Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۲ مرداد ۱۳, یکشنبه

دۆخی ئەمڕۆی ڕژیم بۆخەباتی چەکداری لەڕۆژهەڵات لەبارە!


دۆخی ئەمڕۆی ڕژیم بۆخەباتی چەکداری لەڕۆژهەڵات لەبارە!
لەنووسینی: ئاریتما موحەممەدی
دۆخی ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامی ئێران باشترین دەرفەتە بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لەڕۆژهەڵاتی کوردستان.
هەمیشە دیالۆگ و گفتوگۆ بەباشترین چارەسەری سیاسی و پێکهاتنی ئاڵۆگۆڕو بەرەوپێشەوەچوونی کۆمەڵگا پێناسە کراوە، بەڵام ئەو دەرفەتە لەهەموو وڵات و ناوچەیەکدا وەک یەک نەبووە، زۆرجار بۆ ئەوە کە کارو تێکۆشانی ڕێکخراو، نەتەوە یان لایەنێکی دیاری کراو ئازادو بێسنوور بکەیت و مافەکانی بەدەست بهێنێت، دەست بۆ کەرەستەگەلێکی وەک چەک دەبەیت کە لەوانەیە زۆرجار بەویست خودی مرۆڤ نەبێت، بەڵام بۆ ئەوە کە مافی خۆت و بوونت بسەلمێنێت و هەوڵ بۆ ئەوە بدەیت کە وەک بوونەوەرێک کە خوازیاری ماف و ئازادییەکانێتی، ئەو ڕێگایە هەڵدەبژێریت. ئەوەش دژکردەوەی نەیارەکانی لێدەکەوێتەوە، کە لەوانەیە قورس لەسەر کۆمەڵگاو نەتەوەو نشتیمانەکەت بکەوێت.


هەنووکە دەیان نەتەوە لەجیهاندا هەن کە خەباتی چەکداری بووەتە ڕەمزی مانەوەو چالاکی و خەبات و تێکۆشانیان، نەتەوەی کوردیش یەکێ لەو نەتەوانەیە کە لەڕێگای خەباتی چەکدارییەوە توانیوێتی کە ڕێ لەتواندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتورو زمان و ڕەسەنایەتییەکی بگرێت.
هەرچەند خەباتی چەکداری بۆ نەتەوەی کورد وەک شەڕێکی داسەپاو بەسەریدا پێناسە دەکرێت و بەویست و داخوازی خۆی نەبووە و ئەو دەرفەتەیان پێنەداوە کە لەڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ کێشە سیاسییەکانی چارەسەر بکات و هەوڵ بۆ ئاوەدان کردنەوەی نشتیمانەکەی بدات.
ڕژیمەکانی زاڵ بەسەر نەتەوەی کورد و بەتاییبەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لەسەرەتاوە لەدژی ویست و داخوازییەکانی نەتەوەی کورد ڕاوەستاوەو نەیارانە بەشێوەی عەمەلی و لەکردەوەدا هەڵوێستیان گرتووە.
نەتەوەی کوردیش لەو پێناوەدا تاکە ڕێگە بۆ پارێزگاری کردن لەماف و ئازادییەکانی، ڕێگای خەبات و تێکۆشان لەشێوەی خەباتی چەکداریدا لەپێش گرتووەو هەڵبژاردووە. سیاسییەکانی کورد هەمیشە لەو ڕوانگەیەوە لەپرسی خەباتی چەکداری ڕوانیوانە کە ئەو خەباتە وەک کەرەستەی گەییشتن بەئامانج وابووە کە ئەوان لەئەهداف نزیک دەکاتەوەو بەخەباتی ڕەوا پێناسەیان کردووە.
چونکوو ئەو خەباتە بۆ پارێزگاری کردن لەنەتەوەیەک بووە کە لەڕەوتی مێژوو لەپێناو ئازادییەکانیدا گەلێک قوربانی داوە، ئەو قوربانیدانەش بەردەوام بووەو بەڕەمزی مانەوەو بەرخۆدانی کورد پێناسە کراوە.
بەڵام، ئەوەی کە لەم بابەتەدا ئێمە دەمانهەوێت باسی لەسەر بکەین و شرۆڤەی بۆ بەئەنجام بگەیەنین، ئەوەیە کە چارەنووسی نەتەوەکەمان لەم قۆناغەدا کە تێپەڕی دەکەین لەچی ئاستێک دایەو ئامانج و ئەهدافەکانی بەکوێ گەییشتووەو ڕۆخساری سیاسی کۆمەڵگاکەمان چۆن دەبینرێ و پیشان دەدرێ!
دەلاقەی باسەکەم ڕووی لەڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ڕۆژهەڵاتێک کە مەزنترین مرۆڤەکانی لەبواری سیاسەت، زانست، هوونەرو نووسین و لێکدانەوە پەروەردە کردووەو بەکۆمەڵگای سپاردوون.
قازی موحەممەد، پێشەوای کورد نمونەی ئەو کەلە پیاوانەیە کە لەڕێگای سەربەستیی گەلەکەی گیانی فیدا کردووەو لەهەموو کونجی ژیانیدا وشەیەک نابینیتەوە کە لەدژی مافی نەتەوەکەی بۆ سەربەستی بوو بیت. بەنمونە هێنانەوەی پێشەوای کورد دەتوانێ بنەمایەک بێت بۆ ئەوە کە ئاسان سیاسییە دەسەڵاتخوازەکان یان خود کەسایەتییە نەتەوەیی و نشتیمانییەکان لێک جیا بکەینەوە!.
فەلسەفەی ڕزگاری نەتەوەیەک لەسەر بنەمای هزری کەسایەتیی گەلێک بونیاد دەنرێت کە لەماوەی تەمەن و سەرتاپای ژیانیاندا تۆزکە مسقاڵێک بەلای قازانج و بەرژەوەندی تاکە کەسی لای نەدابێت و هەمیشە بەرژەوەندی گشتی لەسەروی هەموو ئامانجێکی ژیانی بوو بێت.
لەم بەشەدا هەوڵ دەدەم کە لەتوێی چەند خاڵێکدا ئاماژە بەو هۆکارانە بکەم کە ڕێگر لەسەرکەوتنی خەباتی چەکداری لەسەرەتاکانی شۆڕشی گەلانی ئێران، لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
دەسپێکی خەباتی چەکداری لەسەرەتاکانی شۆڕشی گەلانی ئێران لەقۆناغ و هەلومەرجێکدا بەڕێوە دەچوو، کە پتر خەڵکی ناوچە ناوەندنشینەکان کاریگەریان لەسەر ئاڵوگۆڕەکانی ئەو وڵاتەوە هەبوو، دەورو پێگەی نەتەوە پەراوێزنشینەکان بەو شێوەیە نەبوو کە لەهەموو کونجێکی وڵات دەنگ بداتەوەو کاریگەری درووست بکات و تەوژمی خۆی بنوێنێ.
هەر بەو مەبەستەش بوو کە ڕژیمی ئیسلامی ئێران، دواتر پاشناوی "زدی ئینقلابی"بەپارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێچاو ڕووخساری سیاسی ئەو بەشەی کوردستانی بەدژی شۆڕشی گەلانی ئێران پێناسە کرد.
ئەوەش بەهۆکاری سەرەکی و هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان پێناسە دەکرێت، دیارە پرس گەلێکی دیکەش هۆکارو یارمەتیدەر بوون، بەڵام فەلسەفەی باسە لەسەر ئەو بەشە ڕێکنەخراوە. بۆیە خۆمانی لێبەدوور دەگرین.
ڕژیم دەیویست کە کوردستان لەهەمبەر شۆڕش و دەستکەوتەکانی بێدەنگ بێت و گرنگی بەلادان لەفەلسەفەکەی نەدرێت، ئەو چینەش کە خۆی سەپاندە بوو بەسەر ئامانجەکانی شۆڕش، درێژە بەپیلانی خۆی بدات و بەتەواوەتی هێڵ و ڕێڕەوی شۆڕش بگۆڕێت.
کوردستانیش وەک کۆمەڵگایەکی هەمیشە هووشیار لەچاو بەشەکانی دیکەی ئێران و نەتەوە بندەستەکان، ئەو پیلانەی بەبڕیارێکی ئاسایی وەر نەگرت و هێزی پێشمەرگەی ڕێکخست، دیارە هەر پارت و ڕێکخراوێک هێزی تاییبەت بەخۆی هەبوو، هەر ئەوەش بەیەکێ لەهۆکارەکانی شکستی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو قۆناغەدا پێناسە دەکرێت، چونکوو هێزێکی نیشتیمانی و نەتەوەییان ڕێکنەخست، هەر کام لەوان بەپێی لێکدانەوەی خۆی و بەرژەوەندییە حیزبییەکانی بڕیاری لەبارەی خەباتی چەکدارییەوە دەدا. یەکێتی و یەکڕیزی لەنێوان پارت و ڕێکخراوەکاندا بەوشێوە نەبوو کە نەتەوەی کورد لەڕۆژهەڵات پشتئەستوور بێت پێی و بگرە کێشەکانیان بەو ئاستە گەییشت کە لەدژی یەکتر شەڕی چەکداریان ڕاگەیاند.
بەدەر لەوە خەڵکی کۆمەڵگای ئێران لەو سەردەم و زەمەنەدا باوەڕێکی قوڵیان بەبنەماکانی کۆماری ئیسلامی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەشێوەی "وەلایەتی فەقی"دا هەبوو. سیستمی وەلایەتی فەقی،ش یەکەمین سیستمی ئیسلامی سیاسی لەشێوەی خۆیدا لەناوچەکە بوو، کۆمەڵگاش ئەزموونی ئەو سیستمەی نەبوو، سیستمەکەش پڕۆسەیەکی شرۆڤە نەکراو جێی گومان بوو!، لەلایەکی دیکەوە ئامانجی خەڵک لەڕۆخانی ڕژیمی پاشایەتی خۆی دەبینیەوەو بیر لەوە نەکرابوو کە چی سیستمێک جێی دەگرێتەوە.
ئەو خەڵکەش بەهەموو شێوەیەک ئامادەی قوربانیدان بوون، کاتێک دەچوونە بەرەکانی شەڕ بەمەبەستی مردن دەڕۆیشتن و زۆرجاریش سینگیان بەگوللەوە دەنا بۆ ئەوە کە “شەهید” بن، قەڵغانی مرۆییان ساز دەکرد، هاوکات ئەوە لای کەس شاراوە نییە کەبەشێک لەو خەڵکەش کلیلی بەهەشتیان لەملدا بووە، ئەو باوەڕەش هێزو وزەی پێدەبەخشین، بەڵام بیرو باوەڕی هێزی پێشمەرگەش پۆڵایین و ورەنەبەز بوو.
ئەوەی کە جێگای سرنج و باییخە، ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لەپارت و ڕێکخراوە ئێرانییەکان لەدەرەوەی وڵات و تەنانەت لەناوخۆی وڵاتیشدا لەدژی مافی کورد بوون، بەهەر شێوەیەک کە بۆیان بگونجایە هاوکاری و یارمەتیدەری ڕژیم دەبوون. تەنانەت جارێکیانە کوڕی شای وەدەرنراو لەشاشەی تیڤی دەرکەوت و وتی کە ئەگەر ڕژیم ئیزنی بدایە دەڕۆیشت و لەدژی نەیارەکانی ئێران وەک سەربازێک لەبەرەکانی شەڕ، شەڕی دەکرد! هەڵبەت ئەو هێزو لایەنە ئێرانییانە ئیستاش لەسەر هەمان ڕوانگەو بیرو بۆچوونن.
لەو قۆناغەدا هێزە ناوچەییەکان بەدەر لەعێراق بەدۆستی کۆماری ئیسلامی ئێران پێناسە دەکران. یان خود ئەگەر دۆستی کۆماری ئیسلامی نەبوونایە، هاوکات نەیاریشی نەدەبوون.
هێزە جیهانیی و ئەورووپییەکانیش پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون، چونکە هەموویان لەڕیزدا ڕاوەستابوون کە لەگەڵ ڕژیمی نوێ، پەیماننامەی ئابووری و چەک و چۆڵ و نیزامی واژۆ بکەن، بەرژەوەندییەکانیان لەپێش هەموو ماف و ویست و داخوازیییەکی نەتەوەیی کوردەوە بوو.
لەو هەلومەرجەدا دۆخی ئابووری کۆماری ئیسلامی ئێران بەقۆناغێکی باشدا تێپەڕ دەبوو، پێوەندی سیاسی و ئابووری لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان و ناوچەکە ساز کردبوو. ئەمەش پێگەی ڕژیمی لەدەرەوە بەهێز دەکرد.
لەناوخۆی وڵاتیشدا لەسەدا ٩٨ی خەڵک بەدەر لەکوردستان دەنگی بەڕژیم و یاسای بنەڕەتی وڵات و وەلایەتی فەقی دابوو. کەواتا پێگەی ڕژیم لەناوخۆش بەهێز بوو.
ئەو فاکتەرانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدان بەسەرەکیترین هۆکاری سەرکەوتنی هەر ڕژیم و حوکوومەتێک پێناسە دەکرێت. ڕژیمیش هەموو فاکتەرەکانی بەدەستەوە بوو، هاوکات ئەگەر لەدەلاقەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەو سەردەمەدا چاو لەدۆخەکە بکەین ئەوا بەشێک لەئوپۆزیسیۆنی ئێرانی لەهەمبەر سەرکووت کردنی نەتەوەی کورد هاوکاری ڕژیمیان دەکردو لەئاست دەستدرێژییەکانی بۆ سەر خەڵکی کورد بێدەنگیان هەڵدەبژارد.
ئەگەر لەقۆناغی هاتنە سەرکاری ڕژیم و دەسەڵات بەدەستەوە گرتنی وەلایەتی فەقی لەئێراندا، لەهەر دید، ڕوانگەو دەرێکەوە سەیر بکەین، دەبینین کە ڕژیم کۆڵەکەکانی بەهێز بوو، هەژاندنی ئەو کۆڵەکانەش لەهێزو توانای هێزی پێشمەرگەی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەبوو، هەرچەند گورزی جەرگبڕیان لەڕژیم و سپاکەی دەوەشاند.
پرسێکی دیکە کە جێگای تێڕامانە، ئەوەیە کە ڕژیم گرنگی بەکوشتنی سەربازەکانی نەدەدا، چونکە سەربازەکان بەئامانجی شەهیدبوون بەشداریان لەشەڕەکاندا دەکردو ڕژیمیش لەهەستی خەڵک کەڵکی نابەجێی وەر دەگرت و بەکوشتی دەدان. لەلایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی ئێران وەک دەسەڵاتێکی دیموکراتیک هەڵسوکەتی نەدەکرد، کە لەبەر پاراستنی گیانی سپاکەی، دەیان کەس ئازاد بکات و بێتە سەرمیزی وتووێژ بۆ کۆتایی هێنان بەکێشە سیاسییەکانی.
پڕۆسەی ناسیۆنالیزمی نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێرانیش لەقۆناغێکدا نەبوو کە بەدوای شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیدا بکەوێت.
ڕێکخستنی پارتە کوردییەکانیش لاوازو نەکارا بوو، پەروەردەی هێزی پێشمەرگە لەئاستێکی بەرزو بەشێوەی پێویستیش نەبوو، کریس کۆچیرا لەکتێبێکیدا کە سەبارەت بەکورد نووسیوێتی، دەڵێت هێزەکانی پێشمەرگە بەگوێرەی پێویست شارەزای بەکارهێنانی چەک و چۆڵ و سیلاح نەبوونە. ئەمەش بەکێشەیەکی مەزنی هێزی پێشمەرگە پێناسە دەکرا.
لەکۆی ئەو خاڵ و فاکتەرانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، بەو ئەنجامە دەگەین کە خەباتی چەکداری لەدەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران دژوار بووەو هەرچەند ڕەواو بەپێویستیش زانراوە، بەڵام شکستی سەد لەسەد مسۆگەر بووە.
ئەمڕۆ قۆناغێکی لەبارە بۆ دەسپێکردنی خەباتی چەکداری؛
بەڵام لەپاش پتر لە٣٥ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەنووکە قۆناغی خەباتی چەکداری لەبارەو سەرکەوتنی مسۆگەرە.
لەم بەشەدا هەوڵ دەدەم کە ئەو فاکتەرانە ئاماژە پێبکەم کە هیواکانی سەرکەوتنی خەباتی چەکداری لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەئەمڕۆدا مسۆگەر دەکات.
هەنووکە کۆماری ئیسلامی ئێران دژوارترین قۆناغی پڕ لەهەورازو نشیوی تەمەنی خۆی تێپەڕ دەکات، قۆناغێک کە لەوانەیە ببێتە هۆی ڕۆخان و داڕمانی سیستمی دەسەڵاتدارێتی وەلایەتی فەقی و هاوکات ئیسلامی سیاسی لەئێران و ناوچەکە.
ئەوە لەکاتێک دایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو هێزی لەدەست داوە کە لەسەرەتای هاتنە سەرکاری، کۆڵەکەکانی وەلایەتی فەقی لەسەر ڕێکخست و جێگیر کردووە.
ئیستا ڕژیمی ئێران، هێزی خەڵک کە بەگرینگترین و سەرەکیترین پێگەی سیاسی و هاوکات هێزو توانای هەر حوکوومەت و وڵاتێک پێناسە دەکرێت بەدەستەوە نەماوەو هەر لەو پێوەندییەشدا هاوپشتیوانی هێزە جیهانییەکانی بەگشتی و کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بەتاییبەتی لەدەست داوە، ئەو دۆستەشی نەماوە کە لەپێناو بەرژەوەندییەکانیدا پشتی پێببەستێت و لەڕۆژی تەنگانەدا فریای بکەوێت.
هاوکات نرخی دراوی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوەو ئابووری ڕژیم بەتەواوەتی تێکشکاوە، پێگەی لاواز بووەو هەنووکە لەناوچەکە وەک ڕژیمێکی ئاژاوەگێڕ پێناسە دەکرێت.
دەستی لەهەموو کارو کردەوە تیرۆرستییەکانی جیهاندا هەیەو بەپشتیوانی تیرۆریسم دەناسرێت، هەوڵ بۆ ئاژاوەنانەوە لەڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات و هاوکاری ڕێکخراوە تیرۆرستییەکانی جیهان و ناوچەکە دەکات و یارمەتیان بۆ کۆ دەکاتەوە، هەروەها دەست لەهەموو پرسێکی ناپێوەندیدار لەناوچەکە وەردەدات.
دۆستەکانی لەدەست داوەو هەنووکە زلهێزەکان و ئەو وڵاتانە کە کاریگەریان لەسەر پڕۆسەی دیموکراسی لەناوچەکە هەیە بوونەتە نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێران و ئامادە نین کە پێوەندی ئابووری و سیاسی و نیزامی لەگەڵ ببەستن.
وڵاتانی عەرەبی و کەنداوی عەرەبیش بەهەموو شێوەیەک دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و ئەو پەڕی هەوڵی خۆیان بۆ لاواز کردنی ڕژیم و وەلایەتی فەقی لەناوچەکە خستووەتەگەڕ. ڕژیمی ئەسەد لەسوریە کە تاکە هاوپەیمانێتی، لەڕۆخان نزیک بووەتەوە، هەنووکە ئەسەد بەتاکە گرەوی سیاسی و ئابووری و نیزامی وەلایەتی فەقی لەڕؤژهەڵاتی نێوەڕاست پێناسە دەکرێت. دیارە کە زۆر کەس پێی وایە کە سەرکەوتن و مانەوەی ڕژیمی ئەسەد پێگەی وەلایەتی فەقی بەهێز دەکات، ئەمن لەگەڵ بۆچوونەدا نیم، چونکوو پێم وایە کە ڕژیم ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە کە بەهێزی دەرەکی خۆی ڕزگار بکات.
کۆماری ئیسلامی لەدەیان وڵاتی گرینگ لەجیهان پلانی کردەوەی تیرۆرستی داڕشتووەو هاوکات ڕیسواش کراوە. بۆ نمونە، لەوڵاتی ئەرژەنتین، کۆنگۆ، تایلەند، نەمسا، ئاڵمان، قیبروس، فەرانسە، ئەمریکا، عێراق، تورکیە، پاکیستان، ئەفغانستان، هەرێمی کوردستان، ئازەربایجان، بولغارستان، سوێدو ... هتد، بەبەڵگە سەلمێنراون و لەماوەی ئەو ٣٥ ساڵەی تەمەنیدا بەو کردەوە تیرورستییانە هەستاوەو ئەنجامی داون. ئەوەش سیمای کۆماری ئیسلامی بۆ هەموو لایەک ڕوو کردووە.
هەنووکە، ئەو هێزەی کە ڕژیم لەدەورانی شەڕی نێوان ئێران-عێراق-ئێران و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکاری دەهێنا، لەدەستی داوەو ئەو هێزانە وەک جاران ئامادە نین کە بەو ئیمان و بیرو باوەڕەوە شەڕ بکەن و قوربانی بدەن.
کۆمەڵگای ئێران و بەتاییبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەڕژیم و دەست و پێوەندەکانی بێزارو ناڕازین، دەیان جار ئەوەیان سەلماندووە کە باوەڕیان بەو ڕژیمەو بنەماکانی نەماوەو ئامادەن بۆ نەمان و ڕۆخاندنی هەموو هەوڵێک ئەنجام بدەن.
هەنووکە نەوتی ڕژیم نافرۆشرێت و ئابڵۆقە ئابوورییەکان، کاریگەری نەرێنیان لەسەر ڕژیم و دەست و پێوەندەکانی داناوە. گمارۆکان ڕژیمیان تووشی نشست کردووەو کۆڵەکەکانی کەوتوونەتە لەرزە. لەناو خودی سیستمی وەلایەتی فەقی و کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا کێشەی مەزن هاتووەتە ئاراوەو هەرکام هەوڵ بۆ دەسەڵاتی پتر دەدات و دەیهەوێت زێتر دەست بەسەر ماڵ و مڵکی گشتیدا ڕابکێشێت.
ئیستا پرسی نەتەوە بندەستەکانی ئێران هاتووەتە گۆڕێ و پارت و ڕێکخراوی تاییبەت بەخۆیان ساز کردووەو لێبڕاوانە بۆ بەدەست هێنانی مافی نەتەوەیی خەبات دەکەن. دەتوانم ئەوەش بڵێم کە لەئاست پرسی نەتەوەیی، نەتەوەکانی دیکە هەنگاوێک لەپێشەوەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن.
خەباتی چەکداری ئەلترناتیڤێکی گونجاو؛
بەپێی ئەو فاکتەرانەی کە لەسەرەوە بەکورتی ئاماژەم پێدا، دۆخی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران و ناوچەکەش لەبارە بۆ دەسپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لەڕۆژهەڵاتی کوردستان. خەباتی چەکداری لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ وڵامی ئەرێنی خەڵک بەرەوڕوو دەبێتەوە، چەنکوو سیاسەتەکانی ڕژیم لەگەڵ ویست و داخوازییەکانی خەڵک لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەگشتی ئێران یەک ناگرێتەوە. بێکاری و کێشەی مادە لەهۆشبەرکان و دەیان کێشەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگای هەژاندووەو خەڵک بەدوای ئەلترناتیڤدا دەگەڕێن بۆ ڕزگار بوون لەو دۆخەی کە تێیی کەوتوون.
هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی سەرۆککۆماری لەئێران ئەوەی سەلماند کە بێهیوای خەڵکی کورد لەڕۆژهەلاتی کوردستان لەئاست پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان گەییشتووەتە لووتکەو کۆمەڵگای بەوە ناچار کرد کە تێکەڵ بەیاری ناوەندنشینەکان بن کە لەکایەی خراب و خرابتر، خراب هەڵبژێرن.
پرسی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکێشەیەکی نەتەوەییی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی پێناسە دەکرێت، کە ڕێگەچارەی سیاسی دەوێت و لایەنێک بەتەنیا ناتوانێ ئەو کێشەیە چارەسەر بکات. هاوکات دەبێ لەوەش ڕێگری بکەین کە پرسی کورد بەکێشەکانی ئێران، فارس و ناوەندنشینەکان ببەسرێتەوە.
پێویستە لەسەر پارت و ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەونەخۆو پلان و بەرنامەیەکی بەپێز دابڕێژن، کە هێزێکی نەتەوەیی ساز بکرێت و خەباتی چەکداری لەو بەشەی کوردستان دەست پێبکاتەوە.
بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەوەش بکەم کە لەم قۆناغە ناسکەدا کە کۆماری ئیسلامی ئێرانی پێدا تێپەڕ دەبێت، هەموو کۆڵەکەکانی ڕژیم کەوتوونەتە لەرزەو ڕۆخان و بەچۆکدا هێنانی ئاسانە. هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانیش لەهەمبەر ئەو ڕووداوە بێهەڵوێست نابن و پشتیوانی لەدژبەرەکانی ڕژیم دەکەن و بەناوی بەهاری کوردی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان نێودێر دەکرێت. لەماوەی ئەو ٣٥ ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئەوە یەکەمین جارە کە ڕژیم هەموو پشتیوانییە جیهانی، ناوچەیی و نێوخۆییەکانی لەدەست دەدات و بەتەنیا دەمینێتەوە.
لەکۆتایی ئەم کورتە وتارەدا بەباشی دەزانم کە ئاماژە بەوەش بکەم کە دەبێت هەموو لایەنە کوردییەکان بەرژەوەندی حیزبی وەلا بنێن و لەسەر بەرژەوەندی نەتەوەیی و گشتی پێداگرنەوە، هاوکات هەموو بەشەکانی کوردستان تاییبەتمەندی خۆیان هەیەو هەرکام لەو بەشانە سەربەستن کە شێوەی خەبات و تێکۆشانیان چۆن هەڵدەبژێرن!.
لەنوسینی: ئاریتما موحەممەدی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر