Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۳ تیر ۱۳, جمعه

با به‌ڕێز مه‌سعوود به‌رزانی یه‌كه‌مین سه‌رۆكی كوردستان و سه‌ركرده‌ی ئه‌م قۆناغه‌ بێت‌!


با به‌ڕێز مه‌سعوود به‌رزانی یه‌كه‌مین سه‌رۆكی كوردستان و سه‌ركرده‌ی ئه‌م قۆناغه‌ بێت‌!
له‌ نووسینی: ئاریتما موحه‌ممه‌دی
به‌ڕێز مه‌سعوود به‌رزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی مێرمنداڵییه‌وه‌ ژیانی تێكه‌ڵ به‌ خه‌بات و تێكۆشان بووه‌ و چه‌كی شۆڕش و به‌رخۆدانی له‌شان كردووه‌ و به‌ كرده‌وه‌ بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌، ده‌یان جار گیانی كه‌وتووه‌ته‌ مه‌ترسی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌مووی ئه‌و كێشه‌ و به‌ربه‌ستانه‌ی ژیان و خه‌بات و شۆڕش له‌ كوردایه‌تیی سارد و پاشگه‌ز نه‌بووه‌ته‌وه‌ و به‌ به‌رده‌وام له‌ خه‌باتدا ڕۆڵی مه‌زنی گێڕاوه‌ و ڕێی كوردایه‌تیی و خوالێخۆشبوو ژێنێڕاڵ به‌رزانی نه‌مر و سه‌ركرده‌ی مه‌زنی كورد به‌رنه‌داوه


. به‌ڕێز به‌رزانی له‌ ژیانی خۆیدا كۆمه‌ڵێك ئه‌زموونی مه‌زن و گه‌وره‌ و هاوكات دژوار و ناخۆشی هه‌بووه‌، هه‌مووی ئه‌و ئه‌زموونانه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌كه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باش ده‌رفه‌ت و هه‌له‌كان بقۆزێته‌وه‌ و هاوكات به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی و ڕێكخراوه‌یی كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر دانه‌نێت.

به‌ڕێز مه‌سعوود به‌رزانی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ و له‌ پاش ڕۆخانی ڕژیمی له‌نێوچووی ئێراق، پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاوازه‌ و كوردستان به‌شێك ‌له‌ نیشتمانی عه‌ره‌بیی نییه‌. دواتر و له‌ پاش پێكهاتنی حوكوومه‌تی نوێی ئێراق پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت سیسته‌می نوێی ئێراق فیدراڵی بێت و له‌سه‌ر بنه‌مای ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و جوگرافی ڕێك بخرێت. ئه‌و كاته‌ زۆر لایه‌نی سیاسیی و ئێراقی و به‌ كوردیشه‌وه‌ پێیان وابوو كه‌ ئه‌مه‌ ئێراقی نوێیه‌ و قۆناغ و سه‌رده‌مێكی نوێ ده‌ستی پێكردووه‌ و كێشه‌كان دووپات نابنه‌وه‌ و كورد دووباره‌ تووشی كێشه‌ له‌گه‌ڵ حوكوومه‌تی ناوه‌ندی نابێته‌وه‌ و واباشتره‌ كه‌ كورد زۆر پێداگری له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ لاوه‌كییانه‌ نه‌كات و پتر هه‌وڵی سازان له‌گه‌ڵ ناوه‌ند بدات.

به‌ڵام سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێز مه‌سعوود به‌رزانی هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ هه‌ستی به‌وه‌ كردبوو كه‌ كورد كورده‌ و عه‌ره‌بیش عه‌ره‌به‌، كورد له‌ زۆربه‌ی كاته‌كاندا و به‌تاییبه‌ت له‌ دۆخی نه‌خوازراو و دژواردا وه‌ك كورد بیر ده‌كاته‌وه‌، بۆ نموونه‌ سیاسه‌ته‌كانی ڕژیمی به‌حسی ئێراق هه‌ستی به‌شێك له‌ جاشه‌كانی كوردستانی بریندار كرد و دوای ئه‌وه‌ش ڕاپه‌ڕین ده‌ستی پێكرد، عه‌ره‌بیش به‌ هه‌مان چه‌شن له‌ زۆربه‌ی كاته‌كاندا وه‌ك عه‌ره‌ب بیر ده‌كاته‌وه‌ و له‌ ئه‌لجه‌زایره‌وه‌ بگره‌ تاكوو ده‌گاته‌ شیعه‌ و سوونه‌ له‌ پێوه‌ندی به‌ كورد وه‌ك یه‌ك بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ دژی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردن، من براده‌رێكم هه‌بوو عه‌ره‌بی ئه‌لجه‌زایر بوو، دژی كورد بوو. وتم باشه‌ تاكوو ئیستا چه‌ند كوردت بینوه‌، وتی زۆر نزیك به‌ ده‌ كه‌س پانزده‌ كه‌س، وتم له‌ گه‌ڵت چۆن بوونه‌؟ وتی خه‌ڵكانێكی باش بوونه‌، وتم ده‌ی باشه‌ ئێوه‌ له‌ ئه‌لجه‌زایر هاوسێی كوردتان هه‌یه‌؟ وتی كورد له‌ ئه‌لجه‌زایر چی ده‌كات! وتم ده‌ی باشه‌ بۆ دووژمنایه‌تی له‌گه‌ل كورد ده‌كه‌یت؟ وتی له‌ ئێراق خاكی عه‌ره‌بیان داگیر كردووه‌، كه‌واتا ده‌كرێ هه‌مان بیر و هزری ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی دووباره‌ له‌نێو عه‌ره‌به‌ تازه‌ به‌ده‌سه‌ڵات گه‌ییشتووه‌كانیشدا چرۆ بكات و هێدی هێدی گه‌شه‌ بكات و دواتر ببێته‌ له‌مپه‌ر له‌سه‌ر ڕێی پێكه‌وه‌ سازان و پێكه‌وه‌ گونجان، ئه‌مه‌ش ڕووی دا. هه‌ربۆیه‌ به‌ڕێز به‌رزانی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پێداگری له‌سه‌ر مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد كرده‌وه‌ و ئه‌و مافانه‌ی چه‌سپاند كه‌ له‌و قۆناغه‌دا پێویست بوو كه‌ یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌. دیاره‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش كاریگه‌ری باشیان هه‌بووه‌، به‌ڵام هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رزانی جێی گومان نین و ده‌مێكه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌ستی به‌ ڕاستبێژی سه‌رۆكی هه‌رێم كردووه‌. سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ر له‌ ده‌سپێكی ئه‌و قۆناغه‌ گرینگه‌دا پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ نابێ ئاڵای ئێراق له‌ هه‌رێمی  كوردستاندا هه‌ڵواسرێت، به‌ڵام له‌به‌ر دژایه‌تی كردنی هندێك لایه‌نی كوردی، ئه‌و ئامانجه‌ به‌ ئاكام نه‌گه‌ییشت.

سه‌رۆكی هه‌رێم له‌پاش ڕۆخانی حوكوومه‌تی ئێراق پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان هێزێكی فه‌رمی و نیشتمانی له‌ چوارچێوه‌ی ئێراقدا بێت و ئه‌ركی پاراستنی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌ستۆ بگرێت و ئیزنی به‌ سپای ئێراق نه‌دا كه‌ سنووری كوردستان ببه‌زێنێت و بێته‌ نێو كوردستان و له‌ شاره‌ ئازاد كراوه‌كانی كوردستاندا بمێننه‌وه و جێگیر بكرێن‌، ئه‌وه‌ش عه‌ره‌به‌كانی بێزار كرد و به‌ تینه‌وه‌ له‌ دژی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی به‌رزانی وه‌ستانه‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ هێزه‌كانی كوردستان هه‌ر هه‌موو یه‌كڕا نه‌بوون، ئه‌و كێشه‌ تاكوو ئیستاش درێژه‌ ده‌كێشێت و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند هه‌ر جارێ بۆ سازكردنی كێشه‌ و ئاڵۆزی ڕێگه‌یه‌ك ده‌دۆزێته‌وه و جارێ مووچه‌ ده‌بڕێت و جارێ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات‌. به‌ڕێز مه‌سعوود به‌رزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌ڵوێسته‌كانیدا كه‌س و كه‌سایه‌تییه‌كی ناسراوی كورده‌ و هه‌ر كاتێك شتێك بڵێت، جێبه‌جێی ده‌كات و هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڕێزیانی كردووه‌ته‌ كه‌سایه‌تییه‌كی جێی متمانه‌ی گه‌لی كوردستان نه‌ك هه‌ر له‌ باشوور بگره‌ له‌ پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیشدا ڕێزی لێده‌گرن و به‌ سه‌ركرده‌یه‌كی به‌په‌رۆش بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد پێناسه‌ ده‌كرێت.

من وه‌ك خۆم به‌ڕێز مه‌سعوود به‌رزانی به‌ شایه‌نی سه‌رۆكی كوردستان و سه‌ركرده‌ی ئه‌م قۆناغه‌ ئه‌ژمار ده‌كه‌م و له‌وه‌ دڵنیام كه‌ تاكه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی نێو كورده‌ كه‌ هه‌نووكه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ یه‌كه‌مین سه‌رۆككۆماری كوردستان بێت. دیاره‌ پێشه‌وا قازی مه‌حه‌ممه‌د یه‌كه‌مین سه‌رۆككۆماری كوردستانه‌، به‌ڵام كۆماری كوردستان هه‌موو خاكی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌به‌ر نه‌گرتبوو و هاوكات ته‌مه‌نی له‌ یازه‌ مانگ و چه‌ند ڕۆژ زیاتر تێنه‌په‌ڕی. له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ وڵاتانی جیهان و زلهێزه‌كانی جیهان و هێزه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ فه‌رمی دانیان پێدا نه‌نابوو و له‌ دژی ڕاوه‌ستان تاكوو تێكڕۆخا. به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان له‌ باشووری كوردستان تاكوو هه‌نووكه‌ ده‌یان وڵات كونسوولگه‌رییان تێدا كردووه‌ته‌وه‌ و به‌ فه‌رمی پێوه‌ندی سیاسیی و ئابووری و دیپلۆماسیان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش هه‌م ده‌ستكه‌وته‌، هه‌م ده‌رفه‌ته‌ و هه‌م هه‌له‌. كه‌واتا به‌ڕێز به‌رزانی له‌و هه‌ڵ و ده‌رفه‌ته‌ به‌باشی تێده‌گات و هه‌ستی پێكردووه‌ كه‌ چیتر نابێت چه‌رمه‌سه‌رییه‌كانی كورد دووپات ببنه‌وه‌، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌كه‌ كورد خۆی ئه‌وه‌ی بوێت و مێژوو دووپات كاته‌وه‌. ئه‌مڕۆ مێژوو ده‌یهه‌وێت به‌ دڵی ئێمه‌ بنووسێت و پێویسته‌ ئێمه‌ش پێنووسه‌كه‌ هه‌ڵگرین و بنووسین كوردستان مه‌زنترین نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌دان ساڵ ژیانی بنده‌ست بوون، داگیركه‌رانی نه‌یانتوانی كه‌ بیتوێننه‌وه‌ و له‌نێوی ببه‌ن و كورد هه‌میشه‌ ناسنامه‌ی خۆی پاراستووه‌ و مێژووش شایه‌تیی ئه‌و ڕاسیتییه‌ش ده‌دات كه‌ كورد زاگرۆس و میزوپۆتامیای ئاوه‌دان كردووه‌ته‌وه‌ و په‌ره‌ی به‌ شارستانییه‌ت و زانست داوه‌ و گه‌شه‌ كردنی مرۆڤایه‌تیی به‌ پێی زانستیی مێژوویی له‌م ناوچه‌یه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و پێشكه‌وتووه‌ و بۆ به‌شه‌كانی دیكه‌ی جیهان په‌لی ڕاكێشاوه‌.

به‌ پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌ به‌وه‌ش‌ بكه‌م كه‌ ئه‌م ڕێیه‌ دژوار و قورسه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ر هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌م ڕێگه‌ ئه‌زموون نه‌كراوه‌دا هاوكار و یارمه‌تیده‌ری به‌ڕێز مه‌سعوود به‌رزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بین و كێشه‌ و له‌مپه‌ر له‌سه‌ر ڕێی بیروبۆچوونه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ساز نه‌كه‌ین و له‌به‌ر دڵی داگیركه‌ر ده‌رفه‌ته‌كه‌ له‌ده‌ست نه‌ده‌ین، یه‌كه‌مین جاره‌ كه‌ كورد له‌ مێژوودا دۆسته‌كانی پێیان خۆشه‌ ببێته‌ خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و كیانی خۆی هه‌بێت و له‌و ڕێگه‌یه‌شدا هاوكاری كورد ده‌كه‌ن، هاوكات یه‌كه‌مین جاریشه‌ كه‌ به‌شێك له‌ داگیركه‌رانی كوردستان درووست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌یه‌كێ له‌ پارچه‌كانی كوردستان به‌ هێرش و كێشه‌ و قه‌یران بۆ سه‌ر خۆیان پێناسه‌ ناكه‌ن كه‌ به‌شێك له‌ نه‌ته‌وه‌ی كوردیان داگیر كردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌و واتایه‌ دێت كه‌ ئه‌و به‌شه‌ له‌ داگیركه‌رانی كوردستان كه‌ به‌شێك له‌خاكی نه‌ته‌وه‌ی كوردیان داگیر كردووه‌ و هه‌نووكه‌ دژایه‌تی درووست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی ناكه‌ن و به‌ كێشه‌ پێناسه‌ی ناكه‌ن، چاوه‌ڕێی ڕووداوێكی له‌و چه‌شنه‌ بوونه‌ و دیاره‌ پلانیان بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌ هه‌یه‌ و كرانه‌وه‌ی سیاسیی و كولتووری به‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن و له‌وانه‌یه‌ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ش به‌ كورد بده‌ن كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دا مافه‌كانیان به‌ده‌ست بێنن، له‌و پێوه‌ندییه‌دا ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ وڵاتی توركیه‌ بكه‌ین، ئه‌مه‌ش به‌ یه‌كه‌مین قۆناغی به‌ده‌ست هێنانی مافی نه‌ته‌وایه‌تیی كورد ئه‌ژمار ده‌كرێت. هه‌روه‌ها ئه‌و وڵاتانه‌ش كه‌ درووست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی به‌باش نازانن و له‌گه‌ڵ درووست بوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا نین هاوكات دژایه‌تیشی ناكه‌ن، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین جاره‌ كه‌ له‌ مێژوودا ڕوو ده‌دات. هه‌نووكه‌ ته‌نیا كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌ كه‌ به‌ كرده‌وه‌ دژایه‌تیی درووست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كات، چوونكه‌ ئێران پڕۆسه‌یه‌كی درووست كراوه‌ و مێژووی نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ستی چه‌واشه‌ كردووه‌ و له‌ چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی جیاواز و دوور لێك پێك دێت و هه‌ڵوه‌شانی ئاسان و چاوه‌ڕوانكراوه‌.

ڕۆژی سێی حه‌وت به‌ڕێز مه‌سعوود به‌رزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی پارله‌مانی كوردستانی كرد و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی پارله‌مانی كوردستانه‌وه‌ به‌خێرهاتن كرا و به‌ گه‌رمی پێشوازی لێكرا، به‌پێی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی كه‌ له‌و پێوه‌ندییه‌دا بڵاو كراونه‌ته‌وه‌ به‌ڕێز مه‌سعوود به‌رزانی داوای له‌ پارله‌مانی كوردستان كردووه‌ كه‌ ڕۆژێك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ڕاپرسی یانخود ڕێفراندۆم دیاری بكه‌ن. به‌رزانی وتی كه‌ زۆر كه‌س باسی له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ماده‌ی سه‌دوچل مردووه‌، ئیستا ئێمه‌ش باسی ناكه‌ین و با كه‌سیش باسی نه‌كات. به‌رزانی ئاماژه‌ی به‌ زۆر خاڵی گرینگدا و وتی كه‌ هه‌نووكه‌ پشتگیری نێوده‌وڵه‌تیمان هه‌یه‌ و كاتی درووست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردیی گه‌ییشتووه‌. به‌ڕێز به‌رزانی له‌ پارله‌مانی كوردستان به‌شێكی زۆر له‌و كێشانه‌ كه‌ حوكوومه‌تی ئێراق له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵی ڕابردوو بۆ گه‌لی كوردستان درووستی كردووه‌ و خوڵقاندووێتی خسته‌وه‌ بیر ئه‌ندامانی پارله‌مانی كوردستان و باسی له‌وه‌ كرد كه‌ پێویسته‌ هه‌موومان له‌م ڕێگایه‌دا هاوكار و هاوهه‌ڵوێست بین و ئه‌و قۆناغه‌ گرینگه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی تێپه‌ڕێنین.

به‌رزانی وتی كه‌ ئیتر ئه‌و قۆناغه تێپه‌ڕ بووه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستان بچه‌وسێننه‌وه‌ و نادادپه‌روه‌ری له‌ خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن. وتی كاتی ئه‌وه‌ گه‌ییشتووه‌ كه‌ خه‌ڵك بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن و ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینن به‌دی بهێنن. له‌ ڕاستیدا ئێراق به‌ كرده‌وه‌ دابه‌ش بووه‌ و ئیتر هیچ واتایه‌ك نادات كه‌ كورد جارێكی دیكه‌ ئه‌و ولاته‌ سه‌رله‌نوێ ڕێكبخاته‌وه‌ و له‌ كۆتاییشدا عه‌ره‌ب یاری به‌ چاره‌نووسییه‌وه‌ بكات. شه‌ڕ شه‌ڕی نێوان عه‌ره‌بی شیعه‌ و عه‌ره‌بی سوونییه‌ و پێویسته‌ كورد ته‌نیا چاو له‌ شه‌ڕه‌كه‌ بكات و دۆخه‌كه‌ له‌ قازانجی كورد بشكێنێته‌وه‌، تا ئاگره‌كه‌ زیاتر بڵێسه‌ بستێنێت كێشه‌كان قووڵتر ده‌بنه‌وه‌ و كوردیش مافی زیاتر بۆ خۆی ده‌ستبه‌ر ده‌كات. مه‌به‌ست له‌ مافی زیاتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ هێمنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی ڕاده‌گه‌یه‌نێت و كه‌سیش دژایه‌تی ناكات، ئه‌گه‌ریش دژایه‌تی بكرێت، دژایه‌تیی كردنه‌كه‌ ته‌نیا خۆ له‌ نه‌بوونی پێوه‌ندی سیاسیی و دیپلۆماسیدا ده‌بینێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حوكوومه‌تی ناوه‌ندی ئێراق به‌هێز بێت، ئه‌و كات كێشه‌ بۆ هه‌رێم ساز ده‌كات، بۆیه‌ وا باشتره‌ كه‌ كورد شه‌ڕی داعش نه‌كات، با داعش به‌هێزتر بێت و كێشه‌كانی نێوان عه‌ره‌ب په‌ره‌ بستێنێت. سه‌روبنی شه‌ڕه‌كه‌ له‌ قازانجی كورده‌. ئه‌مه‌ ڕاستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ و پێویسته‌ هه‌ر هه‌موومان دانی پێدا بنێین، ئه‌گه‌ر داعش نه‌بووایه‌ ئیستاش ناوچه‌ كوردستانییه‌كان له‌ژێر چنی عه‌ره‌ب و مالكیدا ده‌بوون و چه‌ندین ساڵی دیكه‌ش هه‌روا ده‌مایه‌وه‌ و ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ هه‌ڕه‌شه‌كانی مالكی و عه‌ره‌ب و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی په‌ره‌ی ده‌سه‌ند.

ئه‌وانه‌ی كه‌ پێیان وایه‌ داعش ده‌بێته‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و پێویسته‌ كه‌ كورد له‌ باشوور شه‌ڕی داعش بكات له‌ هه‌ڵه‌ دان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر داعش تێك بشكێت ئه‌و كات حوكوومه‌تی ناوه‌ندی دیسانه‌وه‌ سه‌رله‌نوێ له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌وێته‌وه‌ سه‌ر هێڵ و گوشار بۆ سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان دێنێت. واباشتره‌ بۆ كورد كه‌ له‌م قۆناغه‌دا داعش به‌هێز بێت و حوكوومه‌تی ناوه‌ندی لاواز بێت، چوونكه‌ به‌و چه‌شنه‌ دابه‌ش بوونی ئێراق ده‌چه‌سپێت و به‌ ڕوونی دابه‌شبوونه‌كه‌ی دانی پێدا ده‌نرێت و ئه‌و كاتیش كورد ناتوانێ له‌گه‌ڵ گرووپێكی تیرۆرستیدا پێكه‌وه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و كورد جیا ده‌بێته‌وه‌. هه‌نووكه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان پڕ چه‌كه، داعش له‌ ڕۆژئاوای كوردستان نه‌یتوانی كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌دا شه‌ڕ بكات و تێكشكا، كه‌واتا هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان هه‌م له‌ یه‌په‌گه‌ به‌هێزتره‌ و هه‌م پڕ چه‌كتره‌ و هه‌م له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا پشتیوانی زیاتره‌، ئیتر نابێ له‌ داعش بترسین، داعش له‌ هه‌مبه‌ر كورددا بێ هێزه‌، چوونكه‌ ڕای گشتیی كۆمه‌ڵگای كوردستانی له‌گه‌ڵ نییه‌، له‌ ڕاستیدا داعش له‌و شوێنانه‌ به‌هێزه‌ كه‌ ڕای گشتیی له‌گه‌ڵه‌. داعش ڕێكخراوێكه‌ كه‌ باش كه‌ڵك له‌ كۆدی ژئۆپلۆتیكی و كێشه‌ی نێوان لایه‌نه‌كان وه‌رده‌گرێت و له‌و شوێنانه‌ جێ و پێی خۆی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ قه‌یراناوییه‌. هه‌نووكه‌ له‌ باشووری كوردستان كه‌سایه‌تیی هه‌یه‌ كه‌ به‌نێو سه‌ركرده‌ی كورده‌، به‌ڵام پێی خۆشه‌ كه‌ داعش هێرش بكاته‌ سه‌ر كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ بڵێت نه‌موت داعش كێشه‌یه‌ بۆ ئێمه‌ش با شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ڕابگه‌یه‌نین.

هه‌نووكه‌ و له‌م دۆخه‌دا كه‌ كورد پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ داعش ‪«مه‌به‌ست هێرشه‌ نه‌ك شه‌ڕی ڕه‌وا كه‌ به‌رگری كردنه‌ له‌ خاك و نیشتمان و به‌رپرچ دانه‌وه‌ی هێرشی ده‌ره‌كیی و پارێزگاری كردن له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌‪» به‌ زیانی كورده‌ و به‌ قازانجی ئێران و حوكوومه‌تی ناوه‌ندی ئێراق و پشتێنه‌ی شیعه‌گه‌رییه‌ كه‌ كۆماری ئیسلامیی ئێران ماوه‌ی ٣٥ساڵه‌ درووشمی بۆ هه‌ڵگرتووه‌، به‌ڵام هه‌نووكه‌ و له‌ دوای ڕۆخانی ڕژیمی سه‌دام و لاوازبوونی به‌شار ئه‌سه‌د جێبه‌جێی ده‌كات، چوونكه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ردوو حوكوومه‌تی شیعه‌ی ئێراق و ڕژیمی به‌شار ئه‌سه‌د هه‌یه‌. كورد نابێ بكه‌وێته‌ نێو ئاگری شیعه‌ و سوونه‌، هاوكاری كردنی هه‌ریه‌ك له‌و لایه‌نانه‌ له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی باڵای خه‌ڵكی كوردستان و نه‌ته‌وه‌ی كورده‌. پێویسته‌ له‌م قۆناغه‌دا له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بین. چوونكه‌ له‌ سه‌ده‌ی ٢١دا و له‌م قۆناغه‌ له‌ ژیانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیی و له‌ سه‌ده‌ی به‌جیهانیبوون و سه‌رده‌می دیموكراسی و لیبڕاڵی بێ سنووردا له‌ هه‌ر سووچێكی گۆی زه‌وی ئه‌گه‌ر خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگا و گه‌ل له‌ ڕێفراندۆمێكی ئازاد و سه‌ربه‌ستدا بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووس و داهاتووی خۆیان بده‌ن هیچكام له‌ وڵاتانی جیهان ناتوانن ڕاسته‌وخۆ له‌ دژی ڕاوه‌ستن، چوونكه‌ حوكوومه‌تی ئه‌و وڵات و ناوچه‌یه‌ داخوازی گه‌له‌كه‌ی جێبه‌جێ كردووه‌ و ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ بناغه‌كانی مافی مرۆڤ و مافی نه‌ته‌وه‌كان هاوته‌ریبه‌ و دژایه‌تیی ناكات و بگره‌ له‌ ڕاستای جێبه‌جێ كردنی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و مافی نه‌ته‌وه‌كانه‌ كه‌ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ده‌یان ڕێكخراوی مه‌ده‌نی و سیاسیی نێونه‌ته‌وه‌یی دانی پێدا ناوه‌ و له‌ فه‌لسه‌فه‌ی خۆیاندا چه‌سپاندوویانه‌ و پێداگرییان له‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سه‌رده‌می حوكوومه‌تی شێخ مه‌حموودی نه‌مر و پێشه‌وا قازی موحه‌ممه‌د نییه‌ كه‌ به‌ ئاژاوه‌گێڕی بریتانیا كورد سه‌ركوت بكرێت و له‌ ماف و ئازادی بێبه‌ش بكرێت، ئه‌مڕۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ له‌ دابه‌ش كردنی كوردستاندا بڕیارده‌ر بوونه‌ دۆستی كوردن و له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی كورد دان، كه‌واتا بۆ ده‌بێ هه‌ر ئێمه‌ ژێر ده‌ست و بنده‌ست بین؟ بۆ ده‌بێ هه‌میشه‌ چاومان له‌ زمانی داگیركه‌ر و بێگانه‌كاندا بێت! با گه‌ل بڕیار بدات و داخوازی گه‌ل جێبه‌جێ بكرێت، كێ دژایه‌تی ده‌كات با بیكات. ئه‌و كات دۆست و دووژمنی ڕاسته‌قینه‌ خۆی ده‌رده‌خات و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و دۆست و دووژمنانه‌ ده‌كرێت كه‌ بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌وڵه‌تی كوردستان دابنرێت. ئێمه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌بێ ئه‌وه‌ باش بزانین كه‌ چیتر وڵاتێكی دیكه‌ به‌ فڕۆكه‌ له‌دژی كورد شه‌ڕ ناكات، چوونكه‌ كورد هه‌وێنی سه‌قامگیریی سیاسیی و ئاشتیی و ئارامیی له‌ ناوچه‌كه‌ دایه

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر