کام تورکیا؟ کام پەکەکە؟
د. هێمن سەیدی
و: مەسعوود مەناف* لە بی بی سی فارسی وەرگیراوە
دوابەدوای تیرۆری سێ ژنە چالاکی سیاسی کورد لە پاریس، مێدیاکانی جیهان دەستیان بە بڵاوکردنەوەی گریمانەگەلێکی جیاواز سەبارەت بە بکەران و هۆکاری ئەنجامی ئەو تیرۆرە کرد و هەر کەس ئامانجێکی جیاوازی لە بڵاوکردنەوەی ئەم گریمانانە هەبوو. هەندێک، چەند خاڵێکی تایبەت زەق دەکەنەوە و هەندێکی تر، چاوپۆشی لە خاڵێکی گرینگی مەسەلەکە دەکەن. بۆ وێنە کەسانێک کە تورکیا بە سەرچاوەی تیرۆرەکە دەزانن، بژاری دەوڵەت لەبیر دەکەن و زیاتر جەخت لە سەر ناوەندەکانی دەرەوەی بازنەی دەوڵەت دەکەنەوە. هەندێکی تریش، بە چاوپۆشی لە توانای دەزگا سیخووڕییەکان-کە پێشینەوەی هاوکاری لە کردەوەگەلی هاوچەشنیان هەیە- پەنجەی تۆمەت بەرەو خۆی پەکەکە درێژ دەکەن و هەڵبەت، زەحمەتی شرۆڤەی گریمانەکەش بەخۆ نادەن.
لەو نووسراوەدا، هەوڵ دراوە خۆ لە لێکدانەوەی ئەگەری دەستێدابوونی وڵاتانی جیران، بە واتایەکی تر، وڵاتانی جیا لە دوو لایەنی دژبەر [تورکیا و پەکەکە. و] لەو تیرۆرەدا، بە دەرفەتێکی تر بسپێردرێ و زیاتر، شرۆڤەی ٤ بژاری تورکی و لایەنێکی نێوخوویی بکرێ و ئاکامەکانی بژاری دوایی، زیاتر شی بکرێتەوە.
کام تورکیا؟پرسیارێکی لەم چەشنە زیاتر دەربارەی وڵاتانێک دەپرسری کە نیزامێکی سیاسی تۆکمەی نییە و چەندین ناوەندی بڕیار، تێییدا چالاکن. بە پێچەوانەی رووخساری دێمۆکراتیکی پێکهاتەی سیاسی تورکیا، ئەو وڵاتەش گرفتاری فرەلایەنی و تەنانەت پارادۆکسی ناوەندەکانی بڕیاردەرە. کاتێک مژاری جێگەی باس، کێشەی کوردە، ناوێکچوون و جیاوازییەکە، قات بە قات زیاتر بووە. چوار لایەن [سەبارەتبە مەسەلەی کورد] لەم وڵاتە خاوەن بڕیارن کە مرۆڤ ناتوانێ بێژێ هیچ یەک لەوانە، دەستیان لە ئەنجامی ئەو تیرۆرەدا نییە.
حکوومەتی ئەردۆغانبژارێک کە لە گریمانەکاندا، کەمترین ئاماژەی پێکراوە. حکوومەتێک کە لەو مانگانەی دواییدا، هەڵسووکەوتێکی تا بڵەی پێشبینی نەکراوی لەهەمبەر کوردان پێڕەو کردووە، لە هەڵوێست و کردەوە دژبەیەکەکانی خۆی ئەردۆغانەوە بگرە تا شێوەی هەڵسووکەوتی یاریدەدەران و بەرپرسانی باڵای حکوومەتەکەی. هەرواز و نشێوی حکوومەتی ئەردۆغان لە یەکساڵی رابردوو، زیاتر لە ساڵەکانی پێشووتر بووە و ئەمەش جۆرێک ناڕوونی و سەرلێشێواوی حکوومەتەکەی لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی کورددا نیشان دەدات.
هەڵبەت هەڵوێست گۆڕین و پێشبینی نەکرانی ئەردۆغان، تەنیا سنووردار بە کێشەی کورد نەبووە. ناوبراو لە پێوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆککۆمار "عەبدوڵا گول"، لەمەڕ کێشەی رۆژنامەنووسە زیندانییەکان، لە روانگەی بەرانبەر بە وڵاتانی ناوچە، لە وتووێژ و درێژەی پێوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و بە گشتی لە سیاسەتەکانی ناوخۆ و رۆژهەڵاتی ناوین، هەڵسووکەوتی دژبەیەکی لە خۆی نیشان داوە.
دەزگای میتی تورکیاجار هەیە کە دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا[میت]، خۆی دەبێتە ناوەندی بڕیاردەر و تەنانەت زۆرجار بینراوە کە ئەو دەزگایە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی خۆی بە سەر حکوومەتە جیاجیاکانیتورکیا داسەپاندووە و یاخود حکوومەتی خستۆتە ناو ئەمری واقیعێکەوە. گرینگترین خاڵی کە پاش هێرشی ئیسرائیل بۆ گەمی مەرمەڕە، پێشی بە پچڕانی تەواوی پێوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل گرت، دەزگای سیخوڕی تورکیا و پێوەندییە ئاڵۆزەکانی لەگەڵ مووسادی ئیسرائیڵ بوو. ئێستاش سەرەڕای ئاڵۆزی پێوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران بە هۆی کێشەی سووریا، هەفتەی رابردوو، باڵوێزی ئێران لە ئانکارا، باسی لە پێوەندی و هاوکاری قووڵی نێوان دەزگا سیخوڕییەکانی دوو وڵات، بۆ خەسارلێدان لە پەکەکەی کرد. باڵوێزی ئەمریکا لە ئانکاراش، ماوەیەک لەمەوبەر، پێشنیاری بە تورکیا کردبوو کە وڵاتەکەی دەتوانێ هاوکاری تورکیا بکات تا لە عەمەلیاتێکی هاوشێوەی تیرۆری بێن لادەن، دژ بە رێبەرانی پەکەکە ئەنجام بدات.
کۆی ئەو پێوەندییە بەربڵاوە دەرەکییانە، هێزێکی ئەوتۆی بە دەزگای سیخوڕی تورکیا بەخشیوە کە دەتوانێ هەرکات حکوومەت دژایەتی سیاسەتەکانی کرد، خۆی سەربەخۆیانە بڕیار بدات. بۆ وێنە گەرموگوڕترین دۆسیەی ساڵی رابردووی تورکیا، بەدواداچوونی دۆسیەی کوژرانی "تورگوت ئۆزاڵ"، سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا لە لایەن دەزگای ئەمنییەتی ئەو وڵاتە بوو. دۆزێک کە هەر ئێستاش بەردەوامە. ئۆزاڵ سەرۆککۆمارێک بوو کە دەیهەویست هەنگاوی جیددی بۆ چارەسەری کێشەی کورد بهاوێژێ. لە مەسەلەی رفاندنی ئۆجالان لە کێنیاشەوە، ئەوە میت، دەزگای سیخوری تورکیا بوو کە هاوکاری لەگەڵ مووسادی ئیسرائیل و سی ئا ئەی ئەمریکایی کرد بە جۆرێک کە سەرۆک وەزیری ئەو کاتی تورکیا، بوڵەنت ئێجێویت، تەنیا پاش یەکلایی بوونەوەی پلانەکە، لە عەمەلیاتەکە ئاگادارکرایەوە.
ئەرتەشی تورکیائەرتەشێک کە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە پێکهاتەی سیاسی تورکیادا، تەنانەت شەست ساڵ لەمەوبەر ئامادەبووە کە سەرباز بۆ کۆرەش رەوانە بکات! ئەرتەشێک کە لە چەند دەیەی رابردوودا، هیچ سەرکەوتنێک یا عەمەلیاتێکی دەرەکی نەبووە بەڵام ٤ کودەتای کردوو و شەڕێکی سی ساڵەی لە کارنامەی خۆیدا تۆمارکردووە بەڵام لە هیچکامیاندا سەرکەوتوو نەبووە. لە دوو دەیەی رابردوودا، ئەنجامی کودەتای سەربازی یا گووشارهێنان بۆ سەر حکوومەت بەرە بەرە بۆ ئەرتەش دژوار و دژوارتر بووە و تەنانەت عەمەلیاتە یەک لە دوای یەکەکانی دژ بە پەکەکە، سەرەڕای بانگەشەی بەردەوامی خۆی بۆ لەناوبردنی پەکەکە، سەرکەوتوو نەبووە. ئێستا بە کۆتایی هاتنی سەردەمی کودەتاکان، ئەرتەشی تورکیا، کۆتایی چاوەڕوانکراوی شەڕ لەگەڵ پەکەکە، بە کۆتایی سەردەمی زێڕێینی خۆی دەزانێ. سەردەمانێک کە سەرەڕای ئەو هەمۆ قەیرانە ئابوورییە و قوورسایی بارەکەی لە سەر خەڵک و حکوومەتی تورکیا، دیسانیش بودجەی ئەرتەش و تێچووی کڕینی چەک و چۆڵ، هەڵکشانی بەخۆیەوە دەبینی.
ناسیۆناڵیستە توندڕۆکانی تورکیامێژووی نەوەت ساڵەی پێڕەوکردنی سیاسەتی یەکدەستکردن لە تورکیا و بە تایبەت نکۆڵیکردن لە ناسێنەی کوردەکان، بە پشتیوانی یا چاوپۆشی و بێدەنگیلێکردنی زلهێزەکان، هێزێکی ئەوتۆی بەو چەشنە خوێندنەوە لە ناسیۆناڵیسم بەخشیوە کە هەرچەشنە گۆڕانکارییەک تێیدا، نە تەنیا لە ماوەیەکی کورتخایەندا، ئەستەمە بەڵکوو دژکردەوەی توندیشی لە لایەن توندڕۆکانەوە لێدەکەوێتەوە. زەختی ئەو هێزە ناسیۆناڵیستانە ئەوەندە زۆرە کە بەڵکوو بکرێ ریشەی گەلێک لە پارادۆکسەکانی سیاسەتی ئەردۆغانیشی تێدا بدۆزرێتەوە. ئەردۆغان، ماوەیەک لەمەوبەر، بۆ چاوترسێنکردنی پارلەمانتارانی کورد، باسی لە ئەگەری دووبارەهێنانەوەی یاسای لەسێدارەدانی کردەوە، یاسایەک کە بۆتە درووشمی ناسیۆناڵیستەکان. ئەردۆغان ئەو کات ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە ئەگەری لەسێدارەدانی ئۆجالانی کرد. هەڵبەت کە وەگەرخستنەوەی ئەو یاسایە بە سوودی تورکیا و خۆی ئەردۆغان نابێ، ئەوەش نەک بەو هۆکارە کە ئێستا ئەردۆغان بۆ چارەسەری کێشەی کورد، دەستەودامێنی ئۆجالان بووە بەڵکوو بەم هۆیە کە هێنانەوەی یاسای لەسێدارەدان، لە وڵاتێکی وەها تێکەڵ و ئاڵۆز، کە تێیدا مومکینە خۆی ئەردۆغانیش رۆژێک، ببێتە تۆمەتبار، پەشیمانی بەدواوە دەبێت.
بەشێک لەو ناسیۆناڵیستە توندڕۆانە، ساڵی رابردوو، بە جیا لە میت و حکوومەت، زۆر جار، کارێکیان کردووە کە هەم دەوڵەت و هەم میتییان تووشی سەرئێشە کردووە. ئەو توێژە لە دەرەوەی تورکیا چالاکتریشن و زۆر جار، شایەتی رووبەڕووبوونەوەی ئەو تاقمە لە کۆبوونەوە و رێووڕەسمەکانی کوردان لە ئەورووپا بووینە.
کام پەکەکە؟بژارێکی تر، ناورێکخراوەیی بوونی ئەو تیرۆرەیە. بژارێک کە دژوارییەکەی لەوەدایە کە ئەگەر دواتر، لێکۆڵینەوەگەلی سەربەخۆ، دژی ئەم گریمانە بسەلمێنێ، درێژەپێدانی گەلێک تاڵ دەبێ. بەو مانایە کە رێکخراوەیەک، لە کاتێکدا خەسارێکی ئاوا گەورەی وێکەوتووە و سێ ئەندامی چالاک و بۆ وێنە یەکێک لە دامەزرێنەرانی لەدەست داوە، ئێستا دەبێ وەڵامدەرەوەی ئەو تۆمەتە بێ کە خۆی ئەو گورزەی لە جەستەی خۆی داوە. بەڵام بە هەر شێوە، ناکرێ چاوپۆشی لەو ئەو گریمانەیەش بکرێ. بە تایبەت ئەگەر بسەلمێ کە ئەو تیرۆرە لە لایەن گرووپێکی سەرەڕۆ ئەنجام نەدراوە و پلانێکی تەواو رێکخراوەیی بووە، ئەوکات گۆڕانکارییەکی مەزن لە بزووتنەوەی کوردەکان لە تورکیا دێتە ئاراوە.
ئەوەش یانی درێژەی بزووتنەوە بێ پەکەکە!
سەلمانی تۆمەتێکی لەم چەشنە بە مانای مەرگی سیاسی و مەعنەوی پەکەکە لە ناو کوردانە بەڵام ئەو یەکە نابێتە مایەی مەرگی میراتگرەکەی کە بزووتنەوەی کورد لە ناوخۆی تورکیایە. ئەوەش راستییەکە کە ژیانەوەی نەتەوەیی کوردەکان لە تورکیا، کە لە ماوەی شەست ساڵی بەر لە دامەزرانی پەکەکە بە تەواوی نکۆڵیان لێکرابوو و ئێستا بیست میلیۆن مرۆڤ، خۆی لەو چوارچێوەدا پێناسەدەکات، بەرهەمی چالاکییە سیاسی و چەکداری و بە تایبەت کولتووری پەکەکەیە.
ئێستا ئەگەر وای دابنێین کە ئەو تۆمەتە راستە، بەو واتایە دەبێت کە ئەو رێکخراوە، دژ بە فەلسەفەی بوونی خۆی هەنگاوی ناوە و بەو کارە خۆی بە مێژوو سپاردووە و درێژەی بزووتنەوەکەی بە گەل. گەلێک کە بزووتنەوەکەی لە قۆناخێکی بێگەڕانەوەدا دەبینێ و لە شەقامەکانی ئامەد و ئانکاراوە بگرە تا گرتووخانەکان، پارلەمان و دڵی پێتەختە ئەورووپاییەکانی کردۆتە مەیدانی مافخوازی خۆی.
ئەگەر بێت و ئەو تۆمەتە راست بێ، خەڵک دەچێتە ناو قۆناخێکی تر لە خەباتی خۆی و پاش شۆکێکی کورتخایەن، بە هێمنییەکی زۆرتر، درێژە بە خەباتی تەواو مەدەنی خۆی دەدا. لە ئەگەری شۆرانەوەی ئەو تۆمەتە لە پەکەکە، هەم قوورسایی و باوەڕمەندی بە پەکەکە لە ناو خەڵکدا زیاتر دەبێ و هەم رۆڵی سەرەکی پارەتەکە لە چارەسەری کێشەی کورد و هەمیش رۆڵی رێبەرە بەندکراوەکەی "عەبدوڵا ئۆجالان".
* لە بی بی سی فارسی وەرگیراوە
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر