Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ آذر ۱۷, جمعه

هەوڵی ژنان و ئاستەنگی بەردەمیان لەكۆمەڵگەی ئێراندا

هەوڵی ژنان و ئاستەنگی بەردەمیان لەكۆمەڵگەی ئێراندا  
شه‌ونم هه‌مزه‌یی
دەسەڵات بەهەموو شێوەیەك لەگەڵ فەرهەنگە باشەكانی خەڵك بەربەرەكانێی كردووە و ویستوویەتی گۆڕان بەسەر فەرهەنگ و بیركردنەوەی خەڵكدا بێنێ، ئەمانەش هەمووی ڕێگرن لەبەردەم پێشكەوتنی ژنان و سەركەوتنیان لەبوارەجیا جیاكاندا.


بە سەرنجدان بەڕابردوو و بەراوردكردنی لەگەڵ سەردەمی ئێستادا دەبینین گۆڕانكارییەكی بەرچاو لەپێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و هەموو بوارەكانی خوێندن و چالاكیدا درووستبووە و تاكەكان لەزۆر بواری جیادا خۆیان بینیوەتەوه، هەوڵدانیش بۆ پێشكەوتن بەشێوەیەكی بەرچاو دەبینرێت و پەرەی سەندووە.

كۆمەڵگەی ئێرانیش وەك هەر كۆمەڵگەیەكی دیكە بەدوور نیە لەم چەشنە گۆڕانكاریانه، ژنانیش وەكو هەر تاكێك لەكۆمەڵگە بەردەوام بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خۆیان هەوڵیانداوە و ڕوبەڕووی ئاستەنگەكانی بەردەمیان بوونەتەوە و پێشكەوتنی بەرچاویان لەبواره ‌جیا جیاكاندا بەدەستهێناوە.

هەروەك بۆ هەموومان ئاشكرایە، كە ژنان لەڕابردوودا وەك چەكێكی دەستی پیاوان بەكارهێنراون و لەهەر چەشنە پێشكەوتنێك رێگرییان لێكراوە، كارو پیشەیان لەچوارچێوەی ماڵدا بۆ خزمەتكردنی پیاو و وەچە خستنەوە و كاروباری ناو ماڵ و هەندێ كاری دیكەی وەك كشتوكاڵ و مەڕ و ماڵات بەخێو كردن بووە، دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئامانجەكانی خۆی كەیەك لەوان كۆمەڵگەیەكی نەخۆش و بێ جووڵە و بزاوتە و‌ هەموو شتەكان بەپێی ئایینی ئیسلامیی شیعەی ویلایەتی فەقیه ‌لێكدەدرێنەوە.

یەكێك لەو شتانەی لەیەكەمین رۆژەكانی بەدەسەڵات گەیشتنیانەوە پەرەیانپێدا روانینی پڕ لەسووكایەتییان بوو بۆ ئافرەت و مافەكانی ژنان.

ئەوان، كەهیچ باوەڕێكیان بەئازادی نییە و بەڵكو دوژمنی ئازادیشن بەهەموو شێوەیەك بەرەنگاری ئازادی و ئازادیخوازان بوونەوەو لەو نێوەدا ژنان بەدوو لایەنەوە ناهەقییان لێكرا:

یەكەم: وەك مرۆڤ، چونكە لەئێرانی بندەستی كۆماری ئیسلامیدا ئینسان نرخ و رێزی نەما.
دووەم: وەك ژن كەئیدی ژنیش لەو سیستەمەدا بەو پەڕی بێڕێزییەوە سەیری كرا.

بێنرخكردن و بێڕێزكردنی ئینسان لەسیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامیدا هەموو بوارەكانی ژیانی خەڵكی تەنیوە و پەلی كێشایە نێو ژیانی شەخسیی تاكەكانیشەوه.

لێكدانەوەی بارودۆخی ژنان و كچان لە ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو لە هێندێك بوار دڵخۆشكەرە و جێی سەرنج و تێڕامانە و لەهێندێك بواریش دڵتەزێنە، بەخۆشیەوە ژنان و كچانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بەو قەناعەتە گەیشتوون كە تەنیا بەچەكی زانست دەتوانن خۆیان لەداوی كو‌لتووری پیاو سالاری كوردستان رزگار بكەن، هەروەك ئەو گۆڕانكاری و پێشكەوتنە بەرچاوەی رادەی قبووڵی كچان لەزانستگاكانی ئێران (70) لەسەد زیادیكردووە و بەخۆشیەوە ئێستا دەبینین كچان جگە لەباری چەندایەتی (كمی) و لەباری چۆنییەتی (كیفیت)یش توانیویانە هەنگاوێكی باش هەڵبگرن.

بۆ وێنە له (‌12) كەسێك كە لە تاقیكردنەوەی ئەمساڵ (2012) لەچوار گرووپی ئامووزشی بوونەتە خاوەن پلەی یەكەم تا سێهەم، (7) كەسیان كچن و بۆ یەكەم جار دەبینین كچێكی كورد توانیوێتی‌ پلەی یەكەمی گرووپی علوومی تەجروبی بەدەست بێنێ. 

بەگوێرەی ئاماری رێكخراوی یونسكۆ، ئێران زیاترین رێژەی كچانی خوێندكار لەبەراورد لەگەڵ كوڕەكان لەئاستی جیهاندا هەیە كه ‌(60) لەسەدی كۆی دەفرایەتی (ڤرفیت) زانستگاكانی ئێران دەگرێتەوە.

بەرزبوونەوەی رادەی قبووڵی كچان لەزانستگاكان بەداخەوه ‌لەلایەن دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران، وەكوو مەترسییەك لەقەڵەمدەدرێ، هەر بۆیه ‌‌لەچەند ساڵی رابڕدوودا بەگەڵاڵەكردنی پێشنیازی جیاكردنەوەی رەگەزی (تفكیكی جنسیتی) زانستگاكان و بێبەشكردنی كچان لەهێندیك لەرشتەكان هەوڵدەدەن، پێش بەچوونی كچان بۆ زانستگاكان بگرن.

ئەمساڵ بەر لە كرانەوەی زانكۆكان لەلایەن "كامران دانشجو" وەزیری خوێندنی باڵای ئێران راگەیەندرا كە (36) زانستگا و (77) رشتەی خوێندن تەك رەگەزی دەكەن، بەم واتایە، كە لەم رشتانەدا‌ كە بریتییە‌ لە: شیمی، حیسابداری، ئەندازیاری، كارگێڕی هۆتیل و هتد، ژنان ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.

ئەو جۆرە كەند و كۆسپانە بۆ كچان لەزانكۆكان زۆر توندتر بۆتەوە و لەكاتێكدا، كە لەو ساڵانەدا گەڵاڵەیەك بەناوی جیاكردنەوەی رەگەزی لەزانكۆكان هاتۆتەبەر باس و خەریكی جێبەجێكرانە، بەرپرسانی پاسەوانی زانكۆكان بەوردی پێوەندی نێوان خوێندكارانی كوڕ و كچ دەخەنە ژێر چاو‌دێریەوە.

ئەوەش لەحاڵێكدایه،‌ كە زۆرجار هەواڵگەلێك لە فەسادی ئەخلاقی بەرپرسانی پاسەوانی زانكۆكان بڵاوبۆتەوه،‌ كە بەشێوەیەكی قێزەون و ناشیرین خوێندكارانی كچیان بەكاری ناحەز و بێزار كردووە.

دەسەڵات بەهەموو شێوەیەك لەگەڵ فەرهەنگە باشەكانی خەڵك بەربەرەكانێی كردووەو ویستوویەتی گۆڕان بەسەر فەرهەنگ و بیركردنەوەی خەڵكدا بێنێ، ئەمانەش هەمووی ڕێگرن لەبەردەم پێشكەوتنی ژنان و سەركەوتنیان لەبوارەجیا جیاكان دا.

روانینی دوواكەوتوانەی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئێسلامی سەبارەت بەژن و یاسای حیجابی ئیجباری، بووەتە هۆی ئەوەی كەچالاكی نواندنی كچان لەزۆربەی بوارەكاندا ئاستەنگی تێبكەوێت، رەنگە بەرچاوترینی ئەو بوارانە، بواری وەرزش بێت. 

كچان و ژنان لە ئێران ناتوانن لە وەرزشگاكان بۆ دیتنی كێبەركێ‌ وەرزشییەكان وەكوو پیاوان بەشدار بن، لەبەشداری لەزۆربەی رشتە وەرزشییەكانیش لەئاستی ناوخۆ و جیهانی بێبەشن. لەماوەی دوو ساڵی رابردوو پولیس لەژێر سێبەری تەرحی ئەمنییەتی ئەخلاقی لەوەرزی هاوین پۆل پۆل ژنان و كچان دەستبەسەرو رەوانەی زیندان دەكەن.

 لەئاستی كاری رێكخراوەیی ژنان، لەچەند ساڵی رابردوودا دەسەڵات لەهیچ كارێك بۆ داخستنی رێكخراوەكانی ژنان خۆی نەپاراستووە، بەداخەوە ئێستا دەبینین لەناوخۆی ئێران رادەی رێكخراوەكانی چالاك لەبواری ژنان لەئاستی قامكەكانی دەست كەمترن، گۆڤارەكانی تایبەت بەژنان كە لەلایەن ئەو رێكخراوانە چاپ و بڵاودەكرانەوە تووشی داخران بوون.

گۆڤاری (راسان) كەتەنیا گۆڤاری تایبەت بەژنان لەرۆژهەڵاتی كوردستان بوو داخراوە و هەر ئێستاش بەشێكی زۆر لە ژنانی چالاك لەبواری مەدەنی و ژنان لە زیندانن.

بارودۆخی ژنان لەكوردستان بە بەراورد لەگەڵ ناوەندی ئێران زۆر خراپترە، كولتووری پیاوسالاری كۆمەڵگەی كوردەواری گەورەترین بەربەست لەبەر كار و چالاكی ژنانە، كەلابردنی پێویستی بەكاری رێكخراوەیی و كو‌لتوورسازی لەئاستی خوارەوەی كۆمەڵگەیه.

هەروەها كاری میدیای لەو بەشەدا زۆر پێویسته، ‌بەڵام بەداخەوە میدیاكانی كوردی و بەتایبەت "تی‌ڤی"یەكوردییەكانی حزبەكانی روژهەڵات لەو بارەیەوە زۆر كەمكارن و ئەگەر بەرنامەیەكی هەفتانەش بڵاودەكەنەوه، تەنیا تایبەتە بەهەواڵ و راپۆرت، بەداخەوە میدیای فارس، بەباشی ئەم دەرفەتەی قوستووەتەوە و بەنیشاندانی روخسارێكی نەرم و نیان و باش لە پیاوی فارس لە فیلم و سریالەكاندا وایكردووە كەكچان و ژنانی كورد حەزیان بەزەماوەندكردن لەگەڵ پیاوی فارس بێت.

ئەنجامی ئەمانەهەمووی دەبێتە لادانی كۆمەڵایەتی و نائومێد بوون لەژیان هیچ لایەنێك و ڕێكخراوێكش نیە بۆ پشتیوانی كردنیان،كە زۆربەی كات دەبێته ‌هۆی جێهێشتنی وڵات و روو كردنە هەندەران و هەڵاتنی مێشكەكان، هەروەها لەئەنجامی نائومێدبوونیشیان تووشی تێكچوونی باری دەروونی دەبن و پەنا بۆ خۆكوژی دەبەن.

ئێستاشی لەگەڵبێ بەرزترین ئاماری خۆكوژی و خۆسووتاندنی ژنان تایبەت بە بەشێك لە ناوچە كوردنشینەكانە، خەتەنەكردنی كچان لەبەشێك لەو ناوچانە، نەریتێكی نەشیاوی ناشارستانیانەیە دژ بەژنانە كە ئێستاش هەر بەردەوامە و له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا ده‌كرێت.

ئەوەی كە تاڕادەیەك جێی دڵخۆشییە ئەوەیه،‌ كە لە دوو ساڵی رابردوودا هاوپێوەندیەكی باش لەنێوان چالاكانی ژنانی رۆژهەڵات لەدەرەوەی كوردستان و بەتایبەت لە باشووری كوردستان پێكهاتووه، یەكدەنگی ژنانی رۆژهەڵات لەرەوتی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لەهەولێر و بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی ژنانی رۆژهەڵات لەباشوور و لە وڵاتی سوید، تا ڕادەیەك دەتوانێ هیوابەخشبێت بۆ ئەوەی هەوڵ بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم ژنان بەگوڕتر بێ.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر