Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۲ مرداد ۲۲, سه‌شنبه

-هەستە ، ڕابە ، ئەرێ ئەم خەوەی تۆ بوو بە چی؟! پیاوەکە ، ئاخ و داخ لە دەستی تۆ.


بیرە نەوت وڵاتی هەژاند.

هەندرێن هەورامی.
بروکسل .. بەلجیکا
14/8/2013

-هەستە ، ڕابە ، ئەرێ ئەم خەوەی تۆ بوو بە چی؟! پیاوەکە ، ئاخ و داخ لە دەستی تۆ.
-ئەرێ ئەوە چیتە ماڵ کاول ، نابینی ماندو و شەکەت نوستووم!

-هەستە ، بزانە چ قوڕێکمان بۆ گیراوەتەوە.

-قوڕی چی ژن ؟!
-بڵێم چی نازانم، خۆ لە بەدبەختی زیاتر خێر خۆی دەکات بەم کاولبووەی ئێمەدا.
-ژن ، سپاسگوزاری خودا بە ، کەم ناشوکری بکە بەم بەرەبەیانە. ئێستە پێم ناڵێت چیمان لێ قەوماوە؟
-کەمێک بەر لە ئێستا ئاوم لە بیرەکە دەرهێنا ، بۆگەناوێکی وای لێ دەهات هەر مەپرسە ، دڵ و جەرگم هاتەدرێ.
-بۆگەناوی چی ؟
-جا من چوزانم ، بەو خودایە هەبێت و نەبێت منداڵەکان سەری بیرەکە هەڵداوەتەوە پشیلە یان بەچکە سەگی تێکەوتوە و خنکاوە و بۆگەنی کردوە.
-بۆ سەری بیرەکە هەڵدرا بویەوە ؟
-نا ، نەخێر ،داخرا بوو.
-ئەی ئیتر ئەم سەگ و پشیلە چۆن چوونە نێو ئەم بیرەوە ؟
-دە نازانم ئەڵێی پۆلیسی لێکۆڵینەوەیت، جەنابت لە نێو جێ خەوەکەت هەستە و بزانە چ قوڕێک بکەین بەسەماندا ، هەزار و یەک کاری ناو ماڵم هەیە ئاو نەبێت چی بکەین؟
ژن و مێرد پێکەوە ، سەری بیریان هەڵدایەوە و تەماشایەکی ناوەیان کرد ، بەڵام هیچیان بەدەی نەکرد.
-بەڕاستی بۆنێکی ناخۆشە ، ژنەکە دەستماڵیکم بۆ بهێنە با لە دەم و لوتمی هەڵبەستم دابەزمەوە ناوەوە، لە سەرەوە هیچ دیارە نییە ، هەرچی تێکەوتبێت ئەوا نیشیتوە و لە بنەکەی دایە.
-با یەکێک لە دروسێکان بانگ بکەم تا هاوکاریت بکات ، خودا نەکردە نەوەک لە خوارەوە بەڵایەکت بەسەر بێت. 
-خەڵکیم لێ کۆمەکەروە ، خۆ یەکەم جارم نییە بچمە خوارەوە.
کابرا چووە خوارەوە وهەرچی گەڕا بە نێو بیردا شێکی نەدۆزییەوە و هاتەوە سەرەوە.
-هیچی تێدا نییە ، بەڵام زۆر سەیرە ، ئەم بۆنە زۆر لە بۆنی نەوت دەچێ.
-ئەیەڕۆ نەوتی چی؟
-هەستە ئەو ستڵەم بۆ بهێنە و با بە ترومپاکە کەمێک لە ئاوی بیرەکە هەڵگۆزین.
ئاو هەڵگۆزرا و لێی ڕوانرا و ئاگر درا و نەوت دەرچوو. 
-ئۆ خودایە لە تۆ بەزیاد بێت ، بۆ ئەو ناز و نعمەتەی ڕژاندت بەسەرماندا. ئەها پیاوەکە قسەی تۆ دەرچوو ، هەمیشە دەتگوت: ئافرەت سەبرێت هەبێ و سپاسگوزاربە و تاسەر ژیانمان وا نابێت خوداش لایەکی خێرمان لێ دەکاتەوە. ئەوەتا ئەوا بە چاوی خۆمان بینیمان.
-بابەکەی بابم ، خێری چی شتی چی . دەنگت بەرز مەکەرەوە با دەر و دراوسێ نەزانن *'' قسە کەوتە سی ددان دەکەوێتە سی ماڵ '' ، ئەو کات بەرق ئاسا بە هەموو شار و وڵات بڵاو دەبێتەوە و ماڵمان وێران دەبێت.
-ئەیەڕۆ ماڵمان بۆ وێران دەبێت؟! *" بانگ و سەڵا " بە ئاشکرا خۆشە.
-ئاخر ژن ، من چۆن تێبگەیەنم ، ئەم نەوتە دەبێت بەڵای سەرمان ، وا دەزانی حکومەت ئەوەندە هەژار و داماوە هەر وا ئاسان ڕێگە بە ئێمە نەگبەت دەدات تا خێر و بێری ئەم نەوتە بخۆین و ئەویش بڵێت: نۆشی گیانتان بێت. ئامان سەد ئامان با کەس نەزانێت ، وەڵا نەک ماڵی ئێمە ، بەڵکو ماڵی هەموو خەڵکی گەڕەک وێران دەبێت.
-کورە پیاوکە سەڵەواتێک بدە و دەست بەڕووی ئەم خێرو بێرەوە مەنێ ، با ئێمەش لەم ژیانە کولە مەرگییە ڕزگارمان بێت. ماڵ ماڵی خۆمانە ونەوتیش نەوتی خۆمان ، ئیدی کێ دەتوانێ لەدەستمانی دەریبهێنی ؟ 
-ژنەکە ، وەرە لە ڕێی خودا بەگوێم بکە و با سەری ئەم بابەتە بنێینەوە و کۆتایی پێ بهێنین. ئەوەی من دەیزانم تۆ لێی بێ خەبەری، تکات لێدەکەم ، لێت دەپاڕێمەوە ، دەستەکانت ماچ دەکەم ،دەمی خۆت بگرە و ئەم یەک دوو ڕۆژە لەو ماڵە دراوسێیانە ئاو بهێنە، تا چارەیەک دەدۆزینەوە.
ژن و مێرد ، هەر یەکە و چوون بەلای کاری ڕۆژانەیانەوە.
-سڵاو خاتوونەکەم ، بە ئەرک نەبێت ئەتوانم کەمێک ئاو لە بیرەکەتان هەڵگۆزم؟
-دراوسێی ئازیز ، جا ئەوە پرسیاری بۆ چییە ، بیر و ئاوی خۆتانە پێویست بە وتن ناکات.
-ماڵتان ئاوا ،خودا لە خوشکی کەمت نەکات و هەمیشە بیرتان پڕ ئاو بێت.
-خوانەخاستە خۆ ئاوی بیرەکەتان وشکی نەکردوە ، یان دەبێت ترومپاکەتان شکا بێت ، وانییە؟ 
هەر دوو دراوسێ کەوتنە هەوای گفتوگۆ وباس و خواست و ڕازی بیرە نەوتیش هەر زوو ئاشکرا بوو. هەواڵەکە بەخێرای هەموو شاری تەنی و بووە تیتڵی بەپەلەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن. لەلایەکەوە سەرەتا خەڵکی گەڕەک و پاشان خەڵکی شار بە دەبە و جلیکانە و بەرمیلەوە ، لەو لاشەوە دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش بە ئامێر و ماشێنی گواستەنەوەی پەخشی زیندو ڕویان لە ماڵی خاوەن بیری نەوت نا. ئاپۆڕای جەماوەر جمەی دەهات و تا دەهات زیاتر دەبوو. بۆ کۆنترۆلکردنی بارودۆخەکە پۆلیس و ئاساییش باسگەیەکی هاوبەشی کاتیان لە بەردەم ماڵەکە دانا.
-ئەی هاوار ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە من لێی دەترسام ! ئاخرەکەی دەمی خۆی نەگرت و ماڵمانی وێران کرد.ئاخ ژن ئەگەر دەستتم پێت ڕا دەگەشت.
-ئادەی کاکە بۆ دواوە ، بگەڕێوە قەدەغەیە بچیتە ژورەوە.
-کاکی پۆلیس بڕۆ ئەو لاوە ، ماڵ ماڵی خۆمە ، چۆن و کەی دەچم و دێم تۆ حەقت نییە ڕێگریم لێ بکەی.
-پەلە مەکە با لە خاوەن ماڵەکە بپرسم ، ئەگەر قسەکەتیان پشتڕاستکردوە ، ئەوا بەسەر چاوانم.
-کاکە خاوەن ماڵ منم ، ئیدی بەرێزت لە کێ دەپرسی؟
-پیاوانە بڕۆ دواوە و مینجە مینج مەکە ، ئەگیان دەڵێم: دەستبەسەرت بکەن.
هەژارە خاوەن ماڵ ، بۆ چوونە ماڵێ خۆی دەبێت چاوەڕوانی مۆڵەت لە پۆلیس و ئاساییش بکات.پاش ئەوەی وتەکانی لە لایەن هاوژینەکەیەوە پشتڕاستکرانەوە ڕێگەی پێدرا چووە ژورێ.
-باشە ژن من بە تۆم نەگوت: ئەم باسە لای کەس نەدرکێنی ، ئەمە چ قوڕێکە کە بۆ منت گرتۆتەوە؟ 
-ئینجا چی بووە ، بۆ دونیات لێ هاتووتەیەک ؟ 
-هەمووخەڵکی شار و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پۆلیس و ئاساییش لە دەرەوە کۆبوونەتەوە ، هێشتا ئەڵێی چی بووە ؟! بۆ ئەتەوێت لەوە زیاتر چی دیکە ڕوو بدات؟
-جا نەک خەڵکی شار ، خودای دەکرد هەموو خەڵکی وڵات دەهاتنە بەردەم ماڵمان بە ئێمە چی. تۆ بۆ خۆت تێکداوە؟
-ئەگەر ئەم دۆخە وا نەدەبوو ، ئەو کات دەمزانی چۆن وەلامتت بدەمەوە . ژن بۆ تێناگەی ژیانمان لە مەترسیدایە.
-تۆ حەقت نەبێت ، تەنها تەمشا بکە و شتەکان بە من بسپێرە.
-پێم ناڵێیت کەی شتەکان بە تۆ نە سپێردراون؟ بەڕێزت هەمیشە سەروەر و بڕیار بەدەستی ماڵ بووی ، کەی حسابت بۆ من کردوە؟ هەر چییەک ویستبێت بە ئارەزووی خۆت کردوتە ، فەرموو ئەم جارەش *'' پرسیارە گورگانەم پێ مەکە'' و بە ئازەوی خۆت چۆنت پێ باشە وا بکە.
-خەمت نەبێت ، باوەڕ بکە ناهێڵم ئەم دەرفەتەمان لە دەست بچێت ، دەبێت دواڕۆژێکی گەش بۆ خاوخێزانمان دابین بکەین، جارێ هەستە بڕۆ دەرگاکە بکەرەوە و با ئەو خەڵکە یەکە یەکە بە پارەیەکی زۆر کەم نەوت وەر گرن و دوایی خودا گەورەیە.
تازە کار لە کار تراز بوو و دونیا بە هەواڵی بیرە نەوتی زانی بوو ، بۆیە کابرا بە ناچاری ملی دایە بەر ڕێنوێنیەکانی هاوژینەکەی.
-کاکی پۆلیس ، بەئەرک نەبێت با ئەو خەڵکە بەسەرە بێنە ژورەوە و نەوت وەرگرن ، بەڵام لەبەرامبەردا دەبێت شتێکی کەم پارە بدەن.
-برام ، ئەم خەڵکە نەوتی خاوی بۆ چییە ، خۆ پاڵاوگەیان نییە ؟
-باوەڕ بکە ، کاکی پۆلیس منیش سەرم سوڕماوە ، نەوتی بیرەکەمان هێندە و ڕوون و سپییە ، نەک بۆ سوتاندن ،تەناتە بۆ خواردنەوەش دەست دەدات. چی بڵێم ، جۆرەکەی وایە ،ئیدی لە خوارەوە دەیپاڵێون ، چی ڕوو دەدات ، نازانم.
سەرەی نەوت وەرگرتن بەسترا و نە سەری دیار بوو و نەبن. پارت و لایەنە سیاسی و مەدەنیەکانیش کە لەناو حەشاماتەکەد ابوون ، دۆخەکەیان دەقۆسەتەوە هەر یەکە لەلایەکەوە دەستی بە پڕوپاگەندە کرد بوو و هێز و بازوی خۆیان نیشان دەدا.
پارتەکانی دەسەلات : 
-بەڵێنتان پێ دەدەین بە زووترین کات وەربەرهێنان لەم بیرە نەوتەدا دەست پێ بکەین و شارەکەمان ئاوەدان بکەینەوە و سەرجەم خزمەتگوزاریەکانی بۆ دابین بکەین.
هاوڵاتیەک: وەڵا زۆرتان بۆ کەرکوک کردوە و جا نۆرەی ئێمەیە.سوێدندم بە خودا ئەمە سەرەتایی وێرانی ئەم شارەیە.
پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن : 
-خەڵکینە ئەمە سامانی ئێوەیە ، نابێت ڕێگە بدرێت لەلایەن دەسەڵاتەوە بە هەدەر بدرێت و سوک و ئاسان لە ژێر دەستاندا دەر بهێنرێت، دەبێت مەرجتان هەبێت و پێشنیار و پرۆژەتان هەبێت. وەرن و لە دەوری ئێمە کۆببنەوە با پێکەوە پلان و بەرنامە داڕێژین و داخوازیەکانمان تاوتوێ بکەین.
دەنگێک لە نێو قەرەباڵخیەکەوە : 
-ئێوەش لەگەڵ ئەواندا هیچ جیاوازیەکتان نییە، کاتێک دەگەنە کورسی دەسەڵات هەمان ستەم لە خەڵکی دەکەنەوە ، پێشتر حکومی ئێوەشمان بینیوە . بۆ جارێکیش بێت وازمان لێ بهێنن با بە خۆمان بڕیاری خۆمان بدەین.
چەپەکان : 
-خەڵکینە وریا بن بە بەڵێنەکانی پارتەکانی سەرمایە هەڵنەخەڵەتێن ، نەوت نەوتی خومانە و دەبێت داهاتەکەی بچێتە سندوقێکەوە و بە یەکسانی بەسەر هەموواندا دابەش بکرێت.
مامە پیرەیەک :
- وەڵا بە گەردنم قسەکەتان جوانە ، بەڵام کێ باوەڕتان پێ دەکات ، قوڕبەسەرینە 100 ساڵە لەگەڵ ئەم خەڵکە خەریکن بێ ئەنجام بووە، ئاسنی سارد دەکوتن.
ئیسلامیەکان بەدەم ئەڵلاوهو ئەکبەرەوە : 
-موسڵمانان ئیمانداران ، پاش ئەو هەموو نەهامەتی و ناخۆشیانەی بەسەرماندا هاتن ، ئەوەتا خودای گەورە بەزەیی خۆی بەسەرماندا باراندوە و دەرگای خێر و بەرەکەی لێ کردونەتەوە ، ئەمەش دەرنجامی نزا و پاڕانەوەکانی ئێوەی باوەڕدار و موسڵمانە.. ئێوەش ئەی هۆزی بێباوەڕان وەرەنەوە سەرخۆتان و بەڵکو ئەم موعجزەیە کەمێک بتانهێنێتەوە سەرهۆش و بتانگەڕێنێتەوە سەر ڕێی ڕاست و شایەت و ئیمانێکی ڕاستەقینە بهێنن. وەڵاهی برایان ، خوشکان ، مەرگ لە ڕەگی ملتان نزیکترە لێتانەوە ، دەی تا درەنگی نەکردوە پەشیمان ببنەوە و ڕوو لە قاپی خودا بکەنەوە ، ئەگینا لە قیامەتدا پەشیمانی دادی کەس نادات.
هەرزەکارێک : 
-کاکە گیان وازمان لێ بهێنە ، بە قەبر و قیامەت مەمانترسێنە هێشتا ئەوەڵی دەممانە و ژیانی زۆر بەبەرەوە ماوە ، تازە بە تازە وا لە سایەی ئەم بیرە نەوتەوە بەرەو بوژانەوە و خۆشگوزەرانی دەچین ، با چوار سەریران و گەڕان و شایی و هەڵپەڕکێ بکەین ، ئەو جار وەرە ئەم قسانەمان بۆ بکە.
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی:
- باش گوێ بگرن ، ئیدی ئەو سەردەمە بەسەر چوو و ڕۆیی و ناگەڕێتەوە کە کەسانێک بێن و سامانی ئەم خەڵکە ڕەش و ڕوتە حەپەلوش بکەن. ئێمە و خەڵک پێکەوە کۆمسیۆنێک پێک دەهێنین و هەر خۆمان ئەم نەوتە دەفرۆشین و هەر خۆشمان پارەکەی دابەش دەکەین و بەشێکیشی وەک باج دەدەینە حکومەت. کێ لەگەڵمان دایە با بێت ئەم بەڵێننامەیە ئیمزا بکات.
ئەندامێکی دەرکراوی یەکێک لەو ڕێکخراونە:
- ناتوانن کەس بەم قسانەتان فریو بدەن ، ئێوە خۆتان های لایڤ دەژین و لە سەرەوە دژ و لە بنەوە شەریکی دەسەڵاتن ، کورد گوتەنی: هەم لەناڵ دەدەن هەم لە بزمار . شورەیە بۆتان لە ژێر پەردەی هاوکار و لایەنگری خەڵکی هەژار سەرقاڵی پڕکردنی گیرفانەکانتانن.
لەگەڵ گەشتنی '' نوێنەری حکومەت '' : 
-هاوڵاتیانی بەڕێز ، خۆشەویستان ،ئەمرۆ بۆ ئێمە مایەی خۆشحاڵی و شانازییە کە لە خزمەتی ئێوەی داین. هەموو سامانی ئەم وڵاتە هی ئێوەیە ، ئەی بۆ ئێوە نەبێت بۆ کێیە ؟ سامان و داهاتی ئەم نەوتەش هەر بۆ ئێوەیە ، بەئەرک نەبێت ئێرە چۆڵ بکەن و هەر کەس بگەڕێتەوە ماڵ و حاڵی خۆی ، ئێمەش بە ئەرکی خۆمان هەڵدەستین. دڵنیاتان دەکەینەوە پترۆدۆلار شارەکەتان بگرێتەوە و گوزەرانتان لە سەدا سەد گۆڕانکاری بەسەر بێت. لە سبەی زووتر نییە خەڵکی ئەم گەڕەکە لە باشترین شوێن خانویان بۆ دروست دەکرێت و قەرەبووی ماددی باشیش دەکرێنەوە.
کەسێکی خەڵکی گەڕەک:
-وەرە خوارێ درۆ بۆ کێ دەکەی ، هەر یەکە لە ئێمە بگری لە سەر درۆ و دەلەسە سەرو شەش مانگ زیندانی تاکەکەسیمان بینیوە. پترۆ دۆلاری چی و بارکردن و قەرەبووی چی ، عەرەبانەکەت ڕاکێشە ، بڕۆ خودا لە شوێنێکی دیکە ڕسقت بدات. بەڵێنەکانتان فلسێکی قەڵب ناکەن ، خەیاڵتان خاوە ئەگەر بەتەمای داگیرکردنی نەوتەکەمان بن ، ئەو سەردەمە گوزەشت خاڵۆ ، شوکر گەل وشیارە ئەمڕۆ.پێم ناڵێت: تا ئێستا چیتان بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە کردوە کە نەوتیان تێدا دۆزراوەتەوە ، لە بەدبەختی و وێرانکردن و پیسکردنی ژینگە زیاتر شتێکتان پێ بەخشیون؟
لە پڕ دەنگێک سەرنج هەمووانی بۆلای خۆی راکێشا و ئارامیەکی ڕەها شوێنەکەی تەنیەوە.
-نەوت نەما ، نەوت بڕا !
-چۆن نەوت نەما ؟! بابە درۆیە بزانە چ فێل و تەڵەکەیەکیان لە ژێر سەردایە.
-بەخودا ، مەگەر بم کوژن و جستەکەم لێرە بەرن ، ئەگینا هێز نییە لێرە دەرم بکات. نەوت برا ، هههههههههههه ئێمەش هەر وا سوک و ئاسان باوەڕمان کرد.
-مافی خۆمانە تا دواین دڵۆپ بە شوێن ئەم نەوتەوە بین ، با کەس دڵی خۆی بەم بانگەشە و پڕوپاگەندانە خۆش نەکات ، لێرە ناڕۆین تا چارەنوسی ئەم نەوتە یەکلایی نەکرێتەوە.
هێدی هێدی دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبوو ، خوێن بەرچاوی هەمووانی گرتبوو ، لەو لاشەوە هێزێکی زۆر چواردەوری خەڵکەیان دابوو. هەر ئان و سات چاوەڕوانی ڕوودانی کارەساتێکی خوێناوی دەکرا. بەڵام لەم کاتەدا هاوار و گریانی پیاوێک دۆخەکەی گۆڕی و هەمووانی لە بەڵای نەوت ڕزگار کرد.
-ئەی هاوار خەڵکینە ، بەرپرسینە فریام بکەون ، ماڵم کاول بوو ، کوان و لەوێن بەرپرسانی حکومەت ؟ باوکم قەرەبووم بکەنەوە ، دار و نەدارم تیاچوو. خاک بە سەرم ، هەش بەسەرم ، بیرە نەوتی چی و سەروەت و سامانی چی ، ئەوە نەوتی هەمارەکەی منە کە لەپشتەوەی ئەم ماڵیە و نازانم لە کوێوە تەقیوە و درزی بردوە و یان چ بێ ئیمانێک کونی تێکردوە و ئیدی دزەی کردۆتە ناو بیرەکەیانەوە. قوربانتان بم دەستم بەدامێنتان چارەیەکەم بکەن.
دراوسێکەیەک:
-ئەی پیسکەی چاوجنۆک، نەوتەکەت شاردبوویەوە تا پارەی زیاترت بۆ بکات. ئەمە سەرەنجامی هەموو چاوجنۆکێکە و کە دەیەوێت بە سەر گیرفانی خەڵکەوە دەوڵەمەند بێت.خۆ هەر دوێنێ بوو هاتم بۆ لات و لێت پاڕامەوە بۆ تا بە پارە دەبەیک نەوتم پێ بفرۆشی ، کەچی هەزار و یەک سوێندت خوارد کە چۆڕێ نەوت لەهەمارەکەتدا نییە. دەبخۆ بە دەردت بێ ، باش خودا ڕوو ڕەشی لای خەڵکی کردی.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر