Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۲ مرداد ۱۵, سه‌شنبه

یه‌کێتی نیشتمانی YNK : داخستنی سنوور بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان PDK یه‌


یه‌کێتی نیشتمانی YNK : داخستنی سنوور بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان PDK یه‌.

anf
ده‌روازه‌ی سنووری سێماڵکا که‌ له‌سه‌ره‌تای شۆڕشی رۆژئاوای کوردستانه‌وه‌ وه‌ک تاکه‌ ده‌روازه‌ی هاوکاریه‌ که‌ له‌ژێرده‌ستی کوردا بێت و بتوانرێت بۆ هاوکاریکردنی گه‌لی کورد له‌ رۆژئاوای کوردستان سودی لێوه‌ربگیردرێت له‌لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌ و داخراوه‌ و کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و پارته‌ش ئه‌و کاره‌ بۆ بڕیاری حکومه‌ت ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ . 

له‌به‌رامبه‌ردا به‌رپرسێکی باڵای یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان YNK ئه‌و بانگه‌شانه‌ ره‌ت ده‌کاته‌وه‌ و رایگه‌یاند که‌ ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ و سنووری رۆژئاوای کوردستان له‌لایه‌ن پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌ داخراوه‌ . 
له‌ په‌یوه‌نیه‌کى ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ ده‌نگوباسه‌کانى Stêrk.TV ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان وه‌ستا ڕه‌سوڵ ڕایگه‌یاند که‌ ئه‌وان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک پشتیوانى له‌ ڕۆژئاواى کوردستان ده‌که‌ن و ده‌ستنیشانی کرد که‌ راسته‌ له‌ حکومه‌تدا هاوبه‌شن به‌ڵام سنوره‌کانى ڕۆژئاوا هه‌یمه‌نه‌ى پارتى دیموکراتى به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ نه‌ک ده‌سه‌ڵاتى حکومه‌ت . 
ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان دوێنێ له‌سه‌ر ڕه‌وشى ڕۆژئاواى کوردستان و داخستنى ده‌روازه‌کانى سنور رایگه‌یاند:"به‌لاى یه‌کێتى نیشتمیانى کوردستانه‌وه‌، ئه‌و ڕووداوانه‌ى ئێستا له‌ ڕۆژئاواى کوردستاندا ڕووده‌ده‌ن، ڕووداوى نه‌خوازراون و پێمان وایه‌، کۆمه‌ڵکوژى کوردان له‌ ئارادایه‌ و کورد قڕانه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ زۆر به‌هه‌ند وه‌رده‌گرین و به‌هه‌ندیش وه‌رمانگرتوه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌موو داموده‌زگاکانى خۆماندا کارمان له‌سه‌رکردوه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ى بتوانین هه‌رچى هاوکاریه‌ک هه‌یه‌ بیکه‌ین و ڕاده‌گه‌یه‌نین که‌ پشتیوانى هه‌موو که‌مپینێک ده‌که‌ین بۆ ڕۆژئاواى کوردستان. " 
ئه‌و به‌رپرسه‌ی YNK وتیشى :" یه‌کێتى ئه‌و کاره‌ دڕندانه‌یه‌ى تیرۆریسته‌کان که‌ له‌ ڕۆژئاواى کوردستان دژ به‌ گه‌لى کورد ده‌ستیان داوه‌تێ و کورد ده‌کوژن و ژنى کورد به‌خۆیان حه‌ڵاڵ ده‌که‌ن، منداڵى کورد شه‌هید ده‌که‌ن، به‌کارێکى جینۆساید ده‌زانین، پشتیوانى خۆشمان ، بۆ هه‌موو هێزه‌ ئازادیخوازه‌کانى کوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نین و داواشمان له‌هه‌موو گه‌لى کورد ئه‌وه‌یه‌ که‌ پشتیگیرى کوردانى ڕۆژئاواى کوردستان بکه‌ن. " 
له‌سه‌ر پرسى داخستنى ده‌رگاکانى سنور به‌ڕووى ڕۆژئاواى کوردستاندا که‌ پارتى دیموکراتى کوردستان ڕایگه‌یاندوه‌ ئه‌و سنوره‌ به‌ بڕیارى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان داخراوه‌ و ئایا یه‌کێتى چه‌ندێک له‌و بڕیاره‌دا به‌شداره‌؟ ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌ى یه‌کێتى وه‌ستا ڕه‌سوڵ وتى :"ڕاسته‌ ئێمه‌ وه‌ک یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان له‌و حکومه‌ته‌داین و له‌و حکومه‌ته‌دا شه‌ریکین ، به‌ڵام له‌ ڕاستینى ئه‌و سنورانه‌ زۆرتر هه‌یمه‌نه‌ى پارتى دیموکراتى کوردستانى به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ و که‌متر ده‌سه‌ڵاتى حکومه‌تى به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ وئێمه‌ له‌و مه‌سه‌له‌یه‌شدا هه‌ڵوێستمان بوه‌ و قسه‌مان له‌گه‌ڵ، حکومه‌ت کردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى که‌ هه‌وڵ بدرێت ئه‌و سنورانه‌ بکرێنه‌وه‌، یه‌کێتى گوشارى خستوه‌ته‌ سه‌ر حکومه‌ت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ و هه‌وڵیداوه‌ سنوره‌که‌ بکرێته‌وه‌." 
--------------------

سیپان حه‌مۆ: رژێم و ئۆپۆزسیۆن و خیانه‌تکاران پێکه‌وه‌ هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر کوردان.

فه‌رمانداری گشتی YPG ، ( سیپان حه‌مۆ ) رایگه‌یاند هێزه‌کانی رژێمی سوریا و ئۆپۆزسیۆن پێکه‌وه‌ هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر کوردانی رۆژئاوای کوردستان و سوریا و هه‌روه‌ها ده‌ستنیشانی کرد ژماره‌یه‌کی زۆر هێزی بیانی له‌پشت هێرشه‌کانی سه‌ر رۆژئاوای کوردستانه‌وه‌ن و جارێکی تر دووپاتی کرده‌وه‌ که‌ گه‌له‌کۆمه‌یه‌کی به‌رفراوان له‌دژی رۆژئاوا کوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت . سیپان جه‌ختی له‌سه‌ر کرده‌وه‌ که‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌درێت شه‌ڕی کورد ـ عه‌ره‌ب دروست بکه‌ن و داواش له‌ سوپای ئازاد و گرووپه‌کانی سه‌ربه‌و کراوه‌ هه‌ڵوێستی خۆیان ئاشکرا بکه‌ن . سیپان حه‌مۆ وتیشی :" حکومه‌تی باشووری کوردستان به‌ کرده‌وه‌کانی خۆی ده‌بێته‌ پارچه‌یه‌ک له‌ هێرشه‌کان و بانگه‌وازیشی له‌ گه‌لی کورد له‌ باشووری کوردستان کرد که‌ هه‌ڵوێستی خۆیان نیشان بده‌ن . 
فه‌رمانداری گشتی یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل ( YPG ) ، (سیپان حه‌مۆ) له‌باره‌ی هێرشه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی سه‌ر هه‌رێمه‌کانی رۆژئاوای کوردستان که‌ به‌ ئامانجی کۆمه‌ڵکوژی کوردان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و هاوکات سه‌باره‌ت به‌ هێزه‌کانی پشت ئه‌و گرووپانه‌ و هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ کوردییه‌کان و به‌شه‌کانی تری کوردستان چاوپێکه‌وتنێکی دا به‌ ئاژانسی هاوار . 
حه‌مۆ له‌سه‌ر هێرشه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی له‌رۆژئاوای کوردستان وتی: "هێرشی گرووپه‌ توندڕه‌وه‌ ئیسلامییه‌کان که‌ ئێستاش به‌رده‌وامه‌، له‌سه‌رێکانی، تلته‌مر و تربه‌سپی ده‌ستپێکرد، پاشان له‌ گرده‌سپی به‌رده‌وامی کرد . هێزه‌کانمان قاره‌مانانه‌ی له‌و هه‌رێمانه‌دا به‌رخۆدانیان کرد، به‌رپه‌رچی ئه‌و گرووپانه‌یان دایه‌وه‌ و له‌چه‌ندین شوێن هێرشه‌کانیان تێکشکاندن . 
ئه‌وگرووپانه‌ی ویستیان ئیسلام له‌که‌دار بکه‌ن گورزی سه‌ختیان لێدرا 
له‌ به‌رده‌وامی چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا سیپان حه‌مۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ گرووپه‌ چه‌ته‌کانی سه‌ر به‌ئه‌لقاعیده‌ بۆ له‌که‌دارکردنی ئیسلامییه‌ت هه‌موو شتێک ده‌که‌ن و ووتی :"ئه‌و گرووپانه‌ی که‌ به‌ داخه‌وه‌ ناوی ئیسلامیان له‌خۆیان ناوه‌ و له‌مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زاندا هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر گه‌لی کورد، گورزێکی سه‌ختیان لێدرا، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ له‌تلعه‌ران و تلحاسل هێرشیان کرده‌ سه‌ر گوندی کوردان و کۆمه‌ڵکوژی یان ئه‌نجام دا . ئه‌و گوندانه‌ له‌هه‌رێمی عه‌ره‌به‌کاندان، ده‌که‌ونه‌ باب و ده‌وروبه‌ری. به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستانه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ کوردانی دانیشتووی شاره‌کانی ره‌قا، جه‌رلوس و مه‌مبیج کرد. ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی داننانه‌ به‌ تێکشاندنیان له‌ هه‌رێمه‌کانی کوردان دا و ده‌یشیسه‌لمێنێت که‌ هێرشه‌کانیان له‌و هه‌رێمانه‌دا بێئه‌نجام بووه‌ . " 
سیپان حه‌مۆ ئاماژه‌ به‌وه‌ کرد که‌ ئه‌و گرووپه‌ چه‌کدارانه‌ ده‌یانه‌وێت تۆڵه‌ی ئه‌و گورزه‌ قورسه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی YPG وه‌ لێیاندراوه‌ له‌هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی بکه‌نه‌وه‌ و وتی:" بۆیه‌ ئه‌وه‌ش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ناکه‌وێته‌ ناو پێوانه‌کانی شه‌ڕه‌وه‌ . ئه‌وه‌ش بێ ره‌وشتی ئه‌و گرووپانه‌ ده‌سه‌لمێنێت . ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌که‌ له‌شاره‌کانی تلعه‌ران و تلحاسڵ‌ هێرشی دڕندانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن . وه‌کوو YPG ئێمه‌ پێشتریش رامانگه‌یاندبوو هێرشه‌کان له‌دژی کوردان له‌تلعه‌ران و تلحاسڵ وه‌کوو هێرش له‌به‌رامبه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌بینین و له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ش بێ ده‌نگ نامێنین ."
کۆمه‌ڵکوژی روخساری راسته‌قینه‌یانی ئاشکرا کرد
فه‌رمانده‌ی یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل YPG له‌ به‌رده‌وامی چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو که‌ ئه‌و گرووپانه‌ بێ ره‌چاوکردنی پره‌نسیپ و پێوانه‌کانی جه‌نگ خه‌ڵکی مه‌ده‌نی سه‌رتاپای هه‌ردوو شارۆچکه‌که‌یان داوه‌ته‌ به‌ر تۆپ و هاوه‌ن و ده‌ستنیشانی کرد که‌ هه‌مان ئه‌و گرووپانه‌ دوای تۆپبارانه‌که‌ هێرشیان کردۆته‌ سه‌ر ئه‌و خێزانانه‌ی شارۆچکه‌کانیان جێهێشتووه‌ و وه‌کو له‌ ئاشکرابوو به‌ده‌یان منداڵ و ژن و گه‌نج و پیریان کۆمه‌ڵکوژکردووه‌. 
سیپان حه‌مۆ وتیشی :" پێویسته‌ بزانرێت که‌ گرووپی به‌و ره‌نگه‌ له‌کوێ ده‌بێت با ببێت، ده‌رفه‌ت به‌ ده‌ست بخه‌ن، هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر کوردان . ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌وان له‌ دژی تلعه‌ران و تلحاسڵ‌، ناسنامه‌ی راسته‌قینه‌یانی ئاشکرا کرد . سه‌لماندی که‌ ئه‌و گرووپانه‌ بۆ کوردان چۆن داهاتوویه‌کیان ده‌وێت . بۆ کوردان جیا له‌کوێلایه‌تی، ته‌سلیمیه‌ت، پاکتاوکاری و کۆمه‌ڵکوژی شتێکی تر شایسته‌ نابینن . ئه‌و هێرشانه‌ پاکتاوکردنی بۆ وشککردنی ره‌گی کوردانه‌ . ئه‌گه‌ر هێزیان هه‌بوایه‌، ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌شیان له‌دێرک، قامیشلۆ و شاره‌کانی تری رۆژئاوای کوردستانیش ئه‌نجام ده‌دا . هه‌وڵیان دا له‌کۆبانێ و عه‌فرین ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌ ئه‌نجام بده‌ن . به‌رخۆدانی هێزه‌کانی YPG و خاوه‌ندارێتی به‌ شکۆی گه‌له‌که‌مان، سه‌رجه‌م پلانی نکۆڵی و قڕکردنی ئه‌و گرووپانه‌ی له‌کوردستان پووچه‌ڵ‌ کرده‌وه‌ . ئه‌وانیش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ روویان کرده‌ هه‌رێمی عه‌ره‌به‌کان و ویستیان ئه‌و ئامانجه‌یان له‌گوندی تلحاسڵ‌ و تلعه‌ران ئه‌نجام بده‌ن . ده‌یانه‌وێت شکسته‌کانیان، گورزخواردنه‌کان و تێکشکاندنیان به‌و کۆمه‌ڵکوژیانه‌ بشارنه‌وه‌ . "
ئۆپۆزسیۆنی سوریا و رژێمی ئه‌سه‌دیش له‌ناو هێرشکاره‌کاندان
سیپان حه‌مۆ له‌سه‌ر پرسیاری ئامانجی هێرشه‌کان و هۆکاری بێ ده‌نگی رای گشتی ئه‌و هێرشانه‌ رایگه‌یاند: "له‌بنه‌مای ئه‌و هێرشانه‌دا کۆمه‌ڵکوژی قووڵ و مێژوویی هه‌یه‌ . بێ ده‌نگی رای گشتی جیهان و ئۆپۆزسیۆنی سوریا و هێزه‌کانی هه‌رێمی ده‌ریده‌بڕێت که‌ له‌ناو ئه‌و هێرشانه‌دا رۆڵی هه‌مووی ئه‌و هێزانه‌ هه‌یه‌ . ئاشکرای ده‌کات که‌ ئه‌وه‌ش پیلانێکی هاوبه‌شی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌یه‌ . بێگومان ئه‌وه‌ش شتێکی تازه‌ نییه‌، به‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر عه‌فرین ده‌ستیپێکرد . پاشان رووی هێرشه‌کانیان کرده‌ هه‌رێمه‌ کوردنشینه‌کان و به‌م دواییانه‌ش له‌تلعه‌ران و تلحاسڵ کۆمه‌ڵکوژیان ئه‌نجام دا ، بێ ده‌نگی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ نیشانی ده‌دات که‌ ده‌یانه‌وێت مرۆڤایه‌تی کوێر بکه‌ن ." 
سه‌باره‌ت به‌ هۆکاره‌کانیشی وتی :"بێگومان هۆکاریشی هه‌یه‌ . به‌ر له‌هه‌موو شتێک به‌رژه‌وه‌ندی ژماره‌یه‌کی زۆر هێز له‌و شه‌ڕه‌دایه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان به‌ده‌ستبخه‌ن . ژماره‌یه‌کیش ده‌یانه‌وێت سیاسه‌تی خۆیان جێگیر بکه‌ن . ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر خاکی سوریا شوێنێک بۆ خۆی په‌یدا بکات، له‌پشت ئه‌و هێرشانه‌وه‌یه‌ . رژێمی سوریاش له‌و شه‌ڕه‌دا قازانجی هه‌یه‌ . نایه‌وێت ئه‌و شه‌ڕه‌ کۆتایی بێت و ده‌یه‌وێت ببێته‌ گرێکوێره‌یه‌ک و له‌کۆتایی دا ببێته‌ شه‌ڕی کورد و عه‌ره‌ب . له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌وڵ ده‌ده‌ن شه‌ڕی سوریا بکه‌ن به‌ شه‌ڕی کورد ـ عه‌ره‌ب، سونی ـ عه‌له‌وی و به‌و شێوه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت نه‌خشه‌ی سوریا دابنێن . "
تورکیا گه‌وره‌ترین رۆڵی خۆی ده‌گێڕێت 
فه‌رمانداری YPG سیپان حه‌مۆ رایگه‌یاند که‌ :"یه‌کێک له‌هێزه‌ سه‌ره‌کییه‌کان له‌ناو هێرشه‌کاندا خاوه‌ن به‌رژوه‌ندییه‌، ده‌وڵه‌تی تورکیایه‌ " و وتی:" له‌کاتێکدا گه‌لی کورد له‌گۆڕه‌پانی نێو ده‌وڵه‌تیدا وه‌ک ئیراده‌یه‌ک دانی پێداده‌نرێت و هه‌وڵده‌درێت به‌ڕێوه‌به‌ری خۆسه‌ری دابمه‌زرێت، تورکیا به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو دژایه‌تی ئه‌وه‌ ده‌کات و ده‌ستی به‌ ئۆرگانیزه‌ و رێکخستنی ئه‌و هێرشانه‌ش کردووه‌ که‌ به‌ده‌ستی ئه‌و گرووپانه‌ ئه‌نجامی ده‌دات. له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئاگادارین تورکیا هاوکاری جددی ده‌داته‌ ئه‌و گرووپانه‌ . ئه‌و گرووپانه‌ی که‌ گورزێکی قورسیان له‌لایه‌ن هێزه‌کانمانه‌وه‌ لێدرا و له‌هه‌رێمه‌که‌ داماڵران، په‌نایان برده‌ تورکیا . تورکیا له‌سه‌ر سنوور هه‌وڵه‌کانی خسته‌گه‌ڕ و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستێوه‌ردانیان کرد . "
خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری گه‌ل له‌ رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و هه‌ندێک لایه‌ن ئازار ده‌دات 
سیپان حه‌مۆ سه‌باره‌ت به‌ بونیادنانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتی دیموکراتی و په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌م هێرش و په‌لامارانه‌ی دواییه‌وه‌ وتی :" دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌ری خۆسه‌ری کوردان وه‌کوو هۆکارێکی هێرشه‌که‌ ده‌بینن . یه‌که‌مین ناڕه‌زایی زۆر توند له‌سه‌ر ئه‌وه‌ تورکیا ده‌ریبڕی و  ته‌نانه‌ت به‌ فه‌رمی رایانگه‌یاند: ( ئێوه‌ بانگه‌وازی پارچه‌بوون ده‌که‌ن ). ئه‌و گرووپه‌ چه‌تانه‌ش هه‌مان ئه‌و قسانه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن ( ئێمه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ هێرش ده‌که‌ینه‌ سه‌رتان ) و له‌گه‌ڵ‌ تورکیا هه‌مان زمان به‌کار دێنن. ئێمه‌ش له‌ تورکیا و له‌و گرووپه‌ چه‌تانه‌ی هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر گه‌له‌که‌مان زیاتر، یه‌کپارچه‌بوونی سوریا ده‌پارێزین . بۆ ئه‌وه‌ش به‌رخۆدان ده‌که‌ین و شه‌ڕ ده‌که‌ین . تورکیا ئه‌و هێزانه‌ به‌کار دێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌یه‌ته‌ ئامانجه‌کانی، گرووپی ئه‌لقاعیده‌ به‌ کار دێنێت . ئامانجیشیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ نابێت کورد هه‌بێت و له‌سه‌ر خاکه‌که‌یان ژیان نه‌که‌ن . " 
له‌کۆمه‌ڵکوژی تلعه‌ران خیانه‌ت هه‌یه‌
سیپان حه‌مۆ له‌وه‌ڵامی پرسیاری که‌ له‌ناو هێرشه‌کاندا هێزه‌کانی سوپای ئازادیش هه‌یه‌ وتی: "له‌و هێرشانه‌دا ژماره‌یه‌ک له‌گرووپه‌کانی سه‌ر به‌ سوپای ئازاد به‌شدارن . له‌هێرشی سه‌ر شاری دێرک، تلعه‌ران و تلحاسڵ‌ دا ژماره‌یه‌ک له‌گرووپه‌کانی سه‌ر به‌ سوپای ئازادیش هه‌ن . لیوای به‌ ناوی ( 313 )، لیوای ئه‌حرار جه‌زیره‌، له‌هێرشه‌کانی جزیره‌ دا له‌گه‌ڵ‌ گرووپه‌کانی ژێر ده‌مامکی ئیسلامییه‌ت هێرشیان کرده‌ سه‌ر هه‌رێمه‌کانی کوردان . له‌کۆبانێ ژماره‌یه‌ک گرووپی سوپای ئازادیش له‌ناو هێرشه‌که‌دا به‌شدارن و ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن منبیجه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان له‌کوردان کردووه‌ . له‌هه‌رێمه‌که‌ زۆری و زه‌حمه‌تی و ته‌نگه‌تاویان ده‌رخستووه‌ . ده‌یانه‌وێت به‌ خۆش کردنی شه‌ڕه‌که‌ و هه‌ڕه‌شه‌ کردن، به‌ره‌یه‌کی نوێ له‌به‌رامبه‌ر به‌ کورد دابمه‌زرێنن . ئه‌و گرووپه‌ی پێشتر پابه‌ندی لیوای ته‌وحید بوون، ئێستا به‌ ته‌واوی له‌گه‌ڵ‌ به‌ره‌ی نه‌سرادان و به‌شداری کۆمه‌ڵکوژی له‌تلعه‌ران و تلحاسڵ‌ بوون . به‌ داخه‌وه‌ له‌ناو ئه‌وانه‌شدا کوردیش هه‌یه‌ . له‌تلعه‌ران خێزانێکی کورد هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی له‌خێزانێکی تر بکاته‌وه‌، ده‌ڕوات گرووپێکی سوپای ئازاد ده‌هێنێت و له‌ماڵی خۆیدا جێگیریان ده‌کات و هێرشه‌که‌ لێره‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات . خیانه‌تی مه‌زنی به‌وشێوه‌یه‌ ده‌ستپێکرد . "
بانگه‌وازی بۆ سوپای ئازاد
سیپان حه‌مۆ وتیشی :" هیچ ئیراده‌ و باڵاده‌ستییه‌کی سوپای ئازاد له‌سه‌ر خاکی سوریا نییه‌ . له‌راستیدا هێز و به‌ڕێوه‌بردنی سوپای ئازاد له‌ده‌ره‌وه‌ی سوریایه‌ . ئه‌وانه‌ی له‌ناخه‌وه‌ تێده‌کۆشن، هیچ به‌ها و نرخێکی مه‌زنیان نییه‌ که‌ پێی پابه‌ند و دڵسۆز بن . له‌سه‌ر دووشت هاتوونه‌ته‌ لای یه‌کتر: یه‌که‌م؛ دزی و دووه‌مین له‌سه‌ر ناوی گوایه‌ ( ئیسلامییه‌ت ) له‌یه‌ک کۆبوونه‌ته‌وه‌ . بۆ وه‌رگرتنی هاوکاری و پاره‌ له‌ده‌ره‌وه‌ خۆیان به‌ سوپای ئازاده‌وه‌ به‌ستۆته‌وه‌ . " 
سیپان ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد که‌ سوپای ئازاد به‌ ئامانجی شۆڕش هاتۆته‌ ئاراوه‌ و به‌داخه‌وه‌ له‌حه‌له‌ب، ره‌قا و حه‌سه‌که‌ به‌ کاریگه‌ر نیین . ته‌نیا ناویان به‌ کار ده‌هێنرێت و وتیشی:" بانگه‌وازیمان بۆ سوپای ئازادی ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ڵوێستیان ئاشکرا بکه‌ن . ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت له‌دژی گه‌لی کورد شه‌ڕ بکه‌ن، با بۆ رای گشتی رایبگه‌یه‌نن . ئه‌گه‌ر نایانه‌وێت، ئه‌و کات پێویسته‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی له‌سه‌ر ناوی ئه‌وان شه‌ڕ ده‌که‌ن، هه‌ڵوێستیان هه‌بێت  به‌ فێل و ته‌له‌که‌بازی، سوود به‌ده‌ستخستن له‌هێرشه‌کان شۆڕشگێڕی نابێت، تێکۆشانی شۆڕش به‌و شێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌ ناچێت . ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت له‌دژی گه‌لی کورد شه‌ڕ بکه‌ن، پێویسته‌ بۆ رای گشتی ئاشکرای بکه‌ن ."
به‌ره‌ی نه‌سرا ده‌یه‌وێت هه‌نگاو  به‌ هه‌نگاو پیلانی گه‌له‌کۆمه‌کاران جێبه‌جێ بکات 
سیپان حه‌مۆ له‌سه‌ر پرسیاری ئامانجی ئه‌و هێرشانه‌ که‌ ده‌گوترێت دروست کردنی شه‌ڕی کورد و عه‌ره‌به‌ وتی: " ژماره‌یه‌ک لایه‌ن هه‌یه‌ که‌ ده‌یانه‌وێت هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ئه‌و شه‌ڕه‌ بکه‌نه‌ شه‌ڕی کورد ـ عه‌ره‌ب . ژماره‌یه‌ک هێز هه‌یه‌ که‌ له‌سه‌ره‌تای شۆڕشی سوریاوه‌ ده‌یانه‌وێت شه‌ڕی کورد و عه‌ره‌ب دروست بکه‌ن . ژماره‌یه‌ک هێز هه‌یه‌ که‌ پیلانگێڕی له‌و شێوه‌یه‌ داده‌ڕێژن . به‌ڵام به‌هۆی به‌رپرسیارێتی و هه‌ستیاری ته‌ڤگه‌ری کورد له‌رۆژئاوای کوردستان و YPG توانی رێگری له‌و مه‌رامه‌یان بکرێت. به‌ڵام ئێستا هێزێک که‌ خۆی به‌ ناوی ئیسلام ناساندووه‌، ده‌یه‌وێت شه‌ڕی کوردان بکات و هه‌وڵ ده‌دات هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ئامانجی هێزه‌ پیلانگێڕه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان جێبه‌جێ بکات . سیاسه‌تیان کۆمه‌ڵکوژی و قڕکردنی کورده‌ و کۆمه‌ڵکوژکردنی کوردانیان کردووه‌ به‌ ئامانج و ملی رێیانگرتووه‌ . به‌ڵام له‌ کلتووری ئێمه‌دا هێرشکردنه‌ سه‌ر خه‌ڵکی مه‌ده‌نی و بێ گوناه بوونی نییه‌، وه‌کو ئه‌وان خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ناکرێت به‌ قه‌ڵغان، له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمه‌که‌ماندا هاوڵاتی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک عه‌ره‌ب هه‌یه‌، له‌شوێنێکی وه‌کو دێرک، قامیشلۆ، سه‌رێکانی، کۆبانێ و عه‌فرین عه‌ره‌ب هه‌یه‌ . به‌هیچ شێوه‌یه‌کیش رێگه‌ ناده‌یان زیانیان پێبگه‌یه‌ندرێت، به‌ڵام تا کۆتاش به‌رگری له‌ کوردانی نیشته‌جێی هه‌رێمه‌ عه‌ره‌بنشینه‌کانیش ده‌که‌ین . " 
له‌ناو گه‌مارۆدانه‌کانی رۆژئاوای کوردستان لایه‌نه‌ کوردیه‌کانیش هه‌یه‌
سیپان حه‌مۆ له‌سه‌ر رۆڵی کوردان له‌و هێرشانه‌دا و ئه‌رکی ئه‌و لایه‌نه‌ کوردییانه‌ی ده‌ستیان له‌ گه‌مارۆکاندا هه‌یه‌ وتی :" له‌دژی کوردان، له‌دژی ئیراده‌ی سیاسیان کۆمه‌ڵکوژی و هێرش ئه‌نجام ده‌درێن و ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌یه‌کی زۆر به‌رفراواندا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت . به‌و ئامانجه‌ش گه‌مارۆیه‌کی به‌رفراوان له‌ئارادایه‌ . له‌ناو ئه‌و گه‌مارۆیه‌دا به‌داخه‌وه‌ لایه‌نی کوردیش هه‌یه‌ . به‌ غه‌مگینییه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نم، به‌ڵام راستی ئه‌وه‌یه‌ . به‌و گه‌مارۆیه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌و هه‌له‌ مێژووییه‌ له‌ده‌ست کورد ده‌رخه‌ن و جارێکی تر رووبه‌ڕووی سه‌رکوتکران و داگیرکرانیان بکه‌نه‌وه‌، به‌مه‌شه‌ ئاشکرایه‌ که‌ له‌ پێگه‌یه‌کی خیانه‌ت و خیانه‌تکاریدان. " 
حه‌مۆ وتیشیی :" تورکیا به‌ ئاشکرا پشتگیری ئه‌و گرووپه‌ چه‌تانه‌ ده‌کات تا هێرش بکه‌نه‌ سه‌ر کوردان . به‌ سه‌دان ئه‌ندامی چه‌ته‌ له‌تورکیا هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمه‌کانمان، هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر گه‌ل و هێزه‌کانمان . جارێکی تر له‌تورکیاوه‌ چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و ده‌رمان بۆ ئه‌و هێزانه‌ به‌ڕێده‌کرێت . برینداره‌کانیشیان ده‌گوازنه‌وه‌ تورکیا و ده‌رمانیان بۆ ده‌که‌ن . "
به‌شداری هێزی کورد له‌ناو هێرشه‌کاندا بریندارمان ده‌کات
فه‌رمانداری یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل YPG ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ کورد ته‌نیا ده‌روازه‌یه‌کی ژێر کۆنترۆڵی کوردی هه‌یه‌ که‌ ئه‌ویش ده‌روازه‌ی سێماڵکایه‌ و له‌ژێر ده‌ستی پارتی دیموکراتی کوردستاندایه‌ و وتی :" ئێمه‌ش به‌ ته‌نیا ده‌روازه‌ی سێماڵکامان هه‌یه‌ . ئه‌و ده‌روازه‌شیان له‌و کاته‌وه‌ داخستووه‌ . رێگا ناده‌ن بریندارێک و نه‌خۆشێکیش تێپه‌ڕ ببێت . ئه‌و ئامبۆلانسانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ یارمه‌تیمان نێردرابوون، رێگا ناده‌ن تێپه‌ڕیان بکه‌ین . شه‌ڕ هیچ نییه‌، گه‌مارۆدانیشیان هیچ نییه‌، به‌ڵام به‌شداریکردنی هێزی کورد له‌ناو ئه‌و هێرشانه‌دا بریندارمان ده‌کات . ئازارمان ده‌دات . پێویسته‌ گه‌له‌که‌مان له‌رۆژئاوا و هه‌ر چواربه‌شی کوردستان له‌به‌رامبه‌ری ئه‌وه‌ هۆشیار بن . هه‌موو هێزی جیهان خۆیان له‌ناو گرووپه‌ چه‌ته‌کاندا به‌ رێکخستن کردووه‌ و بۆ له‌ناوبردنی کوردان، له‌بارودۆخێکی وه‌هادا جێگرتنی کورد له‌ناو ئه‌و هێرشانه‌دا په‌سه‌ند ناکرێت ."
سیپان حه‌مۆ سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ و ئه‌رکی حکومه‌تی هه‌رێمی باشوری کوردستان وتی :"  کاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمی باشووری کوردستان به‌ داخستنی ده‌روازه‌ی سنوور، نیشانی ده‌دات که‌ به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان له‌گه‌ڵ‌ هێرشکاره‌کان به‌شداره‌ . کوردیش ئه‌وه‌ په‌سه‌ند ناکات . ئه‌وه‌نده‌ی که‌ ئێمه‌ له‌سنووره‌کانی ژێر چه‌پۆکی ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکاره‌کانه‌وه‌ پشتگیری و هاوکاری کوردمان پێده‌گات، له‌سنووری وڵاتی خۆمانه‌وه‌ هاوکاریمان پێناگات و به‌دی ناکرێت. ئه‌وه‌ش له‌دژی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستانه‌ و تاوانێکی مێژووییه‌ ."
حه‌مۆ جه‌ختیشی له‌سه‌ر کرده‌وه‌ که‌ به‌لای ئه‌وانه‌ بێ هه‌ڵوێستی و بێده‌نگی جیهان له‌به‌رامبه‌ر به‌و کۆمه‌ڵکوژی، گه‌له‌کۆمه‌، هێرش و گه‌مارۆیانه‌ی سه‌ر رۆژئاوای کوردستان هێنده‌ گرنگ نییه‌ وتی:" هه‌رچۆنێک بێت ئه‌وان دوژمنن و هه‌موو شتێکیش له‌ دوژمن به‌دی ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ لێی تێناگه‌ین یان واتای پێناده‌ین ئه‌وه‌یه‌ که‌ برا کورده‌کانمان ( حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ) به‌و په‌یڕه‌وکارییانه‌ی ده‌بێته‌ به‌شێک له‌ هێرشه‌کانی سه‌ر خه‌ڵکی کوردی رۆژئاوای کوردستان . " 
له‌ کۆتایی چاوپێکه‌وتنه‌که‌یدا سیپان حه‌مۆ وتیشی :" بانگه‌وازی له‌گه‌له‌که‌مان له‌باشووری کوردستان ده‌که‌ین له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و کرده‌وانه‌ هه‌ڵوێست ده‌رببڕن . پێویسته‌ ئازاردان، چه‌وساندنه‌وه‌ و هێرشکردنه‌ سه‌ر گه‌له‌که‌مان له‌رۆژئاوا، له‌لایه‌ن گه‌لی کورد له‌باشوری کوردستان په‌سه‌ند نه‌کرێت. پێویسته‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ له‌به‌رامبه‌ر حکومه‌ته‌که‌یان هه‌ڵوێست وه‌ربگرن . چونکه‌ تا ئێستاش رێگه‌یان نه‌داوه‌ به‌ گواستنه‌وه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه‌کانی کوردان له‌و به‌شه‌ی کوردستاندا، بریندارێکی شه‌ڕه‌کانی پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانی گه‌له‌که‌مان له‌ مردن رزگاری ببێت، ئه‌وه‌ چ کرده‌وه‌یه‌که‌، چ کوردایه‌تییه‌که‌، چۆن خوشک و برایه‌تییه‌که‌؟ ئه‌وه‌ش به‌ گشتی بۆ کوردان شه‌رمێکی مه‌زنه‌ 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر