Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ آبان ۲۷, شنبه

لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی ئێران رەوشی ژنی كورد دەخرێتە‌ڕوو




لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی ئێران رەوشی ژنی كورد دەخرێتە‌ڕوو
وارڤین  - لەندەن: بە بەشداری كەسایەتی و چالاكوانی ژنی كورد (هۆزان مەحمود)، بڕیارە گروپی ئیئتلافی نێودەوڵەتی ژنانی ئێران، رۆژی (1 / كانوونی یەكەم – دیسەمبەر / 2012) لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، كۆنفرانسێك ساز بكات و لەو كۆنفرانسەدا ئەو ژنە چالاكوانەی كورد وتارێك لە بارەی رەوشی ژنانی عێراق و هەرێم پێشكەش دەكات.





لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی ئێران رەوشی ژنی كورد دەخرێتە‌ڕوو
وارڤین  - لەندەن: بە بەشداری كەسایەتی و چالاكوانی ژنی كورد (هۆزان مەحمود)، بڕیارە گروپی ئیئتلافی نێودەوڵەتی ژنانی ئێران، رۆژی (1 / كانوونی یەكەم – دیسەمبەر / 2012) لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، كۆنفرانسێك ساز بكات و لەو كۆنفرانسەدا ئەو ژنە چالاكوانەی كورد وتارێك لە بارەی رەوشی ژنانی عێراق و هەرێم پێشكەش دەكات.

مەبەست لە سازكردنی ئەو كۆنفراسەی بڕیارە لە (1 / كانوونی یەكەم – دیسەمبەر / 2012) ئەنجامبدرێت، تیشك خستنەسەر دوایین گۆڕانكارییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا، هەروەها باسكردنی كاریگەری و رۆڵی ئەو گۆڕانكاریانە لەسەر پرسی ژن.

بڕیارە لە كۆنفرانسەكەدا، ژمارەیەك كەسایەتی سیاسی، ئەكادیمی، چالاكوانانی بواری ژنان و مافی مرۆڤ، كە لە ئێران و ئەفغانستان و میسر و چەند شوێنێكی دیكە بانگهێشت كراون، بەشدار بن.

چالاكوانی بواری ژنان لە لەندەن (هۆزان محمود) یەكێكە لە بانگهێشتكراوەكانی ئەو كۆنفرانسە، وەك چالاكوانێك و ژنێكی كورد بە وتارێك بەشداری دەكات.

كەسایەتی و چالاكوانی ژنی كورد لە دەرەوەی وڵات (هۆزان مەحمود) لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین) گوتی: "وەك ژنێكی كورد، بانگهێشتی كۆنفرانسەكە كراووم و بڕیارە بە خوێندنەوەی وتارێك لە بارەی رەوشی ژنانەوە بەشداری بم".

لە بارەی ناوەڕۆكی وتارەكەیەوە، ئەو چالاكوانە كوردە، گوتی: "وتارەكەم تایبەت دەبێت بە رەوشی ژنانی هەرێمی كوردستان و عێراق و لەژێر ناونیشانی (ناجێگیری سیاسی لە عێراق و كوردستان و كاریگەری لەسەر ژنان) پێشكەشی دەكەم".

هەروەها گوتی: "لەوتارەكەمدا هەوڵدەدەم لەبەر رۆشنایی ئەو دۆخە نوێیەی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكەدا هاتووەتە پێش؛ باسی دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان بكەم".

ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد، لە بارەی دوایین پێشهاتە سیاسیی و كۆمەڵایەتیەكانی ناوچەكە و بزاوتی گۆڕانخوازانەی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەیشتن بە دیموكراسی و كۆتاییهێنان بە دیكتاتۆری دەدوێت و هەوڵدەدات رۆڵ و پێگەی ژنان لەو بزاوتە بەرفراوانەی وڵاتانی ناوچەكە و كاریگەرییان لەسەر رەوشی عێراق و هەرێم بخاتەڕوو.

گروپی ئیئتلافی نێودەوڵەتی ژنانی ئێران، لەلایەن كۆمەڵێك كەسایەتی و رێكخراوی ژنان و مافی مرۆڤ دامەزراوە و ئامانجی كاركردنە لەسەر پرسی ژن و توندوتیژی دژی ژن لە كۆمەڵگەی ئێراندا.

ئەو گروپە دژی هەموو شێوازەكانی تەندوتیژی دەوەستێتەوە و لەرێگەی چالاكی جیاواز و كەمپێن دروست كردن و كونفرانسەوە كار دەكات بۆ پەردەهەڵماڵین لەسەر هەموو ئەو توندوتیژی و كارە نامرۆڤایەتیانەی لە بەرامبەر خەڵكی ئێران ئەنجام دەرێن.

ئا: ساكار رۆستەم
-------------------------
لەیلا زانا چووە ریزی مانگرتووانەوە
وارڤین – ئامەد: پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئامەد، (لەیلا زانا) چووە ریزی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی كوردەوە و لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا، سەرچاوەیەكی نزیك لەو ژنە پەرلەمانتارەی كورد، رایگەیاند، لەیلا زانا ئامادە نییە هیچ لێدوانێكی رۆژنامەوانی بدات و ئەو مانگرتنی بێ وادەی لە خواردن راگەیاندووە.

دوێنێ چوارشەممە (14 / تشرینی دووەم – نۆڤەمبەر / 2012) پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی توركیا و كەسایەتی ژنی ناسراوی توركیا (لەیلا زانا) بە دەستپێكردنی مانگرتنی بێ وادە لە خواردن پشتیوانی خۆی بۆ مانگرتنی زیندانییە سیاسییەكانی كورد لە توركیا دەربڕی.

لەو بارەیەوە (وارڤین) لە رێگەی ژمارەی مۆبایلەكەیەوە پەیوەندی كرد بە (لەیلا زانا)ەوە بەڵام، كەسێكی نزیكی ئەو رایگەیاند، (زانا) ئامادە نییە بۆ هیچ كەناڵێكی راگەیاندن لێدوان بدات.

گوتیشی: "مانگرتی بێ وادەی لەیلا زانا پێی ناوەتە دووەم رۆژییەوە و سەرەڕای نەگونجانی رەوشی تەندروستیی بۆ مانگرتن، بەڵام زانا هەر سوورە لەسەر درێژەدان بە مانگرتنە بێوادەكەی".

هەر لەو چوارچێوەیەدا، دوێنێ چوار شەممە هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتی (KCD)، (ئەحمەد تورك) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە مەبەستی پشتیوانیكردن لە مانگرتووانی كورد، خاتوو (لەیلا زانا) لە ژوورەكەی خۆیدا لە پەرلەمانی توركیا دەستی بە مانگرتن كردووە.

گوتیشی: "بەڕێز لەیلا زانا، بۆ فەراهەمكردنی كەشی چارەسەریی  دەرچوون لەو قەیرانە و كرانەوەی دەرگای وتوێژ و چارەسەری ئاشتییانەی پرسەكە، بڕیاریدا دەست بە مانگرتن بكات. بەڕێز لەیلا زانا بە ئامانجی پەیامدان بە پەرلەمان و پەیامدان بە كۆمەڵگە، بڕیاریدا لە ژوورەكەی خۆیدا لە پەرلەمان درێژە بە مانگرتن بدات. ئێمە رێز لە بڕیاری ئەو هەڤاڵەمان دەگرین. لەیلا خان تەندروستی باش نییە، بەو هۆیەشەوە داوامان كرد كە دەست بە چالاكی مانگرتن نەكات و تكامان لێكرد، بەڵام پێی راگەیاندین كە خۆی بەبڕیارە و ئێمەش رێز لە بڕیارەكەی دەگرین".
----------------------
نەتەوەیەوەكگرتووەكان رێگری لە دووگیانی بە بەشێك لە مافەكانی مرۆڤ دەزانێت
وارڤین: بۆ یەكەمینجار لە مێژووی نەتەوەیەكگرتووەكاندا، رێگرتن لە دووگیانبوون و دەستگەیشتن بە رێگەگەلی رێگرتن لە دووگیانی نەخوازراو، لەلایەن ئەم رێكخراوەوە بە بەشێك لە مافەكانی مرۆڤ لەقەڵەم درا

راپۆرتی سالانەی سندووقی دانیشتووانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان بە راگەیاندنی ئەم بابەتە ئاماژەی بەوە كردووە كە دەرفەتی كۆنترۆڵكردنی دووگیانی و رێكخستنی خێزان، كارێكی گرنگ دەبێت بۆ ژنان لە سەرانسەری جیهان دا.

لەو راپۆرتەدا هەروەها هاتووە بەهۆی ئەوەی ئەو ژنانەی كە رێ لە دووگیانی نەخوازراو دەگرن تەندروستترن و رۆڵێكی زیاتریان لە رێكخستنی خێزان و بەشداری ئابووریدا هەیەو رۆڵێكی بەرچاویان لەدابینكردنی پێداویستییەكانی خێزان و كۆمەڵگەدا هەیە، بۆیە دەبێت ئەو تەگەرەو لەمپەرانەی كە رێگرن لە دەستپێڕاگەیشتنیان بە رێگەكانی رێگرتن لە دووگیانی، نەمێنن و هەموویان بتوانن بەدەستی بێنن. سندووقی دانیشتووانی نەتەوەیەكگرتووەكان گوتوویەتی ئەگەر لە سەرانسەری جیهاندا 4 ملیار دۆلار بۆ رێكخستنی خێزان تەرخان بكرێت، 11 ملیار دۆلار لە بەشی تەندروستی دەمێنێتەوە.

22 ملیۆن ژن لە جیهاندا، بەتایبەتی لە بەشێك لە ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست، دەستیان بە كەرستەكانی رێگرتن لە دووگیانی ناگات.
هەر بەپێی ئەو راپۆرتەی كە لەسەرەوە ئاماژەی پێ كرا، پرۆگرامی رێكخستنی خێزان، واتای پاشەكەوتێكی زیاتر بۆ پەروەردەكردنی ژن و كاریانە و لەئەنجامدا دەبێتەهۆی سەربەخۆیی ئابوورییان.

بەپێی ئەم راپۆرتەی نەتەوەیەكگرتووەكان سالانە 22 ملیۆن كۆرپەلە لەرێگەی ناتەندروستەوە لەناودەبرێن كە ئەوەش زیانگەلێكی قەرەبوونەكراو بە ژن دەگەیەنێت.

لەسەدا چلی ئەو ژنانەی كە كۆرپەلەكانیان بە رێگەگەلی ناتەدروست لەناو دەبەن گەنجن.
http://warvin.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=1638&Jor=2
_____________
كۆرپەیەكی هەشت رۆژە لەناو مزگەوتێكدا دۆزرایەوە
وارڤین – ئامێدی: لە دەمی بانگی بەیانییدا، ئەو كاتەی پێشنوێژخوێنی مزگەوتی گوندی (گوهەرز)ی سەر بە شارۆچكەی ئامێدی دەچێت بۆ مزگەوت، گوێی لە دەنگی گریانی كۆرپەیەك دەبێت و بەدەم دەنگەكەوە دەچێت و دەبینێت  كۆرپەیەكی ساوای پێچراوە لە برسان و لە سەرمان دەگریێت.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، پێشنوێژخوێنی ئەو مزگەوتە كە نەیویست ناوی بنووسرێت، گوتی: "بەرەبەیانی رۆژی چوار شەممە (14 / تشرینی دووەم – نۆڤەمبەر / 2012) بۆ جێبجێكردنی ئەركەكەم روومكردە مزگەوتی گوندەكەمان، لە مزگەوتەكەدا گوێم لە دەنگی نوساوی مندالێكی ساوا بوو، كە لەبەر سەرما و برسێتی دەگریا.

گوتیشی: "بەدەم دەنگەكەوە چووم و دۆزیمەوە و پێش نوێژخوێندن بردمەوە بۆ ماڵ بۆ ئەوەی ژیانی رزگار بكەین و دواتر بردم و رادەستی بنەكەی ئاسایشی كۆمەڵگەی (دێرەلوك)م كرد.

روونیشیكردەوە، "ئەو كۆرپەیە، تەمەنی هەشت رۆژ بووە و لە بنكەی ئاسایشی دێرەلوكەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی منداڵبوونی شاری دهۆك بە مەبەستی پشكنین و لێكۆڵینەوەش بۆ ناسینەوەی دایك و باوكی كۆرپەكە دەستی پێكردووە".

گوندی (گوهەرز) چەند كیلۆمەترێك لە خۆرهەڵاتی شارۆچكەی ئامێدییەوە دوورە و لە ئێستادا (120) مالی لێ نیشتەجێن و خەڵكی گوندەكە رەتیدەكەنەوە ئەو كۆرپەیە هی دایكێكی نیشتەجێی گوندەكەیان بێت.

ئا: ئارام گوهەرزی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر