Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ بهمن ۱۲, پنجشنبه

ئاشتی عەزیز: له‌ بودجه‌ى ئه‌مساڵدا حكومەت یەك دیناری بۆ پرسی ژن تەرخان نەكردووە


ئاشتی عەزیز: له‌ بودجه‌ى ئه‌مساڵدا حكومەت یەك دیناری بۆ پرسی ژن تەرخان نەكردووە
وارڤین – هەولێر: هاوكات لەگەڵ بانگەشەكانی حكومەت بۆ بەدەمەوەچوونی پرسی ژنان، دانانی پلانێكی پێنج ساڵه بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژن، وەك ژنە پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن (ئاشتی عەزیز) رایدەگەیەنێت، لە بودجەی ئەمساڵدا، حكومەت یەك دیناری بۆ پرسی ژن تەرخان نەكردووە.


لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (وارڤین)، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان (ئاشتی عەزیز)، رایگەیاند، لە رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەدا هیچ پێشنیازێكی راپۆرتی لیژنەی ژنان لەبەر چاو نەگیراوە و هیچ بڕه‌ پارەیەك بۆ پرسی ژن تەرخان نەكراوە.

گوتیشی: "لیژنەی ژنان داوایكردووە، لە بودجەدا بڕێك پارە تەرخان بكرێت بۆ سندوقی هاوكاریكردنی ئەو ژنانەی هاوسەریان لەدەستداوە و هەروەها بودجەیەك تەرخان بكرێت بۆ پرسی جێندەر و لە هەموو وەزارەتەكاندا كاری لەسەر بكرێت، جگە لەوەش، لیژنەكە داوایكردبوو، بودجەیەك بۆ كردنەوە و دابینكردنی شوێنی گونجاو، بۆ پەناگەی ژنان، لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێم، دابین بكرێـت".

سەبارەت بە رەنگدانەوەی ئەو داواكاریانەی لیژنەی ژنان لە رەشنووسی پرۆژە یاسای بوجەدا، (ئاشتی عەزیز) گوتی: "هیچ كام لەو داواكاریانه،‌ نەخراونەتە ناو رەشنووسی بودجەكەوە. ئەمە لە كاتێكدایە، حكومەت خۆی پلانی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانی راگەیاندووه و ئەو پلانەش پێویستی بە بودجە هەیە و خەرجە دەوێت، بەڵام هیچی بۆ دیار نەكراوە.

سەبارەت بە بودجەی جێبەجێكردنی ئەو پلانە ستراتیژیەی ئەنجومەنی خانمان، كە حكومەت بە رەسمی خستوویەتیە بەرنامەی كاری خۆیەوە و بڕیارە بۆ ماوەی پێنج ساڵ كاری لەسەر بكرێت، ئەو ژنە پەرلەمانتارە ئاشكرایكرد،‌ حكومەت هیچ بڕە پارەیەكی بۆ جێبەجێكردنی ئەو پلانە ستراتیژییەی خۆی تەرخان نەكردووه.

لە بارەی بودجەی ئەنجومەنی باڵای خانمانەوە، كە تا ئێستا بودجەی دیاریكراوی نیە و وەك فەرمانگەیەكی تایبەت بەستراوەتەوە بە حكومەتەوه، وەك (ئاشتی عەزیز) گوتی: "لە كۆبوونەوەی لیژنەی ژناندا پێشنیازیان كردووە، بڕی (250) ملیۆن دینار تەرخانبكرێت بۆ ئەو ئەنجومەنە، تاوەكو بتوانێت وەك پێویست كارەكانی راپەڕێنێت، بەڵام وەك روونیكردەوە، بۆ ئەمساڵیش، هیچ بڕە بودجەیەك بە شێوەی تایبەت بۆ ئەنجومەنەكە دانەنراوە.

ئەنجومەنی باڵای خانمان تا ئێستا وەك دەزگایەك بە بێ بووونی یاسایەكی تایبەت بە خۆی كاردەكات و كارەكانی لە ژێر چاودێری پەرلەماندا نییە و راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە، ئەمەش بووەتە جێی رەخنەی چالاكانی ژن و ئەو پەرلەمانتارەی ئۆپۆزسیۆنیش دەڵێ: "ئێمە چەندینجار داوامان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، رەشنووسی رۆژە یاسای ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بخاتە بەرنامەی دانیشتەكانی و هەرچی زووە یاسای تایبەت بەو ئەنجومەنە پەسند بكرێت، بۆ ئەوەی ئەنجومەنەكە بتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت، چونكە ئێستا ئەو ئەنجومەنە لە جێگەی وەزارەتی ژنانە و ئێمەش پشتگیریمان كرد، بۆ ئەوەی بتوانێت رۆڵی خۆی وەك پێویست بگێڕێت".

هەروەها باسیشی لەوە كرد، ژنانی ئۆپۆزسیۆن لە كاتی بایكۆتكردنی چالاكییەكانی حكومەت لە هەڵمەتی شانزە رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئەو داواكاریەیان دووپاتكردبوو، بەڵام تا ئێستا پڕۆژە یاساكەی نەخراوەتە بەرباس.

لە بەرامبەر فەرامۆشكردنی پرسی ژن لە بودجەدا، (ئاشتی عەزیز)، رەخنەی لە حكومەتی هەرێم گرت و گوتی: "ئەمە بۆ ساڵی چوارەمە حكومەت هیچ بڕە پارەیەك بۆ پرسی ژن و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و باشكردنی رەوشی ژن تەرخان ناكات و ساڵی رابردووش هەمان گلەییمان كرد، بەڵام بێ سوود بوو".

ئەو جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، كە هەر دوو خولەكەی كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێم، كە دوو ساڵی یەكەمی (بەرهەم ئەحمەد ساڵح) سەرۆكایەتی كرد و خولی دووەمی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكایەتی دەكات، پرسی ژن نەبووەتە خەمی حكومەت و تەنیا لە چوارچێوەی دروشمدا قسەی لەبارەوە دەكرێت.

ئا: ئەرسەلان رەحمان
http://warvin.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=1949&Jor=5

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر