Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۲ مرداد ۲۶, شنبه

توندوتیژی دژ به‌ ژنان یه‌كێكه‌ له‌ ده‌رده‌ ئازارده‌ره‌كانی كۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری


توندوتیژی دژ به‌ ژنان یه‌كێكه‌ له‌ ده‌رده‌ ئازارده‌ره‌كانی كۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری.

یه‌كێك له‌ ئازاه‌رده‌رترین ده‌رده‌كانی كۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری، توندتیژی له‌دژی ژنانه‌. ده‌ردێك كه‌ سنور ناناسێت، گه‌وره‌ و بچوك ناناسێت، له‌ هه‌موو شوێنێك و له‌ هه‌ر جێگایه‌ك له‌ بۆسه‌دایه‌ تا ئازاری ژن بدات. له‌هه‌ر كوێیه‌ك ژنێك هه‌بێت، چه‌شنێك له‌م‌ ده‌رده‌ بۆ ئازاردانی له‌ كه‌مین دایه‌. ده‌ردێك كه‌ زیاتر رووی له‌ ژنانی هه‌ژار، ژنانی كرێكار، ژنانی ماڵه‌وه‌، ژنانی نه‌خوێنده‌وار، ژنانی كۆچبه‌ر، ژنانی شه‌ڕلێدراو، ژنانی زۆرلێكراو و له‌شفرۆش و ژنانی گیرۆده‌ بوو به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌.

له‌ كۆمه‌ڵگای ئێراندا توندوتیژی دژ به‌ ژنان له‌ بنه‌ڕه‌تدا سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌ حاكمیه‌تی رژیمێكی سه‌رمایه‌داری سته‌مكاری مه‌زهه‌بی دایه‌ كه‌ قانونه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌علیمی دینی داندراوه‌. رژیمی كۆماری ئیسلامی به‌ره‌سمی، دژی ژنه‌ و به‌ ڕه‌چاو كردنی قانونی ئیسلامی به‌شێوه‌ی هه‌میشه‌یی و نیهادینه‌ كراو مافی مه‌ده‌نی و ئینسانی ژنان پێشێل ده‌كات و به‌ زه‌وت كردنی ئازادییه‌ فه‌ردی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ره‌وایی و مه‌شروعیه‌تی به‌ كرداری هه‌مه‌ ‌لایه‌نه‌ی توندوتیژی ئامێز دژ به‌ ژنان له‌ كۆمه‌ڵگا و بنه‌ماڵه‌ داوه‌. یه‌كێك له‌ پاڵپشته‌كانی درێژه‌ی حاكمیه‌تی كۆماری ئیسلامی فه‌رهه‌نگی پرتوكاوی پیاوسالاریه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا.

له‌ قانونه‌كانی رژیمی ئیسلامیدا ژنان وه‌ك به‌شێك له‌ دارایی و مڵكی پیاوان به‌حیساب دێن. به‌پێی مادده‌ی ١١٠٥ قانونی مه‌ده‌نی حكومه‌تی ئێران له‌ پێوه‌ندی نێوان ژن و مێرد دا پیاو سه‌رۆكی موتڵه‌قی بنه‌ماڵه‌یه‌. شوڕای نیگابانیش بڕیاری داوه‌ كه‌ ژن به‌بێ ئیزنی مێرد ناتوانێ له‌ ماڵ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ به‌خاك سپاردنی باوكیشی بێت. له‌ ئه‌گه‌ری سه‌رپێچی كردنی كه‌ به ‌شێوه‌ی ئاسایی توندوتیژی دژ به‌ ژنانی به‌دواوه‌یه‌، له‌ ناوه‌نده‌ قه‌زاییه‌كانیشدا به‌ پشت به‌ستن به‌م قانونانه‌، ژنه‌كه‌ مه‌حكوم ده‌كه‌ن.

ئه‌و مه‌لایانه‌ی له‌ ئێراندا حاكمیه‌تیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، په‌سند كردنی قانونی دژ به‌ ژنان وه‌ك په‌یڕه‌و كردنی ئه‌حكامه‌ ئیلاهیه‌كان چاولێده‌كه‌ن و ئیجرای ئه‌م قانونانه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و سه‌ڵاحیه‌تی كۆمه‌ڵگای ئیسلامی به‌ پێویست ده‌زانن. چونكه‌ پێیانوایه‌ به‌ ره‌چاو كردنی توندوتیژی دژبه‌وان ده‌كرێ به‌ر به‌ فه‌ساد و بێ به‌ندوباری له‌ كۆمه‌ڵگادا بگیرێ. له‌ حاڵێكدا به‌پێی ڕاپۆرته‌كان ئاماری بێ به‌ند و باری و فه‌ساد له‌ نێو كۆمه‌ڵی پیاواندا كه‌ مه‌لاكانیش به‌شێكن له‌‌وان شیاوی به‌راورد كردن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ژناندا نییه‌‌ و به‌چه‌ند قات زیاتره‌.

به‌پێی مادده‌ی ٦٣١ قانونی مجازاتی ئیسلامی، ئه‌گه‌ر پیاوێك هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پیاوێكی تردا له‌ جێدا ببینێ و بیكوژێت، قه‌تڵی ئه‌نجام نه‌داوه‌ و توشی هیچ تاوانێك نه‌بووه‌. له‌ حاڵێكدا ئه‌م حه‌قه‌ بۆ ژن له‌به‌رچاو نه‌گیراوه‌. مادده‌ی ٣٠٠ی قانونی مجازاتی ئیسلامی ده‌ڵێت كه‌: دیه‌ی كوشتنی ژنی موسڵمان چ عه‌مدی بێت و چ غه‌یره‌ عه‌مدی نیوه‌ی دیه‌ی پیاوێكی موسڵمانه‌. یه‌كێك له‌ مه‌سه‌له‌ گرینگه‌كان كه‌ ده‌بێته‌ هۆی توندوتیژی دژ به‌ ژنان له‌ ئاستی كۆمه‌ڵگادا، به‌ یاسایی كردنی حیجابی ئیجباری بۆ ژنانه‌. به‌پێی قانونی مجازاتی ئیسلامی ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ حیجابی ئیسلامی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ ره‌عایه‌ت نه‌كه‌ن به‌ ٧٤ زه‌ربه‌ شه‌لاق مه‌حكوم ده‌كرێن. قانونی ئه‌ساسی ئێرانیش مافی ژنان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م قانونه‌ كۆنه‌په‌رستانه‌ و دژی ژنه‌دا به‌ ره‌سمی ده‌ناسێ. ئه‌مانه‌ ته‌نیا هه‌ندێك نمونه‌ بوون له‌ قانونی دژی ژنی رژیمی كۆماری ئیسلامی به‌ په‌یڕه‌وی كردن له‌ ته‌عالیمی دینی كه‌ له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی پیاوسالارانه‌ی زاڵ له‌ كۆمه‌ڵگادا ئاسیب په‌زیری ژنانی له‌ به‌رانبه‌ر توندوتیژی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و سیستماتیكدا زیاتر كردووه‌. به‌مجۆره‌ ده‌بینین كه‌ له‌ وڵاتێكی وه‌ك ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی كه‌ چه‌ند هاوسه‌ری، هاوسه‌رگیری كاتی، سیغه‌، هه‌ڵاواردنی جنسیه‌تی، بێبه‌ش كردنی ژنان له‌ مافی سه‌رپه‌رستی كردنی مناڵه‌كانی كه‌ دژوارترین گوشاره‌ ره‌وانیه‌كان به‌سه‌ر دایكاندا ده‌سه‌پێنێ، ئه‌مانه‌ و گه‌لێك نمونه‌ی تر ئه‌و توندوتیژیانه‌ن كه‌ به‌پێی به‌ندێك له‌ قانون و ئیلهام گرتوو له‌ ئایات و ره‌وایاتێك له‌ ئاینی ئیسلام، له‌به‌رانبه‌ر ژناندا په‌یڕه‌و ده‌كرێن.

ئه‌و كچه‌ ئازار دیتوه‌ی كه‌ به‌ سه‌ختی و دژواری جه‌سته‌ی كوتراو و ڕه‌ش و شین هه‌ڵگه‌ڕاوی له‌ژێر ده‌ست و پێی براكه‌ی ده‌ركێشاوه‌، ئه‌و ژنه‌ لاوه‌ی كه‌ به‌ ده‌ڵاڵی و واسیته‌گه‌ری مه‌لایه‌ك له‌ نزیك حه‌ره‌مه‌ "موقه‌ده‌سه"ه‌كانی قوم و مه‌شهه‌د جه‌سته‌ و غروری هه‌ڕاج ده‌كرێت، ئه‌و كچه‌ لاوه‌ی كه‌ بۆ فه‌راهه‌م كردنی مادده‌ی هۆشبه‌ر بۆ كه‌سوكاره‌ گیرۆده‌ بووه‌كه‌ی ده‌كێشرێته‌ هه‌موو داوێكه‌وه‌، ئه‌مانه‌ و گه‌لێك زیاتر له‌مانه‌ش قوربانیانی ئه‌و شێوه‌یه‌ له‌ توندوتیژین كه‌ ته‌قدیریان له‌ لایه‌ن شه‌ریعه‌ت، سوننه‌ت و داب و نه‌ریت، ده‌وڵه‌ت، باوك، براو و خۆشك و فه‌رهه‌نگی پیاوسالاریه‌وه‌ دیاری ده‌كرێت.

توندوتێژی دژ به‌ ژن سنورێك ناناسێت و وه‌ك دیارده‌یه‌كی دزێوی كۆمه‌ڵایه‌تی، سه‌رجه‌م دنیای داگرتوه‌ و خاوه‌نی مێژوییه‌كی هه‌زاران ساڵه‌یه‌، به‌ڵام له‌مڕۆشدا نیزامی سه‌رمایه‌داری سه‌رده‌می ئێمه‌ هۆكاری به‌قا و مانه‌وه‌یه‌تی. به‌م ئیعتیباره‌وه‌ توندوتیژی دژ به‌ ژن له‌گه‌ڵ گشت دزێویه‌كانیدا دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ و وه‌ك هه‌موو دیارده‌یه‌كی تری كۆمه‌ڵایه‌تی پێویسته‌ بوار و به‌ستێنی ڕه‌گاژۆ و گه‌شه‌ كردنی بناسرێ و به‌پێی تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی به‌ شكڵ و شێوه‌ی ڕێكخراوانه‌ و له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بۆ خه‌بات كردن له‌ دژی هێزی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و به‌رابه‌ری ته‌ڵه‌بی بۆ به‌سیج بكرێت. پێویسته‌ گوشارێكی وه‌ها بخرێته‌ سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌كان كه‌ قه‌بوڵی بكه‌ن په‌یڕه‌و كردنی هه‌ر چه‌شنه‌ توندوتیژیه‌ك له‌دژی ژنان له‌ ماڵه‌وه‌، له‌ مه‌دره‌سه‌، له‌ ناوه‌نده‌كانی كار و هه‌ر جێگایه‌ك له‌ كۆمه‌ڵگادا، سزای قورسی به‌شوێنه‌وه‌ ده‌بێت.

نابێ هیچ كه‌س ئیجازه‌ به‌خۆی بدات توندوتیژی له‌ دژی ژن به‌ بابه‌تێكی شه‌خسی، بنه‌ماڵه‌یی، قه‌ومی، فه‌رهه‌نگی و مه‌زهه‌بی، بزانێ و نه‌كه‌وێته‌ به‌ر لێپێچینه‌وه‌ و سزادان. هه‌ركه‌سێك كه‌ به‌ هه‌ر شكڵ و شێوه‌یه‌ك له‌دژی ژنان توندوتیژی په‌یڕه‌و بكات، به‌بێ هیچ ئه‌ملا و ئه‌ولایه‌ك ده‌بێ مجازات بكرێت. نه ‌ته‌نیا ده‌بێ هه‌موو جۆره‌ ئه‌زیه‌ت و ئازاردان و سوكایه‌تی و ته‌وهینێك له‌ كۆمه‌ڵگادا و هه‌موو چه‌شنه‌ توندوتیژیه‌ك له‌ شوێنه‌كانی كاردا قه‌ده‌غه‌ بێت، به‌ڵكوو ده‌بێ ئه‌و كه‌سه‌ی توندتیژی ئه‌نجام ئه‌دات و خاوه‌نكاریش بكه‌ونه‌به‌ر لێپێچینه‌وه‌ و سزا بدرێن.

ته‌نیا به‌ هێزی خه‌باتێكی ڕێكخراوانه‌ و یه‌كگرتوو و به‌ به‌شداری به‌رین ترین جه‌ماوه‌ری ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و زۆرلێكراو و ئه‌و پیاوانه‌ی كه‌ به‌قا و مانه‌وه‌ی ئه‌م سته‌مگه‌رییه‌ به‌ گوشارێكی ئازارده‌ر و بێڕێزیه‌كی ئاشكرا به‌ كه‌رامه‌ت و ئینسانیه‌تی خۆیان ده‌زانن، ده‌كرێ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ به‌ رادده‌یه‌كی به‌رچاو شوێنێكی ئه‌من و ئارام تر له‌ ماڵه‌وه‌ و له‌ پێوه‌ندی و مناسباته‌ ئینسانیه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگادا و كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئه‌من تر له‌ شوێنه‌كانی كاردا فه‌راهه‌م بكرێت. به‌ڵام گومانی تێدا نییه‌ كه‌ له‌ كۆتاییدا به‌ رزگار بوون له‌ شه‌ڕ و نه‌هامه‌تی نیزامی سه‌رمایه‌داری و دامه‌زراندنی نیزامێكی سۆسیالیستیه‌ كه‌ ده‌كرێ بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ئه‌م نه‌نگ و شه‌رمه‌زارییه‌ له‌ داوێنی به‌شریه‌ت بشۆرێته‌وه‌. روخاندنی رژیمی كۆماری ئیسلامی هه‌نگاوێكی گرینگه‌ له‌ راستای رزگار بوون له‌ شه‌ڕی نیزامی سه‌رمایه‌داری و رزگاری ژنان

http://komalah.org/index.php/vottar/8213.html

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر