Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ بهمن ۲, دوشنبه

په‌یامی حیزبی ‌دێموكراتی‌ كوردستان به‌ بۆنه‌ی 2ی رێبه‌ندان، ساڵرۆژی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان



په‌یامی حیزبی ‌دێموكراتی‌ كوردستان به‌ بۆنه‌ی 2ی رێبه‌ندان، ساڵرۆژی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان

هاونیشتمانانی ‌به‌رێز!
خه‌ڵكی‌ خه‌باتگێڕی‌ كوردستان!

67 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ كاتێكدا كه‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان ته‌نیا چه‌ند مانگێك بوو وه‌ك پێویستی‌یه‌كی ‌مێژوویی ‌بۆ رێبه‌ری ‌كردنی ‌خه‌باتی ‌نه‌ته‌وه‌یی ‌كورد له ‌رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان پێک هاتبوو، هه‌لومه‌رجی‌ سیاسیی ‌سه‌رده‌می ‌پاش شه‌ری ‌دووهه‌می‌ جیهانیی ‌قۆسته‌وه‌و له‌ دووی ‌رێبه‌ندانی‌ 1324ی ‌هه‌تاوی‌ و له‌ ژێر رێبه‌ریی‌ پێشه‌وای ‌نه‌مردا له‌ دایكبوونی ‌یه‌كه‌م كۆماری ‌كوردی ‌له ‌مه‌هاباد به ‌دنیا راگه‌یاند. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ و له‌ 67 ساڵه‌ی‌ دامه‌زرانی ‌كۆماری ‌كوردستاندا گه‌رمترین پیرۆزباییتان پێشكه‌ش ده‌كه‌ین.
دیاره‌ ئه‌گه‌ر دامه‌زرانی ‌كۆماری ‌كوردستان یه‌كێك له‌ شانازی‌یه ‌نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی‌ كورده‌، پێش هه‌مووان ئه‌م شانازییه ‌بۆ رێبه‌ران و تێكۆشه‌رانی ‌ئه‌و سه‌رده‌می ‌حیزبی ‌دێموكرات و له‌ سه‌رووی هه‌مووانه‌وه ‌بۆ پێشه‌وای ‌زانا، قازی محه‌ممه‌د ده‌گه‌رێته‌وه ‌كه ‌توانیان له‌گه‌ڵ ‌هه‌موو بێ‌ئیمكاناتی‌ و سنوورداربوونی ‌ده‌سه‌ڵات و ناوچه‌ی ‌ژێرده‌سه‌ڵاتیاندا، ئه‌و هه‌لومه‌رجه ‌تایبه‌تییه‌ بقۆزنه‌وه ‌كه ‌به ‌هۆی‌ كێشه‌ جیهانی‌یه‌كان و تێكچوونی ‌پارسه‌نگی ‌هێز و بێ‌ ده‌سه‌ڵاتبوونی‌ حكوومه‌تی ‌ناوه‌ندی ‌دروست ببوو. ئه‌وان به‌م كرده‌وه‌یان توانیان لاپه‌ره‌یه‌كی ‌زێرین له‌ مێژووی‌‌ كورددا بنووسنه‌وه‌.
ئه‌م رووداوه ‌مێژوویی‌یه‌ی ‌نه‌ته‌وه‌ی كورد ئه‌گه‌ر سه‌رده‌مانێك له‌ژێر تیغی ‌سانسۆر و سه‌ركوت ‌و كه‌ڵك وه‌رگرتنی ‌ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ دژه‌ كورد له‌ ناوچه‌دا له‌ هه‌موو هۆوكه‌ره‌سه‌یه‌ك بۆ پێشگیری ‌له ‌هاوپێوه‌ندیی ‌نه‌ته‌وه‌یی‌ كورد، رووداوێك بوو تایبه‌ت به‌ رۆژهه‌ڵاتی ‌كوردستان و حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان، ئه‌مرۆ به‌هۆی‌ ئه‌و گۆڕانانه‌ی‌ ناوچه‌یان ‌گرتۆته‌وه‌، بۆته ‌هێمایه‌كی ‌نه‌ته‌وه‌یی ‌كورد. ده‌بینین كه ‌ئه‌م یاده‌ له‌لایه‌ن هه‌موو كوردێكی‌ نه‌ته‌وه‌په‌ر‌ست له ‌پانتایی ‌كوردستاندا و بگره له‌سه‌رانسه‌ری ‌جیهاندا هه‌موو سالێك له‌ دووی ‌رێبه‌ندان دا به ‌شانازی‌یه‌وه‌ به‌رز راده‌گیرێ‌.
هه‌رچه‌ند به‌داخه‌وه ‌ته‌مه‌نی‌ كۆماری ‌كوردستان زۆر كورت بوووبه‌ هۆی ‌هێرش و پیلانه‌كانی‌ حكوومه‌تی‌ سه‌ره‌رۆی ‌حه‌مه‌ره‌زا شا كه ‌ئه‌مریكا و بریتانیا پشتگیری‌یان ده‌كرد كۆتایی ‌پێ‌هات، به‌ڵام هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه ‌رێبه‌رانی ‌حیزب و دامه‌زرێنه‌رانی‌ كۆمار بۆ خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ رێگای ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ له‌ هیچ شتێك كۆتاییا‌ن نه‌كرد. ئه‌وان به‌ په‌ره‌پێدانی ‌فێربوونی ‌زمان و كولتووری ‌كوردی‌، دامه‌زراندنی ‌داموده‌زگای ‌یاسایی‌، دانانی ‌قوتابخانه‌ی‌ كوردی‌ و وه‌كارخستنی‌ چاپخانه ‌و چاپ وبڵاو كردنه‌وه‌ی ‌كتێب وگۆڤار و رۆژنامه‌ی ‌كوردی‌ و سازماندانی ‌هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ پاراستنی ‌گه‌ل و كۆمار ته‌نیاله‌ 11 مانگ دا نموونه‌یه‌كی ‌نوێی ‌ده‌سه‌ڵاتداریی ‌دێموكراتیكیان له‌ ناوچه‌یه‌كدا كه‌ تا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ره‌نگی ‌دێموكراسیی ‌به ‌خۆیه‌وه ‌نه‌دیبوو، خسته‌ به‌رچاوی‌ هه‌موو جیهان.
به‌دوای‌ رووخانی‌ كۆماری ‌كوردستان و شه‌هید كرانی ‌رێبه‌رانی ‌كۆمار و به‌تایبه‌تی ‌پێشه‌وا قازی‌ محه‌مه‌د سه‌رۆك كۆماری‌كوردستان، گه‌لی‌ كورد نه‌ته‌نیا له‌ خه‌بات رانه‌وه‌ستا به‌ڵكو بیر و ئامانجه‌کانی ‌كۆمار و رێبه‌ره‌كانی‌ بووه‌ هه‌وێنی ‌درێژه‌دانی ‌خه‌باتێكی‌ به‌رده‌وام كه‌ سه‌ره‌نجام رووخانی ‌رێژیمی ‌دیكتاتۆری ‌پاشایه‌تیی ‌لێ‌كه‌وته‌وه‌.

ئۆگرانی ئامانجه‌کانی کۆماری کوردستان‌!
ئه‌مرۆكه ‌له ‌دووی ‌رێبه‌ندانێكی‌ دیكه‌دا یادی‌ 67مین ساڵی‌ دامه‌زرانی ‌كۆماری ‌كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌ گۆڕانێكی ‌قووڵ به‌سه‌ر سیستمی ‌ده‌سه‌ڵاتداریی ‌جیهان و ناوچه‌ی ‌رۆژهه‌ڵاتی ‌ناوه‌راستدا هاتوه‌. ئێستا سیستمی ‌پیوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان زلهێزه‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارانی ‌ناوچه ‌جۆراوجۆره‌كانی ‌دنیا تووشی گۆران بووه‌و وڵاته‌ به ‌هیزه‌کانی جیهان له‌ پێناوی پاراستنی ‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیاندا كوێرانه ‌پشتی ‌دیكتاتۆره‌سه‌ره‌رۆكان ناگرن. ئه‌وان ده‌زانن سه‌رده‌می‌ سه‌ركوتی‌ بێ‌به‌زه‌یی‌یانه ‌و شاردنه‌وه‌و حاشا لێكردن به‌سه‌رچووه ‌و راپه‌رینی‌ كۆمه‌ڵانی ‌خه‌ڵك هه‌میشه‌ ده‌توانێ‌ مه‌ترسی‌یه‌ك بێ ‌بۆ تێكدانی‌ ئه‌وه‌ی ‌ئه‌وان به‌ ئاسایشی ‌جیهانی ‌ناوی ده‌به‌ن. هه‌ربۆیه ‌له‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ رابردوودا راپه‌ڕینی خه‌ڵك له‌ دژی سیستمه‌ دیكتاتۆره‌كان له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی ‌جیهان له‌ ئاسیاو ئه‌فریقاو ته‌نانه‌ت به‌شێك له ‌ئورووپاش کۆمه‌ڵێک گۆڕانی سیاسیی لێکه‌وته‌وه‌.
تازه‌ترین ئه‌زموون له‌ره‌وتی ‌گۆڕانه‌كان دا ئه‌زموونی ‌راپه‌رینی ‌خه‌ڵكی ‌و ڵاتانی ‌عه‌ره‌بی‌یه‌ كه ‌به‌شێكی‌ به‌رچاوو گرینگی ‌ئه‌و وڵاتانه‌ی ‌گرتۆته‌وه‌. له‌م ماوه‌ كورته‌دا شاهیدی ‌رووخانی ‌كۆشكی ‌ده‌سه‌ڵاتی‌ دیكتاتۆری‌ له‌ ژماره‌یه‌ک له‌و وڵاتانه‌دا بووین. هه‌رچه‌ند له‌ هه‌ریه‌ك له‌و وڵاتانه‌ به‌ربه‌ست له‌سه‌ر رێی‌ خه‌ڵك بۆ گه‌یشتن به ‌ئازادی ‌و دێموكراسی‌ كه‌ ئامانجی ‌گشتیی ‌خه‌ڵکه‌که‌یانه‌، دروست كراوه‌، به‌ڵام هیوای‌ ده‌سته‌به‌ر بوونی ‌ئاواته‌كانیان ووه‌دیهێنانی ‌ئازادی ‌و دێموكراسی ‌له‌ نێونه‌چووه‌. له ‌سووریا ده‌سه‌ڵاتی‌ دیكتاتۆریی ‌بنه‌ماڵه‌ی ‌ئه‌سه‌د رووبه‌رووی ‌راپه‌رینی‌ به‌رینی ‌خه‌ڵك بۆته‌وه‌. هه‌تا ئێستاش و زیاتر له‌ ساڵێكه ‌بێ‌به‌زه‌یی‌یانه ‌سیاسه‌تی‌ به‌ كۆمه‌ڵكوشتنی ‌خه‌ڵك به‌رده‌وامه‌. به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین به‌مجۆره‌ش ئه‌م دیکتاتۆرییه ‌نه‌یتوانیوه ‌پێش به‌ به‌رده‌وامیی ‌راپه‌رینی ‌خه‌ڵكی‌ سووریه‌ بگرێ ‌و رۆژ له‌ دوای ‌رۆژ ‌ ئه‌م خه‌ڵكه‌ راپه‌ریوه‌ به‌هێزتر به‌ره‌و رووخانی ‌دیكتاتۆری ‌ده‌چنه‌ پێش.

گه‌لی‌ كورد له‌ سووریا كه‌ چه‌ند ده‌یه‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ‌بنه‌ماڵه‌ی ‌ئه‌سه‌ده‌وه‌ ته‌نانه‌ت له ‌مافی ‌هاووڵاتی ‌بوون بێ ‌به‌شكرابوون، ئه‌مڕۆ هیوای‌ گه‌یشتنیان به‌ ئازادی ‌و دابینكردنی ‌مافه ‌نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانیان زیاتر بووه‌و خه‌بات بۆئه‌م مه‌به‌سته ‌له‌ لایه‌ن گه‌لی‌ راپه‌ریوی‌ كورده‌وه ‌له ‌په‌ره‌سه‌ندن دایه‌. به‌داخه‌وه‌ له ‌ماوه‌ی ‌چه‌ند مانگی‌ رابردوودا هێندێك ناته‌بایی ‌له ‌نێوان هێزی ‌نیشتمانی‌یه‌كانی‌ رۆژئاوای كوردستان ‌ده‌بینرێ‌ كه‌ بێ‌گومان ده‌توانێ‌ ببێته‌ هۆكارێك بۆ لاوازبوونی ‌خه‌باتی ‌نه‌ته‌وه‌یی ‌له ‌رۆژئاوای ‌كوردستان. ئێمه‌ هیوادارین وداواكارین له‌م هه‌لومه‌رجه ‌ناسكه‌دا هه‌موولایه‌ك به‌هه‌ستبه‌به‌رپرسایه‌تی ‌و له‌ پێناوی وه‌دیهێنانی‌ ئامانجه‌نه‌ته‌وه‌یی‌یه له ‌میژینه‌‌كانی ‌كورد له‌ سووریادا هه‌وڵی ‌هاوده‌نگی ‌و یه‌كیه‌تیی‌ رێزه‌كانی ‌كورد له‌ سووریا بده‌ن وئه‌م هه‌له‌ مێژوویی‌یه‌ كه ‌دوای ‌ده‌یان ساڵ هاتۆته ‌پێش له‌به‌رژه‌وه‌ندی ‌كوردا بقۆزنه‌وه‌.

هاونیشتمانانی ‌به‌رێز!
كه‌ باس له ‌گۆڕانه‌كانی ‌رۆژهه‌ڵاتی ‌ناوه‌راست و گۆرینی ‌ده‌سه‌ڵاتی ‌دیكتاتۆره‌كان ده‌كرێ‌، ناكرێ‌ ئێران و كۆماری ‌ئیسلامی ‌له ‌پێش هه‌مووانه‌وه‌ نه‌بینین. راستییه‌كی‌حاشاهه‌ڵنه‌گرمان گوتوه ‌ئه‌گه‌ر بڵێین له‌ 3 ده‌یه‌ی ‌رابڕدوودا ئه‌م رێژیمه ‌نوێنگه‌ی ‌سیستمێكی ‌سه‌ره‌ڕۆو ده‌سه‌ڵاتێكی ‌دیكتاتۆرو بێ‌به‌زه‌یی‌ له‌ سه‌ركوتی‌ خه‌ڵكدا بووه‌. رێژیمی ‌كۆماری ‌ئیسلامی ‌له ‌ماوه‌ی‌ 33 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداریی ‌خۆی دا له ‌نێو ده‌سه‌ڵاته‌ دیكتاتۆره‌كاندا له ‌زۆربه‌ی ‌بواره‌كاندا پله‌ی ‌یه‌كه‌می ‌بۆ خۆی دابینكردوه‌.
رێبه‌رانی ‌كۆماری ‌ئیسلامی ‌‌هه‌ر له ‌سه‌ره‌تای به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنیانه‌وه‌ له‌ ژیر ناوی «ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شۆرش» ده‌ستیان کرد به ‌دروستكردنی ‌گرووپی ‌چه‌كداری ‌به‌ستراوه‌ به‌خۆیان وه‌ك حیزبوڵڵا، یاوه‌ڕێخستن و دریژه‌دانی شه‌ڕی ماڵوێرانکه‌ر به‌ خه‌یاڵی گه‌یشتن به‌قودس له‌ رێگه‌ی ‌كه‌ربه‌لاوه‌. وێڕای ئه‌و هه‌مووه‌ زیانه‌ گیانییه‌، هه‌زاران میلیۆن دۆلار له‌ پاره‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ئێرانیان به‌ فیڕۆ دا. هه‌مووشی به‌و ئامانجه‌ بوو که ‌رێبه‌رایه‌تیی جیهانی ئیسلام به‌ تایبه‌تی ‌له‌و وڵاتانه‌ که په‌یره‌انی ئایینی شیعه‌یان لی ده‌ژین ‌وه‌ك لوبنان، سووریه‌، عیراق، و به‌حره‌ین بگرنه‌ ده‌ست.‌ له‌نێو موسولمانانی ئه‌فغانستان، پاكستان، یه‌مه‌ن، سعوودیه‌، كویه‌ت و زۆر شوێنی‌ دیكه‌ له‌ دانانی گه‌رای شه‌ڕی دینی درێغیان نه‌کرد. به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆیان ماوه‌ته‌وه‌ شکست و ناکامی له‌ درێژه‌دانی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌. له‌م ساڵانه‌ی دوایی دا كشانه‌وه‌ی‌ په‌یتاپه‌یتای ‌ئه‌وانمان له‌م ولاتانه‌دا دیوه‌و ئێستاكه‌ ده‌سه‌ڵاتی ‌به‌شار ئه‌سه‌د گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی ‌ناوچه‌یی‌یان له‌ سووریه ‌به‌ره‌و رووخان ده‌روا خۆشیان به‌ته‌واوی‌ هه‌ست به‌شكستی ‌ئه‌م سیاسه‌ته‌یان ده‌كه‌ن و خۆیان له‌هه‌موو كات به ‌ته‌نیاترده‌بیننه‌وه‌.
ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ رێژیمی ئێران سه‌ره‌ڕای ‌ئیددیعای ‌رێبه‌رانی به‌تایبه‌ت خامنه‌یی، ‌له ‌نێوكۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌دا به ‌ته‌واوی ‌ته‌ریك كه‌وتۆته‌وه‌و دۆسته ‌دوور و نزیكه‌كانیشی ‌ئێستا زۆر خۆیان له‌ كێشه‌كانی ‌به ‌خاوه‌ن ناكه‌ن. كۆماری ‌ئیسلامی ‌كه‌ له ‌ته‌واوی ‌ساڵانی‌ ته‌مه‌نی‌دا به ‌دروستكردنی ‌كه‌شێكی ‌له‌بار بۆ سه‌رمایه‌گوزارانی ‌ده‌ره‌وه‌ به‌تایبه‌ت چین و روسیه ‌و ئورووپا هه‌وڵی‌دا كه ‌بتوانێ به‌ به‌خشینی ‌سه‌رمایه‌یه‌كی ‌زۆری‌ ئێران پێگه‌ی ‌نێوده‌وڵه‌تیی ‌خۆی ‌له‌ بواری ‌دیپڵۆماسی‌دا به‌هێز بكا. له‌م ساڵانه‌ی‌ دوایی دا ‌به‌سه‌رمایه‌دانانی ‌به‌ربڵاو له‌ وڵاتانی‌ پاشكه‌وتووی ‌ئه‌فریقایی ‌و باشووری ‌ئه‌مریكا، به‌دانی یارمه‌تیی‌دارایی‌ چه‌ند میلیارد دۆلاریی ‌بێ‌ به‌هره‌وزۆر جار به‌ خۆڕایی ‌به‌ وڵاتانی‌ هاوپه‌یمانی‌ له‌ ناوچه ‌وه‌ك عیراق وسووریه ‌و لوبنان و هتد، به‌ به‌ستنی‌ رێککه‌وتننامه‌ی‌ زۆر قورس له‌گه‌ڵ‌ هاوپه‌یمانانی ‌چینی ‌و رووسی، ‌هه‌وڵی ‌پاراستنی ‌دۆستایه‌تیی ‌ئه‌وان به‌ هه‌ر نرخێک ده‌دا! ئه‌ویش ته‌نیا به‌ مه‌به‌ستی ‌راگرتنی ‌هاوپه‌یمانه‌تییه‌كان ‌و هاورده‌كردنی ‌كه‌ره‌سه‌ی ‌خاو و چه‌ك وچۆڵی ‌نیزامی ‌و یارمه‌تی‌ وه‌رگرتن بۆ ته‌واو كردنی‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌یانه‌! ئه‌مه ‌نیشانه‌ و به‌رهه‌می شکست و ناکامیی كۆماری ‌ئیسلامی‌ له‌ هه‌موو هه‌وڵه‌‌ دیپڵۆماسی‌یه‌كانی‌دایه‌.
به‌ڵام سه‌ره‌رای ‌هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌، لاساری‌یه‌كانی ‌كۆماری‌ ئیسلامی ‌له‌ وڵامنه‌دانه‌وه‌ به‌ داواكارییه‌كانی ‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئێرانی ‌به‌ره‌و ته‌ریككه‌وتنه‌وه‌یه‌كی ‌یه‌كجاری ‌پاڵ پێوه ‌نا. ئاكامی ‌ئه‌م سیاسه‌ته ‌له ‌چه‌ند ساڵی‌ رابڕدوو داسه‌پاندنی‌ سزایه‌ك له‌ دوای ‌یه‌كه‌كانی ‌بانكی‌، دارایی‌ و پێشگرتن له‌ فرۆشی ‌نه‌وت و هه‌نارده‌ و هاورده‌كردنی ‌زۆر له‌ كالاكان بوون به‌ سه‌ریاندا. ئێستا كه‌ هاتنه‌خواره‌وه‌ی ‌نرخی ‌پووڵی ‌ئێران و نه‌مانی ‌كه‌ره‌سه‌ی‌ خاو بۆته‌ هۆی ‌په‌ككه‌وتنی ‌چه‌رخی ‌ئابووری‌ و بازرگانیی ‌ئێران و داخرانی ‌ده‌یان كارخانه ‌و بێكاریی ‌ژماره‌یه‌كی ‌زۆر له‌ كرێكاران و كه‌مبوونه‌وه‌ی ‌توانای ‌ده‌وڵه‌ت له ‌پێدانی ‌حقووق و نه‌مانی‌ زه‌خیره‌ی ‌بانكی ‌ده‌وڵه‌تیی ‌لێكه‌وتۆ‌ته‌وه‌ به‌ جۆرێک که‌ گه‌ڵاڵه ‌پڕ هه‌راوهوریاکه‌یان واته‌ گه‌ڵاڵه‌ی یارانه‌كانیان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌، ئیتر جێگه‌یه‌ك بۆ شاردنه‌وه‌ی‌ راستییه‌كان نه‌ماوه‌و ئه‌و جار هه‌ركامیان به‌جۆرێك دان به‌شوێنه‌واری ‌ئه‌و سزایانه ‌داده‌نێن. ئه‌مه ‌له ‌حاڵێك دایه ‌له‌ ساڵی ‌داهاتوودا كه‌ چاوه‌روانی‌ سه‌پاندنی‌ سزای‌ زیاتر به‌ سه‌ر كۆماری‌ ئیسلامی‌ داده‌كرێ ‌گرفتی ‌ژیانی ‌رۆژانه‌ی‌ خه‌ڵك و دابینكردنی ‌پێداویستی‌یه‌كانی ‌ژیانی ‌رۆژانه‌یان ده‌بێته‌ گرفتێكی‌ گه‌وره‌ كه ‌یه‌خه‌ی ‌كۆماری ‌ئیسلامی‌ده‌گرێته‌وه‌.
حیزبی ‌دێموكراتی ‌كوردستان له‌م هه‌لومه‌رجه ‌ناسكه‌و له‌ چاوه‌ڕوانیی ‌روودانی هه‌ر ئه‌گه‌رێك كه‌ به‌ دڵنیایی‌یه‌وه ‌ئێران به‌ره‌و ئاڵوگۆرێكی‌ بنه‌ره‌تی ‌ده‌با، لێكنزیكبوونه‌وه‌ی ‌هه‌موو هێزه‌و لایه‌نه ‌نیشتمانییه‌کان كه ‌له‌ پێناوی ئێرانێكی‌ ئازاد و دێموكراتدا وبۆ ده‌سته‌به‌ركردنی‌ تێكرای ‌ماف و ئازادی‌یه‌كانی ‌هه‌موو پێكهاته‌كانی‌ ئێران تێده‌كۆشن، له‌ هه‌موو کات زیاتر به‌ پیویست ده‌زانێ. گومان له‌وه ‌دانییه‌ یه‌كگرتوویی ‌هێزه ‌دێموكرات و پێشكه‌وتنخوازه‌كانی ‌ئێران ده‌توانێ ‌بۆ رووخانی‌ یه‌كجاریی ‌په‌یكه‌ری‌ له‌رزۆكی ‌دیكتاتۆری‌ و سه‌ره‌ڕۆیی كۆماری ‌ئیسلامیی ‌ئێران به‌ده‌ست گه‌لانی ‌ئه‌و وڵاته‌ گورزێكی‌ كاریگه‌ر بێ‌.

خه‌ڵكی ‌خه‌باتگێری‌ كوردستان!
راسته‌ دوای‌ 67 ساڵ له‌ دامه‌زرانی‌ یه‌كه‌م كۆماری ‌كوردی‌، ئێستاش كورد نه‌یتوانیوه‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ خۆی ‌هه‌بێ‌. به‌ڵام به‌خۆشییه‌وه ‌ئه‌وه ‌زیاتر له دوو ده‌یه‌یه‌ كه ‌له‌ ئه‌نجامی خۆڕاگری ‌و خه‌باتی ‌رۆڵه‌كانی ‌نه‌ته‌وه‌ی ‌كورد و به‌ دوای ‌ئه‌و ئاڵۆگۆره ‌قووڵانه‌ی‌ ناوچه‌كه‌مانی ‌گرتۆ‌ته‌وه‌، زیاتر له‌ 20 ساڵه‌ ‌باشووری ‌كوردستان به‌ هۆی ‌حكوومه‌تێکی‌ كوردی‌یه‌وه ‌به‌ڕێوه ‌ده‌چێ ‌وپ ێشكه‌وتنه‌كانی ‌ئه‌م حكوومه‌ته‌ له‌ بواری ‌دیپڵۆماسی‌، ئابووری‌، فه‌رهه‌نگی ‌و پێشمه‌رگایه‌تی‌یه‌وه‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجی‌ هه‌موو لایه‌كه‌. ئه‌گه‌رچی ‌بۆ جارێكی ‌دیكه‌ش شووینیزم و زیده‌خوازیی ‌هێندێک لایه‌نی عێراقی دیسان خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ هه‌ره‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌رده‌سكه‌وته ‌نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی ‌كورد له‌م پارچه‌یه ‌له ‌كوردستان، به‌ڵام شك له‌وه‌ دانییه‌ هه‌ڵوێستی ‌یه‌كگرتووانه‌ی ‌كورد به‌رامبه‌ر به‌م هه‌ره‌شانه ‌له‌ هه‌لومه‌رجی ‌سیاسیی ‌ئێستای ‌ناوچه‌دا ده‌توانێ ‌پاشه‌كشه ‌به‌ هه‌ر دوژمنكارییه‌ك بكا و كۆمه‌ڵێك ده‌سكه‌وتی ‌دیكه‌ بخاته‌ سه‌رخه‌رمانی ‌ده‌سكه‌وته‌كانیان.
له ‌باكووری ‌كوردستانیش سه‌ره‌ڕای‌ زۆر كه‌ندوكۆسپی ‌گرینگ به‌خۆشییه‌وه‌ ئه‌مرۆ ده‌بینین پێگه‌ی‌ كورد فاكته‌رێكی به‌ هێزه‌ که‌ له‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ له‌ مێژینه‌کانی توركیادا ناکرێ پشتگوێ بخرێ. په‌یامی ئاشته‌وایی به‌ مه‌سه‌له‌ی ‌كورد و ‌هه‌نگاونان بۆ دیالۆگ و چاره‌سه‌ری پرسی کورد به‌ رێگای ئاشتخوازانه‌دا, ، ئه‌و ره‌وته‌یه‌ که ‌ده‌توانێ مژده‌ده‌ری ‌چاره‌سه‌ری ‌كێشه‌كانی ‌ئه‌م به‌شه ‌له‌ كوردستان له ‌داهاتوویه‌كی ‌نه‌زۆر دووردابێ‌. له‌م پێوه‌ندییه‌دا حیزبی ‌دێموكراتی ‌كوردستان، دیداره‌كانی ‌ئه‌م دوایی‌یانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیه ‌له‌گه‌ڵ‌ به‌رێز ئوجه‌لان به‌ ئه‌رێنی‌ چاولێ ده‌كا و پێشوازی له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌کا که ‌له‌خزمه‌ت چاره‌سه‌ری‌ ئاشتیانه‌ی ‌پرسی كورد له‌ باكووری‌ كوردستان و تورکیه‌ دابێت.
له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان، دوای ‌زیاتر له‌ 3 ده‌یه‌ خۆراگری ‌له‌ به‌رامبه‌ر زۆرترین هێرش و پیلانه‌كانی ‌كۆماری ‌ئیسلامی‌ بۆ لاوازكردن و له ‌نێوبردنی ‌حیزبی ‌دێموكرات وه‌ك رێبه‌ری‌ بزوتنه‌وه‌ی ‌نه‌ته‌وایه‌تی ‌له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان و له‌ به‌رامبه‌ر دا خه‌باتی ‌بێ‌وچانی ‌راسته‌قینه ‌له ‌سه‌نگه‌ری ‌جۆراوجۆردا، ئه‌مرۆ به‌خۆشی‌یه‌وه‌ كورد گه‌یوه‌ته ‌قۆناغێك له‌ژیانی ‌خه‌باتگیرانه ‌كه‌ ده‌توانێ‌ به‌بێ ‌دوو دڵی ‌بروانێته‌ داهاتوویه‌كی ‌روون. هه‌لومه‌رجێک‌ كه ‌كۆماری ‌ئیسلامی‌ تێیدا ده‌ژی‌، له‌داهاتوویه‌كی ‌نزیكدا ده‌رفه‌تی ‌پێویست ده‌رخه‌سێنێ‌ هه‌تا خه‌باتكارانی ‌رێگای ‌ئازادی‌ و رزگاریی‌ نه‌ته‌وه‌یی،‌ رێزه‌كانیان زیاتر یه‌ك بخه‌ن و له‌ مه‌یدانی ‌خه‌باتێكی ‌به‌ربڵاودا به‌ هێز و توانایه‌کی زیاتره‌وه کار بۆ رزگاریی نه‌ته‌وه‌که‌یان بکه‌ن‌.
حیزبی ‌دێموكراتی ‌كوردستان كه‌ به‌گه‌شبینییه‌وه ‌ده‌روانێته‌ داهاتوو، به‌پێویست ده‌زانێ‌ جارێكی ‌دی‌ وه‌بیر هه‌موو لایه‌ك بێنێته‌وه‌ ئه‌م ئاوات و ئامانجانه‌ ده‌سته‌به‌ر نابن ئه‌گه‌ر هێزه ‌سیاسی‌یه‌كانی ‌كوردستان نه‌توانن رێگه‌ی‌ هاوكاری ‌و هاوده‌نگیی ‌پێویست له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا بگرنه‌به‌ر. له ‌قۆناغێكدا كه‌ كۆماری ‌ئیسلامی ‌له‌ قه‌یرانه‌كاندا نوقم بووه‌، پیویسته‌ پێگه‌ی‌ كورد چ له‌ نێو هێزه ‌ئێرانی‌یه‌كان و چ له ‌ناوچه‌دا له‌ هه‌میشه‌ قایمتر بێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م گه‌له ‌بتوانێ ده‌رفه‌ته‌کان به‌ قازانجی پرسه‌ ره‌واکه‌ی خۆی بقۆزیته‌وه‌. چاوه‌روانی‌یه‌كانی‌ خه‌ڵكی ‌كوردستانیش له‌ هه‌مووان هه‌رئه‌وه ‌ده‌خوازێ‌ که‌ وه‌ك پێویستییه‌كی ‌ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی‌ خه‌بات هه‌وڵی ‌یه‌كگرتوویی ‌و لانیكه‌م ساغ بوونه‌وه ‌له ‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ‌كاری ‌هاوبه‌ش له‌هه‌لومه‌رجه‌ جۆراوجۆره‌كاندا بدرێ.
ئێمه‌ جارێكی ‌دیكه‌ له‌ سه‌رپابه‌ندبوونی‌ خۆمان به‌هاوكاری ‌و هاوده‌نگیی ‌هه‌موو هێزه‌‌كانی ‌رۆژهه‌ڵاتی ‌كوردستان پێداده‌گرین‌ و نه‌بوونی‌ هاوده‌نگی، هاوکاری و یه‌کگرتوویی به‌ كه‌لێنێكی ‌گه‌وره ‌له ‌نێو رێزه‌كانی ‌خه‌باتگیرانی‌ كوردستان دا ده‌زانین. ئه‌م ئه‌ركه‌ پێش هه‌مووان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی‌ دێموكراته‌كان. هه‌ر بۆیه‌چاوه‌روانیمان له‌ هاوڕێیانی پێشوومان ئه‌وه‌یه‌ زیاترله‌جاران و به‌شێوه‌یه‌كی ‌جیددیتر ‌به ‌ده‌نگ بانگه‌وازی ‌یه‌کیه‌تیخوازانه‌ی حیزبی‌ دێموكراتی ‌كوردستانه‌وه ‌بێن.

هاونیشتمانانی‌ خۆشه‌ویست!
خه‌ڵكی ‌خۆراگری ‌كوردستان!
حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان له ‌بیره‌وه‌ریی67 ساڵه‌ی دامه‌زرانی ‌كۆماری ‌كوردستاندا وه‌ك هه‌میشه ‌پێبه‌ندبوونی‌ خۆی‌ به ‌خه‌بات تا وه‌دیهێنانه‌وه‌ی ‌ئامانجی ‌نه‌ته‌وه‌ی كورد ئه‌ویش دامه‌زراندنی ‌كۆماری ‌كوردستان له‌ ئێرانێكی‌ ئازاد و دێموكرات و فیدرالدا دووپات ده‌كاته‌وه‌. باوه‌رمان وایه ‌هه‌ر وه‌ك خۆراگریمان كۆماری ‌ئیسلامیی ‌به‌ره‌و كۆتایی‌ ژیانی‌ بردوه‌، درێژه‌ی‌ خه‌باتیشمان وه‌دی‌هێنانی ئامانجه‌كانمانی لێ ده‌که‌ویته‌وه‌.

پیرۆزبێ‌ بیره‌وه‌ریی ‌دامه‌زرانی ‌كۆماری ‌كوردستان
سڵاو له‌ حیزبی ‌دێموكراتی ‌كوردستان، حیزبی دامه‌زرێنه‌ری کۆماری کوردستان و دریژه‌ده‌ری ریگا پڕشانازییه‌که‌ی کۆماری کوردستان

حیزبی ‌دێموكراتی ‌كوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
کۆتایی به‌فرانباری 1391
ژانویه‌ی 2013

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر