Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ آذر ۳۰, پنجشنبه

لیستی رەش لە لیستی تیرۆر كەمتر نییە سەرکردە خۆپسەندەکانی کورد هەتا هەتاییە دەیەوێت ریبەر بێت


لیستی رەش لە لیستی تیرۆر كەمتر نییە سەرکردە خۆپسەندەکانی کورد هەتا

هەتاییە دەیەوێت ریبەر بێت لیستی رەش و سپی ها
لیستی رەش لە لیستی تیرۆر كەمتر نییە

هاوار بازیان: پڕكردنەوەی لیستی رەش لەسەر ناوی رەخنەگر، چالاكانی مەدەنی و كەسایەتییە سیاسی و ئەكادیمییەكانی كوردی رۆژهەڵات (وەك رۆئیا تلووعی و هێمن سەیدی) ئەویش لەلایەن هێزێكی وەك "كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ"ەوە كە درووشمی ئازادی و رزگاری هەڵگرتووە، پەیامێكی پڕ لە ناهومێدی رەوانەی مەیدانی رەخنەگرتن و رەوتی دروستبوونی وتار و تاكی سەربەخۆ دەكات. ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانە هەوڵێكی دواكەوتووانەی سیاسییە كە تا دیارە ئێستەش لە ئەقڵی سیاسیی حزبە دیارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان باوی ماوە و ئەویش بۆ سەرخستنی دەسەڵات و وتاری هەرەمەكییە. هەر حزب و لایەنێكی سیاسی و ناسیاسی كە رێگری لە دروستبوونی رەخنەگر، رۆشنبیر، نووسەر، رۆژنامەنووس و خاوەن بۆچوونی دەرەوەی بازنەی حزبەكەی خۆی بكا، ئەوە بەرەو چەوساندنەوە و راگرتنی كۆمەڵگە لە سەردەمێكدا هەنگاو دەنێ كە تێیدا تەنیا كەسێك گرینگە و خاوەن بڕیارە ئەویش هەر ئەو حزب و كەسە خۆیەتی. هەروەك چۆن ئێستە لە سیستەمێكی وەك كۆماری ئیسلامیدا بڕیارەكان هەر لای یەك كەسن و ئەوانی تر هەموو شوێنكەوتوون، ئەگەریش جۆرێك لە بیروبۆچوونی جیاواز هەبوو ئەوە لە لیستە جۆراوجۆرەكانی وەك "خودی و غیر خودی، با نگام و مغایر نگام" ناویان تۆمار دەكرێ.

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و هەر هێزێكی تری سیاسی لە هەڵەیەكی گەورەدان ئەگەر پێیان وایە بە هەڕەشە و شەڕی تایبەت دژی كەسایەتییە سەربەخۆكان دەتوانن كپ و و بێدەنگیان بكەن، ئەوان لانیكەم دەبووایە ئەزموونی خۆیان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی لەبەرچاو بووایە كە پاش ئەو هەمووە هەڕەشە، دژایەتی، گرتن، كوشتن، سێدارە و خزاندنی ناوی كۆمەڵە لەناو دەیان لیستی رەشتر لە رەشی وەك "هەڵگەرانەوەی ئاینی و یاخیبوون لە خوا" هێشتە ئەو حزبەی بەچۆك دانەهێناوە و كۆمەڵە لەسەر رەوتی خۆی بەردەوام بووە و لەو رێگەیەدا هەزاران شەهید و قوربانی داوە كە حاشای لێناكرێ، بەڵام ئێستە دەبینین ئەو رێكارە لەلایەن خودی كۆمەڵەوە دژی كۆمەڵگەی خۆی دووبارە دەبێتەوە. لەو نێوەدا رەنگە گلەییی زیاتریش لە كۆمەڵە بكرێ كە حزبێكی كوردییە و دژی كورد ئەو روانینەی هەیە.
هاتنەبەرباسی لیستە رەشەكەی كۆمەڵە زۆر مەترسیدارتر دەبینم لەوەی هەر لە راگەیاندنەكاندا وەك هەواڵ و بەڕووكەش باسی دەكرێ، بوونی ئەو لیستە گومانی ئەوەش دروست دەكا كە رەنگە هاوكات لیستی كوشتن، ناوزڕاندن، تیرۆری كەسایەتی و راونان و سەرگەردانكردنی چەندان كەسی تری نەیار لە روانگەی كۆمەڵەوە لە ئارادابێ كە بەپێی كات و ساتی خۆی كار بەو بڕیارانەوە دەكرێ. لە هەمووی مەترسیدارتر حزبێك كە ئەمڕۆ لەوپەڕی بێدەسەڵاتیی سیاسی و ئایدیولۆژیدا پەنا بۆ پڕكردنەوەی لیستێكی لەوشێوەیە دژی كەسایەتییەكانی كورد ببا، دەبێ دواتر لە رۆژهەڵاتی كوردستان كە بەشێوەیەك دەكەوێتە ناو سیستەمی دەسەڵاتدارییەوە چۆن لەگەڵ دەنگی بەرامبەری خۆی بجووڵێتەوە؟ 
ئایا حزبێك كە خۆی بە "نوێنەری بەشێكی دیار"ی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی چەوساوە دەزانێ و دەیان ساڵە خەباتی بۆ دەكا و بێگومان لەسەر شان و جەستەی كورد قوربانییەكی زۆری بەخشیوە، چۆن دەتوانێ بیر لەوە بكاتەوە باشترین رۆڵەكانی كورد وەك نەیار و دوژمن سەیر بكا و بەشێوەی رەسمی هانی لەباربردنی كەسایەتی و هزر و بۆچوونیان بدا؟
كەسێكی ئەكادیمی وەك هێمن سەیدی كە لە رێگەی راگەیاندنی فارسییەوە كاریگەرییەكی باش و زۆر بەرچاوتری لە راگەیاندنەكانی حزبی لەسەر میدیا و رای گشتیی فارسی دروست كردووە، رەنگە چاوەڕوان بووبێ دەستخۆشی لێ بكرێ و لەسەر كاری زیاتر هان بدرێ تا لە رێگەی خۆیەوە باشتر و چاكتر و پاكتر دەنگی كورد بۆ دەرەوە بگوازێتەوە بێ ئەوەی ئامادە بێ وەك بەشێكی زۆر لە داڕێژەرانی لیستی رەشەوە لەسەر حسێبی ئێرانیبوون دەستی نەرمی فارسەكان بكوشێ، بەڵام ئەو كەسە بە لیستی رەش وەڵامی درایەوە.
رۆئیا تلووعی وەك كەسایەتییەكی ئەكادیمی، مەدەنی و چالاكی مافەكانی مرۆڤ زۆر باشتر لە حزبەكانی وەك كۆمەڵە كە بە حوكمی بارودۆخی ئێستە و سیاسەتی ناواقعی و نامۆییی خۆیان سڕ بوونە، دەتوانێ چالاكی بكا. ئەو جۆرە كەسایەتییە لانیكەم لە دنیای ئەمڕۆی دەرەوەدا دەتوانێ زۆر كاریگەرتر لە رێبەرێكی سیاسی قسە بكا و پەیامەكانی مەبەستی خۆیان بپێكن، چونكە رێبەرێكی سیاسی  پێش ئەوەی قسە بكا هەموو دەزانن دووبارە باسی چی دەكاتەوە.
ئایا دەكرێ هەموو كەسایەتی و بۆچوونی ئەوانە و دەیان و سەدانی تر لە گرەوی حەز و لێكدانەی كەسێكدا بێ و بڕیاریان لەسەر بدا و فتوای سیاسییان لەدژ دەربكا تەنیا چونكە وەك كوردێكی سەربەخۆ بیر دەكەنەوە نەك حزبێكی سنووردار و بەرتەسك؟ یان ئەو كەسایەتییانە دەبێ وایان بەسەر بێ چونكە تەنیا باس لە راستییەكان دەكەن و رێگە نادەن چەواشەكاریی سیاسیی حزب و كەسەكان زیاتر لە 30 ساڵ بەردەوام بێ؟
ئەگەر رەخنەیەك لەو 2 كەسە یان كەسانی تر هەیە، ئەوە رێگەی شیاو هەیە تا كۆمەڵە یان هەر كەس و لایەنی تر بەپێی بەڵگە و روونكردنەوەی پێویست بەرگری لەخۆی بكا، نەك ئەوەی لیستێك بێتە بڵاوكردنەوە كە دیكتاتۆرییەتی خۆماڵی وەبیر خەڵك بێنێتەوە.
دوو ئاگاداریی كورت:
1. پێویستە كۆمەڵە و سەرجەم هێز و لایەنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان خۆیان ساخ بكەنەوە كە ئایا دەتوانن خۆیان لەگەڵ دنیا و خواستی نوێدا بگونجێنن یان نا؟ ئەمڕۆ پێویستە هانی دروستكردنی كەسایەتیی نوێ و سەربەخۆ بدرێ نەك ئەوەی بەرەو شكاندنی كەسانێك هەنگاو بنێین كە هێمای تاكی سەربەخۆی كوردی رۆژهەڵاتن. ئەگەر هەر حزبێكی (لێرەدا كوردی رۆژهەڵات) ناتوانێ ئەو ئەسلە لەخۆیدا بگونجێنێ، پێویستە هەر لێرەوە رێگەی خۆی جیا بكاتەوە لەوانەی بەدەیان ساڵە بە هەزار رەنج و ناخۆشییەوە دژی سیستەمێكی دواكەوتووی وەك كۆماری ئیسلامی وەستاون و قوربانی دەدەن كە رێژیمەكە بڕوای بە تاكی كورد و بۆچوونی جیاواز نییە. ئەوانەی بەهەموو شێوەیەك و قوربانیدانێك ئامادە نەبوونە لە كۆماری ئیسلامی قبووڵ بكەن، بۆیە نابێ چاوەڕێ بین لە هێزێكی كوردی قبووڵی بكەن كە خۆی بۆ نەهێشتنی ئەو دەسەڵاتە خەباتی كردووە و قوربانی داوە.
2. رۆشنبیران، نووسەران و هەموو ئەوانەی بەجۆرێك خۆیان بەرپرس لە رەوتی ئێستە و چارەنووسی داهاتووی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرپرس دەزانن پێویستە رەخنە لە بوونی ئەو جۆرە هەڵسووكەوتانەی حزبی و شەخسی بگرن، چونكە دڵنیا بن ئەو لیستە رەشە هەر بەو چەند ناوە ناوەستێ و چاوەڕێی هەڵوێستی رای گشتییە، ئەگینا لە داهاتوویەكی زۆر نێزیكدا لیستەكان رەنگین تر و بەربڵاوتر دەبینین.
رۆژهەلات تایمز

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر