Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۲ شهریور ۵, سه‌شنبه

سمایل بازیار: پێویستە حیزبەکانی رۆژهەڵات هەڵوێستیان بەرامبەر بە پژاک بگۆڕن


سمایل بازیار: پێویستە حیزبەکانی رۆژهەڵات هەڵوێستیان بەرامبەر بە پژاک بگۆڕن.

http://rojhelattimes.org/read.php?id=7230
رۆژهەڵات تایمز: ماوەی چەند رۆژێکە، سەرلەنوێ کێشەی نێوان پژاک و لایەنەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت نێوان پژاک و حیزبی دێموکرات گرژی‌و ئاڵۆزی تێکەوتۆتەوەو گرژییەکان تا ئاستی سەرکردایەتی پژاک گوستراونەتەوە. ئەوەش بەتایبەتی دوای تێکەڵچوونەکەی گوندی "مارەغان"ی ناوچەی سەردەشت‌و گیان لە دەستدانی دوو گریلای پژاک زیاتر هاتە ئاراوە دوای ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی رووداوەکەدا کێشەکەی بۆ کڕین‌و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان گەڕاندەوە.

سمایل بازیار مامۆستای زانکۆ و ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی حیزبی دێموکراتە کە بە کەسایەتیەکی خاوەنڕا لە هەمبەر پرسە سیاسییەکان دێتە ئەژمار. بە مەبەستی تاوتوێ کردنی پێوەندی نێوان پژاک و حیزبەکانی دیکە، رۆژهەڵات تایمز بە پێویستی زانی ڕا و بۆچوونی ئەو لە بابەت ئەو گرژی و ئاڵۆزیانە و چۆنیەتی چارەسەریان بەرەوڕووی ناوبراو بکاتەوە.
بازیار سەرچاوەی گرژتر بوونەوەی ئەم دواییەی پێوەندیەکانی نێوان حیزبی دێموکرات و پژاک بۆ روانگە و هەڵوێستی ئەو لایەنانە لە سەر پژاک دەگەڕێنێتەوە و دەڵێ: "لەراستیدا سەرچاوەی ئەم بارگرژی و لێکدڕدۆنگ بوونانە بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە کە بەشێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوێستیان بەرامبەر بە پژاک لە سەر بنەمای حاشاکردن لەو پارتە وەک هێزێکی رۆژهەڵاتی کوردستان داڕشتووە و پاساویشیان بۆ ئەم هەڵوێستە سەربەخۆ نەبوونی ئەو هێزەیە و بە کورتی و بە پوختی بە لقێکی P.K.K دادەنێن. ئەم هەڵوێستەش کاردانەوەی ئەم پارتەی بەدوادادێت کە دوایین نموونەی لە زمانی سەرۆکی ئەم پارتە لە بەرنامەیەکی NEWROZ TV دا خۆی دەرخست."کە بەداخەوە زۆرجار دەچێتە خانەی ئەدەبیاتێکی زبر و کلێشەیی و هەڕەشە ئامێز کە هیچ ئاکامیکی پۆزێتیڤی لێ ناکەوێتەوە".
ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی حیزبی دێموکرات بە سەرنجدان بە سەرهەڵدانەوەی ئەو گرژیانە لە سەروبەندی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی دا دەڵێ: "دیارە ئەم بارگرژییانەی ئێستا کە هەوێنەکەی لە رەوتی ئامادەکارییەکان بۆ پێکهاتنی کۆنگرەی نەتەوەییدا بیچمی گرت، یەکەم جار نییە و لە ساڵانی رابردووش بە بۆنەی جۆراوجۆر دەرکەوتووە، بە جۆرێک کە شۆڕ بۆتەوە بۆ ناو ئەندامان و لایانگرانی ئەم هێزانە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تەنانەت شێوەیەکی دوور لە پڕەنسیپەکانی ئەخلاقی سیاسی بەخۆیەوە گرتووە." 
سمایلی بازیار لە بابەت چۆنیەتی چارەسەریی ئەو کێشانە بە رۆژهەڵات تایمزی وت: "من پێم وایە نەک هەر بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاتی کۆتایی بەم بارگرژییەی نێوان ئەم هێزانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بێنین و جارێ ئاگربەستی شەڕە قسە رابگەیەنین، بەڵکوو پێویستە فۆڕمول و چارەیەکی بنەرەتی بۆ بدۆزینەوە بۆ ئەوەی لەداهاتوودا ئەم گرژی و تووڕە بوونانە کە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی قسەدا دەردەکەون، لە شێواز و فۆڕمێکی دیکەدا بەرۆکی نەتەوەکەمان نەگرن، هەروەک چۆن ئێستا لە پارچەیەکی دیکەی وڵاتەکەمان بەرۆکی گرتووین و لاپەڕەیەکی تری تراژیک نەخرێتە سەر پەرتووکی مێژووی نەتەوەکەمان. هەربۆیە بە بڕوای من هەموو ئەم حیزب و رێکخراوانەی کە ئەم هەڵوێستەیان بەرامبەر بە پژاک گرتووە یەک لەوان حیزبی خۆم، بەم هەڵوێستەیاندا بچنەوە." 
بازیار پێی وایە کە "پژاک ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان حاشای لیناکرێ" و لەم بارەوە دەڵێ؛ "بەتایبەتی لەماوەی ئەم جەند ساڵەتی دواییدا کە هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هەر هۆیەک حزووری راستەوخۆیان لەناوخۆی کوردستان نییە، هەل بۆ ئەم پارتە رەخساوە کە بوونی خۆی بسەلمینێ. هەڵبەت لەبیرمان نەچێ کە ئەم خۆسەلماندنە هەزینەیەکی کەمی بۆ ئەم پارتە لێنەکەوتۆتەوە، سەدان شەهید و دەیان ئێعدام و سەدان زیندانی سیاسی . هەر ئەمانەش وایکردووە کە ئەم پارتە لە هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ببێتە ئەمری واقیع. با ئەمن نموونەیەک لە وڵاتی دەورووبەری خۆمان بێنمەوە، ئەمڕۆ ئامریکا و دەوڵەتی ئەفغانیستانیش ئامادەن لەگەڵ تالیبان وتووێژ بکەن و تەنانەت بۆ بەشداری لە پرۆسەی سیاسی لە ئەفغانستان بانگهێشتیان دەکەن. ئەمە بەومانایە کە ئەم هێزە بوونی هەیە و حاشالێکردنی خۆ گێل کردن لە ئاست راستییەکانە. لە هێنانەوەی ئەم نموونەیە "سو تعبیر" نەکرێ، نە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پژاک وەک دوژمن سەیر دەکەن و نە پژاکیش تالیبانە. پژاک هێزێکی شۆڕشگێڕە و تالیبان هێزێکی تا سەرئێسقان دواکەوتوو و ئیرتجاعییە." 
لە بابەت پرسی شەرعیەت نەدان و بە رەسمی نەناسینی پژاک لە لایەن حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، بازیار وتی: "شەرعییەت پێدان بە پژاک بۆ کاری حیزبەکانە؟ شەرعییەت پێدان بەهەر کەسایەتییەک، رەوتێک یان حیزبێک سەرچاوەکەی کۆمەڵانی خەڵکن. ئەوە سندووقەکانی دەنگدانن کە ئەو شەرعیەتە دەستەبەر دەکەن." ئەو لەم بارەوە زیاتر دوا و پێی وابوو کە "ریشەی ئەم بەرەسمی ناسین و نەناسین و شەرعییەت پێدان یان پێنەدانە لەلایەن لایەنیکی سیاسی بە رەوتێکی سیاسی تر، کولتووری حیزبە کۆمۆنیستەکانی سەر بە یەکیەتیی سۆڤییەت (ئەحزابی برا) دەگەڕێتەوە. ئەم حیزبانە لە وڵاتەکانی خۆیان بوونی هیچ حیزبێکی کۆمۆنیستی تریان تەحەمول نەدەکرد و تەنیا خۆیان بە نوێنەری راستەقینەی چینی کرێکاران دەزانی و رەوتەکانی تری کۆمۆنیستی یان بەرەسمی نەدەزانی." 
لە کۆتایی لێدوانەکەی دا بۆ رۆژهەڵات تایمز، سمایل بازیار هیوای خواست کە "ئەم حیزب و رێکخراوانە کە ئەم هەڵوێستەیان بەرامبەر بە پژاک هەیە، واقیعبینانەتر بڕواننە ئەم کێشەیە و جۆر و ئاستی پەیوەندی پژاک و P.K.K با نەبێتە لەمپەر بۆ کردنەوەی یەکێک لە چەندین گرێ کوێرەی دۆزی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان." وتیشی کە "لەهەمانکاتدا لەبیرمان نەچێ بەم سیاسەتەش لەلایەن پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە مانای لێدانی مۆری تەئیدی هەمووی سیاسەتەکانی پژاک نییە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر