Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ آذر ۳۰, پنجشنبه

مێژووی کۆمەڵە بە عەبدوڵلا موهتەدی خەوشدار نابێت خانزادەکانی کورد


مێژووی کۆمەڵە بە عەبدوڵلا موهتەدی خەوشدار نابێت

عەلیڕەزا قادری: ئازادیی دەربڕینی بیر و ڕا ئەو دەرفەتەیە کە سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگا بە چین و توێژە جیاجیاکانیە ، بە فرە چەشنیی بیر و باوەڕەکانیەوە  ئەبێ لێی بەهرەمەند بن .


 رەخسانی وەها دەرفەتێک بە ڕێکەوت نیە و بۆ سەقامگیرکردن و خوڵقانی  خەبات و تێکۆشانێکی گشتگیر و هەمەلایەنەی پێویستە . زۆر شوێنی دنیا و رۆژەهاڵاتی ناوەراست و لێرەشدا ئێران و کوردستان ، لە وەها بار و دۆخێکا بەسەرئەبەن . دێموکراسیی و ئازادیی دەربڕینی بیر و ڕا لە زێد و نیشتمانی کوردەکان ، چەمکێکی نەناسراو نیە بەڵام بە ئێستاشیەوە ، قەت نەیتوانیوە پڕا و پڕ جێ بکەوێت . پروسەی خەبات لە پێناو ڕەخسانی هەل و مەرجی ئازاد بۆ دەربڕین ، قوربانیی زۆری داوە . لە کوردستان کۆمەلە یەکێک لەو هێزانەیە کە لەم پێناوەدا خەباتی کردوە و بە سەدان و هەزاران کەس بۆ وەدیهاتنی گیانیان بەخت کردوە . سەرەڕۆیی و دەمکوت کردن و زەبر و زەنگ و هەڕەشە و پیلانگێڕان ئەو دیاردانەن کە لە گەڵ مێژووی کۆمەڵە ناتەبان . مێژووی خەباتی کۆمەڵە لەم بوارەدا ، مێژوویەکی پڕشنگدارە . ئازادیی دەربڕینی بیروڕا لەگەڵ مێژووی کۆمەڵە دوو شتی لێک جیانەکراوەن . کەس ناتوانێت باس لە خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان بکات و خۆی لە کۆمەڵە و مێژووی کۆمەڵە ببوێرێت . ئێستاش کەس بۆی نیە و ناتوانێت ، لە پێناو بەرژەوەندییە بەرتەسکە تاکەکەسیی و حیزبیەکانی خۆیدا ، ئەم مێژووە خەوشدار بکات . 

ئاماژەیەکی کورت بە رووداوێک لەم دواییانەدا مەبەستی ئەم کورتە باسەیە . کۆمەڵێک بڕیاڕ و هەڕەشە و پیلان کە لە یەک یان چەند نامەیەکدا ڕوو لە ئەندامانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران بە قەڵەمی بەڕێز عەبدوڵلا موهتەدی سکرتێری گشتیی ئەو حیزبە نووسراوە و بڵاو کراونەتەوە . ئەم نامانە  بەناوەرۆک  قسە لە داڕشتنی پرۆژەیەک بۆ هێرش بردنە سەر کۆمەڵێک لایەن و ڕووناکبیری کوردیی ئەکەن کە بەڕێز عەبدوڵلا موهتەدی گەلاڵەی کردوون و وەک ئامۆژگارییەک دەرخواردی بازنەی ڕاگەیاندنی حیزبەکەی ئەدات . سەرنجی قووڵ بۆ دەرخستنی ناخی وەها ڕوانگەیەکمان گەرەک نیە . چاوخشاندنێکی سەرەتایی  بە ئاکار و کرداری نەخشەمەندی ئەدەبیات و دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبەکەی کاک عەبدوڵلای موهتەدی کۆمەڵێک ڕاستیمان بۆ دەرئەخات . زۆر نین ئەو کەس و لایەنانەی کە لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا نەکەوتبنە بەر هێرشی قسە و قسەڵۆک و تاوانبار کردن و سەرکۆنەی بڵاوکراوە و ووتار و ڕاگەیەندراوەکانی ئەم حیزبە . لە داڕشتنی پیلانی کودەتا بۆ دەست بەسەرداگرتن بە سەر لایەنەکانی تری کۆمەڵەوە بگرە تا ئەگاتە خەوشدار کردنی کەس و لایەن و ڕوانگە و بیر و باوەڕەکان . هاوسەنگەری پێشوو چەشنی دوژمن پەلامار ئەدرێت و ڕووناکبیر و تاکی ناو کۆمەڵگا ئەکرێن بە نەیار. دابەش کردنی کۆمەڵگایەک بە یار و نەیار ئاکام و دەسکەوتی ئەم پرۆژەیە بووە بۆ دەزگای ڕاگەیاندنی ئەو حیزبە و پێوەندییە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی . پێم وا نیە کە پیلانی ئەم حیزبە لە دژی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بیر کرابێت. ساڵێک لەمەوبەر داگیر کردنی بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان گەلاڵە کرا و هاوکات و دواتر و هەر ئێستاش ، بە هاندانی کادر و ئەندامانی ئەو حیزبە لە دژی جیاوازبیران و نووسەران و ڕەخنەگران ، ئاو بە ئاشی ئیتلاعاتی رژیمی ئیسلامیی دا ئەکرێت و دڵی دوژمنانی کۆمەڵە و کورد خۆش ئەکرێت . ئەم رەوشتە بە ڕادەیەک ناکۆکە لە گەڵ پرنسیب و بنەماکانی کۆمەڵە کە تەنانەت دەنگی کادر و ئەندامانی کۆن و نوێی ئەم حیزبەی بەرز کردوەتەوە . لە ڕیزەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێری کوردستانی ئێران بە دەیان پێشمەرگە و ئەندام و کادری دڵسۆزو بەئەمەکی کۆمەلە چالاکن کە بە هیچ شێوەیەک لەم کایە نزم و پڕ پێچ و پڵووچەدا بەشدا نین . بەڵام زۆر بەداخەوە خو و ڕەوشتی ناشۆڕشگێڕانەی  بەشێک لە ڕێبەریی ئەم حیزبە ، ئەوانیشی تا ڕادەیەک تێوە گلاندووە . دڵنیام کە زۆربەی هەرەزۆری بەدەنە و تەنانەت زۆرینەی ڕێبەریی ئەم حیزبەش بڕوایان بەم سیاسەتە ناشیاوەی حیزبەکەیان نیە و هیچ دوژمییەکیان لە تەک لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆنی کوردیی و لەوانە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و رووناکبیران و جیاوازبیرانی وەک خانمی ڕۆئیا تلوعی و کاک هێمن سەیدی و کەسانی تری لەو چەشنە نیە . لێرەدا و لەکۆتاییدا پێداگرتنەوە و ئاماژە کردن بە چەند خاڵ پێویستە :
یەکەم : خەت و پرۆسەی فیکریی و سیاسیی کاک عەبدوڵلای موهتەدیی و بازنەیەک لە لایەنگرانی ئەو بەڕێزە لە ناو حیزبەکەیدا ، بە تەواویی ناتەبا و ناکۆکە لە گەڵ مێژووی دوور و نێزیکی بیرکردنەوە و هەڵس و کەوتی ڕێبازی کۆمەڵە . 
دووهەم : ئاماژەیەکی گرنگ بە ووتە بەنرخەکەی کاک وریا محەمەدی بە پێویست ئەزانم  کە ووڵامدانەوە و بەگژداچوونەوەی پرۆژەکەی دەزگای ڕاگەیاندنی کاک عەبدوڵلای موهتەدی ناشێ ببێتە هۆکارێک بۆ تاوانبار کردنی ڕێبازی کۆمەڵە و لایەنەکانی تری کۆمەڵە . داواکارم کە حیسابی کاک عەبدوڵلای موهتەدی لە حیسابی کۆمەڵە جیا بکەنەوە . ئەم جۆرە پرۆژە بێ ئاکام و هەوڵە نەزۆکانە بە حیسابی کۆمەڵە و ڕێبازە پڕشنگدارەکەی دامەنێن .  
سێهەم : دیاردەگەلی لەوچەشنە ئەبێ هەڵوێست خوڵقێن بێت . بەر لەهەمووان ، کادر و ئەندام و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بە بێ لەبەر چاوگرتنی لایەنی سیاسیی و شوێنی چالاکیی ، لەسەریانە کە بەگژ دیاردەگەلی لەم چەشنەدا بچنەوە کە نامۆ و ناتەبایە لە گەڵ ئەدەبییاتی سیاسیی و مێژووی خەبات بۆ ئازادیی دەربڕینی بیر و باوەڕ لە ناو کۆمەلەدا . 
چوارەم: بەڕێز عەبدوڵلای موهتەدیی و حیزبەکەی داوای لێبوردنێک بە خەڵکی کوردستان و بزوتنەوەی ڕووناکبیریی کوردستان و بەتایبەت کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەڕێزان خانمی رۆئیا تلوعی و کاک هێمن سەیدی ، کە بە ڕاشکاویی لە لیستی ڕەشی کاک عەبدوڵلای موهتەدی و بازنەی تایبەتیی ئەو بەڕێزە لە ناو حیزبەکەیدا ناویان هاتووە ،  قەرزدارن . پێویستە کە لە ڕاگەیەندراوی رەسمیی و لە رێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە ، ئەم داوای لێبوردنە ببیندرێ و ببیسترێ . ئەمە ئەتوانێ بەر بە پەرەسەندنی ئەم دیاردە ناشیاو و ناڕەوایە بگرێت و خەساری سەر کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران کەم کاتەوە . 
پێنجەم : دەزگای ڕاگەیاندنی کۆمەڵە  دام و دامەزراوەیەکی پڕ هەزینە و پڕ خەرجە کە بە پاڵپشتی سەروەت و سامانی خەڵکی کوردستان بەڕێوە ئەچێت . غەدر و خەسارێکی گەورەیە ئەگەر ئەم سەروەت و سامانە بۆ خنکاندنی دەنگی ئازاد و سەرکوت کردنی چالاکوان و روناکبیر و دەمکوتکردنی ڕەخنە و ناڕەزایەتیی بەکار بهێندرێت . هەر بۆیە لە ئەگەری دووپات بوونەوەی دەستدرێژیی لەم چەشنە بۆ سەر هەرێمی ئازادیی دەربڕین ، جێی خۆیەتی کە سەرچاوە ماڵییەکان و بەرپرسانی پێوەندیدار ئاگادار بکرێنەوە کە کۆتایی بە پشتگیرییەکانیان بێنن . 
شەشەم : بزوتنەوەی ڕۆشنبیریی و رووناکبیران و نووسەران و رۆژنامەوانانی کوردستان ئەبێ لێبڕاوانە بیر لە مێکانیزم و  ڕێگا و چارەگەلێک بکەنەوە کە لە وەها هەل و مەرجێکدا کە بەم شێوەیە ئیهانە ئەکرێن و بۆ دەمکوتکردنیان پیلانگێڕیی ئەکرێت ، پارێزراو بن و پشتگیریی یاسایی بکرێن و هەروەها بۆ ئیدانەکردن و بەرپەرچدانەوەی هەڵس و کەوتی لەو چەشنە کە بە ئاشکرا دژی ئازادیی و مافەکانی مرۆڤە ، دەست و برد کاریگەریی  پێویستیان ببێت و هەموو هەوڵ و توانای خۆیان بخەنە گەڕ بۆ بەرەنگار بوونەوە و بەرپەرچدانەوەی بخەنە گەڕ . کێ ئەزانێت ئەم کێشەیە کەی بەربینگی کەسانیتر و لایەنی تر ئەگرێتەوە . لە ئێستاوە خۆی بۆ ئامادە کەین .
عەلیڕەزا قادری
12.19.2012
رۆژهەلات تایمز

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر