Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ شهریور ۲۶, یکشنبه

بەدەپە: لە پارلەمان دەرمان بکەن، لە تورکیا جیا دەبینەوە



بەدەپە: لە پارلەمان دەرمان بکەن، لە تورکیا جیا دەبینەوە

هەڕەشەی ئەردۆغان و پارتی دەسەڵاتداری تورکیا لەمەڕ دەرکردنی نوێنەرانی کورد لە پارلەمانی تورکیا، کاردانەوەی توندی پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی لێکەوتەوە. بە بە پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەرتەشی تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان


و بەرزبوونەوەی هەژمارانی کوژراوانی ئەرتەش، بەرپرسانی حیزبی "پارتی داد و گەشە"ی دەسەڵاتداری تورکیا، دەستیان کردووە بە هەڕەشە و گووشارخستنە سەر نوێنەرانی کورد و هەر لەم چوارچێوەش دا، ئامادەکاری بۆ هەڵگرتنی مافی پارێزراوی یاسایی[حەسانە] پارلەمانتارانی "پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی" و داخستنی ئەو پارتە دەدەن.
لە رۆژانی ڕابردوو دا، چەندین بەرپرسی باڵای ئاکەپە و لەوانە خۆی ئەردۆغان سەرۆک وەزیری تورکیا، بەشیر ئاتاڵای و حوسێن چەلیک، یاریدەدەرانی سەرۆک وەزیری و"ئیدریس نەعیم شاهین" وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە، بە توندی هێرشیان کردۆتە سەر بەدەپە و بە نیازن لەگەڵ دەسپێکی خولی نوێی پارلەمان پاش کۆتایی هاتنی پشووی هاوینە، سەرەتا مافی حەسانە لە پارلەمانتارانی کورد بستێننەوە و پاشان بە تۆمەتگەلێک وەک "خیانەت بە وڵات، پشتیوانی و پڕۆپاگەندە بە سوودی پەکەکە و هتد"حوکمی زیندانیان بەسەردا بسەپێنن.

لە لایەکی ترەوە ئامادەکاری بۆ سازکردنی دۆسیەیەک دەربارەی بەدەپە و رەوانەکردنی بۆ دادگای یاسایی بنەرەتی دەدرێ بۆ ئەوەی حیزبەکە دابخرێت.

"رەجەب تەیپ ئەردۆغان"، سەرۆک وەزیری تورکیا، لەم رۆژانەی دواییدا، چەند جار لە سەر یەک هێرشی کردە سەر بەدەپە و پارلەمانتارانی و بە سیفەتگەلێک وەک"تیرۆریست، کلکی تیرۆر، بکووژ، خاین" و هتد پێناسەکردن و هاوکات بە ئاشکراراشیگەیاند کە هەموو دەرگاکانی دیالۆگی بەڕووی بەدەپە داخستووە. 

دوێنێ چوارشەممەش، ئەردۆغان، لە لێدوانێک دا، بە توندی هێرشی کردبۆ سەرپارلەمانتارانی پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی و روو لە هاوسەرۆکی ئەو حیزبە"سەلاحەدین دەمیرتاش" گوتبووی کە "تۆ چ ئیشت لە پارلەمان هەیە، بڕۆ بۆ قەندیل".

سەرۆک وەزیری تورکیا ڕاشیگەیاندبوو کە داوای لە پارلەمانتارانی حیزبەکەی کردووە کە هەرچی زووتر دۆسیەیی ئەستاندنەوەی مافی حەسانەی بەدەپەییەکان لە پارلەمان تاووتوێ بکەن و داوای لە دادگاکانیش کردووە کە بکەونە خۆ.

هێرشی هاوکاتی ئەردۆغان، مێدیا، نەژادپەرستانی تورکیا دژ بە پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی دوایی ئەوە گوڕی گرت کە پارلەمانتارانی بەدەپە رۆژی ١٧ی ئاگۆست، لە رێگەی شەمزینان تووشی بازگەیەکی کۆنترۆڵی گەریلا ببوون و لە باوەشیان گرتبوون.
کاپڵان: بژاری دابڕانی یەکجاری لە سیستەم دەخەینە ڕۆژەڤ

"حەسیب کاپڵان"، نوێنەری شرناخ لە پارلەمانی تورکیا، بە توندی رەخنەی لە ئەردۆغان و ئاکەپە گرت و وتیئاکەپە دەیەوێ تورکیا بگەڕێنێتەوە کەش و هەوایی نەوەتەکان، ئەو کات کە پارەلەمانتارانی ئێمەیان قۆڵبەست و زیندانی کرد. خۆ هەر ئێستاش ٦ پارلەمانتار و هەشت نۆ هەزار شارەدار و نوێنەر و سیاسەتمەدارمان لە زیندان دان. شەڕ لە چیاکان بەردەوامە و گووشارەکان کەم نەبۆتەوە.
کاپڵان وتی کە "ئەردۆغان بە ئێمە دەڵێ بچنە قەندیل، بەڵام کەسیک کە ڕێز لە مافی سێ میلیۆن دەنگدەر ناگرێ، دەبێ بچێتە جەهەننەم".

ناوبراو وتیشی کە "ئێمە بە ئیرادەی گەلی خۆمان و بە ەنگی گەلی خۆمان هاتووینەتەوە پارلەمان، ئەو مافەمان لە کۆڵان نەدۆزیوەتەوە، ئەگەر بێت و مافی پارێزراوی سیاسی و پارلەمانتاریمان لێ بستێندرێتەوە و لە پارلەمان دەربکرێین، دەگەڕێینەوە بۆ گەلی خۆمان و پرسیان پێدەکەین و بژاری دابڕانی تەواو لە سیستەم دەخەینە ڕۆژەڤ. ئەگەر پێمان بڵەن کە ئەو پارلەمانە هی ئێوە نییە، بێژن دەتانگرین و زیندانیتان دەکەین و سووکایەتیتان پێدەکەین، ئەو کات گوێ لە بڕیاری گەلی خۆمان دەگرین".


دەمیرتاش بە ئەردۆغان: خەمت نەبێ، رێگەی قەندیل پێدەزانین، تۆچارەسەری پێش بخە 

هاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی، لە وەڵامی دوا لێدوانەکانی ئەردۆغان دا وتی کە "بەدەپە چەند ساڵە هەوڵ دەدا ئەردۆغان رازی بکات تا چارەسەرییەکی ئاشتیانە بۆ کێشەی کورد بخاتە گەڕ. ئەردۆغان بەرپەسی هەموو ئەو خوێنڕژان و شەڕەیە کە لە ئارادایە، لە شوباتی ٢٠١٢ داوامان لە ئەردۆغان کرد کە قەبووڵی دەستپێشخەری ئێمە بۆ راگرتنی شەر بکات بەڵام ناوبراو بە پشتی دەست، داوایەکەی رەتکردنیەوە. ئەردۆغان هەم لە ئاستی سەربازی و هەم لە ئاستی دەروونی دۆڕاوە بۆیە وا هات و هاوار دەکات و ئەو ئەدەبیاتە قێزەونە بەکار دێنێ.

دەمیرتاش کاردانەوەی توندی بەرانبەر بە سووکایەتی ئەردۆغان نیشان دا و وتی: چیتر سووکایەتی و هەرەشەی سەر گەلی کورد قەبووڵ ناکەین. بەو گوڕگرتنە ئاشتی مسۆگەر نابێ، ئەردۆغان و حیزبەکەی چ دەکات با بیکات، گەلی کورد، تا ئەمرۆ هەر لایەنگری چارەسەری ئاشتیانە بووە بەڵام بەدەپە قەبووڵی ئەو پێناسەیە لە تیرۆریزم ناکات کە ئێوە تاریفی دەکەن. ئێوە تا حیسابی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی نەدەن، بۆتان نییە هات و هاوار بکەن، دوایین کەس و دوایین حیزب ئاکەپەیە کە مافی ئەوە دەبێ بە خۆی بدات بە بەدەپە بڵێ تیرۆریست. ئەوانەی لە شاخن، لە داخی شۆڤێنیزم و ناعەدالەتی تۆ [مەبەست ئەردۆغان] چوونەتە چیا، ئەوەی بیهەوێ بچێتە قەندیل دەزانێ چۆن بچێ، تۆ خەمی ئەوەت نەبێ، تۆ چارەسەری بدۆزەوە، رێگای هێنانەخواری ئەو گەنجانە لە چیاکان بدۆزەوە.

دەمیرتاش سەبارەت بە ئەگەری دەرکردنیان لە پارەلەمان و ئەگەری دەسپێکی پڕۆسەیەکی یاسایی دژ بە پارلەمانتارانی بەدەپەش وتی: دادگایی ئاکەپە ناتوانێ ئێمە محاکەمە بکات، ئەو دادگاییەی بە فەرمانی ئەردۆغان و ئاکەپە کار بکات، هیچ مەشروعیەتێکی نییە. سیستەمی قەزایی بە بیستنی ئەو دەستێوەردانە ئاشکرایەیی ئەردۆغان لە کارەکانی دا دەبێ ئیسفتا بکا دەنا هەرگیز ناتوانێ بێژێ ئێمە سەربەخۆین. نە پارلەمان هی ئاکەپەیە و نە سیستەمی قەزایی و هیچ کام لەوانە ناتوانن ئێمە دادگایی بکەن جگە لە خەڵکی خۆمان. ئەگەر مەردن، دۆسیەکانی دزی و گەندەڵی و ساختەکارییەکانی خۆتان بخەنە روو. ئەگەر مەردن با مافی حەسانەی هەموو پارلەمانتارەکان بە یەکەوە هەڵگیرن. ئەگەر بوێریتان هەیە.

هاوسەرۆکی بەدەپە لە دیاربەکرەوە وتیشی کە "نوێنەرانی کورد ناهێڵن ببنە قۆچی قوربانی و هەر بۆیەش جارێکی تر، بەڵام بۆ دوا جار هۆشدارتان پێ دەدەین کە ئەگەر ئەو کارە بکەن، پێداچوونەوە بە سەر هەموو بڕیارەکانمان سەبارەت بە بوونمان لە پارەلەمان دەدەین و دەگەڕێینەوە بۆ بڕیاری گەلی خۆمان. ئەوە کایەی منداڵان نییە و ئەوکات دەزانن کە کورد نادۆڕێ و تەنیا قازانج دەکات. ئێمە حەز دەکەین کورد و تورک پێکەوە قازانج بکەن بەڵام مادان ناتانهەوێ، ناهێڵین سووکایەتی بە گەلەکەمان بکرێ وبا ئەردۆغان ئەوە باش بزانێ بەو کارە، خۆی و حیزبەکەی و کورسییەکەی و حکوومەتەکەی ئەوە کە تێدادەچێ.

شایانی باسە کە پێشووتر، "پارتی کۆمەڵگای دێمۆکراتیک" دوا حیزب کوردەکانیباکوور بوو کە لە ١١ی دێسامبری ٢٠٠٩ لە لایەن دادگای یاسایی بنەڕەتی تورکیاوە داخرا. بەر لە دەتەپە، دێهاپ، هەپ، دەپ، هادەپ و چەند حیزبی تری کوردان داخرابوون و ئێستاش هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەو ئاڕاستە هەنگاو دەنێن کە "پارتی ئاشتی و دێمۆکراسی" کە ٣٦ کورسی لە پارلەمان هەیە و نزیک بە ١٠٠ شارەداری لە دەست دایە، دابخرێ.

منبع
سایت
nnsroj

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر