Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۲ خرداد ۱, چهارشنبه

ئەخلاق، بەرپرسیارەتی و متمانە لە کاری ڕۆژنامەوانیدا



ئەخلاق، بەرپرسیارەتی و متمانە لە کاری ڕۆژنامەوانیدا
نوسێنی قەرەنی قادری

بابەتیبوون و دروستی و دەستپاکی لە کاری ڕاگەیاندندا، پێودانگی ڕۆژنامەوانین. ئەمانە پێودانگی جیهانین، سنوور ناناسن و لە هەموو شوێنێکدا پێویستە ڕەچاو بکرێن. لەبەر ئەوە، دروستی و دەستپاکی لە گواستنەوەی زانیاریدا، بەرزیی ئەخلاق دەگەیێنێت. سێ چەمکی (متمانە، بەرپرسیارەتی و ئەخلاق) بنچینەییترین پێودانگی کاری‌ ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتین.

بە بێ ڕەچاوکردن و بەردەوامبوونی ئەم سێ دیاردانە لە ڕەوتی کاردا، ڕاگەیاندن نەک تەنیا سەرکەوتوو نابێت، بەڵکو دەبێتە هۆی پاشاگەردانییەک کە کەرەسەکانی ڕاگەیاندن بەرەو قەیرانێکی قووڵ ڕاکێش دەکەن. 
متمانە لە گواستنەوەی زانیاریدا (ڕاپۆرت، دەنگوباس، وتووێژ و توێژینەوە) هەروەها بوونی بیروڕای جیاواز لە ناو زانیارییەکاندا و لە کۆتاییدا، جێی متمانەبوونی سەرچاوەکانی زانیاری و هەواڵ، نەك ‌تەنیا هاووڵاتیان لە ڕاگەیاندن نزیک دەکاتەوە، بەڵکو ڕاگەیاندنیش لە هاووڵاتیان نزیک دەبێتەوە. 
لە دۆخێکی وادا، کاتێک زانیارییەکان بە بێ ئەوەی دەستیان تێ وەربدرێن یان بشێوێندرێن، پلە و کێشی ڕاگەیاندن لە ناو کۆمەڵگەدا بەرزتر دەکەنەوە‌.
گەیاندنی زانیاری بە شێوەیەکی بێلایەنانە مافی هاووڵاتیانە،‌ کە دیمەنێکی ماقووڵیان لە ڕووداوەکانەوە هەبێت. هەروەها مافی حکوومەتیشە کە کار و کردەوەکانی بە ڕێگەیەکی بێلایەنانەوە‌ بە کۆمەڵگە بدرێن و ئاگاداری بارودۆخی کۆمەڵگەکەیشی‌ بێت.
تەنیا ئەخلاقی ڕۆژنامەوانییە دەتوانێت دیرەگێکی بەهێز بێت بۆ ئەوەی ڕۆژنامەوان برەو بە متمانە و بەرپرسیارەتیی خۆی لە کۆمەڵگەدا بدات.
ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی دەتوانێت به نۆره‌ی خۆی له فۆرمدان به سیاسه‌ت، ده‌وڵه‌تی یاسا، به ولامده‌ر‌کردنی ده‌سه‌ڵات له‌ به‌رامبه‌ر هاووڵاتیاندا و بەرپرسیاریەتییان لەبەرامبەر کارەکانیاندا، هەروەها لە پێکهێنانی کەشوهەوایەکی ماقووڵ بۆ به‌شداریکردن و ڕاهێنانی هاووڵاتیان له بڕیاره‌ سیاسییه‌کاندا، دەوری بەرچاو بگێڕێت. 
ئەم کەرەسانە لە به‌دیموکراتیکردن و به‌لیبراڵیکردنی کۆمه‌ڵگا، پێکهێنانی دۆخێکی ئه‌قڵانی بۆ دیالۆگ، گێڕانی ده‌ور له شوشتنەوە و ستانداردکردنی زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌رانسه‌ری، یارمه‌تیدان به به‌رفراوانترکردنی بازاری ئابووری بۆ وه‌گه‌ڕخستنی سه‌رمایه‌، دەوری کاریگەر و کارتێکەریان هەیە.
کەرەسەکانی ڕاگەیاندن دەتوانن ئازادییەکان بپارێزن و بەهێزتری بکەن، بەو مەرجەی دەورێکی باش و ئەقڵانی لە کۆمەڵگەدا بگێڕن. ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی، هێز و ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌، چونکه‌ ئاڵقه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵات و هاووڵاتیانه‌.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر