Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۲ شهریور ۳, یکشنبه

بەرگیری لە تەشەنەی بزووتنەوەكانی سەلەفی و ئەلقاعیدە و پشتگیری لە شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان، ئەركێكی نەتەوەیی و ئەخلاقییە


بەرگیری لە تەشەنەی بزووتنەوەكانی سەلەفی و ئەلقاعیدە و پشتگیری لە شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان، ئەركێكی نەتەوەیی و ئەخلاقییە

گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بە پشت بەستن بە هێزی جەوهەری و ئەو شۆڕشەی كە بە خۆڕاگری و فیداكارییەكی بێ‌وێنە بە ئەنجامی گیاندووە، توانیوێتی بۆ هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە مۆدێلێكی پێشكەوتوو و دێمۆكراتیك. ئەوەی كە وەك بەهاری گەلان یادی لێدەكەین، لە رۆژئاوای كوردستان كەوتووەتە بواری كردارییەوە. 


لەبەر ئەوەش هێزەكانی كۆنەپارێز و بەكرێگیراوی هەرێمەكە و هەروەها هێزە جیهانییەكانی پیشتیوانییان، كە چاویان بە دیتنی ئەو دەسكەوتە مەزنانەی گەلی كورد و وەدیهاتنی دۆخێك لە دەرەوەی پلان و بەرنامەكانییان، هەڵنایا، بە هەموو توانا و دەرفەتەكانییانەوە و لە ڕێگای بزووتنەوەكانی پەیوەندیدار بە ئەلقاعیدەوە، هێرشیان كردووەتە سەر رۆژئاوای كوردستان. بە شێوازێكی قیزەوەن فتوای جیهادیان دەركرد و ژنان، مناڵان، گیان و ماڵ و نیشتمانی كوردەكانیان بە تاڵان برد. ئەوەی كە لە ئایینی ئیسلامدا وەك حەرام، بێ‌ئەخلاقی، جەنایەت و دڕندەیی دەێنە هەژمار، لە لایەن ئەم بزووتنەوە تێرۆریستیانەی گرێدراوی ئەلقاعیدەوە دژی گەلی كورد حەڵاڵ و رەوا راگەیندراون. ئێستاكە قیزەوەنترین شەڕ بە دەستی چەتەكانی ئەلقاعیدە، ناسراو بە جەبهەتولنەسر و دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و بیلادی شام، بۆ بێ‌ئاكام هێشتنەوەی شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان و لەناوبردنی دەسكەوتە دێمۆكراتیكەكانی لە ئارادایە. ئەم هێزە تێرۆریستیانە تێكەڵاوییەكن لە گروپە تێرۆریستەكانی بەكرێگیراو لە وڵاتانی جیاوازی وەك چێچن، لیبی، عێراق، عەرەبستان، پاكستان، ئەفغانستان و هەتد كە هەوڵدەدرێ‌ لە ژێرناوی ساختەی “ئۆپۆزیسیۆنی سوریە” بناسێندرێن. وڵاتی عەرەبستان بە پارە و ئیمكانی مادی پشتگیری ئەو تێرۆریستانە دەكات و هەروەها توركیە لە رێگای ناردنی چەك و كەرەسەی نیزامی و بەڕێوەبردنی كۆڕ ‌و كۆبوونەوە بۆ ئەو چەتە و هێزە تێرۆریستیانە، بە شێوازێكی ئاشكرا بۆ هێرش دژی گەلی كورد هانیان دەدا. لەم ناوەدا، وڵاتی ئێرانیش كە رێگای هات‌وچۆی هێزەكانی ئەلقاعیدە لە پاكستان و ئەفغانستانە بۆ عیراق و سووریایە، بۆ پشتگیری لە رژیمی بەعسی سووریا و هەروەها كەمكردنەوەی گوشاری سەر ئەو رژیمە، چاوپۆشی لە هات‌وچۆ و جوڵانەوەی ئەم هێزانە دەكات و سەبارەت بەو هێرشە تێرۆریستیانەی كە ئەوان بۆ رۆژئاوای كوردستانی دەكەن، بێ‌دەنگ ماوەتەوە و وەک دەرفەتێک بۆ هەناسەدان کەڵکی لێوەردەگرێت.
لە لایەكی دیكەوە، بەشێك لە هێزە جیهانییەكان كە هەمیشە سەبارەت بە مەسەلەی كورد هەڵوێستێكی ناشەفاف و دووروویانەیان نواندووە، بە سازدانی سەناریۆ و تێكۆشان بۆ چەواشەكردنی رای گشتی، هەژمارێكی زۆر لە بەندكراوانی ئەلقاعیدەیی لە وڵاتانی عێراق، ئەفغانستان، لیبی و … یان راوناوە و پاشان ئەوانیان بۆ سووریا و رۆژئاوای كوردستان ناردووە. هەروەها هێندێك كەسایەتی ئایینی پەیوەندیدار بە گروپە سەلەفییەكان لە باشووری كوردستان بە ئاشكرایی دەستیان داوەتە پروپاگەندە بە ئامانجی یارگیری و ئەندامێتی لە ئەلقاعیدەدا. تەواوی ئەو هێزانە لەو قەتل‌وعام و كوشتارەی كە لە رۆژئاوای كوردستان پێكدێت و بووەتە هۆی ئاوارایی و ماڵوێرانی گەل، تاوانبار و بەرپرسیارن. هەرچەند كە ئەم قەتل‌وعامە لە بەرچاوی هەموو جیهانیان پێكدێت بەڵام هێندێك لە هێزەكانی جیهانی و هەرێمی هەوڵێكی زۆر دەدەن تا روودانی ئەم كارەساتە بخەنە ناو شك‌وگومانەوە و راستییەكان بەراوەژوو بكەنەوە. هەمووی ئەو رووداوانە نیشان دەدەن كە گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان رووبەڕووی هێرشێكی دژەئینسانی و دڕندانە بووەتەوە. ئێمە وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان(پەژاك) وێڕای دەربڕینی پشتگیری خۆمان لە شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان، هەموو ئەو دەوڵەت و هێزانەی كە دەستیان لەو جەنایەت و كردەوە دژەئینسانیانە دایە و بە شێوەی كرداری رواڵەتێكی ئەلقاعیدەییان گرتووە بە توندی شەرمەزار و مەحكووم دەكەین.
رادەگەیەنین لەگەڵ ئەەوەی كە گەلی كورد بەرەو سازدانی كۆنگرەی نەتەویی خۆی هەنگاو دەنێت، پێویستە رۆژئاوای كوردستان ناوەندی سەرنج و گرینگیپێدان و هەڵوێست وەرگرتنی سیاسی هەموو پارتی و رێكخراوكان، دام‌ودەزگاكانی مەدەنی، كەسایەتیە سیاسی ـ فەرهەنگییەكان و بە گشتی گەلی وڵاتپارێزمان بێت. سەركەوتنی شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان و پاراستنی پێگەی دیمۆكراتیكی گەلەكەمان لەو بەشەی كوردستان، بەواتای سەركەوتن لە خەبات و تێكۆشانی ئازادیخوازانەیە لە بەشەكانی دیكەی كوردستاندا. لەدایك بوونی دیمۆكراسی و ئازادی لە رۆژئاوای كوردستان، بەرهەمی رەنج و تێكۆشانی ماندوونەناسانەی گەلەكەمان و شەهیدانێتی كە لەم رێگایەدا پێشكەشی كردووە. بەو هۆیەوە بێ‌دەنگی، بێ‌چالاكی و بێ‌ هەڵوێستی و رەفتاری ناشەفاف و نابەرپرسیارانە سەبارەت بە كوشتار و شەڕی هەمەڵایەنە كە لە دژی رۆژئاوای كوردستان ئەنجام دەدرێت، بە هیچ شێوازێك قەبوول ناكرێت. بە تایبەت بانگەوازیمان بۆ گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئەوەیە كە بە هۆشیاری و هەستیارێكی تەواو سەبارەت بە رووداوەكانی رۆژئاوای كوردستان هەڵس‌وكەوت بكەن. ئاگادارین كە هێندێك لە كەسان و رێكخراوەكان بە وادەی پارە و ئیمكاناتی مادی، لە هەوڵدانێكی شاراوەدان بۆ بەشدارکردنی جوانانی رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ ناو رێكخستنەكانی سەلەفی و ئەلقاعیدە. شایەدی چەند نموونەیەكی هاوشێوەی ئەم جۆرە هەوڵدانانە لە باشووری كوردستان بووین كە لە درێژەی ئەم هەوڵدانانەدا هەژمارێك لە جوانانی خەڵەتێنراوی كورد بەڕێی رۆژئاوای كوردستان كران تاكوو دەستیان بە رژاندنی خوێنی گەلەكەیان ئاڵوودە بێت. لەبەر ئەوەش پێویستە كە بنەماڵەكان و كەسانی وڵاتپارێز لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەمبەری تەڤگەری بەو جۆرە هەستیار بن و ئیزن نەدەن جوانانی كورد ببنە قوربانی ئەم هەوڵدانانە. هەروەها بانگەوازی لە هەموو رێكخراوە ئیسلامییەكان و كەسایەتیەكانی وڵاتپارێزی ئایینی سەرتاسەری كوردستان دەكەین تا لە برانبەری دڕندەییەكانی ئەلقاعیدە لە رۆژئاوای كوردستان خاوەن هەڵوێستێكی روون و ئاشكرا بن و جەنایەتەكانیان مەحكووم و شەرمەزار بكەن.
رۆژهەڵاتی كوردستان لە دژوارترین هەل‌ومەرجەكانی مێژووییدا هەمیشە پشتگیری هەمەلایەنەی مەعنەوی و مادی خۆی بۆ بەشەكانی دیكەی كوردستان دەربڕیوە و ئەوەی بە ئەركی نەتەوەیی، ئینسانی و ئەخلاقی زانیوە. ئێمە وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان(پەژاك) جارێكی دیكە پشتگیری هەمەلایەنەی خۆمان لە خۆڕاگری رۆژئاوای كوردستان و دەسكەوتە دیمۆكراتیكەكانی رادەگەیەنین. بانگەوازی لە گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین تاكوو جارێكی دیكە هەڵوێستی شۆڕشگێرانە و وڵاتپارێزانەیان نیشان بدەن و خاوەندارێتی و پشتگیری هەمەلایەنە لە شۆڕش و خۆڕاگری رۆژئاوای كوردستان بكەن و بۆ ئەو مەبەستەش بە كۆكردنەوەی هاوكارییەكانی مادی بۆ گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان، هاودڵی و هاوهەڵوێستی و یەكێتی نەتەویی خۆیان نیشان بدەن. چاوەڕوان دەكرێ‌ دام‌ودەزگا مەدەنییەكان، رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و كەسایەتیە وڵاتپارێزەكانی كورد بە بەشداری چالاكانەیان پێشەنگایەتی لەئەستۆ بگرن.
كۆردیناسیونی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان PJAK
24.08.2013
http://pjak.eu/ku/?p=1527

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر