Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ تیر ۷, چهارشنبه

داود باغستانی: گه‌ر ئێران مولودیان كوشتبێت، ئه‌وا ده‌ دیبلۆماسی ئێران ده‌كوژم

داود باغستانی: گه‌ر ئێران مولودیان كوشتبێت، ئه‌وا ده‌ دیبلۆماسی ئێران ده‌كوژم


هیوا به‌رزنجی ـ رووبه‌رنێت
له‌م دیداره‌ تایبه‌ته‌ی‌ (رووبه‌رنێت)دا، داود باغستانی سه‌رۆكی ده‌زگای ئیسرائیل ـ كورد باسی ئه‌گه‌ره‌كان و چۆنیه‌تی رفاندنی مه‌ولود ئا‌فه‌ند ده‌كات، راشیده‌گه‌یه‌نێت گه‌ر ئێران مولودیان كوشتبێت، ئه‌وا ئه‌و ده‌ دیبلۆماسی ئێران ده‌رفێنت و ده‌یانكوژێت، ئه‌وه‌ش دووپاتده‌كاته‌وه‌ هیچ له‌ واقعی توركیا به‌رامبه‌ر به‌ كورد نه‌گۆڕاوه‌.

رووبه‌رنێت: له‌رۆژانی رابردوو ده‌زگای ئیسرائیل ـ كورد، تووشی كێشه‌ی رفاندنی سه‌رنووسه‌ری گۆڤاره‌كه‌ی له‌ شاری سلێمانی بۆوه‌، تائێستاش روون نییه‌ كێ رفاندوویه‌تی، ئایا راستی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ چۆنه‌؟داود باغستانی: پێشتر هیچ قسه‌یه‌كم له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ رێگه‌ی ماڵپه‌ری (رووبه‌رنێت)ه‌وه، له‌سه‌ر دیارنه‌مانی مه‌ولود ئافه‌ند‌ قسه‌ ده‌كه‌م، تائێستا چۆنیه‌تی دیار نه‌مانی مه‌ولود بۆمن رووننه‌بۆته‌وه‌، به‌رله‌ رۆیشتنیشی بۆ سلێمانی، رۆژی دوو سێ جار ته‌له‌فۆنم بۆی ده‌كرد و به‌یه‌كه‌وه‌ قسه‌مان ده‌كرد، به‌ڵام له‌پر په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵی پچڕا و ئێستاش هیچ په‌یوه‌ندیه‌كم پێوه‌ی نه‌ماوه‌، بۆیه‌ نازانم مه‌سه‌له‌كه‌ش چییه‌؟ به‌س ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم دڵنیام له‌وه‌ی پارتی ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ ناكات، پێشتر به‌ مه‌ولودم وتبوو به‌بێ ئاگاداری من نه‌چێته‌ هیچ جێگه‌یه‌ك، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كه‌ رۆیشته‌ سلێمانی منی ئاگادار نه‌كردووه‌، بۆیه‌ش ئێستا زانم چی به‌سه‌رهاتووه‌ و له‌ كوێیه‌؟ قسه‌ش زۆر له‌باره‌ی دیار نه‌مانیه‌وه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام هیچ كه‌سێك به‌بێ به‌ڵگه‌ تۆمه‌تبار ناكه‌م.

رووبه‌رنێت: واته‌ هیچ زانیارییه‌كت نییه‌ كه‌چی به‌سه‌ر هاتووه‌؟داود باغستانی: نه‌خێر، به‌ڵام وه‌ك باسده‌كرێت، گه‌ر بۆم به‌سلمێت كه‌ ئێران ئه‌و كاره‌ی كردووه‌، ئه‌وا منیش 14 ده‌وڵه‌ت له‌دژی ئێران ده‌هێنمه‌ خه‌ت، چونكه‌ ئێران باش من ده‌ناسێت و ده‌زانێت من چیم و چیم پێده‌كرێت، بۆیه‌ پێمخۆشه‌ شتی وانه‌بێت و ئینشاءلله‌ ئه‌و ده‌نگۆیه‌ ناراسته‌، به‌ڵام گه‌ر راست بێت ئه‌وا له‌ ئێران قبووڵ ناكه‌م، گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمیش بێت ئه‌وه‌ شتێكی دیكه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ من هیچ شتێكم له‌ دژی حكومه‌تی هه‌رێم نه‌كردووه‌، بۆیه‌ش حكومه‌تی هه‌رێم به‌وكاره‌ تۆمه‌تبار ناكه‌م، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌زانین دۆخی حكومه‌ت له‌چیدایه‌ و هه‌ر عه‌یبیشه‌ باری حكومه‌تی هه‌رێم گران بكه‌ین.

رووبه‌رنێت: وه‌ك به‌رێزیشتان ئاماژه‌تان بۆ كرد و زۆرێك له‌هاوڕێ رۆژنامه‌نووسه‌كانی مه‌ولود ئافه‌ندیش له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك فه‌یسبووك و تیوته‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دان كه‌ ئێران له‌پشتی ئه‌و دۆسییه‌وه‌یه‌ و مه‌ولودی رفاندووه‌، ئایا هیچ زانیارییه‌كی ده‌قیقتان له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌یه‌؟داود باغستانی: وه‌ك ئاماژه‌م بۆكرد، ئێستا هیچ كه‌س و لایه‌نێك به‌ رفاندنی مه‌ولود تۆمه‌تبار ناكه‌م، به‌ڵام گه‌ر ئیسپات بوو كه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران مه‌ولودی رفاندووه‌، ئه‌وكاته‌ ده‌زانن وه‌ڵامی من چییه‌ و چی ده‌بێت!.

رووبه‌رنێت: واته‌ پێشتر هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كتان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ له‌سه‌ر بووه‌؟داود باغستانی: بێگومان، تائێستاش سێ كه‌س له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئێران بۆ كوشتنی من ناردبوونی لای ئاسایشی گشتی هه‌ولێر گیراون و له‌ زیندان دان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش سكاڵام له‌سه‌ریان تۆمار نه‌كرد، به‌ڵام دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه‌ گه‌ر ئێران مه‌ولودی رفاندبێت، ئه‌وا وه‌ڵامی ئێمه‌ش ده‌بینیێت.‌  

رووبه‌رنێت: له‌ ئه‌گه‌ری رفاندنی مه‌ولود ئافه‌ند له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌‌ وه‌ڵامی ئێوه‌ بۆ ئێران چی ده‌بێت؟داود باغستانی: وه‌ڵامی ئێمه‌ له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی و جیهانی ده‌بێت، بۆ ئه‌و پرسه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و چه‌ندین وڵاتی تر قسه‌م كردووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ راستبێت ئێمه‌ ده‌توانین زۆر شت بكه‌ین، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكی زوو ده‌یبینن.

رووبه‌رنێت: تائێستا بۆ ئێوه‌ روون بۆته‌وه‌ سه‌ردانی سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ئیسرائیل ـ كورد له‌هه‌ولێره‌وه‌ بۆ سلێمانی چی بووه‌؟داود باغستانی: به‌ته‌واوی نا، به‌ڵام زانیاری هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر داوای ژنێكی سه‌ر به‌ موجاهیدینی خه‌لق چووه‌ بۆ سلێمانی، به‌ڵام ئه‌و به‌منی نه‌وت ده‌چم بۆ سلێمانی، نازانم ئه‌وه‌ش دروسته‌ یان نا، بۆیه‌ هه‌ر شتێك له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵێم راست نییه‌، چاوه‌ڕانی لێكۆلینه‌وه‌ و ئه‌نجامه‌كانی ده‌كه‌ین، ئایا گیراوه‌ یان رفاندراوه‌ یاخود كوژراره‌وه‌...هتد، ئه‌وكاته‌ قسه‌ی خۆمان ده‌بێت، وه‌ڵڵاهی گه‌ر ئێران مه‌ولودی رفاندبێت یان كوشتبێتی، ئه‌وا من ده‌ دیبلۆماسی ئه‌وان ده‌رفێنم و ده‌یانكوژم، هه‌رچه‌نده‌ نه‌پارتیم و نه‌یه‌كێتیم، به‌ڵكو كه‌سێكی هه‌ژارم، به‌ڵام دۆست و هه‌ڤاڵم هه‌نه‌و و ده‌توانم كاربكه‌م و گه‌ر ئیسپاست بێت ئه‌وان ئه‌وكاره‌یان كردووه‌ به‌ڵێنی خوا بێت كه‌ كارێكی وایان پێبكه‌م كه‌ له‌ بوونی خۆیان په‌شیمان ببنه‌وه‌.

رووبه‌رنێت: دوور له‌ هه‌ڕه‌شه‌ هه‌نگاوی كردای تۆ له‌و باره‌یه‌وه‌ چی ده‌بێت؟داود باغستانی: گه‌ر ئێران مه‌ولودی بردبێت یان كوشتبێتی، ئه‌وكاته‌ كێشه‌ی من له‌گه‌ڵ ئێران ده‌بێت و له‌گه‌ڵ كه‌س نامێنێت، جیاوازی له‌نێوان من و مه‌ولود نییه‌، گه‌ر ئێران ئه‌و كاره‌ی له‌گه‌ڵ مه‌ولود كردبێت، واته‌ له‌گه‌ڵ منی كردووه‌، به‌ڵام نامه‌وێت لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ رابگه‌یه‌نم كه‌ چی به‌رامبه‌ر ئێران ده‌كه‌م و ئه‌وكاته‌ی كه‌ بووه‌ راستی، ئه‌وا به‌چاوی خۆتان ده‌بینن چی له‌ئێران ده‌كه‌م، خوازیارم ئێران ئه‌و "كه‌ریه‌ته‌ی" له‌گه‌ڵ من نه‌كات، چونكه‌ باشم ده‌ناسن چی ده‌كه‌م.

رووبه‌رنێت: چۆنه‌ تائێستا نه‌تانزانیوه‌ كێ هاوڕێكه‌تانی رفاندووه‌؟داود باغستانی: ئه‌وه‌ی ئێستا من له‌گه‌ڵ ئێوه‌ قسه‌ ده‌كه‌م یه‌كه‌مین جاره‌ له‌ دوای دیارنه‌مانی مه‌ولوده‌وه‌ لێدوان بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن بده‌م و ئه‌وه‌ی پێشووتر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ هه‌موو ناراسته‌ و به‌ده‌می منه‌وه‌ كراوه‌، حه‌زیش له‌ قسه‌ی زیاده‌ ناكه‌م، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانم تابزانم ئه‌نجام چی ده‌بێت، چونكه‌ مه‌ولود بۆمن وه‌ك كوڕ یان برازام وایه‌ ئه‌وه‌ی شتێك به‌رامبه‌ر به‌ئه‌و بكات، واته‌ به‌رامبه‌ر به‌ منی كردووه‌، ده‌گوترێت ئێرانییه‌كان له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ كرمانشان رفاندوویانه‌، به‌ڵام نازانم وایه‌ یان نا.

رووبه‌رنێت: ئه‌ی تائێستا ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سلێمانی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كیان به‌ ئێوه‌ داوه‌؟داود باغستانی: نه‌خێر، به‌ڵام من ته‌له‌فۆنم بۆ عیسمه‌ت ئه‌رگوشی به‌رێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی هه‌ولێر  كرد، پێموت عیسمه‌ت ئه‌وه‌ مه‌ولود چووته‌ سلێمانی و دیار نییه‌ پێویسته‌ ئاگاتان لێی بێت و هیچتر نا، خۆزگه‌ ئه‌و ته‌له‌فۆنه‌شم نه‌ده‌كرد، چونكه‌ حه‌زناكه‌م ته‌له‌فۆن بۆ هیچ كه‌س بكه‌م، ئێستا 28 منداڵم هه‌یه‌ گه‌ر بشمرن نامه‌وێت ته‌له‌فۆن بۆ كه‌س بكه‌م.

رووبه‌رنێت: به‌ده‌ر له‌و هه‌موو گرفتانه‌ی له‌ كوردستان رووبه‌رووی رۆژنامه‌نووسان ده‌بێته‌وه‌، وه‌ك باس ده‌كرێت مه‌ولود له‌لایه‌ن وڵاتێكی دراوسێه‌وه‌ له‌ سلێمانی رفێنراوه‌، به‌ڵام تائێستا رۆژنامه‌نووسانی سلێمانی به‌تایبه‌تی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی له‌ میدیا ئه‌هلییه‌كان كارده‌كه‌ن هیچ هه‌ڵوێستێكی روونیان له‌وباریه‌وه‌ نه‌بووه‌، بۆچوونی به‌رێزتان له‌وباره‌یه‌وه‌ چییه‌؟داود باغستانی: ئه‌مانه‌ رۆژنامه‌نووس نین، كام رۆژنامه‌نووس؟؟،  ئه‌وانه‌ ته‌نیا ده‌زانن مه‌تحی تاڵه‌بانی و بارزانی بكه‌ن!!، ئه‌وانه‌ بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆ نین!، گه‌ر بێلایه‌ن بن وه‌ك مه‌ولود یان دێنه‌ رفاندن یان ده‌كوژرێن!.

رووبه‌رنێت: پرسێكی دیكه‌ كه‌ ده‌مویست له‌گه‌ڵ جه‌نابتان باسی لێوه‌بكه‌م، پرسی ئاشتی نێوان توركیا و په‌كه‌كه‌یه‌، ئایا ئه‌مه‌ به‌ كوێ گه‌یشتووه‌؟داود باغستانی: به‌رێزم توركیا هیچ شتێكی بۆ كورد له‌ هه‌گبه‌دا نییه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ ده‌زانێت به‌ په‌كه‌كه‌ بڵێت وه‌رن خۆتان ته‌سلیم بكه‌نه‌وه‌ و نوێژ بكه‌ن بۆ توركه‌كان و بڵێن ئه‌ردۆگان "خودایه‌"، كوردیش به‌نامووسه‌ و ئه‌و كاره‌ ناكات، ئه‌گینا توركیا هیچی بۆ كورد نه‌كردووه‌ و جگه‌ له‌ماڵوێرانی ئه‌وتا چل ساڵه‌ شه‌ڕ به‌ كورد ده‌فرشێت و كوردان ده‌كوژن.

رووبه‌رنێت: كه‌واته‌ بۆچی وا به‌چڕی بانگه‌شه‌ بۆ دانانی چه‌ك له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ ده‌كرێت و له‌ دواین لێدوانیشدا مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كه‌ناڵی (TRT6)ى توركياوه‌وه‌ داوای له‌په‌كه‌كه‌ كرد چه‌كه‌كانیان دابنێن، ئایا ئه‌مه‌ چ ده‌رئه‌نجامێكی ده‌بێت؟داود باغستانی: نه‌خێر هیچ ده‌رئه‌نجامێكی نابێت، پێویست نه‌بوو سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌و داوایه‌ش بكات، چونكه‌ هیچ له‌ واقعی توركیا به‌رامبه‌ر به‌ كورد نه‌گۆڕاوه‌، ئه‌گینا ئه‌و كوردانه‌ شێت بوون كه‌ به‌چیا كه‌وتوون، بۆ مه‌لا مسته‌فا و شێخ عه‌بدولسه‌لام و شێخ نه‌هری كه‌ چوونه‌ چیا شێت بوون؟، كه‌ دواتر هه‌موویان له‌ پێناو ئه‌م میلله‌ته‌ شه‌هیدكران و له‌سێداره‌ دران، كه‌واته‌ چۆن په‌كه‌كه‌ ئه‌مانه‌ له‌ بیرده‌كات و ده‌چێت چه‌ك دابێت و خۆی ته‌سلیم بكات، شتی وانییه‌ و ئه‌مه‌ خه‌یاڵه‌.

رووبه‌رنێت: به‌ڵام تۆش ‌لێدوانێكت له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ی توركیا و هه‌ڵوێستی ماڵباتی بارزانی به‌تایبه‌تی هه‌ڵوێستی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ میدیای توركی هه‌بوو، ئه‌مه‌ چۆن بووه‌؟داود باغستانی: ئه‌وه‌ هیچ راستییه‌كی تێدانییه‌ و ئه‌وه‌ی به‌ناوی من بڵاوكراوته‌وه‌ دووره‌ له‌راستییه‌وه‌، من چۆن ده‌چم له‌ میدیای توركی له‌سه‌ر ماڵباتی بارزانی قسه‌ ده‌كه‌م، له‌كاتێكدا بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌شه‌ڕه‌ف و خاوه‌ن هه‌ڵوێستن و رێبازێكی پاك و خاوێنیان هه‌یه‌ و هه‌مووكه‌س سه‌ری پێوه‌ به‌رزه، رێزم بۆ سه‌رۆك بارزانی و كاك نێچیرڤانیش هه‌یه‌.

رووبه‌رنێت: به‌نیازی كه‌ی بگه‌رێیته‌وه‌ بۆ كوردستان و پرسی مه‌ولود ئافه‌ندیش چۆن چاره‌سه‌رده‌كه‌یت؟
داود باغستانی: چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌م سه‌ره‌داوێكم له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی مه‌ولود بۆ روونبێته‌وه‌، ئه‌وكاته‌ كاری خۆم ده‌كه‌م، چونكه‌ ئێستا من له‌ كوردستانی توركیا (باكور) له‌ گوندی داغستان له‌ ماڵباتی خۆمم، عه‌شیره‌تی من ملیۆن و نیوێكه‌ گه‌ر یه‌كده‌نگ بین ده‌توانین سێ ده‌وڵه‌ت بروخێنین.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر