Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۲ مرداد ۱۲, شنبه

دیموکراسی یان جڤاکی گەل!


دیموکراسی یان جڤاکی گەل!
لەنوسینی: ئاریتما موحەممەدی
لەم وتارەدا مێژووی دیموکراسی شی دەکەمەوەو هاوکات قامک لەسەر کەموکورتییەکانیشی دادەنێم، لەکۆتایی وتارەکەشدا، کێشەکانی هەردوو چمکی سۆسیالیزم و دیموکراسی شرۆڤە دەکەم و ڕێگاچارەکانیش بۆ بنبڕ کردنی کێشەکانی کۆمەڵگا لەتوێی پێشنیاردا دەخەمەڕوو.
دیموکراسی یان ڕێکخستنی جڤاکی گەل؛
دیموکراسی ڕاستەقینە هەمان رێکخستنی جڤاکی گەلە، کە پتر لەسێ هەزار ساڵ پێش، سوومێرییەکان، زەڕدەشتییەکان و مادەکان داهێنانیان بۆی کرد.

لەو کاتەوە کە مێژوو درووست بووەو زانست پەرەی گرتووە، فیلسووف و فەلسەفە زانەکانی جیهان بەدوای ئەوەدا گەڕاون کە چی سیستمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەتوانێ کێشەکانی کۆمەڵگا بەرەو چارەسەری بنەڕەتی ببات و ویست و داخوازییەکانی گەل لەناو خۆیدا چارەسەر بکات و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەرەو کرانەوەی کولتوری بخاتەڕێ و جیهانێکی پێشکەوتووتر بێنێتە کایەوە.
لەڕەوتی مێژووی ئەو ١٢ هەزار ساڵەی ڕابردوو گەلێک ڕوانگەی فەلسەفی لەو بوارەدا هاتوونەتە گۆڕێ و ئەزموون کراون.
لەشارستانییەتی سوومێر کەبەرهەمی هزرو بیرکردنەوەی کۆمەڵگای ئەو سەردەمەی سوومێرییەکان بووە، دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن گەورە پیاوانەوە بڕیاری لەسەر دەدراو کەسی یەکەم و پادشای وڵات لەلایەن ڕیش سپییەکانەوە دەستنیشان دەکرا. ئەو شارستانییەتە مێژووێکی ١٢  هەزار ساڵەی بۆ خۆی تۆمار کردووەو وەک هندێک مێژووناس باسی لێوە دەکەن، سوومێرییەکان لەخەڵکە هەر کۆنەکانی ئەم ناوچەیەن، واتا لەیەکەم خەڵکانی میزوپۆتامیا بوونەو یەکەمین نشتیمانی ئەوان کوردستانی ئەمڕۆ بووە.
بەڵام لەسەردەمی مادەکان و دەسەڵاتدارێتی ئەواندا دەسەڵاتی سیاسی و حوکوومەتداری گەشەی کردو پێشکەوتنی مەزنی بەخۆیەوە بینی، هەروەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا سوومێرییەکان ئەو خەڵکانە بوون کە سەرەتای فەلسەفەی ژیانیان دەست پێکردو دەست نیشان کرد، مادەکانیش وەک بەشێک لەنەتەوەی سوومێر هەمان ڕێگەیان درێژە پێداو قۆناغە سەرەتاییەکانی سیستمی خۆبەڕێوەبردن و شێوەی دەسەڵاتدارێتیان گەشە پێداو جێگیر کرد.
مادەکان و سوومێرییەکان نەتەوەیەکی هاوبەشن کە لەکوردستان و میزوپۆتامیا ژیانیان کردووەو نەتەوەی کوردیش بەشێک لەو نەتەوە پێشکەوتووەن کە کۆنترین شارستانییەتی جیهانیان بونیاد ناوەو خزمەتێکی مەزنیان لەڕەوتی مێژوو بەکۆمەڵگای مرۆڤایەتی کردووە.
مادەکان هەر لەسەرەتاوە دەسەڵاتی سیاسی و حوکوومەتداریان بەشێوەی جڤاکی و دیموکراسی ڕاستەوخۆ بەڕێوە بردووە.
بۆ یەکەمین جار لەڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر بنەمای هزرو بیرو ڕوانگەی مادەکان دەسەڵاتی سیاسی بەشێوەی “جڤاکی” بەڕێوە چووە، ئەوەش بەقۆناغێکی گرینگ و پڕ باییخ لەمێژووی هەر نەتەوەو کۆمەڵگایەک پێناسە دەکرێت کەشێوەی خۆبەڕێوەبردن و پلان دانان بۆ بونیادنانی داهاتوویان داڕشتووە.
مادەکان بەو شێوەیە گەورە پیاوو بەڕێوەبەری خۆیان دەست نیشان دەکردو دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتی بەدەستەوە دەگرت، ئەوش لەپاش چەند کۆبوونەوەیەک کە لەلایەن گەورە پیاوانەوە دەبەستراو گفتوگۆی لەبارەوە دەکراو لەئاکامدا بڕیاری لەسەر دەدرا.
ئیتر، لەڕەوتی مێژوو هێدی هیدی ئەو شێوە هەڵبژاردنە بووە سیستم و کولتورو لەناو کۆمەڵگادا جێی گرت، دواتر هەمان شێوە واتا جڤاکی گەل بۆ نەتەوەکانی دیکە پەلی ڕاکێشاو کۆمەڵگاکانی دیکەش کەڵکیان لێوەر گرت.
ئەوەی کە ئەمڕۆ بەناوی شارستانییەتی کۆنی یونان باسی لێوە دەکرێت، ڕەگ و ڕیشەکەی لەمیزوپۆتامیاو وردە کێوەکانی زاگرۆسەوە سەرچاوە دەگرێت و لەم ناوچەیە بۆ ئەوێ گواستراوەتەوە، بەڵام ئەوان بەشکڵێکی دیکە کەڵکیان لێوەر گرت، واتا ئەوان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هێناو لەفۆرمی جڤاکی کاپیتالیستی یان هەمان دیموکراسی سەرمایەداری، پێناسەیەکی نوێیان بۆ ساز کرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەدەست من کەوتوون و بەدواوەچوونم بۆی کردووە، پێوەندی ئابووری و بازرگانی نێوان یونانییەکان و مادەکان و خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هۆکاری ئەوە بووە کە کولتورو شێوەی بەڕێوەبەرایەتی و سیستمی جڤاکی گەل لەم ناوچەیەوە بۆ ئەوێ بگوازرێتەوەو لەو ڕێگایەوە کاریگەری لەسەر دەورووبەری خۆی دابنێت.
دواتر، بەرهەمی خەباتی هزری و فەلسەفە لەبۆشایی و لەڕوتی مێژوو، پرسێکی بەناوی پڕۆسەی دیموکراسی هێنایە کایەوە، کە بەپێی مێژوو، ئەو سیستمە سەرەتاکانی بۆ یونانی کۆن دەگەڕێتەوە.
ئەگەر بەشێوەیەکی فەلسەفی و وردبینانە لەو پڕۆسەیە بڕوانین و مێژووەکەی هەڵسەنگێنین، ئەوا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هەمان پڕۆسەی جڤاکی گەلە کە لەشارستانییەتی سوومێرو مادەکان کاری پێدەکراو ئەوان هێنایانە گۆڕێ و وەک سیستمی سیاسی و بەڕێوەبەرایەتی کەڵکیان لێوەر دەگرت.
بەڵام لەیونان پتر بەرگێکی کاپیتالیستیان پێوە پێچاو ئەو پڕۆسەیە تاییبەت بوو بەچینێکی دەوڵەمەند کە دەستیان بەسەر کۆمەڵگای ئەو کاتی یونانەوە گرت بوو. ئەوەش لەگەڵ پڕۆسەی جڤاکی گەل لەزاگرۆس ناتەبا بوو. بەڵام بەگشتی و لەکۆدا ئەوەی کە ئەمڕۆ لەدوونیا هەیەو لەژێر ناوی دیموکراسیدا پێناسە دەکرێ، هەمان ڕێکخستنی جڤاکی گەلە کە لەزاگرۆس چەکەرەی کردو گەشەی سەند.
هەردوو سیستم لەیونانی کۆن و شارستانییەتی سوومێرو حوکوومەتدارێتی مادەکان بەیەک قۆناغدا تێپەڕ بوونەو لەڕەوتی مێژوودا پێشکەوتوونە. ئەمە بەخاڵێکی هاوبەش بەئەژمار دێت. بەڵام لەنێۆڕۆک و بنەڕەتدا جیاوازن و فەلسەفەکەیان دوو واتای جیاوازی لێدەبێتەوە. ئەوەش یەکێکیان لەژێر ناوی جڤاکی گەل، یان جڤاکی مەدەنی لەزاگرۆس و ئەوی تریان لەژێر ناوی جڤاکی کاپیتالیستی، یان دیموکراسی سەرمایەداری لەیۆنان پەرەی گرت و جێکەوت.
مێژووی ١٢هەزار ساڵەی میزوپۆتامیاو حوکوومەتدارێتی مادەکان بەشێوەی پێشکەوتوو و مودێڕن و ئەمڕۆیی، پەنجەرەیەکی دیکەی ئەو شارستانییەت و پڕۆسەیە ( مەبەست یۆنانی کۆنە)  دەکاتەوە کە لەشارستانییەتی مادو سوومێرەوە وەرگیراوە.
ئەو هێزو دەسەڵاتەی کە دواتر یونانییەکان لەناوچەکەدا بەدەستیان هێناو حوکوومەتیان پێوە دەکرد، ئاماژە بەوە دەکات کەوا ئەم ناوچەیە بۆ ئەوان زۆر گرینگ و جێی باییخ بووەو سیستمی بەڕیوەبەرایەتی و خۆبەڕێوە بردنیان لێرەوە بۆ ئەوێ گواستووەتەوەو کەڵکیان لێوەر گرتووە. واتا زانست و ئەزموونی زاگرۆس و میزوپۆتامیا بۆ ئەوان جێی باییخی پێگەییشتن و تێگەییشتن بووە.
هەروەک چۆن بابل و ئاشوور لەشارستانییەتی سوومێر کەڵکیان وەر گرت و دەیان داهێنانی دیکەی وەک خەت، شارسازی، هوونەر، ئاگرو چەرخ کە لەداهێنان و دەستکەوتەکانی مادو سوومێرییەکان بوو، هاوکات بووە بنەماو بناغەی کولتورو ناسنامەی نەتەوەکانی دیکە لەناوچەکە. یونانییەکانیش بەهەمان شێوە کەڵکیان لەو زانست و ئەزموونانە وەرگرت کە لەلایەن مادەکانەوە ئامادە کرابوون.
ئەوەی کە لێرەدا بۆ ئێمە جێگەی سرنج و باییخ و لێوردبوونەوەیە ئەوەیە کە مێژووی شارستانییەتی سوومێرو مادەکان کە کوردەکان بەشێکی دانەبڕاوی ئەو نەتەوەیەن زۆر لەو مێژووەی یونان کۆنترە کە ئەمڕۆ بووەتە بنەمای فەلسەفەو هزری نوێ و پڕۆسەی دیموکراسی، هەرچەند ڕەگ و ڕیشەی ڕەئالیسمی ئەو پڕۆسەیە میزوپۆتامیاو شارستانییەتی مادو زاگرۆسە.
مێژووی شارستانییەتی یونانی کۆن بۆ نزیک ٢٨٠٠ ساڵی پێش دەگەڕێتەوە، کە بەو شێوەیە کەباس دەکرێت ٨٠ ساڵ لەپێشەوەی بەدەسەڵات گەییشتنی مادەکانە، بەڵام هەر وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، مێژووی شارستانییەتی میزوپۆتامیاو سوومێرییەکان لەسەرەوەی ١١ هەزار ساڵەو بەپێی چەند سەرچاوەیەکی زانستی بە ١٢ هەزار ساڵ بەراورد دەکرێت.
ئەوەی کە لەو پێوەندییەدا هاتووەتە گۆڕێ و باس لەشارستانییەتی کۆنی یۆنان دەکرێت، بۆ ساڵەکانی نێوان حەوسەد بۆ هەشت سەدی زایینی دەگەڕێتەوە کە لەدوورگەی کیرت پێکهات.
بۆ یەکەمین جار دەوڵەت شارەکانی یونان لەو سەردەمەدا پێکهاتن کە ئاماژەم پێکرد، بەڵام مێژووی شارستانییەتی زاگرۆس و میزوپۆتامیا بۆ ١٢ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوەو خزمەتێکی مەزنی لەزۆر بواردا بەجیهان کردووە، زۆر سەرچاوە هەن کەباس لەوە دەکەن کە مێژووی ئەم ناوچەیە کە ئەمڕۆ بەکوردستان دەناسرێت زۆر لەوە کۆنتر کە بیری لێبکرێتەوە، چونکوو مرۆڤایەتی لێرەوە دەستی پێکردووەو بۆ بەشەکانی دیکەی جیهان بڵاو بووەتەوە.
پرسێک کە بۆ ئێمە زۆر جێگای سرنجە ئەوەیە کە لەکاتێکدا شارستانییەتی زاگرۆس و میزوپۆتامیا بەرەو پێش دەچوو و گەشەی دەکرد، لەنێوان دوو دەوڵەت شاری یونان واتا ئاتین و ئیسپارت شەڕو ئاژاوەو کێشە هەبوو، ئەو شەڕە دەیان ساڵ درێژەی کێشاوەو ئاکامەکەی بەنەخۆشینی تاعون کۆتایی پێهات، زۆر سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە لەو شەڕەدا یەک بەش لەسێ بەشی خەڵکی ئەو کاتی یونان گیانیان لەدەست داوە.
یونان لەو سەردەمەیدا کە ئەمڕۆ پێی دەووترێت سەردەمی سەرهەڵدانی دیموکراسی لەو وڵاتە، لەشەڕی نێوخۆییدا بووەو هیچ مەجال و دەرفەتی ئەوەی نەبووە کە دەسەڵاتدارێتی خەڵک بەسەر خەڵکەوە حوکم بکات.
دیموکراسی یان هەمان جڤاکی گەل، هزرێکی زاگرۆسییەو لەمیزوپۆتامیا لەدایک بووەو بەرهەمی هزری ئەو نەتەوانەیە کە لەزاگرۆس شارستانییەتیان پێکهێناوە، دواترو پاش هەزاران ساڵ و لەکاتێکدا کە یونانییەکان دەسەڵاتی ناوچەکە بەدەستەوە دەگرن، ئەو هزرو کولتورە لەلایەن ئەوانەوە لەناوچەکە ڕاماڵ دەکرێت و دەیبەن و دەیکەنە بنەمای فەلسەفی ئەو شارستانییەتەی کە دایدەمەرزێنن.
ئەوە تەنیا بیرو بۆچون و ڕوانگەی من نییە کە کۆنترین شارستانییەت، شارسانییەتی زاگرۆس و میزوپۆتامیا بووە. هەرچەند بەگوێرەی پێویست یونانییەکان لەو پڕۆسەیەدا کەڵکیان لەڕێکخستنی جڤاکی گەل وەر نەگرتووەو ئەو دوو پڕۆسەیە زۆر لەیەک جیاوازن و یۆنانییەکان پرسێکی دیکەیان لەچوارچێوەی جڤاکی گەل خستە بەرباس و لەبنەمای ئەو پڕۆسە زاگرۆسییەدا سیمایەکی دیکەیان بەو فەلسەفەیەوە پێچا.
واتا یونانییەکان بەپڕۆسەی جڤاکی گەل کە لەزاگرۆسەوە بۆ یونان ڕایانگواست بوو، سیمایەکی “ ئەشرافیانەیان پێوە گرێداو پتر دەربەگ و فیۆدال و خاوەن دەسەڵاتەکان بوون کە کەڵکیان لەو پڕۆسەیە وەر دەگرت، ئەوەش پێچەوانەی ئەو سیستم و کولتورو پڕۆسەیە بوو کە لە شارستانییەتی زاگرۆس لەگۆڕێدا بوو.
کولتور، سیستمی ئەشرافییەت و دەرەبەگایەتی و قورخ کردنی دەسەڵات، دواتر لەلایەن یونانییەکانەوە هێنراوەتە ناوچەکەو بووەتە سیستم و لەکۆمەڵگا جێکەوتووە، چونکوو یونانییەکان لەو ڕێگایەوە دەسەڵاتی خۆیان لەناوچەکە جێگیر دەکردو کەسانی نزیک لەخۆیان لەبەڕێوەبەرایەتی ناوچەکە دادەنا، ئیتر ئەو شێوە بەڕێوەبەرایەتییە پێشگیری لەوە دەکرد کە خەڵکی زاگرۆس و ناوچەکە بڕیار لەسەر چارەنووسی وڵاتەکەیان بدەن و کاریگەری لەسەر پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ لەناوچەکە دابنێن.
چونکوو خەڵکەکە لەگەڵ ئەو چینە کەمینەیە نەبووە کە لەلایەن یونانییەکانەوە پشتیوانیان لێدەکراو لەڕاستیدا دەستنیشاندەی یونانییەکان بوونە. خەڵک نەیانویستووە کە چینی ئاماژەپێکراو بەسەریانەوە حوکوومەت بکەن، سیستمی ئەشرافییەت و دەرەبەگایەتی و جیا کردنەوەی چینێکی تاییبەتی لەکۆمەڵگا بیرو ڕوانگەی یونانییەکان بووە، ئامانج لەو کارە ئەوە بووە کە چینێکی تاییبەتی لەکۆمەڵگا جیا بکەنەوەو ئەو چینە بکەنە نەیاری خەڵک و خەڵکیش بکەنە نەیاری ئەو چینە، بەو شێوەیە چینی داردەست و دەستنیشاندەی خۆیان کە دەسەڵاتیان بەسەر خەڵکەوە بووە پتر گەلیان چەوساندووەتەوەو وەک نەیاری خۆیان و دەسەڵاتەکەیان پێناسە کردووە.
یونانییەکان بەو شێوەیە کەڵکیان  لەپڕۆسەی جڤاکی گەل وەر گرت، ئەوان جڤاکێکی کاپیتالیستیان بەرهەمهێنا کە لەفەلسەفەو بنەڕەتدا سەربە پڕۆسەی جڤاکی گەل بوو و ئەو پڕۆسەیەش وەک ئاماژەم پێکرد لەشارستانییەتی زاگرۆس و ماد وەرگیرابوو، بەڵام ئەوان لەیونان تەنیا بەقازانجی چینی دەسەڵاتدار کەڵکیان لێوەر گرت و بەلاڕێیاندا برد. ئیتر هەر وڵاتێکیان کەداگیر دەکرد، ئەو سیستمەیان تێدا جێگیر دەکردو بنەمای ئەو پڕۆسەیان تێدا دادەڕشت.
ئایینی زەڕدەشت و جڤاکی گەل؛
هەنووکە زۆربەی هەرە زۆری مێژووناسان و لێکۆڵەوەرانی ڕۆژئاوایی، یونان بەپێتەختی شارستانییەت و دیموکراسی دەزانن، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی فەلسەفی و وردبینانە لەڕەوتی مێژوو و سەرهەڵدانی شارستانییەتەکان بڕوانین و لەو پێوەندییانەدا لێکۆڵینەوەو بەدواوەچوونی بۆ بکەین، ئەوا بێگومان دیموکراسی نەک لەیۆنان بەڵکو لەفەلسەفەی ئایینی زەردەشت و وردە کێوەکانی زاگرۆس سەرچاوە دەگرێت و لەدایک دەبێت.
ئایینی زەڕدۆشت بەیەکێ لەئایینە هەر پاکەکان بەئەژمار دێت کە مافەکانی مرۆڤی لەبەر چاو گرتووەو پێداگری لەسەر یەکسانی نێوان ژن و پیا لەناو کۆمەڵدا کردووەتەوە. ئەوەش بەبەشێکی گرینگ لەکولتوری دیموکراتی پێناسە دەکرێت.
ئایینی زەڕدەشت ئایینێکی ئیدۆلۆژیکی نەبووەو نییە، بەپێی کات و سات و سەردەم  گۆڕانکاری تێدا کراوەو لەگەڵ هەلومەرجی قۆناغ گونجاندوویانە. لەڕاستیدا ئایینێک بووە بۆ ئەوە کە کۆمەڵگا پێی بگەشێتەوەو کۆمەڵ لەدەست دواکەوتوویی ڕزگار بکات و ئاڵوگۆڕەکان بەوەرچەرخانێکی مەزن پێناسە بکات، نەک بەکوفری بزانێت.
هەمیشە پێداگری لەسەر ئاشتی و ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ چارەسەری کێشەکان کردووەتەوە، ئایینی زەڕدەشت بەشێکە لەئایینی سوومێرییەکان، چونکوو ئەوانیش خۆرو مانگیان لەلا جوان و پیرۆز بووەو ئاشقی جوانی سرووشت و ئاگر بونە. ئەمەش بەیەکێ لەگرینگترین بەشەکانی فەلسەفە لەکولتوری دیموکراسی و جڤاکی گەل پێناسە دەکرێت و ئەو پرسە پڕنێۆڕۆکانە لەخۆیدا جێدەکاتەوە کە هەوێنی سەرکەوتنی کۆمەڵگا تێدا مسۆگەر دەکات. ئایینی زەڕدەشت ئایینی فەرمی مادەکان بووەو ئەوانیش لەباوباپیرانی خۆیان واتا سوومێرییەکان وەریان گرتووە.
بەپێی ئەو پرسانەی کە لەسەرەوە هێنامە گۆڕێ و بەوردی ئاماژەم پێدا، ڕەوتی ئەزموون کردنی دیموکراسی زۆرە لەوە کۆنترە کە لەیونان باسی لەسەر کراوە.
ئایینی زەڕدەشت سەرەتاکانی ڕوون نییە کە کەی لەدایک بووەو چۆن گەشەی کردووە، بەڵام لانیکەم شاراوە نییە کە پێوەندی بەسەردەمی سوومێرییەکانەوە هەیە، ئەوەش بۆ پتر لەسێ هەزار ساڵ پێش لەدایکبونی مەسیح دەگەڕێتەوە.
دیموکراسی کەی لەیونان هاتە گۆڕێ؛
پرس و باس و هێنانە گۆڕێیی دیموکراسی و ئەو پڕۆسەیە بۆ یەکەمین جار لەیونان، بۆ نزیک بە ٥٥٠ ساڵ پێش میلادی مەسیح دەگەڕێتەوەو لەلایەن سولونەوە هاتووەتە گۆڕێ و باسی لەسەر کراوە، لەو کاتەشدا ژنان و خەڵکی ئاسایی مافی دەنگدان و بیروڕا دەربڕینیان نەبووە.
لەلایەکی دیکەوە, دەبینین کە سێ هەزار ساڵ پێش ئەو ڕووداوەی یونان، مافی ژنان وپیاوان و دەربڕینی بیروڕا لەشارستانییەتی زاگرۆس و ئایینی زەڕدەشتدا چەسپێنراوەو پەسەند کراوە. بەڵام لەبەر ئەوە کە پێوەندی بەناسنامەی نەتەوەی کوردەوە هەبووەو پلانی زلهێزە جیهانییەکانی دەشێواند، مێژووناسە بەکرێگیراوەکانی ئەورووپایی باسیان نەکردووەو هەوڵ بۆ شاردنەوەیان داوە. ئەوەش چەند هۆکارێکی هەیە کە دواتر شرۆڤەو هاوکات باسی لەسەر دەکەین.
بەڵام لەو مێژووە ١٢ هەزار ساڵەی زاگرۆس و میزوپۆتامیادا، گوتی، کاستی و لۆلۆییەکان دەورێکی بنەڕەتیان تێدا گێڕاوەو ڕۆڵی مەزنیان هەبووە، هاوکات ئەو سێ هۆزە کە ئاماژەمان پێکرد بەبەشێک لەنەتەوەی مادو سوومێر پێناسە دەکرێن.
دیالاکو چۆن بووە پادشای ماد؛
دیالاکو پادشای مادەکان بەشێوەی دیموکراسی و هەڵبژاردن یان هەمان (جڤاکی گەل) هەڵبژێردراو بوو بەپادشای ئیمپراتووری ماد. ئەوەش بەیەکەمین حوکوومەتی پێشکەوتوو لەجیهان کەبەشێوەیەکی مودێڕن و پێشکەوتوو بونیادنرا چاو لێدەکرێت و پێناسە دەکرێت. ئیستاش و لەپاش پتر لەپێنج هەزار ساڵ لەڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەشێکی زۆر لەجیهان هەمان قۆناغ کە ئیمپراتووری ماد تێپەڕاند، دەیان وڵات هەن کە تێیاننەپەڕاندووەو چاوەڕێی ئەوەش ناکرێت کە بەم نزیکانە تێپەڕی بکەن.
ئەو پڕۆسە جڤاکییەی گەل و خۆبەڕێوەبردنە کە نەتەوەکانی زاگرۆس بۆ یەکەمین جار لەمێژوودا بونیادیان ناو مادەکانیش بۆ دیاری کردنی دیالاکو کەڵکیان لێوەر گرت و گەشەیان پێداو دواتر لەژێر ناوی دیموکراسی لەیونان بۆ درێژ کردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و حوکوومەتداری بەکاریان دەهێنا، بەرهەمی هزرو هەوڵ و تێکۆشانی سوومێرییەکان، زەڕدەشتییەکان و مادەکان بوو کە لەمیزۆپۆتامیاو وردە کێوەکانی زاگرۆس حوکوومەتداریان پێوە دەکردو بەرهەمیان هێنا.
لەدەسپێک و نێۆڕۆکی باسەکەدا پرسەکانی پێوەندیدار بەمێژووی دیموکراسی و زاگرۆسبوونی ئەو پرسەمان خستەبەر باس، هاوکات کێشەکانی ئەو سیستمەمان شرۆڤە کردو ڕوانگە گەلێکی نوێ لەپێوەندی بەو پرسەمان هێنایە گۆڕێ و بەتێرو تەسەلی پرژاینە سەری.
هاوکات بەپێویستی دەزانم کە ئاماژە بەوەش بکەم کە لەماوەی پانسەد ساڵی ڕابردوو، نەتەوەی کورد لەبەر هۆی کێشە سیاسییەکانی ناوچەکە نەیتوانیوە کە کولتوری و ڕەسەنایەتی خۆی بژێنێتەوەو بەرەو پێش ببات و هەوڵ بۆ بەفەرمی کردنی بدات، بەڵام لەگەڵ ئەو هەورازو نشیوانە کە داگیرکەران و زلهێزەکانی جیهانی لەبەردەم پێشکەوتن و پێشەوەچوونی نەتەوەی کورد سازیان کردووە، ناسنامەو ڕەسەنایەتی خۆی وەک ئەوەی کە هەبووە پاراستووەو نەیهێشتووە کە ئاسمیلە بکرێت و بشۆرێتەوە. ئەوە مەزنی و دەوڵەمەندی ناسنامەو ڕەسەنایەتی ئەم نەتەوە دەگەیەنێت کە لەقوڵایی مێژوو سەرچاوە دەگرێت.
مادەکان ئەو بەشە لەسوومێرییەکانن کە لەچیاکانی زاگرۆسدا گەشە دەکەن و ئاشور ناتوانێت دەسەڵاتیان بەسەردا بسەپێنێت و دواتر ئیمپراتوری ئاشوور کە شارستانییەتی سوومێریان تێکشکاند بوو، تێکبشکێنن و بڕۆخێنن و ئیمپراتوورێکی مەزن لەناوچەکە لەژێر ناوی ئیمپراتوری مادو مێدیا جێگر بکەن و دابمەرزێنن.
دیموکراسی و قۆناغەکانی؛
دیموکراسی بەواتای حوکوومەتدارێتی خەڵک بەرسەر خەڵکەوە دێت، واتا خەڵک خۆیان حوکوومەت دەکەن و دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بەدەست خۆیانەو بڕیاردەری بنەڕەتی گۆڕەپانی سیاسەت و دەسەڵات خەڵکە، دەسەڵاتی سیاسیش بۆ بەردەوام بوون لەکایەی سیاسی لەگۆڕەپانەکەدا “مەشرووعییەت” لەخەڵک وەردەگرێت.
فەلسەفەی دیموکراسی لەیونان لەسەرەتادا بەواتای بەشداری کردنی خەڵک لەکایەی سیاسی وڵات نەدەهات، بەڵکوو ئەوە گەورەپیاوان و دەسەڵاتداران بوون کە لەمەیدانێکدا کۆ دەبوونەوەو کەسێکیان وەک پادشا یان وەک بەڕێوەبەر بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات و حوکوومەت کردن لەوڵات هەڵدەبژارد و خودی ئەوانیش حوکوومەتەیان پێک دەهێنا.
زۆر هۆکار هەبوون کە پێشی بەوە گرتبوو کە خەڵکی ئاسایی نەتوانن لەپڕۆسەی دیموکراسیدا بەشداری بکەن، بۆ نمونە لەو سەردەمەدا هەموو کەس مافی ئەوەی نەبووە کە بخوێنێت و ئاگاداری بارودۆخ و هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەکەی بێت. ئەو کولتورەش چینی سەرمایەدارو دەوڵەمەند، دەرەبەگ و ئەشرافزادەکان پێکیان هێنا بوو. ئیتر کۆمەڵگای یونان بەو شێوەیە بەسەر دوو چینی جیاوازو دوور لەیەک دابەش کرا بوو. چینێکی کەمینە، بەڵام دەوڵەمەند و خوێنەوار، چینێکی هەژارو نەخوێندەوار، بەڵام زۆرینەو لەسەدا نەوەد.


هۆکارێکی دیکە ئەوە بوو کە خەڵک لەکۆمەڵگا جیاوازەکان بەچەند دەستە دابەش دەکران، لەو دابەش کردنەشدا خەڵکی ئاسایی و نەخوێندەوار مافی هەموو شتێکی پێڕەوا نەدەبینرا، پتر وەک نۆکەرو خزمەتکار کەڵکیان لێوەردەگرتن، ئەو کەسانەش هیچ مافێکی مرۆڤایەتیان نەبوو.

بەڵام ئاڵوگۆڕەکانی جیهان و کرانەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هێدی هێدی کاریگەری لەسەر پڕۆسەی دیموکراسی داناو لەواتای کەلاسیکی ئەو پڕۆسەیەدا گۆڕانکاری پێکهێنا. ئەوەش دەرێکی دیکەی لەبەردەم هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگا جیاوازەکانی جیهان کردەوە.
هەنووکە دیموکراسی بەیەکێ لەو وشانە پێناسە دەکرێت کە ڕۆژانە لەزمانی خەڵکی ئاسایی و سیاسی و زانستیەوە باسی لەسەر دەکرێت و شی کردنەوەو شرۆڤەی تاییبەتی بۆ بەئەنجام دەگات.
بەتاییبەت لەو کۆمەڵگانە کە هەنووکە سەرقاڵی تێپەڕاندنی قۆناغی دیموکراتین و هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن کە ئەو پڕۆسەیە بەناوی ماڵی ئەوانیشدا بەباشترین شێوە تیپەڕ بێت و لەهیواو ئاواتەکانیان نزیکیان کاتەوە.
لەماوەی ساڵەکانی ١٩٧٠ تاکوو ئیستا پتر لەسی و دوو وڵاتی جیهان پڕۆسەی دیموکراتیان تێپەڕاندووەو لەناو ملمانێی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو پڕۆسەیە دان.
هەروەک لەسەرەتاو لەنێۆڕۆکی باسەکەدا ئاماژەمان پێی کرد کە دیموکراسی لەقۆناغە جیاوازەکانی مێژوو ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووەو هێدی هێدی خۆی لەگەڵ سیستم و دەسەڵاتی سیاسی گونجاندووەو ڕێکخستووە تاکوو بەئەمڕۆ گەییشتووە.
دیموکراسی بەمەزنترین بارگرژی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی سەدەی بیستەم پێناسە دەکرێت، لەو سەدەیەدا بەشێکی زۆر لەجیهانی تەنی و لەبەرامبەر بەشێکی دیکەی جیهان ڕاوەستا، هاوکات بەیەکێ لەهۆکارەکانی جیهانی دوو جەمسەری سەیر دەکرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جیهانی لەدواکەوتووی ڕزگار کردو دەیان نەتەوەی ژێر دەستی بەمافەکانی شاد کرد.
لەسەدەی بیستەمدا دەیان وڵاتی نوێ لەجیهان لەدایکبوون، هەروەها دەیان هزرو ڕوانگەی دیکە پەرەیان گرت و جێکەوتن، سیستمی دیموکراسیش یەکێ لەو سیستمانە بوو کە خۆی ڕێکخست و وەک یەکێ لەباشترین سیستمە سیاسییەکانی جیهان خۆی پیشانداو پێناسە کرد.
سەدەی بیستەم بەسەدەی ناسیۆنالیزمیش ناو دەبرێت، بەڵام بۆ کورد هیچی پێنەبووە، ئەم سەدەیە نەیتوانیوە کێشەکانی کورد یەکلایی بکاتەوە.
دیموکراسی لەمێژووی نوێی خۆیدا کۆتایی بەژیانی چەندین ئیمپراتوورو سیستمی سیاسی توتالیتێرو دیکتاتۆری هێناوەو خۆی وەک باشترین شێوەی درێژکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتانە جێخست.
ئەگەر بمانهەوێت باس لەچەند لەتاییبەتمەندییە هەرە باشەکانی سیستمی دیموکراتی بکەین ئەوا دەتوانین ئاماژە بەکۆتایی هێنان بەژیانی سیاسی فاشیسم و نازیسم و کۆمونیسم بکەین کە چۆن خستنییە ناو زبڵدانی مێژوو.


هەر چەند ئیستاش بەشێک لەو سیستمانە لەهندێک لەوڵاتانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەلەفڕتێ دەکەن، بەڵام خۆری ئەوانیش ئاوا بووە، بورکان نزیکەو ڕەشەبای لەگەڵە، لەبورکانی زریانیشدا ئەوە ڕەشەبایە کەشتی بەرەو هەر لایەک کەپێی خۆش بێت دەبات نەک ناخودا!.

لەکۆتایی ئەو چەند بەشەی سەرەوەدا بەپێویستی دەزانم کە ئاماژە بەوە بکەم  یان خود ئەوە دووپاتکەمەوە کە ئەو دیموکراسییەی کە ئەمڕۆ لەدوونیا هەیەو وەک یەکێ لەسیستمە سەرکەوتووەکانی جیهان سەیر دەکرێت، بنەماو بناغەو فەلسەفەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ڕێکخستنی جڤاکی گەل لەزاگرۆس، کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، لەڕاستیدا ئەوەی کە لەیونان باسی لێوەکرا سیستمێکی جڤاکیی کاپیتالیستی بوو، چونکوو هەموو دەسەڵاتەکان لەخزمەت سەرمایەدار، بازرگان و خاوەن دەسەڵاتەکاندا بوو. تاکەکانی کۆمەڵگا مافی دەنگ دانیان نەبوو، تەنیا وەک نۆکەرو خزمەتکار کەڵکیان لێوەر دەگرتن.
دیموکراسی و کێشەکانی؛
هەنووکە دیموکراسی بازاڕێکی نوێی سەرمایەداری لەجیهاندا کردووەتەوە، لەو بازاڕەدا هەموو وڵاتان دەتوانن پێکەوە لەبازاڕی ئازادی نێوانیان کەڵک وەربگرن، بەڵام کێشەی هەرە بنەڕەتیشی ساز کردووەو پەرەی بەکاپیتالیسم داوە، هەرچەند خودی دیموکراسی لەنێۆڕۆکدا کاپیتالیسم و سەرمایەداری بەرهەم دەهێنێت.
بەڵام لەڕاستیدا دیموکراسی پڕۆژەیەک بوو بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی کۆمەڵگا، واتا ئەو پڕۆسەیە چارەسەرێک بوو بۆ ئەو کێشانەی کە ئیدۆلۆژییە جیاوازەکان، نازیسم، کۆمونیسم و دۆگماتیسم و هتد... سازیان کردووەو بەرهەمیان هێنابوو. بەڵام ئیستا ئەو پڕۆژەیە بووەتە بەشێک لەو کێشانە، چونکوو پڕۆسەیەکە کە بەقەیراندا تێپەڕ دەبێت.


ئیستا ئەو کێشە ئابوورییەیی کەجیهانی سەرمایەداری تەنیوە، بەیەکێ لەو کێشانەی دیموکراسی ناو دەبرێت کە لەنێۆڕۆک و بنەڕەتیدا وڵامی بۆی پێنییە!. چونکە لەسیستمی دیموکراسیدا تەنیا پرسێک کە بیری لێدەکرێتەوە، گەشەسەندنی سیستمی سەرمایەداری و کاپیتالیسمە، نەک دادپەروەری کۆمەڵایەتی و خزمەتکردن بەچین و توێژەکانی کۆمەڵگا لەکۆی گشتیدا.

پڕۆسەی ئاماژەپێکراو بەمودێڕنێتەو گلۆبالیزم و قۆناغە جیاوازەکانی گرێ دراوە. ئەو پرسانەش بەرهەمی خودی پڕۆسەکەیە کە لەسەدەی بیستەمدا دژکردەوەیان پیشان داوە، فەلسەفەی ئەو پڕۆسەیەش چەرخی کاپیتالیسمی پتر خستووەتە کار. لەلایەکی دیکەوە دیموکراسی پەرەی بەهزری جیهانگیری لەلایەن ڕۆژئاوا داوەو کولتووری ڕۆژئاواش هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە پێناسەیەکی جیهانی بۆ خۆی ساز بکات.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی کولتووری دیموکراتی بەشێکی زۆر لەحوکوومەتەکانی دەسەڵاتدار و دیکتاتۆر لەبەر مەترسی ڕۆخانیان و هەستانەوەی خەڵک، کرانەوەی بنەڕەتیان بەخۆیانەوە بینیوەو پەنجەرەی ماڵەکانیان ئاوەڵا کردووە. بەئاوەڵا کردنی ئەو دەلاقانە، کۆمەڵگاش هوشیارو زیندوو دەبێتەوەو لەئاکامدا پێگەی ڕژیمە فاشیستییەکانیش لاواز دەبێت و ناچار دەبن کە گۆڕەپانی سیاسەت و دەسەڵات بۆ هەمیشە چۆڵکەن.
هەر لەو پێوەندییەدا پرسێکی دیکە کە دەمهەوێت ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە کە دیموکراسی بۆ قۆناغی ڕزگاری هەمیشە هیوایەکی باش بووە، بەڵام لەقۆناغی گواستنەوەو پاش ڕزگاری کێشەی مەزنی لەناو کۆمەڵگادا ساز کردووە، گرنیگترینی ئەو کێشانە بەچینایەتی کردنی کۆمەڵگاکانە.
بەڵام ئەوەش بنەمایەکی ڕەئالیستی هەیە کە دەڵێن سەدەی بیستەم سەدەی دیموکراسی، سەدەی لەدایکبوونی دەیان بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کرێکاری بووە، سەدەی ڕزگاری دەیان نەتەوەی بندەست بووە کە بەمافی سیاسی، کولتوری، نەتەوەیی و مرۆڤایەتی خۆیان گەییشتوون.
دیموکراسی لەگەڵ ئەوەدا کە کێشەی چینایەتی لەکۆمەڵگاکان پێک دەهێنێت، کولتورەکەی ئازادییە تاکەکەسی و سیاسی و چاپەمەنییەکان بەرفەراوان دەکات، مافی چینەکان دەستبەر دەکات بۆ ئەوە کە ڕێکخراوی تاییبەت بەخۆیان ساز بکەن و لەو ڕێگایەوە هەوڵ بۆ دەستبەر کردنی مافەکانیان بدەن.
کولتوری دیموکراسی بنەما هزرییەکانی مرۆڤ دەپارێزێت و مافی دەربڕین و ڕەخنە گرتن بۆ کۆمەڵ و هزروانان دەستبەر دەکات.
لەوڵاتێکدا کە ئەگەر سیستمی دیموکراسی جێگیر بکرێت، دیالۆگ و گفتوگۆ دەبنە بەردی بناغەی کۆمەڵگای مەدەنی و کرانەوەی ئەو کۆمەڵە بەرەو ڕووی دوونیای دەرەوەدا.
من وەک ڕوانگەو بیرو بۆچونی خۆم پێم وایە کە دیموکراسی بەتەنیا ناتوانێ کۆمەڵگایەکی بەختەوەر بونیاد بنێت، یان لانیکەم بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دابینی بکات، هەر وەک لەسەرەوە هێنامە گۆڕێ، دیموکراسی کۆمەڵگایەکی بورژوایی بەرهەم دەهێنێت، کۆمەڵگا بەسەر دوو چینی هەژارو دەوڵەمەند دابەش دەکات. کێشەی بنەڕەتی و هەنووکەیی کۆمەڵە لیبڕاڵەکان لەوەدا شی دەکرێتەوە.
لەدۆخ و هەلومەرجێکی هاوشێوەدا چینی هەژارو مامناوەندی دەچەوسێنرێنەوە، تەنانەت ئەگەر چینی دەوڵەمەندیش ڕاستەوخۆ ئەو کارە ئەنجام نەدات، ئەوا وەک ماشین دەبێ شەوڕۆژ مل بۆ کار ڕابکێشن، ئەوەش بەچەوساندنەوەی مودێڕن ناودێر دەکەم.


بۆ نموونە سیستمی دیموکراسی پەرە بەبازاڕی ئازاد دەدات، کەواتا ئەگەر لەوڵاتێکدا کێشەی ئابووری هەبێت ئەوا بێ یەک و دوو کاریگەری لەسەر هەموو ئەو وڵاتانە دادەنێت کە لەو بازاڕەدا هاوبەشن، وەک ساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ کاتێک کە کێشەی ئابووری ئەمریکای تەنی، وڵاتە ئەورووپییەکانیش تووشی هەمان کێشە بوون و زیانیان تێدا کرد.

لەبیرم دێت کاتێک کە سەردانی چەند وڵاتێکی ئەورووپای ناوەندیم کرد، مەتعەم و ڕیستورانتەکان چۆڵ بوون، کاتێک پرسیارم ئارەستە دەکرن کە بۆ ئەم ڕێستورانتە چۆڵە، وڵامیان ئەوە بوو کە ئەو کێشە ئابوورییەی کە ئەمریکای گرتووەتەوە، خەڵکی ئێرەی ترساندووە، هەر بەو مەبەستەیە کە پتر لەماڵەوە نان دەخۆن و پوڵەکەیان بەهەدەر نادەن و دەستی پێوە دەگرن، چونکوو ئەو کێشەیە لەوانەیە ئێرەش بگرێتەوە. دواتر بینیمان کە ئەو کێشە ئەورووپاشی گرتەوەو کێشەی مەزن و بنەڕەتی بۆ ئەو کۆمەڵگانەش ساز کرد. هەزاران کرێکار لەسەر کارەکانیان دەرکران و دەیان کۆمپانی و شیرکەتیش داخران.
لەسیستمی دیموکراسیدا ئازادییەکان بەرفەراوان دەکرێن، بەڵام ئەو پڕۆسەیە درێژە ناکێشێت و کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری سەرهەڵدەدات، مافەکانی مرۆڤ بەشێوەیەکی دیکەو لەژێر ناوو فۆرمێکی دیکەو بەشێوەیەکیتر ژێرپێ دەخرێن و لەبەرچاو ناگیرێن.
ئەو کێشەیە لەقۆناغێکدا سەرهەڵدەدات کە کاپیتالیسم بەئامانجی خۆی گەییشتووەو بەهەموو شێوەیەک خۆی سەپاندووەتە سەرکۆمەڵگا. هەر وەک ئاگادارن کە کاپیتالیسم هەردەم لەژێر چەتری دیموکراسیدا خۆی حەشار دەدات. چونکوو لەدیموکراسیدا پەرە بەکەرتی تاییبەت دەدرێت و ئەوەش بەبەشێک لەئازادییە تاکەکەسییەکان پێناسە دەکرێت کە لەپێوەندی بەکەرتی تاییبەتەوە دێتە گۆڕێ.
من پێم وایە دەکرێت کە لەدیموکراسیدا وردە بورژوا هەبن، بەڵام دەبێت بەشێوەیەک ڕێکبخرێت کە پێشگیری لەپێکهاتنی سیستمی سەرمایەداری بکات، چونکوو ئەو سیستمە کاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤەکان دادەنێت و دەبێتە هۆی لاوازی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگاو توێژەکانیش لەیەک جیاو دوور دەخاتەوە. کێشە لەنێوانیان ساز دەکات و ئاژاوە دەنێتەوەو ئاساییشی وڵاتیش دەخاتە مەترسییەوە، چونکوو لەو کاتەدایە کە کێشەی کۆمەڵایەتی سەرهەڵدەدات.
چەوساندنەوە لەسیستمی سەرمایەداریدا بەو شێوە دەبێت کە نرخی هەموو شتێک گران دەبێت و دەچێتە سەرێ، شتومەک و کەرەستەی ناو ماڵ، خواردەمەنی و گۆشت و میوەو سەوزیجات، کرێ خانوو و کرێ تاکسی و پاس و ئوتووبووس، ئەو بڕە پارەیە کەڕۆژانە بەدەستی دەهێنن بەشی هەموو پێداویستییەکانیان ناکات، بەناچار دەبێت مل بۆ کاری پتر ڕابکێشن و لەڕۆژێکدا لە٩ کاتژمێر زێتر کار بکەن. ئەوەش چەوساندنەوەیە. چونکوو ئەو ڕێژە مووچەو کارکردنە پێداویستییەکانی ژیانیان دابین ناکات و خەڵکیش لەهەوڵی پتر دان. چەوساندنەوەی مودێڕن بەوە دەوترێت!.
کێشەکەش لەوە دایە کە نرخی کڕین و فرۆشتن کۆنترۆڵ ناکرێت و لەگەڵ ئەو بڕە پارەیە کە ڕۆژانە یان مانگانە کرێکار، بازاڕییەکان، مامۆستایان، جوتیاران و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاو هتد... وەری دەگرێت، ڕێکناخرێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە کاپیتالیسم لەهەوڵی کۆکردنەوەی سەرمایە دایە نەک پرس و بابەتی دیکەو چارەسەری کێشەکان، هەر بۆیە مافی چینەکانی دیکەی کۆمەڵگا دەفەوتێت. پێویستە ئەوەش بخەمە بەرباس کە من ئەو چینانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد بەکرێکار پێناسە دەکەم و پێم وایە ئەوەی کە ڕۆژانە یان مانگانە مووچە وەربگرێت، کرێکارە.
لەوانەیە زۆر کەس پێی وابێت، دەی باشە خۆ کرێکاران سەندیکای تاییبەت بەخۆیان هەیە، بۆ لەمافەکانیان پارێزگاری ناکەن و خەباتی بۆ بەرەو پێش نابەن؟ لەوڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکی ساڵانە دەیان جار کرێکارانی پێشکەوتوو، (مەبەست لەکرێکارانی پێشکەوتوو ئەو بەشە لەکرێکارانن کە هەنووکە لەکۆمەڵگای ئێمەدا بوونیان نییە، چونکوو کۆمەڵگای ئێمە تاکوو ئیستا کۆمەڵگایەکی پیشەسازی نییە، تاکوو کرێکاری لەو چەشنەی هەبێت، ئێمە وەک نەتەوەی کورد ئەو قۆناغەمان تێنەپەڕاندووە).
لەو وڵاتانە، کرێکاران ساڵانە دەیان و سەدان مانگرتن ئەنجام دەدەن و لەدژی کەمی مووچەو حەقدەست خۆپیشاندان ڕێکدەخەن و کۆ دەبنەوە، بەڵام دیسان بەئامانجیان ناگەن، چونکوو کاتێک کە حەقدەستی کرێکاران دەچێتە سەرەوە، لەولاشەوە نرخی کالاکان بەرز دەبێتەوە، بۆیە هەمیشە کاپیتالیسم ئەکتەرو یاریزانی گۆڕەپانەکەیە.
چارەسەرو شرۆڤە؛
ئامانج لەهێنانە گۆڕێی ئەو پرس و بابەتانە لەپێوەندی بەفەلسەفەی دیموکراسی ئەوەیە کە بڵێم دیموکراسی بەس نییە و بەڕێگەچارەی بنەڕەتی بۆ هەموو کێشەکانی کۆمەڵگا بەئەژمار نایەت، زۆر کەس و لایەن سۆسیالیزمی دیموکراتیک پێشنیار دەکەن، ئەوەش چارەسەر نییە، یان زۆر پێداگری لەسەر سیستمی کاپیتالیزم دەکەن، کە ئەوەش بۆ هەموومان ڕوونە کەچەندە کێشە ساز دەکات و کۆمەڵەکان هەڵدەوەشێنێت و هێزی گشتی لاواز دەکات.
بۆ ئەوە کە لەپێکهاتنی کۆمەڵگایەکی چینایەتی پێشگیری بکەین و باییخە کۆمەڵایەتییەکان جێی خۆیان بگرنەوەو مافەکانی مرۆڤیش پڕ باییخ بن، دەبێت هەوڵ بۆ ئەوە بدەین کە دیموکراسی ڕاستەوخۆ لەکۆمەڵگا جێگیر بکەین!. سیستمی دیموکراسی ڕاستەخۆ بەڕێخستنێکی جڤاکی دەوترێت کە گەل تێدا بڕیاردەر دەبن و هەموو کارو کردەوەکان بەشێوەی جڤاکی بەڕێوە دەچن.
هەر لەو پێناوەشدا خەبات بۆ یەکسانی لەکۆمەڵگا چارەسەر نییە، چونکوو یەکسانی دەبێتە هۆی ئەوە کە کۆمەڵگا بەرەو پاش بگەڕێتەوەو هاوکات کۆمەڵ تەنبەڵ و ناکارا بەرهەم دێنێت، چونکوو لەکۆمەڵاگایەکی یەکساندا پلەی ترۆقی کەسەکان و هەوڵ و تێکۆشانی تاکەکان لەبەرچاو ناگیرێن و ئاستی مووچەی هەمووان وەک یەکە. ئەوەش دادپەروەری تێدا نییە. چونکە دەبێ هێزو وزەی تاک لەکۆمەڵ لەبەرچاو بگیرێ و بەرز بنرخێنرێ و پێوەری هەموو کارو تێکۆشانێک بێت.


من سیستمێکی دادپەروەر کە ئازادی، مافەکانی مرۆڤ، مرۆڤایەتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێدا دەبێتە بنەماو بناغەی کۆمەڵگا بەباشترین چارەسەر بۆ کێشەکانی ناو کۆمەڵ لەهەموو بوارەکانیدا دەزانم.

لەو کۆمەڵگایەدا کارو پیشەو ئاستی تێگەیشتنی مرۆڤەکان لەگەڵ ئاستی زانیاری و توانایی مرۆڤەکان لەبەرچاو دەگیرێن و بەو پێیە جیاوازی لەنێوان مرۆڤەکاندا دادەنرێت، بەڵام جیاوازییەک کە نابێتە هۆی درووستبوونی کۆمەڵگایەکی چینایەتی و کاپیتالیستی کە مرۆڤ تێدا مل بۆ کاری زۆرو حەقدەست و موچەی کەم ڕابکێشێت یان خود هەمەکارەی کۆمەڵگا بێت و دەستی بەسەر هەموو شتێکدا بگرێت و بۆخۆی قورخی بکات.
واتا, باییخ بەمرۆڤ و مافی مرۆڤایەتی دەدرێت و کارو پیشە دەبێتە بنەما بۆ دەورگێڕان لەناو کۆمەڵگادا، ئیتر سەرمایە ئەو دەورو کاریگەرییەی نامێنێت کە چینە هەژارەکانی کۆمەڵگای پێی بچەوسێنرێتەوە. هاوکات جیاوازی لەنێوان چینەکانی کۆمەڵگاشدا نامێنێت و تاکەکان و هەوڵ و تێکۆشانیان لەکۆمەڵگا کاریگەرو جێگەی باییخی هەموو لایەک دەبێت.
لەکۆمەڵگایەکی یەکساندا کرێکارو دووکتۆر بەیەک شێوەو بەیەک ئاست حەقدەست و موچە وەر دەگرن، ئەوەش دادپەروەری تێدا نییە. بەڵام لەباری ماف و لێپرسینەوەو لێپێچینەوە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا وەک یەک مافیان یەکسانە. یەکسانی کۆمەڵگاش دیکتاتۆری پڕۆتاریا بەرهەم دەهێنێت، چونکوو هەموو هەوڵێک بۆ بەهێز کردنی پێگەی کرێکار دەدرێت و تەنیا مافی ئەو چینەیە کەگرنگی پێدەدرێت و لەئاکامدا ئەو چینەش خۆی دەسەپێنێتە سەر کۆمەڵگا.
من وەک خۆم باوەڕم بەفەلسەفەی دیموکراسی ڕاستەوخۆ  واتا (ڕێکخستنی جڤاکی گەل) هەیە، پێم وایە کە ئەو سیستمە کۆمەڵگا لەدەستی کێشە کۆمەڵایەتی و کۆتوبەندەکانی ژیانی سەرمایەداری ڕزگاری دەکات.
ئەو دوو پرسەی کە هێنامە گۆڕێ و باسم لەسەر کرد، هیچ کامیان بەتەنیا ناتوانن کێشەکانی کۆمەڵگا یەکلایی بکەنەوەو ڕێگەچارەی بنەڕەتی بۆ هاوکێشەکان بدۆزنەوەو بەرەو چارەسەریی ببەن. هەر بەو مەبەستەیە کە دیموکراسی ڕاستەوخۆ بەباشترین هەڵبژاردە پێناسە دەکرێت و هاوکات بەچارەسەری ئەو کێشانە دەزانم کە ئیدۆلۆژییەکانی دیکە خوڵقاندوویانە. واتا چارەسەری قەیران دەکات.
لەنوسینی: ئاریتما موحەممەدی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر