Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ تیر ۸, پنجشنبه

عەبدولباست سەیدا: قسەكانی غەلیون لەبارەی "كوردستانی سووریا" راست نەبوون

عەبدولباست سەیدا: قسەكانی غەلیون لەبارەی "كوردستانی سووریا" راست نەبوون


دوای سەركردایەتیكردنی سێ خولی ئەنجوومەنەكە لەلایەن د.بورهان غەلیون، هەفتەی رابردوو، ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا، كە گەورەترین بەرەی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە، عەبدولباسیت سەیدای بە سەرۆكی ئەنجوومەن هەڵبژارد. عەبدولباست كوردێكی خەڵكی شاری ئامودەی رۆژئاوای كوردستانە. (رووداو) لە رێگەی تەلەفۆنەوە ئەو هەڤپەیڤینەی لەگەڵ ساز كرد.

هەڤپەیڤین: هێمن خۆشناو

رووداو: قەت لەو باوەڕەدابووی رۆژێك بەخۆت یان كوردێكی دیكە ببێتە سەرۆكی ئەو ئەنجوومەنە؟
عەبدولباست سەیدا: بەڵێ، چونكە ئەوكاتەی لەگەڵ چەند هاوڕێیەك لەسەر دامەزراندنی ئەو ئەنجوومەنە رێككەوتین، قسە لەسەر ئەوە دەكرا كە من ببمە سەرۆكی ئەو ئەنجوومەنە. لەوانەیە هەندێكجار هەندێك كەس ئیرەیی نیشانبدەن، كە چۆن كوردێك دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا. ئەمڕۆ ئەو ئاستەی ئەنجوومەن بڕیویەتی، رێگە دەدات هەر هاووڵاتییەكی سووریا ببێتە سەرۆكی ئەو ئەنجوومەنە. 

رووداو: كێ بەرپرسیارە لە داڕشتنی سیاسەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا، سەرۆكی ئەنجوومەن یان لایەنەكانی ناو ئەنجوومەن؟
عەبدولباست سەیدا: رۆڵی سەرۆك بەڕێوەبردنی ئەنجوومەن و دابەشكردنی كاری ئەو ئەنجوومەنەیە. لەنێو ئەنجوومەن چەندین ئۆرگان هەیە: پارتی سیاسی، رێكخراو، كەسایەتی و بزووتنەوەكانی گەنجان، كە نوێنەرایەتیان لەنێو كۆمیتەی جێبەجێكردندا هەیە، ئەوان پێكەوە گفتوگۆ دەكەن و بڕیاری پێویست دەدەن . واتە هەموو پێكەوە كاردەكەین. 

ئێستا كاتی فیدرالی نییە

رووداو: دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا قبوڵی نەكرد مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ كورد لە بەڵگەنامەكانیدا جێگیر بكات، ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا رەخنەی تووندی ئاراستەی ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا كرد. دوای ئەوەی ئەو پۆستەت وەرگرت، كاردانەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا چۆن بوو؟ 
عەبدولباست سەیدا: پێموایە ئەو قۆناغە بووە بەشێك لە رابردوو، ئەمڕۆ ئێمە بە قۆناغێكی نوێدا تێدەپەڕین، ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد كۆبوونەوەیەكی كرد و تێیدا بەڵگەنامەیەكی نوێی لەبارەی چارەسەری كێشەی كورد لە سووریا ئامادەكردووە. لە هەمانكاتدا ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریاش بەڵگەنامەیەكی نوێی ئامادەكرد، ئەو دوو بەڵگەنامەیە هەردوولای لەیەكتر نزیك كردەوە، دانوستاندن لە نێوان هەردوو ئەنجوومەن دەستپێكرد. پەیوەندی نێوان هەردوولا باشە، هەڵوێستی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لەبارەی بەڵگەنامەكەی ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا ئەرێنی بوو.

رووداو: دیسان ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا جەخت لەسەر مافی چارەی خۆنووسین دەكاتەوە. پێتوایە ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا ئەو مەرجە پەسەند بكات؟
عەبدولباست سەیدا: مەسەلەی مافی بڕیاری چارەنووسی  كە لە رابردووش ئاماژەم پێكردووە، داواكاری نییە، ئەوە پرەنسیپێكە،بەڵام مرۆڤ كاتێك دەكەوێتە نێو سەوداو سەوداكاری ناچارە داخوازیەكانی بخاتەڕوو. ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە بەڵگەنامە نوێیەكەیدا چارەسەری ئەو مەسەلەیەی كردووە.

رووداو: د.بورهان غەلیون سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) گوتی شتێك نییە بەناوی "كوردستانی سووریا". تۆ وەك كوردێك ئەو قسەیەی غەلیون بە راست دەزانی؟
عەبدولباست سەیدا: نەخێر، ئەو قسانە راست نەبوون. من لەكاتی خۆیدا بەیاننامەیەكم لەوبارەوە بڵاوكردەوەو رامگەیاند كە ئەوە بۆچوونی ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا نییە. هەڵچوونی بەمشێوەیە زۆرجار دەبێتە هۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكان. پێویستە مرۆڤ بەشێوازێكی دیكە مامەڵەیان لەگەڵ بكات. ئەو قسانە لە جێگەی خۆی نەبوون. پێموایە ئەوەش بووە بەشێك لە رابردوو. بارودۆخی نێو ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا ئەمڕۆ زۆرباشە. 

رووداو: چەند رۆژێكە شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە توركیایە و پێموایە لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا كۆبوونەوە. ئایا هیچ رێككەوتنێكتان كرد؟
عەبدولباست سەیدا: ئەو شاندە هاتوونەتە توركیا بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەیەكی ئامادەكاری بۆ ئەو كۆبوونەوە بەرفراوانەی كە بڕیارە لە قاهیرە سازبكرێ. كۆبوونەوەكە لە ئیستەنبۆڵ بە بەشداری ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد و سووریا سازكرا، پێموایە بەشداربوونی ئەوان زۆر لەجێگەی خۆیدابوو، رۆڵێكی باشیان بینی. دانوستاندنی نێوانمان باشبوو، هیوادارم لە داهاتوویەكی نزیكدا لە قاهیرە یەكتر ببینین، ئەو دانیشتنانەش بكەونە خزمەت تەواوی سووریا بەگشتی و كێشەی كورد بەتایبەتی. چونكە بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیەی ئێمە كاری بۆ دەكەین پێویستە سووریا بۆ هەموو نەتەوەكان بێ. بۆ كورد، عەرەب، سریانی، توركمان هتد... بێ. نابێ كەسێك لە سووریای نوێدا بترسێ. جگە لەوە دەزانین كە كێشەی كورد لە سووریا كێشەیەكی گرنگە، چەندین ساڵە كورد دەچەوسێندرێتەوە، ئەو زوڵمەی لە كورد كراوە زوڵمێكی دوو لایەنەیە. لەلایەك مافەكانیان پێشێلكراوە ناسنامەیان قبوڵ ناكرێ. لەلایەكەی دیكەش دەستدرێژی دەكرێتە سەر زەوی و مولكیان و داگیری دەكەن، ناوی گوند و شارەكانیان بە زۆری دەكەنە عەرەبی، رێگە نادەن بە زمانی خۆیان بخوێنن. گەنجەكانمان زۆر سوود لە كۆلیژی پۆلیس، یان سوپا نابینن، رێگەیان پێنادەن، بە رێگەی حكومەت بچن خوێندنی باڵا تەواوبكەن. پێویستە ئەو مەسەلانە چارەسەر بكرێن، لەوبارەوە گفتوگۆ دەكەین. پێویستە ئەو مەسەلانە بەشێوەیەكی دیموكراتیانە لەچوارچێوەی سووریادا چارەسەر بكرێن. 

رووداو: لە هەینی رابردوودا لە هەندێك شاری رۆژئاوای كوردستان دروشمی فیدرالی بۆ كوردستان و سووریا بەرزكرایەوە، ئایا ئێوە داواكاری خەڵكی كورد لەبەرچاو دەگرن؟
عەبدولباست سەیدا: بەڕاشكاوانە دەڵێم، میللەتی سووریا بۆ فیدڕالی پێویستی بە قۆناغێكی دیكەیە. جار بەجار كە باسی ئەو مەسەلەیە دەكرێ، ترس و نیگەرانی دروستدەكات، هەندێك دەڵێن ئەو مەسەلەیە چییە. ئەوەی گرنگە ئەو مەسەلەیە پێویستە بەشێوەیەكی دیموكراتیانە چارەسەربكرێ. ئەوەی گرنگە مافەكانی كورد بدرێن، دەستدرێژی لەسەریان نەمێنێ، دواتر قۆناغ بە قۆناغ ئەوكاتەی مرۆڤ بەشێوەیەكی چالاك بەشداری لە شۆڕش دەكات، رۆڵێكی سەرەكی دەبینێ. بۆیە دەڵێم ئەو شتانەی ئەمڕۆ زەحمەتن، لە رۆژانی داهاتوودا بە ئاسانی چارەسەر دەكرێن. 


بەڵگەنامەیەكی نوێمان لەبارەی چارەسەری كێشەی كورد ئامادەكردووە


رووداو: لە قسەكانت زۆر جەخت لەسەر پێدانی مافی كورد دەكەیەوە. ئەو مافانە چین كە بەپێویستیان دەزانی بدرێنە كورد؟
عەبدولباست سەیدا: مافی كولتووری، مافی سیاسی، ئیداری و كۆمەڵایەتی. ئەوانە پێویستە بدرێنە كورد، بەڵام چۆن؟ پێویستە لەوبارەوە دانیشتن و گفتوگۆ بكرێ. 

رووداو: PYD لایەنێكی گرنگە لەناو ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا. پێتوایە رۆژێك بێ ئەو پارتە بێتە ناو ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا، لەو بارەوە هیچ هەوڵێكتانداوە؟
عەبدولباست سەیدا: هیوادارم بێن و خۆیان بە بەشێك لە بزووتنەوەی كوردی ببینن، كە بەشدارە لە شۆڕشی سووریا. لە مەسەلەی دانوستاندنیش پێموایە هەندێك هەڤاڵ لەوبارەوە كار دەكەن. پێویستە هەموو كەس لەلای خۆیەوە بۆ ئەوە هەوڵبدات، لەهەمانكاتدا پێویستە هیچ كاتێك رێگە نەدەین كورد لە بەرامبەر كورد بوەستێ. دەبێ هەر كێشە و ناكۆكییەك هەبێ بەشێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەر بكرێت.

رووداو: ئەوانەی لەگەڵ PYD گفتوگۆ دەكەن، لەناو ئەنجوومەنی نیشتمانی سوورین یان كوردی؟
عەبدولباست سەیدا: پێموایە لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لەوبارەوە زیاتر دانوستاندن دەكرێ. 

بەر لە راگەیاندنی ئەو ئەنجوومەنە قسە هەبوو من ببمە سەرۆكی

رووداو: واتە ئەنجوومەنی نیشتمانی سووریا تائێستا لەوبارەوە هەنگاوی نەناوە؟
عەبدولباست سەیدا: نازانم، بەڵام ئەگەر شتێكی بەمشێوەیە هەبێ پێمباشە. من دژی ئەوە نیم. دانوستاندن باشە، بەتایبەتی كاتێك لەوبارەوە نزیكی یەكتر دەبن و خۆیان وەك بەشێكی شۆڕشی سووریا ببینن.

رووداو: ئێوە لایەنگری دەستێوەردانی سەربازی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی خوێن رشتن لە سووریا؟
عەبدولباست سەیدا: هیچ كاتێك نەمانگوتووە با دەستێوەردان لە سووریا هەبێ. بەڵكو دەڵێین پێویستە جیهان بجوڵێ، ئیتر كوشتنی رۆژانە لە سووریا قبوڵ ناكرێ. پێویستە بەشێوەیەك لەچوارچێوەی نەتەوەیەكگرتووەكان و بە پشت بەستن بە بەندی حەوتەم، بڕیارێك دەربكرێت تاوەكو رژێمی ئەسەد ناچار بكات، شەڕ لەدژی گەلی سووریا رابگرێت. 

رووداو: واتە دەتانەوێ ئەوەی لیبیا لە سووریا دووبارە ببێتەوە؟
عەبدولباست سەیدا: نەخێر، بارودۆخی سووریا و لیبیا وەك یەك نییە، بەڵام بە پێویستی دەزانین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بەرپرسیارێتی خۆی هەستێ، تاوەكو شەڕی نێو سووریا رابگرێ و میللەتی سووریا بگاتە مافی خۆی، كە ئەمڕۆ ئازادی و دیموكراتی و دادپەروەری دەخوازێ. 
http://rudaw.net/kurdish/hevpeyvin/14957.html

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر