Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ مهر ۲, یکشنبه

بەهۆی سووتانەوە كچە قوتابییەكی نۆزدە ساڵ ژیانی لەدەستدا


بەهۆی سووتانەوە كچە قوتابییەكی نۆزدە ساڵ ژیانی لەدەستدا
وارڤین – هەولێر: دوای دوو رۆژ لە خۆ سووتاندنی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممه،‌ كچە قوتابییەكی تەمەن (19 ساڵ) بەناوی (زیلان حوسێن عوسمان) ژیانی لەدەستدا.

له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ (وارڤین) سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ رووداوه‌كه‌،كه‌ نه‌یویست ناوی بهێنرێت، رایگه‌یاند، (زیلان حوسێن عوسمان) لە قوتابخانە پۆلی (4ی ئامادەیی) بوو، بەهۆی دەرنەچوونییەوە لە خولی دووەمی تاقیكردنەوەكان رۆژی هەینی (21 / ئەیلوول – سێپتێمبەر / 2012) لە ماڵی خۆیاندا دوای ئەوەی نەوتی بەخۆیدا رێشت، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

 گوتیشی: "كەسوكاری ئەویان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەی تایبەت بە سووتان لە شاری هەولێر و وێڕای ئەوەی خرایە ژێر چاودێری پزیشكییەوە بەهۆی ئەوەی (%95)ی جەستەی سووتابوو، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ژیانی لەدەستدا".

پۆلیسی نەخۆشخانە توانیویانە دوا گوتەی (زیلان) وەربگرن، ئەو لە قسەكانییدا بۆ پۆلیس گوتویەتی: "خەفەتی زۆر خواردووە كە لە مەكتەب دەرنەچووە و بۆیە خۆی سووتاندووە".

پۆلیس پەڕاوی بۆ رووداوەكە كردووەتەوە، بەڵام (زیلان) سكاڵای لەسەر كەس تۆمار نەكردووە.

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا و بە تایبەتی دوای وەرگرتنەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی خولی دووەم، ژمارەیەك لەو كچە قوتابیانەی دەرنەچووبوون، خۆیان سووتاند و هەڕەشەی خۆكوشتنیان كرد.

ئەمە لە كاتێكدایە كە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی بە ئاقاری چارەسەركردنی ئەو كێشانە نەناوە كە لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی تاقیكردنەوەكان روودەدەن.

ئا: أ.ر
-----------------
هەرێم: لە (4) ساڵ و حەوت مانگدا نزیكەی دوو هەزار و (400) ژن كوژراون
وارڤین – هەولێر: لە ئامارێكدا دەركەوتووە تەنیا لە ماوەی چوار ساڵ و حەوت مانگدا (2) هەزار و (385) ژن ژیانیان لەدەستداوە و نزیكەی (399) ژن ناچار بوونە بۆ دەربازبوون لە فشارەكان پەنا بەرنە بە خۆسووتاندن و خۆ كوشتن.

بە گوێرەی ئامارێكی ئاژانسی (دیجلە) كە وێنەیەكی دەست (وارڤین) كەوتووە، هاتووە: "لە ماوەی (4) ساڵ و (7) مانگ دا (2) هەزار و (385) ژن بە هۆكاری جیاجیا پەنایان بردووەتە ‌بەر خۆكوشتن و لانی كەم (399) ژن ژیانیان لە دەستداوە و یان كوژراون.

بەگوێرەی لێكۆڵینەوەی ئاژانسەكە ، لە پارێزگاكانی هەولێر، دهۆك، سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان، لە نێوان ساڵانی (2008 – 2012)، ئەشكەنجە و لێدان ، سوتاندن و دەستدرێژی سێكسی سەر ژنان زیادی كردەوە، كەم بەم شێوەیە خراوەتە روو:

رۆژانە ژنێك خۆی سوتاندووە و یان كوژراوە .

هەر سێ رۆژ جارێك ژنێك دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر .

هەر چوار رۆژێك ژنێك كوژراوە، یان خۆی سوتاندووە .

بە گوێرەی ئامارەكەی ئەو ئاژانسە، پارێزگای سلێمانی لەریزی پێشەوەی شارەكانی دیكەوەیە لە توندوتیژی دژ ژنان. بەو پێیە:(108) ژن كوژراون، (275) ژن ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێكسی بوونەتەوە (6) هەزار و (790) ژن ڕووبەڕوو توندوتیژی بونەتەوە.

هەولێریش بە پلەی دووەم دێت بەم شێوەیە: (6)هەزار و (778) ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە (178) ژن بە خۆكوشتن یان بە كوشتن ژیانیان لە دەست داوە. دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەر (112) ژن .

پارێزگای دهۆك لە توندوتیژی سەر ژناندا لە پلەی سێهەم دا دێت و بەم شێوەیە:(2)  هەزار و (967) ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە (93) ژن كوژاون یان خۆیان كوشتووە (65) ژنیش دەستدرێژی سێكسی كراوەتە سەریان.

ئیدارەی گەرمیانیش لە پلەی چوارەی ڕیزبەندەیەكە دا دێت كە بەم شێوەیە:(900)  ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە. (24) ژن كوژراون و (10) ژنیش رووبەڕووی دەستدرێژی سێكسی بوونەتەوە.

لە پارێزگای كەركوكیش ، دیاردەی توندوتیژی سەر ژنان زۆر مەترسیدارە و لە ماوەی (7) مانگی ساڵی 2012 دا لانی كەم (118) ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونتەوە .

جێگای ئاماژەیە، ئەم ئاماژە تەنها ئەو توندتیژیانە دەگرێتەوە كە لایەن دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە تۆمار كران ، چونكە رێژەیەكی زۆر لە توندوتیژیەكان لە لایەن بنەماڵەكان و بەرپرسانەوە لە ژێر پەردەی شەرەف و ئابروچوونی بنەماڵە دا دەشاردرێنەوە و پەردەپۆش دەكرێن.

هەرچەندە حكومەتی هەرێم بانگەشەی دانانی پلانی ستراتیژی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان دەكات و چەند فەرمانگە و دەزگایەكی پەیوەست بەو پرسە لە هەرێمی كوردستان دمەزراون بەڵام ئاستی توندوتیژییەكانی دژ بە ژنان لە هەرێم تا دێت روو لە هەڵكشان دەكات و ژمارەیەك لە چالاكوانانیش لەو بڕوایەدان حكومەت جدی نییە لە چارەسەركردنی پرسی توندوتیژی دژ بە ژنان.
-----------------------
بنەڤش شاهین: كۆمەڵگە كێشەی ژنی نەكردووەتە پرسێكی سەرەكی
وارڤین - عەفرین: لە كۆبوونەوەیەكی فراواندا كە ژنان پێشەنگایەتییان دەكرد، چالاكوانی ژنی كورد و ئەندامی رێخكستنەكانی یەكیتی ستار (بنەڤش شاهین) رایگەیاند، تا ئێستا كۆمەڵگە كێشەی ژنی نەكردووەتە پرسی سەرەكی خۆی.
 
كۆبونەوەكە دوێنێ پێنجشەممە (20 / ئەیلوول – سێپتێمبەر / 2012) لە گەڕەكی ئەشرەفیەی شاری عەفرین بە پێشەنگایەتی رێكخستنەكانی یەكێتی ستار لە (ماڵی گەل) ئەنجامدرا و ژمارەیەكی زۆر لە ژنان و ئەندامانی ئەنجومەنی گەل بەشداریان كرد.
 
لەو میانەیەدا ئەندامی رێخكستنەكانی یەكیتی ستار (بنەڤش شاهین) سەبارەت بە رۆڵی ژنان وتەیەكی پێشكەش كرد و سەرنجی بۆ سەر رێبازەكانی چارەسەركردنی پرسەكانی ژنان راكێشا.
 
(شاهین) ئاماژەی بەوە كرد،‌ تا ئێستا لە كۆمەڵگای كوردیدا كێشەی ژن وەكو كێشەی یەكەمین و بناغەی كێشەكانی دیكەی كۆمەڵگە مامەڵەی لەگەڵ‌ ناكرێت.
 
گوتیشی:"تا پرسەكانی ژن چارەسەر نەبێت، كۆمەڵگە ناتوانێت پرسەكانی دیكەی چارەسەر بكات".
 
پاشان ژمارەیەك لە ئەندامانی یەكێتی ستار و ژنانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە لەسەر تەوەرەكە‌ بۆچوونی خۆیان خستەڕوو.
 
هەر لە كۆبوونەوەكەدا پێشنیازكرا كە درێژە بەو جۆرە چالاكییانەی ژنان بدرێت و نەك تەنیا لە شار و شارۆچكەكاندا، بەڵكو لە سەرجەم دێ و ناوچە دوورەدەستەكانیشدا بە ئامانجی هۆشیاركردنەوەی ژنان كە بەردی بناغەی كۆمەڵگایە، پەرە بەو چالاكییانە بدرێت.

س: ئه‌نه‌فه‌
------------------
رانیە: دوای هەشت رۆژ لە خۆسووتاندنی چرا محەممەد ژیانی لەدەستدا
وارڤین – رانیە: دوای هەشت رۆژ لە چەشتنی ئازار و ناسۆرەكانی سووتانی جەستەیەوە، ئەمڕۆ (چرا محەممەد) لە تەمەنی چواردە بەهاری تەمەنیدا ژیانی لەدەستدا.

(چرا محەممەد) پۆلی حەوتەمی بنەڕەتی بوو، ئەو تەمەنی تەنیا چواردە بەهار بوو، رۆژی پێنجشەممە (13 / ئەیلوول – سێپتێمبەر / 2012) دوای ئەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی خولی دووەمی وەرگرتەوە، بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەك لە پۆلەكەیدا مایەوە و دەرنەچوو.

دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵ هەر لەو رۆژەدا نەوتی بە جەستەی خۆیدا رێشت و ئاگری لە خۆی بەردا و بەو هۆیەوە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.

پزیشكەكانی نەخۆشخانەی (رانیە) چارەسەری سەرەتاییان بۆ كرد و لەبەر ئەوەی (85%)ی جەستەی سوتابوو، رەوانەی نەخۆشخانەی ئێمرجێنسی سلێمانیان كرد.

پۆلیسی رانیە پەڕاوی بۆ رووداوی خۆ سووتاندنی (چرا محەممەد) كردووەتەوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە.
   
ئەو رۆژەی (چرا محەممەد) خۆی تێیدا سووتاند رۆژێكی رەش بوو بۆ ژنانی هەرێمی كوردستان و تەنیا لەو رۆژەدا واتە رۆژی پێنجشەممە (13 / ئەیلوول – سێپتێمبەر / 2012) كچێك لە شارۆچكەی كەلار هەوڵی خۆكوشتنی دا و لە شارۆچكەی هەڵەبجەش كچە قوتابییەك لە رێگەی چەكەوە هەوڵی خۆ كوشتنی دا و هەروەها لە شارۆچكەی خانەقینكچێك بەهۆی سووتانەوە ژیانی لەدەستدا و لە شارۆچكەی (شنگال)یش ژنێك خۆی كوشت.

ئا:ئه‌رسه‌لان ره‌حمان
http://warvin.org

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر