Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ آذر ۱۳, دوشنبه

سوید: قۆڵبەستکرانی کەسێک بە تۆمەتی هەناردنی کەرەستەی قەدەخەکراو بۆ ئێران


سوید: قۆڵبەستکرانی کەسێک بە تۆمەتی هەناردنی کەرەستەی قەدەخەکراو بۆ ئێران 


NNSROJ:
پۆلیسی سوید کەسێکی قۆڵبەست کردووە کە هەوڵی داوە، هەندێک کەرەستەی تێکنۆلۆژیکی قەدەخەکراو رەوانەی ئێران بکات.


ئەمڕۆ دووشەممە، ٣ی دێسامبری ٢٠١٢، کەناڵی SVTی سوید، رایگەیاند کە پۆلیسی ئەو وڵاتە کەسێکی بە تۆمەتی ژێرپێخستنی گەمارۆکانی یەکێتی ئەورووپا دژ بە ئێران قۆڵبەست کردووە.

بە گوێرەی سەرچاوەکە، هاوڵاتییەکی سویدی [به رەچەڵەک ئێرانی]، هەوڵی داوە هەندێک کەرەستەی تێکنۆلۆژیک وەک کۆمەڵێک فیلتێر و پۆمپی پێشکەوتوو، رەوانەی ئێران بکات کە بە گوتەی پسپۆران دەتوانرێ لە پیتاندنی ئورانیۆم کەڵکی لێوەربگیرێ.

کەسی تۆمەتبار هەوڵی داوە، کەرەستە قەدەخەکراوەکان لە رێگەی دوبەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییەوە رەوانەی تاران بکات بەڵام گومرگی سوید پێی زانیوە و پاش پشکنینی بارەکە، راستی مەسەلەکەی بۆ ئاشکرا بووە.

ئۆپێراسیۆنی پۆلیسی سوید بەشێک لە ئۆپێراسیۆنی گەورەتر بووە کە هاوکات لە چەند وڵاتی تری جیهان بەرێوەچووە.

"
دانیێل نۆرد" پسپۆر لە بواری "بەرهەمگەلی ستراتێژیک" بە تەلەڤزیۆنی سویدی راگەیاندووە کە ئەو ئامێرانە، دەتوانرێ بۆ سانتریفیوژی پیتاندنی ئورانیۆم کەڵکیان لێوەربگیرێ.

تاکوو ئێستا زانیارییەک سەبارەت بە ناو و پیشەی کەسی تۆمەتبار بە هەناردەکردنی کەرەستەی قەدەخەکراو بۆ ئێران بڵاونەکراوەتەوە بەڵام دەگووترێ کە مانگی ژانویەی ساڵی داهاتوو، دادگاییەک لە شاری "لوند"ی باشووری سوید، بەدواداچوونی دۆسیەکە دەستپێدەکات.


نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەورووپا، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە ناروون دەزانن و دەڵێن ئەگەری ئەوەی هەیە تاران بە نیازی سازکردنی چەکی ئەتۆمی بێت، هەر بۆیەش کۆمەڵێک گەمارۆیان خستۆتە سەر ئێران و هەناردنی هەر چەشنە کەرەستەیەک بۆ ئەم وڵاتە کە مومکینە لە پیتاندنی ئورانیۆم و چەکی ناڤۆکی کەڵکی لێوەربگیرێ قەدەخە کراوە.


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر