەو
ماوەیەدا، چەندین رێکخراوی داکۆکیکاری مافی مرۆڤی جیهانی، وێڕای
شەرمەزارکردنی کۆماری ئیسلامی به هۆی گووشاری بۆ سەر گیراوانی سیاسی،
پشتیوانییان لە نەسرین ستوودە کرد و داوای ئازادکردنی بێ شەرت و مەرجی
ناوبراویان لە ئێران کردووە.
نەسرین
ستوودە، پارێزەر و چالاکی مافی مرۆڤی ئێرانی، لەم ساڵانەی دواییدا، داکۆکی
لە دەیان گیراوی سیاسی و مەدەنی و لەوانە «محەممەد سدیق کەبوودوەند»،
سەرۆکی بەندکراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی کردووە.
ناوبراو
بە هۆی چالاکییەکانی، لە رۆژی ١٣ی خەرمانانی ١٣٨٩ی هەتاوی قۆڵبەست کرا و
دواتر بە تۆمەتگەلێک وەک «هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نیشتمانی و پڕۆپاگەندە دژ
بە کۆماری ئیسلامی ئێران» سزای شەش ساڵ زیندان و ١٠ ساڵ قەدەغەی پیشەکەی
بەسەردا سەپا.
ئەو
خاتوونە ئێرانیە، رۆژی ٥ی خەزەڵوەر، لە گەڵ جەعفەر پەناهی فیلمسازی
ئێرانی، خەڵاتی مافەکانی مرۆڤی ساخارۆفیان پێ بەخشرا. ئەمە یەکەمجار بوو
ئەم خەڵاتە دەدرا بە دوو چالاکی ئێرانی.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر