پیاوێك هاوسەرەكەی ناچار بە خۆسووتاندن دەكات
وارڤین – هەریر: پیاوێك دایكی شەش منداڵەكەی ناچار بە خۆسووتاندن دەكات و پێشخۆسووتاندنی هاوسەرەكەشی داوای پارەی نەوتەكەی لێدەكات و دوای پێنج رۆژ لە خۆسووتاندنی، ئەو ژنە لە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ژیان لەدەستدەدات و هاوسەرەكەشی بە كەفالەت لەلایەن پۆلیسەوە بەردەدرێت.
لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، سەرچاوەیەكی نزیك لە رووداوەكە، رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە (21 / تشرینی دووەم – نۆڤەمبەر / 2012) لە شارۆچكەی (هەریر)ی سەر بە پارێزگای هەولێر، ژنێك بەناوی (قانیعە كەریم) لەلایەن هاوسەرەكەیەوە ناچار بە خۆسووتاندن كراوە.
ئەو سەرچاوەیە گوتی: "كێشەی نێوان ئەو ژن و پیاوە لەسەر بڕی (60.000) شەست هەزار دینار بووە، كە پیاوەكە داویەتییە هاوسەرەكەی و ئەویش بەو پارەیە چاكەتێكی زستانەی بۆ كچە دوانزە ساڵانەكەی پێ كڕیوە و ئێوارە پیاوەكە گەڕاوەتەوە ماڵ و حوكمی كردووە كە هەر ئێستا ئەو پارەیەم دەوێتەوە".
هەروەها گوتی: "قانیعە زۆر لەبەری پاڕاوەتەوە و سوێندی بۆ خواردووە كە داویەتی بە چاكەت و لەكوێ ئەو پارەیەی پێ بداتەوە، بەڵام ئەو زۆر بە سەختی ئەشكەنجە و ئازاری داوە و قانیعەش وتوویەتی خۆم دەسووتێنم".
روونیشیكردەوە، "مێردەكەی داوای پارەی نەوتەكەی لێكردووە و وتوویەتی خۆت بسوتێنە، ئەویش خۆی سووتاندووە و بە گوێرەی راپۆرتی پزیشكی لەسەدا هەشتاو پێنجی جەستەی سووتاوە".
دوای خۆسووتاندنی، (قانیعە) دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە و لە شەوی یەكەمی رووداوەكە، بەهۆی خراپی رەوشی تەندروستییەوە، ناتوانرێت، وتەی لێوەربگیرێت و بۆ رۆژی دووەم، پۆلیس وتەی لێوەرگرتووە و ئەویش لە ژێر فشاری ئازار و ناسۆرەكانی سووتاوی جەستەیەوە وتویەتی بە سۆپا سووتاوم".
لەو بارەیەوە بەرپرسی نووسینگەی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بە ژنان لە شارۆچكەی شەقڵاوە ملازمی یەكەمی پۆلیس (ڤالامینا وەحید فەخری) بە (وارڤین)ی راگەیاند، پۆلیس چووەتە شوێنی رووداوەكە و بەگوێرەی لێكۆڵینەوەی پۆلیس دەركەوتووە، حاڵەتەكە خۆ سووتاندن بووە، نەك ئاگرگرتنی سۆپا.
دوای پێنج رۆژ لە چەشتنی ئازاری سووتانی سەدا هەشتاوپێنجی جەستەیەوە، رۆژی (25 / تشرینی دووەم – نۆڤەمبەر / 2012) لە كاتێكدا لە هەولێر كۆنفرانسی وتارخوێندنەوە بۆ راگەیاندنی هەڵمەتی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بەڕێوەدەچوو، لە نەخۆشخانە (قانیعە كەریم) تەمەن (33 ساڵ) و دایكی شەش منداڵ كە كچە گەورەكەی تەمەنی (12 ساڵ)ە، ژیانی لەدەستدا.
دوای رووداوی خۆسووتاندنەكە، هاوسەری ئەو ژنە بەناوی (س.ش.ع) لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر كراوە و دوای سێ رۆژ لە گرتنی بە بڕیاری دادوەر ئازاد كراوە.
سەبارەت بە ئازادكردنی (س.ش.ع)، بەرپرسی نووسینگەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە شەقڵاوە، گوتی: "هاوسەری ئەو ژنە بە گوێرەی ماددەی تایبەت بە هاندان بۆ كوشتن دەستبەسەر كرابوو، ئەو مادەیەش بەردان بە كەفالەت دەیگرێتەوە و بە كەفالەت بەردراوە تا رۆژی دادگاییكردنی و بەربوونەكەی واتە بێبەری بوونی نییە لە تاوان".
بڕیارە سبەی یەكشەممە (2 / كانوونی یەكەم – دیسەمبەر / 2012) كەسوكاری قانیعە بانگ بكرێن بۆ پۆلیس و گوتەیان لێوەربگرێت و ئەگەر پێویستیش بكات، دادوەر داوای وتەی منداڵەكان دەكات وەك گەواهیدەر، بەڵام سوێندیان نادرێت".
ئا: ئهرسهلان رهحمان
http://warvin.org
-----------------------
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر