كچێك مەلایەك بەر شەق دەدات
وارڤین - سمنان: سەید عەلی بەهەشتی، پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی شەمیرزاد لە پارێزگای سمنان، پاش ئەوەی لەبارەی پۆشینی جلوبەرگەكیانەوە هۆشداری دەداتە دوو كچی گەنج، لەلایەن یەكێك لەو دوو كچەوە هێرش دەكرێتەسەری و لەئەنجامدا بێهۆش دەبێت و رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێت.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی مێهری ئێرانی، پێرێ دووشەممە سەید عەلی بەهەشتی لەسەر شەقامەكان ئەمر بە كچێك دەكات و پێیدەڵێت كە "خانم خۆت داپۆشە"، یەكسەر كچەكەش وەڵامی دەداتەوەو پێیدەڵێ "تۆ چاوەكانت بپۆشە"، بەڵام پێداگری مەلا دەبێتە هۆی ئەوەی كە كچە ناو قەدی مەلا بگرێت و بە عەردی دا بدات و بە شەق و مشتەكۆڵە لە جەستەی بدات.
بەپێی قسەی پزیشكان سەید عەلی، بەهۆی لێدانی ئەو كچەوە جەستەی تووشی كوتران بووەو لەئێستاشدا رەوشێكی جێگیری نییە. سەید عەلی بەهەشتی بە ئاژانسی مێهری راگەیاندووە "لەكاتی رووداوەكەدا تەنیا گەنجێكی مزگەوت لەگەڵ ژنەكەم دا سەریان لێدام".
ئەو وەها درێژەی بەقسەكانی داوە: "بیستوومە كە فەرماندەی هێزەكانی پۆلیسی شارۆچكەی مەهدیشار چەندینجار لەبارەی رەوشی منەوە جەختی لەوە كردووەتەوە كە سەردانم دەكات و بەدوای پرسەكەدا دەچێت، بەڵام تائێستا كەس سەردانی نەكردوومە". ئەو كە پێشنوێژی مزگەوتە دەڵێت: "ئەوەی لام سەیرە كە هێچكام لە ناوەندەكانی "ئەمر بە باشەو نەهی لە خراپە" سەردانیان نەكردووم".
لێدان و تێهەڵدانی ئەو مەلا و بەسیجییانەی كە كاری "ئەمر بە باشەو نەهی لە خراپە" دەكەن، لە شەقامەكانی ئێران دیاردەیەكی باوەو هەفتەی رابردوویش بەهۆی كارێكی وەهاوە ئەمیر حسێن وەزیفە كە خوێندكاری زانكۆیە لەلایەن كۆمەڵێك گەنجی زانكۆی تارانەوە دراوەتە بەر شەق.
ئەو مەلا بەناوبانگانەی كە لە مانگەكانی رابردوودا دراونەتە بەر شەق، ئەمانەن:
مەحمود موستەفەوی مونتەزری – شوێنی تێهەڵدان: شەقامی 30 مەتری هێزی ئاسمانی تاران.
فەرزاد فروزش، وتارخوێن و پێشنوێژی زانكۆی زانستە پزیشكییەكانی تاران. شوێن: شەقامی شەریعەتی
مەلا خەیرئەندیش نوێنەری نووسینگەی رابەری ئێران سەید عەلی خامەنەیی – شوێن: كۆلیژی كشتوكاڵ
وردەكاری لێدانی مەلاكە
سەید عەلی، لەبارەی لێدانەكەیەوە بە ئاژانسی مێهری گوتووە: "دوو كچی گەنجم بینی لەرێگەدا كە یەكێكیان حیجابەكەی خراپ بوو و منیش پێمگوت خانم خۆت داپۆشە. زۆر بە ماقوڵانە پێمگوت. ئەویش لە وەڵامدا گوتی: "تۆ چاوەكانت بپۆشە". ئەم قسەیەم زۆر لەلا گران بوو و بووە هۆی ئەوەی ناڕەحەت بم".
ئەو گوتی: "لەوكاتەدا زۆر بەداخ بووم لەوەی كە بەد حیجابەكان ویستبێتیان ئەمر بە مرۆڤە بە دینەكان بكەن و پێیانبڵێن چاوەكانت داخە، بۆیە دووبارە پێمگوتەوە، بەڵام نە تەنیا خۆی دانەپۆشی، بەڵكو سووكایەتی پێكردم. منیش داوام لێكرد كە سووكایەتیم پێنەكات، بەڵام كردیە هەراو هەڕەشەی لێكردم".
عەلی بەهەشتی گوتی: "پاڵی پێوەنام و بە عەرزی دا دام. منیش لەسەر پشت كەوتم و ئیتر نەمزانی چی روویدا. تەنیا هەستم بەو تێهەڵدان و لێدان و جنێوانەی ئەو كچە دەكرد كە كەتبووە گیانم".
ئەو گوتی: "هێشتا شوێنی لێدانەكان گەرم بوو و ئازار رووی تێنەكردبووم، بەو حاڵەش چووم نوێژی جەماعەتم خوێند تا پاداشتەكەی وەربگرم. پاش نوێژ لە هۆش خۆم چووم و كاتێك بە ئاگا هاتمەوە لە نەخۆشخانە بووم".
سەید عەلی لەكۆتاییدا گوتی: "من ئێستا لە ماڵەوەم و لەئەنجامی ئەو لێدانەدا بە زەحمەت دەتوانم خواردن بخۆم و لەكاتی سەراویشدا خێزانەكەم یارمەتیم دەدات".
http://warvin.org
و:ع.ع
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر