Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ مهر ۱۰, دوشنبه

PJAK ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا دەکات؛مادەهۆشبەرەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدادەوە دێتە هەرێمی کوردستانەوە


PJAK ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا دەکات؛مادەهۆشبەرەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدادەوە دێتە هەرێمی کوردستانەوە

پێنوسەکان ...
PJAK رایگه‌یاند که‌ ده‌ست به‌سه‌ر (400) کیلۆ مادده‌ی Diphenoxylate دا گیراوه‌ که‌ له‌ دروستکردنی مادده‌ی هۆشبه‌ردا به‌کارده‌هێنرێت و ورده‌کاری چۆنێتی به‌دواداچوون و ده‌ستگیرکردنی کاروانه‌که‌ و بڕی مادده‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگیراوه‌که‌ و هه‌روه‌ها چۆنێتی گه‌یشتنی مادده‌که‌ی به‌ناوچه‌که‌ ئاشکرا کرد. PJAK رایگه‌یاند که‌ ئه‌و ماددانه‌ له‌ڕێگه‌ی فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غداوه‌ ده‌گاته‌ ناوچه‌که‌.


ناوه‌ندى راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نى پارتى ژیانى ئازادى کوردستان PJAK به‌لێدوانێک رایگه‌یاند که‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌پێش چاوی کامێراکان و به‌ ئاگاداری ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی کورد له‌ بناری قه‌ندیل بڕێک مادده‌ی هۆشبه‌ر سوتێنراون و ده‌ستنیشانی کرد که‌ لێکۆڵینه‌وه‌کانیان به‌ کۆتایی گه‌یاندووه‌.
له‌ لێدوانه‌که‌ی PJAKدا هاتووه‌:"هه‌روه‌ک گه‌له‌که‌مان ئاگاداره‌، ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر گه‌ریلاکانى هێزه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان HRK له‌ سه‌ر سنوورى باشوور و رۆژهه‌ڵاتى کوردستان ده‌ستی به‌سه‌ر کاروانێکى ماده‌ى هۆشبه‌ردا گرت که‌ ده‌گوازرایه‌وه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتى کوردستان و ئێستاکه‌ له‌ چوارچێوه‌ى لێکۆلینه‌وه‌کانماندا ئه‌نجامه‌که‌ى بۆ گه‌له‌که‌مان ئاشکرا ده‌که‌ین."
رژێمه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان گه‌نجانی کورد له‌ناو ده‌به‌ن
له‌لێدوانه‌که‌ی PJAK دا هاتووه‌ که‌ بێ ده‌نگی رژێمه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی سه‌ر کوردستان له‌به‌رامبه‌ر به‌ گواستنه‌وه‌ و بازرگانیکردن به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌ خۆی له‌خۆیدا سیاسه‌تی پشتیوانیکردنی کوشتنی لاوانی کورده‌.
PJAK ده‌ڵێت:" ماوه‌یه‌که‌ ماده‌ى هۆشبه‌رى جیاواز که‌ کاریگه‌رى چه‌ندین جار خرابترى له‌ تریاک و هێرۆیین هه‌یه‌ له‌ ناو کوردستان دا بڵاو ده‌بێته‌وه‌ و لاوانمان له‌ ناو ده‌بات. به‌ڵام له‌لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانى رژێمه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارانى کوردستانه‌وه‌ هیچ هه‌وڵدانێک بۆ رووبه‌ڕوو بونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م قه‌یرانه‌دا نییه‌. دیاره‌ ئه‌مه‌ بۆ خۆى سیاسه‌تێکى تایبه‌ته‌ به‌رانبه‌ر به‌ گه‌لى کورد که‌ به‌ ساڵانه‌ په‌یڕه‌و ده‌کرێت."
ده‌ستبه‌سه‌ر (400) کیلۆ مادده‌ی سه‌ره‌تایی Diphenoxylate دا گیراوه‌
ناوه‌ندى راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نى پارتى ژیانى ئازادى کوردستان PJAK ئاشکرای کرد که‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌ی گه‌ریلاکاندا که‌ له‌دوای لێکۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونێکی پێویست له‌سه‌ر مژاره‌که‌ ئه‌نجامدراوه‌، ده‌ست به‌سه‌ر بڕی (400) کیلۆ مادده‌ی سه‌ره‌تایی Diphenoxylate دا گیراوه‌ که‌ له‌دروستکردنی جۆره‌ مادده‌یه‌کی هۆشبه‌ردا به‌کارده‌هێنرێت، له‌و باره‌یه‌وه‌ PJAK رایگه‌یاند:"دواى ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنى (٤٠٠) کیلۆ گرام ماده‌ى سه‌ره‌تایى به‌ ناوى (Diphenoxylate) که‌ له‌ لابراتواره‌کاندا ماده‌ هۆشبه‌رى سه‌نعه‌تى شیشه‌ و کراکى لێ به‌رهه‌م دێت."
ئه‌و ماددانه‌ له‌ڕێگه‌ی فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غداوه‌ دێت
له‌و باره‌یه‌وه‌ ناوه‌ندى راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نى پارتى ژیانى ئازادى کوردستان PJAK رایگه‌یاند:"ئاگادار بووینه‌وه‌ که‌ ئه‌و ماده‌ سه‌ره‌تاییه‌ به‌ رێگاى کاسبکارانى سه‌ر سنووره‌کانى رۆژهه‌ڵات و باشوورى کوردستان که‌ له‌ رێگاى کۆڵبه‌رییه‌وه‌ ژیانى خۆیان دابین ده‌که‌ن، ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتى کوردستان."
وتیشی:"له‌م چوارچێوه‌یه‌دا دوابه‌دواى لێکۆلینه‌وه‌کانمان ئاشکرا بوو که‌ ئه‌م ده‌رمانانه‌، به‌ رێگاى فرۆکه‌خانه‌ى به‌غداوه‌ به‌ فه‌رمى دێته‌ ناو هه‌رێمى باشوورى کوردستان و له‌ باشوورى کوردستانه‌وه‌ بۆ لابراتواره‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان له‌ شاره‌کانى (سنه‌، ورمێ، سه‌رده‌شت، پیرانشار، مه‌ریوان و نه‌ڵاسى سه‌ربه‌ سه‌رده‌شت) ده‌گوازرێته‌وه‌.
بازرگانی ئه‌و (400) کیلۆیه‌ که‌سێکی خه‌ڵکی قه‌ڵادزێیه‌
له‌ به‌رده‌وامی راگه‌یاندنه‌که‌ی PJAKدا هاتووه‌:"خاوه‌نى ئه‌م باره‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌ که‌ گوازراوه‌ته‌وه‌، که‌سێکه‌ به‌ ناوى (حاجى چاوشین) خه‌ڵکى ناوچه‌ی قه‌ڵادزێی باشوورى کوردستان و نیشته‌جێى سلێمانییه‌ و بۆ که‌سێک به‌ ناوى (عه‌بدوڵا ره‌یحانى) خه‌لکى شارى سه‌رده‌شت به‌ رێى ده‌کات، که‌وه‌کوو شه‌به‌که‌ى مافیایى کار ده‌که‌ن. به‌ڵام دواى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌و مادده‌ هۆشبه‌رانه‌، دیار بوو که‌ کاسبکارانى سه‌ر سنوور به‌ بێ ئه‌وه‌ى بزانن چ ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتى کوردستان به‌ ته‌نیا له‌ پێناو دابین کردنى ژیاندا ئه‌وانه‌ له‌ سنوور ده‌په‌رێننه‌وه‌."
بازرگانه‌که‌ تا ئێستاش له‌ هه‌رێمی کوردستانه‌ و به‌رده‌وامه‌ له‌کاره‌که‌ی
PJAK ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ بازرگانه‌ ناوبراوه‌که‌ تا ئێستاش له‌ هه‌رێمی کوردستانه‌ و به‌هه‌مان کاره‌وه‌ سه‌رقاڵه‌، PJAK ورده‌کارییه‌کان وه‌ها ده‌خاته‌ روو:"که‌سانى ناوبراو به‌ تایبه‌ت حاجى چاوشین که‌ رۆڵى سه‌ره‌کى له‌ گواستنه‌وه‌ و بازرگانى ئه‌م ماده‌ دا هه‌یه‌ ئێستا له‌ باشوورى کوردستان به‌ هه‌مان ئیشه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌."
حکومه‌تی هه‌رێم لاوازه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌و کاره‌
له‌ راگه‌یه‌نراوه‌که‌ی ناوه‌ندى راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نى PJAK دا هاتووه‌ که‌ ئه‌و جۆره‌ که‌س و گروپانه‌ بوێری له‌ لاوازی حکومه‌تی هه‌رێم وه‌رده‌گرن و ده‌ڵێت:"خاڵى سرنج ڕاکێش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م که‌سانه‌ به‌ رێگا جیاوازه‌کانى سنوورى باشوورى کوردستان بازرگانى خۆیان ده‌که‌ن و هه‌وڵدانه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌م چه‌شنه‌ بازرگانییه‌ لاوازه‌ و حه‌ساسیه‌تى زۆرترى پێویسته‌."
پێشمه‌رگه‌ ته‌نیا هێزی شه‌ڕ و شۆڕش نییه‌
له‌ راگه‌یه‌نراوه‌که‌دا هاتووه‌:"بێ ‌گۆمان ئه‌رکى سه‌ره‌کى حکوومه‌تى هه‌رێم و هێزى پێشمه‌رگه‌ وه‌ک هێزێکى پاراستن ته‌نیا بۆ ده‌مى شۆڕش ناگه‌رێته‌وه‌ به‌ڵکوو پاراستى کۆمه‌ڵگا له‌ به‌رامبه‌ر شه‌ڕى تایبه‌ت دژ به‌ کۆمه‌ڵگا و دابین کردنى هێمنى رۆحى و ده‌روونى له‌ ئێستادا ئه‌رکێکى شۆڕشگه‌رى نه‌بڕاوه‌یه‌. له‌م پێناوه‌دا داوا له‌ کاربه‌ده‌ستانى باشوورى کوردستان ده‌که‌ین که‌ رێگا نه‌ده‌ن به‌م شێوازه‌ بازرگانییه‌ که‌ به‌ ته‌نیا کوشتن و له‌ناو بردنى گه‌نجان و منداڵانى گه‌لى کوردى کردووه‌ته‌ ئامانج."
پێویسته‌ گه‌له‌که‌مان هۆشیاربن له‌و جۆره‌ کارانه‌
له‌کۆتایی لێدوانه‌که‌یدا ناوه‌ندى راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نى PJAK بانگه‌وازی هۆشیاری له‌ گه‌لی کورد ده‌کات و ده‌ڵێت:"سه‌رجه‌م گه‌له‌که‌مان پێویسته‌ له‌م پێناوه‌دا هۆشیار بن و هه‌ڵوێستى شیاو بنوێنن و به‌ تایبه‌ت ئه‌رکى حکوومه‌ت له‌م بواره‌دا وه‌بیر کاربه‌ده‌ستان بێننه‌وه‌. ئێمه‌ش وه‌ک پارتى ژیانى ئازادى کوردستان PJAK له‌ سه‌رجه‌م کوردستان به‌رانبه‌ر به‌ بازرگانى ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان راده‌وستین و به‌ واتایه‌یه‌کى راستر دژ به‌ سیاسه‌ته‌ نه‌رمه‌کانى دوژمنانى گه‌لى کورد له‌ تێکۆشاندا ده‌بین و ئیزن به‌ که‌س ناده‌ین ببێته‌ ئه‌مرازى سیاسه‌تى له‌ ناو بردنى گه‌لى کورد."
شایانی باسه‌ له‌ رۆژی 20ی ئه‌یلولدا ناوه‌ندی راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نی PJAK رایگه‌یاندبوو که‌ هێزه‌کانیان له‌سه‌ر سنووره‌کانی نێوان قه‌ڵادزێ و سه‌رده‌شت ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێک مادده‌ی سه‌ره‌تایی هۆشبه‌رداگرتووه‌ و سوتاندوویانه‌ که‌ئه‌و ماددانه‌ له‌ دروستکردنی ماددی سه‌ره‌کی هۆشبه‌ردا به‌کارده‌هێنرێن.
------------------------

خوێندکارانی ناوچە دابڕاوەکان ناچار دەکرێن بە زمانی عەرەبی بخوێنن

یاساناسێک: لەرووی یاساییەوە کورد بۆی ھەیە کە داوای کردنەوەی کۆلێژ بکەن کە تەنھا بەزمانی کوردی بێت.
خوێندکارێک: لە پۆلی یەکی سەرەتاییەوە بە زمانی  خۆم دەخوێنم بەڵام ئێستا ناچار دەکرێم بە عەرەبی بخوێنم.
محەمەد ئەحمەد - خورماتوو..
خوێندن, سەرچاوەی وەرگرتنی زانست و زانیارییە, ھەمووساڵێکی خوێندن بەکردنەوە دەرگای قوتابخانەکان خوێندکاران روودەکەنە قوتابخانەکان بۆ فێربوون لە پۆلێکی نوێدا, ھەموو کەس و نەتەوەیەک بە زمانی دایک دەخوێنێت, بەم بۆنەیەوە ھەموو ساڵێک خوێندکاران کوردەکانی ناوچە دابڕاوەکان توشی کێشەدەبن چونکە لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان وەرناگیرێن و ناچار دەکرێن لە زانکۆکانی عێراق بخوێنن کە بە زمانی عەرەبی دەخوێنن, ھەربۆیە وای کردووە خوێندکاران بەمەبەستی وەرگرتن لە زانکۆکانی ھەرێم روو لە شاراکانی سنوری ھەرێمی کوردستان بکەن.
سەباح نوری, خوێندکاری شەشی ئامادەیی لە خورماتوو دەخوێنێت ووتی, بەمەبەستی وەرگرتنم لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵی خوێندن من و کۆمەڵە خوێندکارێکی برادەرم روومان کرد لە شاری کفری, من دانیشتووی خورماتووم ئەبوایە ھەموو رۆژێک بچومایەتە کفری بۆ دەوامی قوتابخانەکەم و ئەمەش کارێکە کە مەترسی ھەیە بۆ خوێندنەکەم و وادەکات نمرەی کەمتر بەدەست بھێنم, بۆیە ناچار بووم ھەر لە شارەکەی خۆم بمێنمەوەو سوریش دەزانم کە لەپاش تەواو کردنی پۆلی شەش ئەبێت لە زانکۆ بە زمانی عەرەبی بخوێنم و ئەمەش کێشەی من و سەرجەم ئەو خوێندکارانەیە کە بەزمانی کوردی دەخوێنن لە ناوچە دابڕاوەکان.
ھیوا عەلی, دەرچوی شەشی ئامادەیی ووتی: خۆزگە ھەر بەزمانی عەرەبی بمخوێنایە چونکە من ئێستا لەپاش دەرچوونم لە پۆلی  شەشی ئامادەیی ئەبێت لە بەغدا بخوێنم چونکە ناووم لەوێ دەرچووە, من لە پۆلی یەکی سەرەتاییەوە بە زمانی  خۆم دەخوێنم بەڵام ئێستا ناچار دەکرێم بە عەرەبی بخوێنم و ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەرم ھەیە چونکە من بەھیچ شێوەیەک عەرەبی نازانم, داواکارم خەمێک لە ئێمە بخۆنەوە چونکە ئەمە دوارۆژی چەندینی وەکو منی لەسەر بەندە.
ھەڵکەوت تاھا, بەرپرسی لقی بەغدای کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان ووتی: بەڕاستی خوێندکارانی ناوچەدابڕاوەکان کێشەی زۆریان ھەیە و ئێمەش لە نزیکەوە ئاگەداری ئەوانین, لەوانە ئەوخوێندکارانە لەپاش تەواوکردنی پۆلی شەشی ئامادەیی ناچار دەکرێن بەزمانی عەرەبی بخوێنن و ئەمەش کێشەیکە لە ئاستی خوێندکاران کەم دەکاتەوە, وە سەبارەت بە خوێندنیان لە زانکۆکانی عێراق, ئەوە ھیچ کێشەیەک نییە چونکە بە ئیداری ناوچەدابڕاوەکان سەربە حکومەتی عێراقن, ئەتوانین بڵێن بەرپرسانی کورد لە بەغدا کەمتەرخەمن سەبارەت بە کردنەوەی زانکۆ بەزمانی کوردی و ئەمەش مافێکی رەوایە چونکە زمانی کوردی زمانێکی رەسمییە لە عێراقدا.
یاساناسێک سەبارەت بە تەوەرەکەمان ووتی: لەرووی یاساییەوە کورد بۆی ھەیە کە داوای کردنەوەی کۆلێژ بکەن کە تەنھا بەزمانی کوردی بێت, چونکە زمانی کوردی زمانێکی فەرمییە لە حکومەتی عێراقدا, وە نەکردنەوەی کۆلێژ کەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە تاکو ئێستا کۆلێژ نییە بەزمانی کوردی لە پارێزگاکانی عێراق.
بەپرسێکی پەروەردەی خورماتوو ووتی: بەووتەی بەرپرسانی شارۆچکەی خورماتوو ئەبوایە چەند ساڵێک پێش ئێستا کۆلێژێک بۆ شاری خورماتوو بکرایەتەوە و ئەو کۆلێژە ئەبووە ھۆی چارەسەرکردنی بەشێک لەوکێشانەی کە رووبەروی خوێندنی کوردی دەبێتەوە لە خورماتوو, بەڵام کردنەوەی ئەو کۆلێژە ھەر قسە بوو و تاکو ئێستا ھیچی دیار نییە, بەڕاستی ئەم کێشانە ئەرکی سەر شانی حکومەتە و حکومەتی مەرکەزی ھیج بایەخێک بە خوێندنی کوردی نادات بۆیە ئەبێت حکومەتی ھەرێم خەمێکی بخوات و ھەستێت بەچارەسەرکردنی ئەم کێشەیە, چونکە زۆر ئەستەمە بۆ خوێندکار بەزمانی کوردی بخوێنێت و ھەر لەگەڵ چوونی بۆ کۆلێژ یان پەیمانگا ئەبێت بەعەرەبی بەردەوامی بە خوێندنەکەی بدات.
لەکۆتاییدا ئەوە ماوەتەوە بیڵێن, ئایە حکومەتی ھەرێم کەی بێدەنگی دەشکێنێت و کێشەی خوێندنی کوردی لە ناوچەدابڕاوەکان چارەسەر دەکات بەشێوەیەک چیتر خوێندکاری کورد ناچار نەکرێت بە زمانی غەیرە کوردی بخوێنێت.
http://www.penusakan.com

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر