Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۲ اردیبهشت ۲۷, جمعه

ئامانجەکان، کۆماری ئیسلامی و کێشەی نیوان باڵەکان!


ئامانجەکان، کۆماری ئیسلامی و کێشەی نیوان باڵەکان!
لە نوسینی: ئاریتما موحەممەدی
لە وتاری پێشوومدا کە چەند ڕۆژ لەمەوپێش بڵاو کرایەوە چەند پرسێکی پێوەندیدار بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە کۆماری ئیسلامی ئێران وئامانج لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنم لە ناوچەکە هێنایە بەرباس. هاوکات کۆمەڵێک تەوەری دیکەشم باس کرد کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لە 
سەر شانۆکەی ڕژیم دادەنا.


لەم کورتە وتارەدا هەوڵ دەدەم کە باسێکی کورت لە سەر ئامانجی خۆپاڵاوتنی هەموو کەسایەتییە ناسراوەکانی ناو کۆماری ئیسلامی ئێران شرۆڤە بکەم، لەو پێناوەشدا چەند پرسێکی هەنوکەیی و ئەمڕۆیی کۆمەڵگای ئێران و دۆخی هەستیاری کۆماری ئیسلامی بخەمە بەر باس.
لە دوایین ڕۆژی خۆپاڵاوتن بۆ بەشداری کردن لە خولی یازدەیەمی سەرۆککۆماری لە ئێران کۆمەڵێک کەس و کەسایەتی کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لە سەر بناغە و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی و سیستیمی ولایەتی فەقی هەبووە ناونوسیان کرد.
لە خوارەوە لە توێی چەندخاڵێکدا بە کورتی ئاماژە بە پرسگەلێک دەکەم کە دۆخی هەنووکەیی کۆماری ئیسلامی و ئالوگۆڕەکانی ناوچەکە شرۆڤە دەکات، هاوکات پرسەکانی پێوەندیدار بە پاڵێوراوەکانی خولی یازدەیم لێکدەداتەوەو بە وردی کێبڕکێی نێوان باڵەکانی ڕژیم شی دەکرێتەوە.
کێشەکانی کۆماری ئیسلامی و دۆخی هەنووکەیی ڕژیم لە ناوچەکە:
- هاشمی ڕەفسەنجانی وەک کۆڵەکەیەکی بەهێز و "تیئۆری" داڕێژەری کۆماری ئیسلامی دەوری گرینگی لە سەرخستنی سیستمی ولایەتی فەقی و ئارەستە کردنی دەسەڵاتی مەلاکان گێڕاوە.
- هاوکات وەک پیلان داڕێژەری تیرۆری سەرکردەکانی کورد و ئۆپوزیسیۆنی ئێرانی ڕۆڵی بەڕچاوی بینیوە و لە سەرکوتی بێبەزەییانەی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ کۆمەڵانی خەڵک ڕوخسارێکی ناسراوە.
- کۆماری ئیسلامی ئێران سیستمێکی کۆن و دواکەوتووانەیە کە بناغەکانی لە گەڵ مافەکانی مرۆڤ و ویستەکانی ناو کۆمەڵگا لە کێشە دایە.
- هاوکات بەدەر لەوە کە ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگا و جیهان و ناوچەکە لە قازانج و بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی بەرپێش نەچووە، بگرە بیری ئازادیخوازی و مافەکانی مرۆڤ ڕیشکی لە ناو کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان داکوتاوە.
- کاریگەرییەکانی بەهاری عەرەبی و وڵاتانی دەورووبەر لە سەر کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی کێشە خوڵقێن بووە.
- هەژمونی کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان لە سەر نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی جیهانی سێوەم پتر خۆی دەرخستووە، هەرچەند وەک واتا ڕەئالیستییەکەی هزر وئەندیشەی دیموکراسی و پلۆرالیسم بە کولتور و وەک دامەزراوە لە ناوچەکە جێگیر نەبووە، بەڵام سرنجی ئەم کۆمەڵگانەی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و کاریگەری لە سەر داناون، ئەو بزوتنەوە دیموکراسیخوازییانەی کە ئەمڕۆ لە ناوچەکە چالاکن لە ژێر هەژمون و کاریگەری هزر و ئەندیشەی ڕۆژئاوا پێکهاتوون. تاکە هیوای هەنوکەیی ئەو ڕێکخراوانەش پشتیوانی کردنی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و ڕۆژئاوایە لێیان.
- کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی دوور کردنەوەی ئاژاوە لە خۆی، لە سێ دەیەی ڕابردوو کۆمەڵێک تاقیم و گرووپی چەکداری لە ناوچەکە و وڵاتانی دەورووبەر دروست کردبوو، هەنوکە ئەو گرووپ و تاقیمانە لە گەڵ ڕۆخان و لەناوچوون ڕوبەڕوو بونە. لە لایەکی دیکەوە دۆخی ئابووری کۆمار ئیسلامی ئەو دەرفەتە بەو گرووپانە نادات کە بە پشتیوانی ئابوری ئەو دووبارە خۆیان ڕێکخەنەوە. چونکە کۆماری ئیسلامی کێشەی لەوە مەزنتری بۆ پێشهاتووە.
- پلانەکانی ئێران بۆ تێکدانی ئاشتی و ئاڵۆز کردنی ناوچەکە تێکچووە و هەنوکە هەموو ئاڵوگۆڕەکان لە ناوچەکە لە دژی خۆدی کۆماری ئیسلامی بەرەوپێش دەچێت.
- کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش متمانەی بە کۆماری ئیسلامی نەماوە و لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ئاڵوگۆڕ و ڕێفۆرم لە ناو بنەما و بناغەی وەلایەتی فەقی دژوارە و دەبێت لە ژێر کاریگەری گوشارە ئابوری و سیاسییەکان ئەم ڕژیمە لاواز بکەن تاکوو دەست لە سیاسەتەکانی لە دژی بەرژەوەندی ڕۆژئاوا بکێشێتەوە و بەرنامە ناوەکییەکەیشی بوەستێنێت.
- تاکوو ئیستاش ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەو شانسەی ماوە کە ڕۆژئاوا بەو ئەنجامە نەگەیشتووە کە تاکە ڕێگا بۆ دەربازبون لە ڕۆژیمی ئێران ڕێگا چارەی سەربازی بێت، هەر چەند ئەو ڕێگاشە وەک پێشنیار لە بەر دەستیان دایە.
سەرهەڵدانی کێشەی باڵەکانی ناو ڕژیم:
- لە هەموو ئەو پرس و بابەتە ئاماژەپێکراوانە گرینگتر دۆخی شێواویی کۆماری ئیسلامی و کۆڵەکەکانی ناو سیستمەکەیەتی.
- سیستمی وەلایەتی فەقی لە سەر بنەمای هزر و ئەندیشەی کۆمەڵە کەسێکی دیاری کراو دامەزراوە، پێکهێنەرانی ئەو سیستمە دواکەوتووانەیە هەمیشە لە گەڵ یەک ڕاوبۆچونی جیاوازیان هەبووە و هەیە، جیاوازی ڕوانگەی ئەو کەسانەش لە سەرەتایی سەرکوتە خوێناوییەکانی دەیەی شەستی هەتاوی خۆی نواند.
- بەڵام هەموی ئەو کەسانە لە ژیر هەژمونی خومەینیدا بون، لە پاش مردنی خومەینی ئەو ڕوانگە جیاوازانە کە لە پێوەندی بە شێوەی ئیدارە کردنی کۆماری ئیسلامی پێشهاتبوو دووبارە سەریهەڵدایەوە.
- کاتێک خامنەئی لە ژێر کاریگەری و بە پشتیوانی هاشمی ڕەفسەنجانی بە دەسەڵات گەیشت و بوبە نوێنەری خودا لە سەر زەوی، توانی ڕوانگە جیاوازەکانی ناو کۆماری ئیسلامی لە دەوری -خۆی کۆ بکاتەوە، شیاوی ئاماژە پێکردنە کە هەموو هەوڵەکانی خامنەئی بە هاوکاری هاشمی ڕەفسەنجانی سەری دەگرت و هاشمی وەک یەکێ لە دۆستە سیاسییە هەرە نزیکەکانی خامنەئی بە ئەژمار دەهات.
- خامنەئی بە هاوکاری ناوبراو جیاوازییە بیروڕاییەکانی ناو کۆماری ئیسلامی لاواز کرد و بەشێک لەوانی دەستەمۆ و هێنانییە ژێر هەژمون و ڕوانگەکانی خۆی و بەشێکی دیکە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ڕاگیران.
- کۆماری ئیسلامی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە تیرۆر، ترس و تۆقاندن، لەسێدارەدان و بەندکردن لە سەردەمی زێڕینی هاوکاری نێوان خامنەئی و هاشمی بە سەر دژبەرانی خۆی سەرکەوتنی گەورەی  مسۆگەر کرد. تیرۆری سەرکردەکانی کورد وەک یەکێ لە سەرکەوتنەکانی ئەو دوو خوێنمژە بە سەر نەتەوەی کورد بەئەژمار دێت.
- لە پاش ئەوە کە خامنەئی دەسەڵاتی خۆی جێگیر کرد و کەسە دڵخوازەکانی لە شوێنە گرینگەکانی دەسەڵات دانا، ئیتر هێدی هێدی لە هاشمی و کەسەکانی دیکە دوور کەوتەوە، چونکە پێویستی پێی نەمابون.
- ئەوەش وەک سەرەتایی دروستبون و پێکهاتنی باڵ لە ناو کۆماری ئیسلامی پێناسە دەکرێت.
کاتێک هاشمی و کۆمەڵێکی دیکە لەو کەسانە کە لە دروستبونی کۆماری ئیسلامی دەوریان گێڕابوو هەستیان بە دۆران کرد، دوورکەتنەوەی باڵەکان لە یەک پەرەی گرت و درزەکە گەورەتر بوو.
- یەک خاڵ لێرەدا پێویستی بە شیکردنەوە هەیە، هەموو باڵەکانی ناو کۆماری ئیسلامی، وەلایەتی فەقیان قبوڵە و هەموو هەوڵێکیان بۆ خزمەت کردن بە کۆماری ئیسلامییە، جیاوازی ڕوانگەکانیش هەر لەو پێوەندییانە دایە. بەڵام حوکوومەت و دەسەڵاتێکیان دەوێت کە هەمویان پێکەوە بەڕێوە ببەن و تێدا بەشدار بن. ئەوەش لە لایەن خامنەئی و بەشێک لە باڵەکانی دیکە ڕەد دەکرێتەوە.
- لە سەرەتای دروستبونی باڵەکانی ناو ڕژیم تەنیا یارییەکی دۆستانە لە گۆڕێدا بوو، بەڵام لە ناکاو یارییەکە گۆڕا بۆ یاری بردنەوە، سەرکەوتنی هەر لایەنێک، بە سەرکەوتنی بە سەر لایەنەکەی دیکە بەئەژمار دەهات.
- لە وتارەکانی چەند ساڵی ڕابردووم بەباشی ئەو پرسانەم شرۆڤە کردووە و پێویست بە دووبارە کردنەوەی ناکات.
- بەڵام لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییەدا یاری باڵەکانی ناو کۆماری ئیسلامی مەترسی بۆ سەر ڕۆخانی ڕژیمەکەی ساز کردووە، کاریگەری باڵ باڵانەکەش بۆ هەمویان ڕونەو ڕژیمی لە ئاست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لاواز کردووە.
- لە ناو کۆمەڵگای ئێرانی ئەمڕۆشدا دارودەستەی تاییبەت بۆ خۆیان ساز کردووە و خەڵکیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە.
- بەشێکی دیکە لە خەڵکیش لە باڵەکانی ناو ڕژیم دوور کەوتوونەتەوە و چاوەڕێی هەڵکردنی ڕەشەبا دەکەن.
دۆخی هەنوکەیی باڵەکانی ڕژیم و پاڵێوراوەکانی ئەمجارە:
گەڕانەوەی هاشمی بۆ ناو یارییەکە، مانەوەی ئەحمەدی نژادو دارودەستەکەی، پشتیوانی خاتەمییەکان لە هاشمی، دابەزینی نوێنەری خامنەی بۆ ناو یارییەکە و سەعیدی جەڵیلی و کەسانی دیکە...هتد. ئەو پەیامە دەدات کە باڵەکانی ڕژیم هەستیان بە مەترسی کردووە و هاوکات دۆخەکە هەستیارە و ناوچەکەش ڕویی لە شێوان و پێکهاتنی ئاڵوگۆڕی نوێیە.
خەڵک باوەڕی بە ڕژیم نەماوە، بۆیە هەموو باڵەکان هەوڵ دەدەن کە خەڵکی خۆیان و لایەنگرەکانیان لە هەڵبژاردنەکان بەشداری پێبکەن و ئاستی بەشداری کردنی خەڵک لە شانۆکە بەرنە سەرێ. هاوکات پەرە بە کێشەکانی خۆیانیش دەدەن و هەوڵ و پەلەقاژە بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات دەکەن.
لە دەسپێکی دروستبونی کۆماری ئیسلامی و ئەم دۆخەی کە ئەمڕۆ بۆ ڕژیم پێشهاتووە و کێشەکانی پێدا تێپەڕ دەبێت، یەک خاڵی هاوبەش هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هەمویان دەیانهەوێت سیستمی کۆماری ئیسلامی و وەلایەتی فەقی نەڕۆخێت و پێش بە ڕۆخانی بگرن. لە ڕۆخانی کۆماری ئیسلامیدا دەسکەوتێکی ئەوتۆ بەدەست ناهێنن، بگرە سەریان لە بەندیخانە و لەسێدارەدان دەردەچێت.
بۆیە باڵە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی دەیانهەوێت لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەنەوە. ئامانجی هاشمی ڕەفسەنجانی و خاتەمی و خامنەئیش هێور کردنەوەی دۆخەکە دەبێت، دەیانهەوێت ڕێ لە باڵەکی ئەحمەدی نژاد بگرن و نەهێڵن سەرکەوێت، چونکە ئەسفەندیار ڕەحیم مەشایی لە گەڵ بناغەی ئایینی و مەزهەبیی کۆماری ئیسلامی کێشەی هەیە و پتر هەوڵ بۆ دەربازبون لەو قەیرانە دەدات.
هاوکات ڕوانگەکانی ڕەحیم مەشایی دژایەتی لە گەڵ روانگەی خامنەئی، خاتەمی و ڕەفسەنجانی و ئەوانی دیکە هەیە، بۆیە شیمانەی ئەوە دەکرێت کە هەموو پلانەکان لە دژی ئەحمەدی نژاد و ڕەحیم مەشایی بەڕێوە بچن. بەڵام ڕوانگەکانی ڕەحیم مەشایی لە ناو خەڵکدا لایەنگری زۆرە و ئەوەش دەرفەتی دەربازبون بۆ ئەحمەدی نژاد دێڵێتەوە.
یارییەکەی ئەمجارەش ئاڵۆز و پڕکێشە دەبێت، چونکوو هەموو باڵەکانی ڕژیم دەیانهەوێت هێزی خۆیان پیشانی یەک بدەن.
 بە بۆچونی من کۆبونەوەیەک لە نێوان خامنەئی و ڕەفسەنجانی بەڕێوە چووە، پرس و باسەکانی ئەو کۆبونەوەش لە پێوەندی بە لادانی باڵەکە ئەحمەدی نژادو ڕەحیم مەشایی و کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە بووە. ئەحمەدی نژاد وەک مەترسی بۆ سەر هەموو باڵەکانی ڕژیم سەیر دەکرێت. چونکوو بەشێکی زۆر لە بڕیارەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بەجێ نەگەیاندووە، هاوکات چەند جارێکیش هێرشی کردووەتە سەر ڕەفسەنجانی و باڵەکانی دیکە.
 خاتەمیش بڕوایەکی تەواوی بە ڕەفسەنجانی هەیە و پێی وایە کە هاشمی دەتوانێت ڕێ لە زیادەڕەوەییەکانی ئەحمەدی نژاد و باڵەکەی بگرێت و دۆخەکە هێور بکاتەوە و ئالۆزییەکانیش بڕەوێنێتەوە.
ئەمە دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ ئەوە هاشمی ڕەفسەنجانی بگەڕێتەوە دەسەڵات و بگاتەوە بە شوێنی هەمیشەیی خۆی، ئەوەش بە هاوکاری خامنەئی و بە چرا سەوزی ئەو بووە. واتا دیسان خامنەئی پێویستی بە هاشمییە بۆ ئەوە کۆماری ئیسلامی لەو قەیرانە کە باڵەکەی ئەحمەدی نژاد بۆی هێناوەتە پێش ڕزگار بکات.
هاوکات خۆکشاندنەوەی ڕەحیمی و جەوانفکر لە خۆپاڵاوتنەکانی پێش هەڵبژاردن دەکرێ بەو شێوەیە شرۆڤە بکرێت کە لە "ڕەدی سەلاحییەت" نەکردنی ڕەحیم مەشایی دڵنیا بونەتەوە، یان لە ترسی زەق کردنەوەی کێشەکانی پێوەندیدار بە گەندەڵی ئابووریەوە بووبێت.
لە دیدێکی دیکەوە دەکرێ چاو لە پرسەکە بکرێت، ئەویش ئەوەیە کە هەنووکە خامنەئی دڵنیا بووەتەوە کە کەسانێکی وەک هاشمی و...هتد لە گۆڕەپانەکەدا هەن کە ڕکابەری ڕەحیم مەشایی بکەن و ئیتر پێویست نەکات ناوبراو "ڕەدی سەلاحییەت" بکەن و لە کایەکە دووری بخەنەوە.

چونکە ئەو کات ئەحمەدی نژاد مەترسیدار دەبێت و هەموو هەوڵەکانی خۆی لەو پێوەندییدا دەخاتە گەڕ بۆ بەرپرچ دانەوەی پلانەکە.

هاوکات بونی ڕەحیم مەشایی و هاشمی لە گۆڕەپانەکە گوڕوتینێکی دیکە بە بەڕێوەچونی هەڵبژاردن دەبەخشێت، ئەوەش یەکێ لە ئامانجەکانی هەموو باڵەکانی ڕژیمە کە خەڵک لە شانۆکەدا بەشداری پێبکەن.
هەر بۆیە ڕەحیم مەشایی ئەو شانسەی دەبێت کە "ڕەدی سەلاحییەت" نەکرێت.
هاوکات وا دەردەکەوێ خامنەئی دەیهەوێت ڕیسکێکی گەورە بکات، ئەوەش لە گەڕانەوەی هاشمی بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات دەسپێدەکات و بە "شانسی ڕەدی سەلاحییەت" نەکردنی ڕەحیم مەشایی کۆتایی پێدێت. لە گەڵ ئەوەشدا بە تەواوەتی لەوە دڵنیا نییە، بۆیە شیمانەی ئەوەش دەکرێت خامنەی لەو بڕیارەی خۆی پەشیمان بێتەوە، چونکو ڕاوبۆچونی کەسانی دەوروبەری لە دژی مانەوەی ڕەفسەنجانی و ڕەحیم مەشایی لە هەڵبژاردنەکانن

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر