Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۳ مرداد ۱۴, سه‌شنبه

جارێکی دیکە باڵێکی یەکێتی و کۆماری ئیسلامیی ئێراق و نوری مالکی سەرکەوتن!


جارێکی دیکە باڵێکی یەکێتی و کۆماری ئیسلامیی ئێراق و نوری مالکی سەرکەوتن!
لە نووسینی؛ ئاریتما موحەممەدی
دەبوایە یەکێتی نیشتمانی کوردستان د. بەرهەم ساڵحی هەڵبژاردایە نەک د. فووئاد مەعسووم، لەبەر ئەوە د. فووئاد لە خولی پێشووی پەرلەمانی ئێراقدا نەیتوانی بە ڕێژەی یەک کورسی دەنگ بەدەست بهێنێت و لەسەر دەنگ و متمانەی کورسییەکانی دیکە چووە پەرلەمانی ئێراق.


 بەڵام پێچەوانە بەرهەم ساڵح کەسایەتییەکی خۆشناو و جێی متمانەی خەڵکی کوردستانە و لەوە دڵنیام کە ئەو متمانەیە کە تاکوو هەنووکە خەڵک بە یەکێتی دەکات بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ خۆشناویی د. بەرهەم ساڵح. هەروەها بەرهەم ساڵح کەسایەتییەکە کە لە بنەڕەتەوە لەگەڵ مێژووی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا نەبووە و لەپاش ئازاد بوونی باشووری کوردستان ئاوێڵەی یەکێتی بووە و لە پێوەندی بەو هاوپەیمانییە ئیستراتیژییە کە لە نێوان یەکێتی و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە هیچ بەرپرسیارێتییەک لە ئەستۆ ناگرێت و خۆی لێ بێبەری دەکات، هەر ئەوەش هۆکاری بنەڕەتی ئەوەیە کە هەم کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەم بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی دژی ئەوە بوون کە بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆککۆماری ئێراق، دیارە مێژووی پاش ڕۆخانی ڕژیمی بەحسی ئێراق ئەوەی پێشان داوە کە سەرۆککۆمار هیچ لەیەک پێداویستییەکانی کورد لە باشوور دابین ناکات و تەنیا ڕۆڵی مەقەوا دەگێڕێت و بەس موچە وەردەگرێت و کاریگەری ئەرێنی لەسەر دۆخی سیاسیی کوردستان و پرسی نەتەوەیی کورد و کێشەی نێوان کورد و ناوەند دانانێت.
پارتی دیموکراتی کوردستانیش باش لەو هاوپەیمانێتییەی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئێران ئاگادارە و هەر ئەوەش هۆکاری ئەوەبوو کە پشتیوانیی لە بەرهەم ساڵح بکات، چونکە ڕوانگەی بەرهەم و بەرزانی لێک نزیکە و لە دەلاقەی کوردستانییەوە کێشە و پرسەکان دەبینن. بەرهەم ساڵح وەک کەسایەتییەکی زانستیی و هاوکات کوردپەروەر و بەخەم بۆ کوردستان بەپێی بەرژەوەندی نەتەوایەتیی کورد لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەردا هەڵسووکەوت دەکات و پێوەندی دەگرێت و پتر لەسەر ئەو ڕایەیە کە کورد باشترە لە تورکیە نزیکتر بێتەوە تاکوو کۆماری ئیسلامیی ئێران، چونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕژیمێکی داخراوە و دژوارە کە گۆڕانکاری قووڵ لە سیاسەت و پلانەکانیدا پێک بهێنێت. پارتیش دەمێکە خۆی لە تورکیە نزیک کردووەتەوە و بڕیاری کۆتایی داوە کە لەگەڵ تورکیە بێت، من پێم وایە کە تاکوو هەنووکە ئیستراتیژی پارتی بۆ نزیک بوونەوە لە تورکییە درووست بووە و کاریگەری لەسەر ڕوانگەی تورکیە داناوە و ئیستاش تورکیە وەک ڕابردوو درووست بوونی دەوڵەتی کوردی بە کێشەی قووڵ پێناسە ناکات و تا ئاستێک خۆی لەگەڵ دۆخی سیاسیی ناوچەکە گونجاندووە و ڕێکخستووە.
بۆیە د. بەرهەم لەگەڵ ئەو بۆچوونەی بەرزانی دایە کە دەبێ کورد تەنیا یەک وڵاتی دەورووبەر هەڵبژێرێت و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵدا ڕێک بخات، چونکە پێوەندی قووڵ لەگەڵ وڵاتێکی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران قورس لەسەر کورد دەکەوێت و ئێران ڕژیمێکی فڕتوفێڵ کەرە و کورد لە ئۆوەی ئێران نایەت. بەڵام تورکیە بەرەو گۆڕانکاریی قووڵ هەنگاو دەنێت و ئاسۆی کورد لەو وڵاتە ڕوونترە تاکوو ئێران. هەنووکە تورکیە لەگەڵ ئەوە ڕاهاتووە و لەسەر ئەو ڕایەیە کە کورد نەتەوەیەکی سەربەخۆیە، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران تاکوو ئیستاش کورد وەک تیرە و لەقێک لە فارس پێناسە دەکات.
کۆماری ئیسلامیی ئێران و باڵێکی نێو یەکێتی و بەشێکی سەرەکیی لە شیعەکانی ئێراق بەتاییبەت نوری مالکی هەر هەموو دەستی یەکیان گرت و د. فوئاد مەعسوومیان لەسەر کورسی پووچی سەرۆککۆماری دانا. بەوەش کورد بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە بەو کورسییە دڵ خۆش بوو و لە بەشێک لە درووشمە سەرەکییەکانی خۆی پاشەکشەی کرد. د. فوئاد سوێندی بەوە خوارد کە پارێزەری یەکێتی خاکی ئێراق بێت. ئەمەش بە کردەوە بۆچوونی تەنیا باڵێکی یەکێتییە و نوێنەرایەتیی ڕای تێکڕای سەرکردایەتیی ئەو حیزبە ناکات و لە کوردستانیش کۆمەڵانی خەڵک لەگەڵ ئەو چەشنە لە سوێندخواردن نین و پشتیوانی لەو سیاسەتە ئێراقییە ناکەن، دەبوایە د. فوئاد سوێندی بەو چەشنە بخواردایە کە پارێزەری دیموکراسی و ڕای تێکڕای نەتەوەکانی جیاوازی ئێراق دەبێت و باییخ بە بەرژەوەندی سەرجەم نەتەوەکانی ئێراق دەدات. بەڵام ئەو چەشنە لە سوێند خواردنی فوئاد مەعسووم لە قازانجی شیعە و کۆماری ئیسلامیی ئێران تەواو بوو.
لە ڕاستیدا بەرهەم ساڵح لە ژێر کاریگەری بەڕێز جەلال تاڵەبانی بووبە ئەندامی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بەڵام مام جەلال ئەم بەرهەمەی ئەمڕۆی بەدڵ نییە، مام جەلال بەرهەمێکی دەویست کە هەمیشە باییخ بە ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکە بدات و خۆی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران نزیک بکاتەوە، بەڵام بەرهەم ساڵح پێچەوانەی ئەو خوازەی مام جەلال هەنگاوی هەڵنایەوە. دیارە مام جەلال و بەشێک لە یەکێتی بەوەفان و هاوکارییەکانی ئێران لەبیر ناکەن و هێزی ئەمڕۆی یەکێتی لە گۆڕەپانی کوردستان و ئێراق و ناوچەکە لەو هاوکارییانەی ئێراندا دەبینن کە لە ڕابردوودا پێشکەشی ئەو حیزبەی کردووە، بەڵام بەرهەم ساڵح نەوەی ئەو قۆناغە نییە و لەو بارودۆخەدا نەژیاوە و ئەندامی یەکێتی نەبووە، تا ئاستێکیش بەرهەم سیاسەتمەدارێکی ڕەئالیستە کە پتر لەژێر کاریگەری دۆخ و قۆناغ دایە تاکوو ڕابردوو و مێژوو و هەست. بۆیە دەڵێم باڵە نەتەوەییەکی یەکێتی ئەمڕۆ لاوازە و باییخ بە ڕۆڵ و پێگەی نادرێت و ماوەتەوە ئەوە کە بەرهەم بڕیارێک دەربکات و خۆی یەکلایی بکاتەوە.
ئاماژەکانی بەڕێز مەسعوود بەرزانیش بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی وەک دەردەکەوێت پووچ دەردەچێت و کەس بە هانای داواکەیەوە نەهات و ئەویش بە تەنیا مایەوە و هەنووکە قسە و باس لەسەر ئەوەیە کە چۆن ئێراقی نوێ سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە، سەرکردایەتی کورد لە هەرێمی کوردستان چاویان لە قسەی وڵاتانی دەرەوەیە و وڵاتانی دەرەوەش پێداگری لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەنەوە، کورد نابێ چاو لە زمانی وڵاتانی دەرەوە بێت، ئەگەر دەوڵەتی کوردی دامەزرا ئەوا بێ گومان هیچ وڵاتێک دژایەتی ناکات و بگرە پشتیوانیشی لێ دەکەن. بەڵام وەک هێمای بۆ دەکرێت ڕوانگەی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکی و ئاسیایی بۆ کورد گرینگ نییە و باییخی پێ نادرێت، بەڵکوو ئەوە ڕوانگەی وڵاتانی وەک ئێران و حوکوومەتی ناوەند و سووریە و تورکیەیە کە بۆ سەرکردایەتیی کورد گرینگە و جێی باییخە. بۆیە دەڵێم ئەگەر کورد چاوی لە ڕوانگە و زمانی وڵاتانی وەک ئێران و سووریە و حوکوومەتی ناوەندی بێت، سەدان ساڵی دیکەش خەونی دامەزرانی دەوڵەتی کوردی بەدی نایەت.
چونکە وڵاتێکی وەک ئێران چ کۆماری ئیسلامیی بێت یانخود هەر سیستەم و دەسەڵاتێکی دیکەش لەو وڵاتە دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت و حوکم بکات لەگەڵ دامەزرانی دەوڵەتی کوردی نییە، چونکە دامەزرانی دەوڵەتی کوردی بەواتای هەڵوەشانەوەی جوگرافیای سیاسیی ئێران دێت و هانی نەتەوەکانی کورد و دیکە لەو وڵاتە دەدات کە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی بدەن.
لە کۆتاییدا دەڵێم ئەمجارەش پشتێنەی شیعە بە سەرۆکایەتی ئێران بە سەر پارتی و بەشێک لە یەکێتی و نەتەوەخوازانی کورددا سەرکەوت و پاڵێوراوی ئێران و شیعە بووبە سەرۆککۆمار و پێچەوانەی ویستی پارتی و بەشێک لە یەکێتی کە خۆی لە بەرهەم ساڵح دەبینییەوە، پاشەکشی پێکرا

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر