Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۵ فروردین ۸, یکشنبه

لەبەرچى تورکیا دەبێ سەرکردەى کورد عەبدوڵا ئۆجەلان ئازاد بکات



لەبەرچى تورکیا دەبێ سەرکردەى کورد عەبدوڵا ئۆجەلان ئازاد بکات
دیلار دیریک


21 ئازارى 2016
رۆژهەڵاتى ناڤین کردوویەتى بەکوردى.
ملیۆنان کورد عەبدوڵا ئۆجەلان وەک نوێنەرى سیاسى خۆیان دەبینن. ئازادکردنى ئۆجەلان راستەوخۆ گرێدراوى چارەسەریەکى ئاشتیانەو دیموکراتیانەیە بۆ ئەو جەنگەى لە تورکیا بەرپابووە.
خەڵکانێکى بریندار لەنێو ژێرزەمینەکاندا گیریان خواردبوو، خەڵکێکى مەدەنى کە بە زیندووێتى ئاگریان تێبەردرا، منداڵان لەسەر شەقامەکان درانە بەر گوللە، ژنان دواى کوشتنیان، تەرمەکانیشیان لەلایەن هێزەکانى دەوڵەت رووت کرایەوەو نمایش کران- دەوڵەتى تورک و سوپاکەى لە تاوانێکى گەورەى جەنگەوە گڵاون، نەک هەر بەتەنها دژ بە پارتى کرێکارانى کوردستان (PKK)، بەڵکو دژ بە خەڵکى سڤیلى کوردیش لەپێش چاوى کۆمەڵگاى نێودەڵەتى کە تەنانەت بوێرى ئەوەشى نییە سەرکۆنەى ئەو هێرشە دڕندانەیەى دەوڵەتى تورک بکات.
حەڤدە ساڵ دواى ئەوەى ئۆجەلان، سەرۆکى پەکەکە، لە 1999 دەستگیرکرا، وا شەڕى ناوخۆ باکوورى کوردستان و تورکیاشى گرتووەتەوە.
بەئاگاییەکى تەواوە لە دەسەڵاتى ئۆجەلان لە ئاراستەکردنى سیاسەت لە جەنگ و ئاشتى دا، دەوڵەتى تورک (ئەو)ى لە ئەیپریلى 2015 بەتەواوى لە جیهانى دەرەوە کەنارگیرکردووە، واتە پێش هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەو تەشەنەسەندنە لە رادەبەدەرەى جەنگەکە، کە بەشێوەیەکى توندوتیژانە کۆتایى بەو پرۆسە ئاشتییە درێژخایەنە هێنا کە لەلایەن ئۆجەلانەوە دەستپێشخەرى کرابوو.
دواى ئەوەى بەهۆى فشارى سوریاوە ناچارکرا لە سوریا دەربچێت، ئۆجەلان یەکەمجار هەوڵیدا مافى پەناهەندەیى لە ئەوروپا بەدەست بێنێت، بەڵام بە هەڕەشەکانى وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا فشارى خرایە سەر ئیتالیا بەجێبهێڵێت. ئەو یەکێتى ئەوروپایەى چوونە پاڵ هەڵوێستى تورکیاى شەریکى ناتۆیان.
لەرێگاکەى بۆ باشوورى ئەفریقیا، چۆجەلان لە کینیا ڕفێندراو رادەستى تورکیا کرایەوە لە کردەیەکى هاوپەیمانێتى شەڕانگێزانەى کۆمەڵێک دەزگاى هەواڵگرى لەوانە سى ئاى ئەى. دوایین شوێن و ماڵى ئۆجەلان لەو کاتەوە بووەتە زیندانى ئیمرالى.
ئاماژەپێدان پێى وەک "منداڵکوژ" میدیاى تورکى هەڵمەتێکى بەرفراوانى پروپاگەندەى بەڕێوەبرد وێنەیەکى خەواڵوو، حەپ پێدراوى ئۆجەلانى پیشان دا لە هەوڵدانێکیان بۆ گاڵتەپێکردن بە بەرەنگاریى کوردى لەرێى سوکایەتیکردن بە سەرکردەکەى.
ئەم رۆژە "بە رۆژى رەش" لەلایەن ملیۆنان کورد دادەنرێت. لە چەندین بۆنەى بێ شوماردا، کوردەکان بەڕوونى وتویانە کە ئازادى ئۆجەلان راستەوخۆ گرێدراوى ئازادى و ئاشتیە لە کوردستان و تورکیا.
هەرچەندە ئۆجەلان چەندین جار ئەو کردەیەى ئیدانە کردووە، کەچى زیاتر لە 100 کەس لە دژى زیندانیکردنى ئەو خۆیان سوتاندووەو لەناوبردووە.
ئۆجەلان لە چەندین بۆنەى بێ شوماردا جەختى لەسەر گرنگى دیالۆگ و دان و ستان کردووەتەوە، ژمارەیەک ئاگربەستى تاکلایەنەى راگەیاندووە. لە 2009 لە 25 ساڵیادى دەستپێکردنى شەڕى چەکدارى، ئۆجەلان "رێگا نەخشەى دان و ستانى" تەواو کرد. وتارە مێژووییەکەى لە نەورۆزى 2013 بەشێوەیەکى کاریگەر کۆتایى بە شەڕ هێنا و سەردەمى "بێدەنگکردنى چەکەکان و رێگەدان بە قسەکردنى سیاسەت و ئایدیاکان"ى راگەیاند.
گۆشەگیرکردنەوە تازەکەى ئامرازێکى دیراسەکراوى جەنگە لەلایەن تورکیاوە بەکارهێنراوە بۆ لاوازکردنى سایکۆلۆژییەتى کوردەکانە، هەروەکو بۆ رەوایەتی پێدان بەو چێژە بێ سنوورەى لە کوشتنى خەڵکى مەدەنى وەریدەگرێت.
دورگەى ئیمرالى: گوانتانامۆکەى ئەوروپا
لە یەکەم رۆژى زیندانى هەتا یانزە ساڵى رەبەق، ئۆجەلان تاکە کەسى زیندانیکراو بووە لە ئیمرالى. نزیکەى 1000 سەرباز بۆ پاسەوانى کردنى زیندانەکەى ئۆجەلان دانراون. یەکەم حوکمى دادگاییکردنەکەى لە سێدارەدان بوو بە تۆمەتى خیانەتى مەزن، بەڵام سێ ساڵ دواى دەستگیرکردنەکەى، سزاى لەسێدارەدانى لە تورکیا هەڵوەشێنرایەوە ئەمەش بەهۆى فشارى یەکێتى ئەوروپا، کە تورکیا چەندین هەوڵى جیاجیاى داوە تاوەکو بچێتە نێو ئەو یەکێتییەوە.
دۆخى سایکۆلۆژیى هەراسانکردن و ئەشکەنجەدان پرەنسیپێکى دڵڕەقانەى رژێمى ئەمنی ئیمرالییە. ئۆجەلان لە دەرەوە تەنها زانیارییە سانسۆرکراوەکانى پێدەگات و لە هەر جۆرە پەیوەندیکردنێکى مرۆیى بێبەش کراوە، لەنێویاندا تەوقەکردن بۆ چەندین ساڵ دەبێت.
دەیان هەزار چالاکوانى کورد، لە ئەوروپاو لە زیندانەکانى تورکیا، چەندین مانگرتنیان لە خواردن ئەنجام داوە، هەندێک لەو مانگرتنانە گەیشتووەتە 68 رۆژ، لەپێناو باشکردنى رەوشى ژیانى ئۆجەلان لەنێو زیندان دا. تەنها دواى ئەنجامدانى ئەو هەموو مانگرتنە لە خواردن راکێشانى سەرنجى دەرەوە بۆ بەڵگەى ژەهراویکردنى لەسەرەخۆى ئۆجەلان، ئینجا رێکخراوى ژە ئەشکەنجەى ئەوروپى، کۆمیتەى رێگرتن لە ئەشکەنجەدان، لە ساڵى 2007 رەزامەندى لەسەر ئەوە نواند پشکنین بۆ بارى تەندروستى ئۆجەلان بکرێت. ئیمرالى سەرپشک کراوە لە پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ، کە ئەمەش وایکردووە هەندێک بە "گوانتانامۆى ئەوروپا" بیدەنە قەڵەم.
لە ساڵى 2011 ئۆجەلان رێگەى لێگیراوە پارێزەرەکانى ببینێت و لە ساڵى 2014ەوەش رێگە پێنەدراوە خانەوادەکەى ببینێت. پارێزەرەکانى بەبەردەوامى هەراسان کراون، هەڕەشەیان لێکراوەو زیندانى کراون. شاندەکانى سیاسەتمەدارەکان توانیویانە سەردانى ئۆجەلان بکەن لە بۆ ماوەیەکى کورت ئەمەش لە چوارچێوەى پڕۆسەى ئاشتى کە لەلایەن خۆیەوە دەستپێشخەرى کرابوو. بۆ نزیکەى ساڵێک دەچێت، ئەو بەتەواوى گۆشەگیر کراوە- ئەگەرى ئەوەى هەیە هەر شتێکى بەسەر هاتبێت.
لە ناوەڕاستى 2012 ەوە رۆژانە بۆنەو رێورەسم لە بەردەم کۆنسەى ئەوروپى لە ستراسبۆرگ لەپێناو ئازادکردنى ئۆجەلان بەڕێوەچووە. هەر هەفتەیەک، گروپێکى جیاواز لە چالاکوانان لە بەردەم کۆنسەکە خێوەتیان هەڵداوە. لە هەڵمەتێکى ماندوونەناسانەى بەرفراوانى جیهانیدا، کە لەلایەن کۆمیتەى دەسپێشخەرى نێودەوڵەتى بۆ "ئازادى بۆ ئۆجەلان- ئاشتى بۆ کوردستان" زیاتر لە دە ملیۆن و سێسەد هەزار واژۆ بۆ ئازادکردنى کۆکرایەوە. لەنێو ئەو کەسانەى واژۆیان کردبوو، نوام چۆمسکى، ئاروندهاتى رۆى، جێرمى کۆربین و ئەنتۆنیۆ نێگرى تێدا بوو، هەروەها ژمارەیەکى زۆر لە پەرلەمانتار، نووسەر، بیرمەندو چالاکوان.
ئەمساڵ سەدان هەزار چالاکوان لە سەرتاسەرى جیهان خۆپیشاندانیان کرد بۆ ئازادى ئۆجەلان، چالاکوان و پارێزەرى پێشووى نیلسۆن ماندێلا، دادوەر ئیسا موسا، رێبەرایەتى شاندێکى نێودەوڵەتى کرد بۆ ئیمرالى بەمەبەستى داواکردنى چاوپێکەوتن بە ئۆجەلان تاوەکو پڕۆسەى ئاشتى بگەڕێنرێتەوە. موسا رایگەیاند "ئێمە باوەڕمان وایە ئۆجەلان دەتوانێت رۆڵێکى زۆر گرنگ بۆ چارەسەرکردنى پرسى کورد لە تورکیا ببینێت، بە هەمان ئەو رێگەیەى کە سەرۆک نیلسۆن ماندێلا لە باشوورى ئەفریقیا بینى"
لەو کاتەى دەوڵەتى تورک پشت ئەستورە بەو پشتیوانیەى لەلایەن ناتۆو وڵاتانى ئەوروپى لێى دەکرێت، ئۆجەلان تەنانەت ئامرازى گونجاوى دەست گەیشتن بە میدیاشى لەبەردەست دا نییە. ئەستەمە دانوستان لەسەر چارەسەرکردنى شەڕو ململانێیەکى چوار دەیەیە لە گۆشەگیرى بکرێت. "هیچ مرۆڤێک ناتوانێت بەکۆت و بەندکراوییەوە دانوستان بکات"
ئۆجەلان هەر بەتەنها بەردەوام تواناى ئەوەى نەبووە درێژە بەوە بدات کە وەک دەنگێکى سیاسى بۆ ملیۆنان کوردى چەوساوە ببینرێت، بەڵکو ئەو هەروەها کەسێکى رۆشنبیرى خاوەن دانانى کاریگەرییە کە بەلایەنى کەمەوە 40 کتێبى نوسیوە، ژمارەیەکى زۆر لەو کتێبانەشى لەنێو زیندان نووسیوە.
گۆشەنیگا فەلسەفیەکانى گۆڕانى پارادیگمى زۆر گەورەیان بەسەرداهات، نموونەى داهێنانى رۆشنبیریى نایاب و هێزى ئیرادەى پیشاندا، ئەمە سەربارى ئەو دۆخە نامرۆییەى کە بەسەریدا سەپێنرابوو. ئۆجەلان بەتوندى خودى خۆى و پارتەکەى رەخنە کرد لە بەرامبەر پیادەکردنى کردەوە دیکتاتۆرییەکانى نێو حیزب لە قۆناغەکانى دەسپێکى خەباتدا. ئەو بە فەرمى داواى لێبوردنى لە بەرامبەر چەندین کارو کردەوە کرد. شیکردنەوەو راڤەکردنەکانى بۆ سروشتى دەسەڵات، پاتریارکى (نێرسالاریی)، سیستمى ئابووریى جیهانى، نەتەوە-دەوڵەت و کێشە ئیکۆلۆژییەکان، نەک هەر بەتەنها واى لێکرد لەلایەن کوردەکانەوە زیاتر پشتیوانى لێ بکرێت، بەڵکو هەر بەم دواییانە بیرمەندان و جوڵانەوە رادیکاڵەکان لەسەرتاسەرى جیهانى بەلاى خۆیدا راکێشا.
هەرچەندە ژمارەیەکى کەم لە کتێبەکانى بۆ زمانە ئەوروپییەکان وەرگێڕدراون، کەچى ژمارەیەکى زۆر لە خەڵکانى بیانى دەستیان کردووە بە خولیابوون و عاشقبوون بە بیرکردنەوەى، لە جوڵانەوە میللییەکانى ئەمریکاى لاتینەوە بۆ رێکخراوە چەپە پێشکەوتنخوازەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لەوێوەش بۆ ژنان لەسەرتاسەرى جیهان.
لەم چەند ساڵەى رابردوو، کەسانى وەکو ئیمانوێل والێرستین و دەیڤید گرایبەر پێشەکیان بۆ کتێبەکانى نووسیوە، لە کاتێکدا بیرمەندانى وەکو داڤید هارڤى، سلاڤۆى ژیژەک و جۆن هۆلۆوەى ئەوەیان دەربڕیوە کە نووسینەکانى ئۆجەلان بەهایەکى لەرادەبەدەریان بۆ گۆڕانکارى ریشەیى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەیە نەوەکو هەر کوردستان.
راستینەى ئەوەى کە پڕۆژە فیکرییەکانى ئۆجەلان دەنگدانەوەیان لاى ژمارەیەکى زۆر لە گروپەکان لەسەرتاسەرى جیهان دەبێت ئەوە روون و ئاشکرایە ئەو دەنگدانەوە جیهانییە هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئایدیۆلۆژیاى دەوڵەتى تورک و شەریکەکانى.
بەم دواییانە رێسات باریس، پرۆفیسۆرێکى تورک لە زانکۆى ئەنکەرا بەتۆمەتى هاندانى تیرۆریزم دادگایى کرا، کاتێک لە پرسیارەکانى تاقیکردنەوە یەک لە پرسیارەکانى بۆ خوێندکارەکانى باسکردن بوو لە پێشکەوتنەکانى فیکرى ئۆجەلان. دادوەرەکە ئەو پرسیارەى بەمەترسیەک و تێکدەرانە دایە قەڵەم، لەبەرئەوەى بەگوتەى ئەو "رەوایەتى" بە فیکرى ئۆجەلان دەدات و ئەو وەک سەرکردەیەکى سیاسى دەخاتەڕوو.
زۆر لەبارەى "فیدرالیزمى دیموکراتى" ئۆجەلان نوسراوە کە وەک ئەلتەرناتیڤێک بۆ نەتەوە-دەوڵەت پێشنیازى کردووە، سیستمێک کە لە ئێستادا بەروونى لە رۆژئاڤاى کوردستان خراوەتە وارى کردارییەوە.
بەهەرحاڵ بەلاى زۆر لەو کەسانەى کە لە پێگەى ئەو تەنها وەک سەرکردەیەکى کاریزمایى تێدەگەن، ئەوا ئەو مانا سۆزدارییەى کە ملیۆنان کورد پەیوەستن پێیەوە شتێکى تەمومژاوییەو سەرى لێ دەرناکەن. هەزاران کەس لە دۆڵى بیقاع لە لوبنان و دیمەشق کاتیان لەگەڵیدا بەسەربردووە. ژمارەیەکى بێ شومار لە خەڵک خولى پەروەردەیى ئەویان بینیوەو لە نزیکەوە ئەویان ناسیوە.
بەپێچەوانەى سەرکردە گەندەڵ و دەوڵەمەندەکانى کورد کە لەلایەن حکومەتەکانى خۆرئاواو دەوڵەتانى وەکو تورکیا وەکو "نوێنەرانى راستەقینە"ى کورد دەستنیشان کراون، ئۆجەلان کوڕى خانەوادەیەکى هەژارو لەماوەى رێبەرایەتیەکەى خاوەنى خاکیبوونێکى زۆر بووە. داواکارییەکانى لەبارەى رێبەرایەتیکردنى جوڵانەوەیەکى جەماوەرى لە خودى ژیانى خۆى و هەڵوێستەکانى بەرامبەر بە خەڵک بەرجەستە کردووە. بەتایبەتى لەبارەى ژنان، ئۆجەلان هەمیشە وەک هاوڕێیەک بووە- ئەو ئەوانى وەک مەعشوق، یان دایک یان خوشک یان کچى خۆى سەیر نەکردووە، بەڵکو وەک خۆیان سەیرى کردوون. ئەو هەمیشە جەختى لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ژنان دیموکراتیترین هێزن و بەرەنگاربوونەوە لە پێناو بەدەستهێنانى ئازادى لەرێى رێبەرایەتیکردنى شۆڕشى ژنانەوە دێتەدى.
ژمارەیەکى زۆر لەو ژنانەى کە ئەمڕۆ لە شەڕى دژ بە رێکخراوى داعش هاتوونەتە مەیدان، ئەوا دواى چاوپێکەوتنیان بە ئۆجەلان و کاریگەربوون بە رێزو باوەڕى ئەو بە دەسەڵاتى ژنان و شیکردنەوە قووڵەکانى بۆ نێرسالاریى لەنێو خێزانى کوردەوە تاوەکو سیستمى جیهانى پەیوەندیان بە ژیانى بەرخودان کردووە.
لە رۆژئاڤا، لەو شوێنەى کە ژنان رێبەرایەتى شۆڕشەکە دەکەن، ژمارەیەکى زۆر لە ژنانى بەتەمەن وێنە کۆنەکانیان لە شوێنە پەروەردەیى و کۆمەڵەکاندا وەک گەنجینەیەک پاراستوە، بەوەى کە سوورن لەسەر ئەوەى دەبێ رێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى بە رێکخستنى بەهێزى ژنان تێکبشکێنن. ئەوان دەڵێن شۆڕشى ژن لە رۆژئاڤا لەگەڵ گەیشتنى ئۆجەلان بۆ ئەوێ چەندین دەیە پێش ئێستا دەستى پێکرد. کۆبانێ یەکەمین پەناگەى بوو.
بە نووسینە تیۆریى و پراکتیکیەکانى، لەپاڵ پشتیوانیکردنى بێ مەرجى بۆ ژنان، جوڵانەوەى ژنانى کورد لەمڕۆدا بووەتە یەکێک لە هێزە دینامیکى و رادیکاڵییەکانى گۆڕانکاریى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.
ژمارەیەکى کەم لە سەرکردەکان توانیویانە قەناعەت بە ملیۆنان خەڵک بێنن تاوەکو لەبرى نەتەوە-دەوڵەت، دیموکراسیەتى رادیکاڵى هەڵبژێرن، لەو کاتەى کە گوتارى رزگاریخوازییان دەسەڵاتى ژنان بە سەنتەر وەربگرێت، دەستپێشخەریکردنەوەو ئاشتبوونەوە لەگەڵ سەرجەم گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لەو کاتەى کە ئیکۆلۆژى بکەنە ستوونێکى ئایدیۆلۆژى سێنترالى لە چوارچێوەى شەڕکردن لە پێناو ئازادى دا.
ئۆجەلان کۆمەڵگایەکى ملیۆنان کەسى خاوەن ئیرادەى بەهێزى خوڵقاندووە، تاکەکەسى خاوەن ئیرادەو بوێرى دروست کردووە، لەگەڵ هەبوونى پڕۆژەیەکى سیاسى کە ببێتە جێگەى ئومێدى فەراهەمکردنى ئاشتى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست. باوەڕبوون بەو جۆرە کۆمەڵگایەیە وا دەکات ئەو خەڵکە ئاوا بە (ئەو)ەوە پەیوەست بن.
رێبەرایەتى ئۆجەلان سەرکردەى جۆرە کۆمەڵگایەک بەرهەمدێنێت و بەرهەمدێنێتەوە کە لەسەر پێى خۆى بوەستێت، کۆمەڵگایەک ژن پێشەنگایەتى بکات. تەحەدییەکانى خۆسەرى دیموکراتى و خۆبەڕێوەبەرى لە پارچە جیاجیاکانى کوردستان بە بەرخودانێکى چاونەترسانە، ئەوە پراکتیکردنى ئەو مانیفێستۆیەیە.
سەربارى هەموو هەوڵەکان بۆ کەنارگیرکردنى ئۆجەلان لە خەڵکى کورد، ئەوە بە مەسەلەیەکى قبوڵ نەکراو دەمێنێتەوە، تەنانەت لەلایەن گەورەترین دوژمنەکانى، کە ئۆجەلان وەک نوێنەرى ملیۆنان کورد تەماشا دەکرێت. نوێکردنەوەى گۆشەگیرکردنى تەواوى لەو ساتەوەختەى کە شەڕ لەئارادایە ئەوە دەسەلمێنێت کە یەک لە گەورەترین هەڕەشەکانى سەر دەوڵەتى تورک دەنگى ئۆجەلانە. لەم رووەوە، بەزمانى هیو نیوتن: "تۆ دەتوانى شۆڕگێڕ زیندانى بکەیت، بەڵام ناتوانیت شۆڕش زیندانى بکەیت."
ئازادى بۆ ئۆجەلان!
https://www.greenleft.org.au/node/61389

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر