Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۳ خرداد ۲۸, چهارشنبه

چەند بەڵگەنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک لە لای رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانە.



چەند بەڵگەنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک لە لای رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانە.
چەندین بەڵگەی یاسایی لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک هەیە

وێنه‌ی شاری كەركووكسایتی هه‌ولێر
دوای کۆنتڕۆڵکردنی کەرکووک لەلایەن هێزەکانی پێشـمەرگەوه‌، کاردانەوەکان بەردەوامن و شارەزایان پێیان وایە کەرکووک و مانەوەی لەدەستی پێـشمەرگە ئەوە دەردەخات کە کەرکووک کوردستانییە و مێژوو و بەڵگەنامە یاساییەکان ئەو ڕاستییە دووپات دەکەنەوە.

لە نوسراوێکدا، کە وێنەیەکی دەست ڕۆژنامەی "هەولێر " کەوتووە، دەربارەی ڕەوشی عێراق و کەرکووک، دکتۆر حوسێن بدێوی، پارێزەری نێودەوڵەتی و ئەندامی کۆمەڵەی دادوەریی جیهانی دەڵێت: " نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چەندین بۆنەدا دان بەوەدا دەنێت کە لە هەندێک حاڵەت دەربارەی کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە هەڵەی کردووە. ئەوەش نەک هەر ژیرمەندی ئەو دەشارێتەوە بەڵکو بەپێچەوانەوه‌ نا عەدالەتی و هەڵەی زەقی ئەو پیشاندەدات بەرامبەر بەو سیاسەتانەی پێڕەوی دەکات".

حوسێن بدێوی لەو ڕوونکردنەوەیه‌یدا چەندین بەڵگە دەخاتەڕوو کە نیشانی دەده‌ن کەرکووک کوردستانییە و پەیوەستە بە خاکی کوردستان و دەڵێت: " بەڵگەی مێژوویی هەن دەری دەخەن کەرکووک شارێکە پەیوەست و گرێدراوە بە خاکی کوردستانه‌وه‌ ".

لە سێ خاڵدا ئەو پارێزەرە ڕوونیدەکاتەوە کە بە تێروانینی ڕەوشی ئێستای عێراق و بە بەڵگەی یاسایی کەرکووک شارێکی کوردییە.

ناوبراو هۆی خستنەڕووی بەڵگەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت: " هەرچەنده‌ من عێراقیم و بە نه‌ته‌وه‌ش عەرەبم، بەڵام وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و یاسایی دەبێت ڕێز لەوە بگرین کەرکووک شارێکی کوردییە .هەروەها بەهۆی ئەوەی من ئەندامی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیم، دەبێت بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ کارە هەستیارەکان بکەم. بۆیە شانازییە بۆ من بەرگری لە پرسێکی نەتەوەیەک بکەم کە چەندین ساڵ بەهۆی زوڵم و ستەمەوە بە ناچاری ڕێگای چیایان گرتە بەر".

حوسێن بدێوی هەروەها دەڵێت: " دەمەوێت بە ڕێگای یاسایی بیسەلمێنم کە نەتەوەکان مافی خۆیان هەیە و دەبێت پێیان بدرێت".

بەڵگەی یاسایی لەسەر کوردستانی بوونی کەرکووک
لەو ڕوونکردنەوەیه‌دا ئەندامەکەی کۆمەڵەی دادوەری چەند بەڵگەیەک دەخاتەڕوو کە کوردستانیبوونی کەرکووک لە ڕێگای یاساییەوە نیشان دەدات.

تێیدا دەنووسێت: " لە سەد ساڵی ڕابردوو و لە کاتی داگیرکردنی عێراق لەلایەن بریتانیا چەندین جار نەخشەی عێراق کێشراوە و لە زۆربەشیان کەرکووک دەکەوێتە نێو خاکی کوردستان.

بدێوی زیاتر دەڵێت: " یەکێک لە بەڵگەکانی کوردستانی بوونی کەرکووک، یاداشتێکی بریتانیایە کە مێژووی ١٤ کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩١٨ ی لەسەرە و تێیدا بە ڕوونی نەخشەی هەرێمی کوردستان کێشراوە و پێکهاتووە لە " عەمادییە و ڕواندوز و هەولێر و ئاڵتون کۆپری و کەرکووک و سلێمانی وکفری".

ئەو یاداشتە دەری دەخات کە هەموو کەرکووک کوردستانییە و هەڵکەوتەی جوگرافی و دانیشتووانەکەیشی ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە نکۆڵی لە کوردستانیبوونی کەرکووک ناکرێت".

لە بەڵگەیەکی دیکە دا هاتووە " لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٣٢ عێراق دەستپێشخەرییەکی کرد بۆ ئەوەی مافی کەمە نەتەوایەتییەکانی دیکە بپارێزرێت لە عێراقدا، ئەو کارەی عێراقیش بۆ بە ئەندامبوون بوو لە ئەنجوومەنی نەتەوەکان و قبووڵکردنی عێراق وەک وڵاتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەری. ئەوە گرنگە لە نووسراوی قبووڵکردنی عێراق وەک ئەندام لە ماددەی نۆ باسی کەرکووک و شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، تێیدا باس لەوە دەکات کە عێراق پەیمانی داوە کە زمانی کوردی، وەک زمانێکی فەرمی لە عێراق بناسێنێت و بە فەرمی دان بە زمانەکەدا بنرێت، باس لەوەش کراوە کە نابێت ئەوەی هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی وڵاتان لەسەری ڕێککەوتوون، بێ ڕازیبوونی تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دەستکاری بکرێت.

لەو کاتەوە تا ئێستا و هیچ یاسایەک لە نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەندامانی هەمیشەیی نەتەوەیه‌کگرتووه‌کان دەرنەچووە کە بڵێت کەرکووک ناوچەیەکی کوردستانی نییە، کەواتە یاساکە تا ئەمڕۆش هەر کاری پێدەکرێت و دەبێتە بەڵگەیەکی مێژوویی کە نیشانی بدات کەرکووک کوردستانییە، هەروەها ئەو نوسراوانەش بە فەرمی و نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێت و لای نەتەوە یەکگرتووەکانیش پارێزراوە، کە ئەوە نیشاندەدات کەرکووک لە ڕووی سیاسی و جوگرافییەوه‌ کوردستانییە .

لە خاڵی سێیەمی نووسراوەکەدا، حوسێن بدێوی دەڵێت: " ڕاستییەکان ناشاردرێنەوە و پێویستە ئێستا نیشان بدرێت کە بەڵگەی کوردستانیبوونی کەرکووک لای نەتەوە یەگرتوەکانە و هەموووانیش ئەو ڕاستییە دەزانن. هەموو سەرکردەکانی عێراق لە ڕابردوو و هەروەها ئێستاش، دەزانن مێژووی کەرکووک چۆنە و بە چ بەڵگەیەک کوردستانییە، لە کەرکووک بە درێژایی مێژوو کورد زۆرینەی شارەکەی پێکهێناوە، پێکهاتەکانی دیکەش ئەوە دەزانن کە چۆن هێنراونەتە کەرکووک".

ئەو نموونەیەکیش دەهێنێتەوە و دەلێت؛ لەکاتی سەردانم بۆ هەولێر لەگەڵ گەورە سەرمایەدارێکی عەره‌ب بووم لە هەولێر و ئەویش چەندین ڕاستیی دیکەی بۆ گێرامەوە لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک و گوتی " ئەو ڕاستییانە ناشاردرێنەوە".

ئەو سەرمایەدارە دەڵێت: " کاتی خۆی سەرۆکی پێشووی عێراق، بەخەڵکی شارەکانی دیکەی عێراقی گوت: " هەریەکێک دەیەوێت بچێت لە کەرکووک بژی، پارچە زەوییەکی بە ١٠ هەزار دیناری ئەوکاتی پێدەردرێت و پارچەیەکی دیکەی زەویش بە خۆڕایی پێیدەدرێت، لەوکاتەدا ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە هەموو شارەکانی عێراق ڕوویان لە کەرکووک کرد و لەوێ گیرسانەوە. دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵیش ئەو زەوییەی کە هەمووی هی کورد بوو، بەشێکی زۆری عەرەبەکان بۆ خۆیان داگیرییان کرد و کوردەکانیش ئێستا تەنیا لە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ن و ڕەوشییان لەکەرکووک خراپە".

لە بەشی کۆتاییی نووسراوەکەدا حوسێن بدێوی دەڵێت: " بۆیە ئێستا ئەو بەڵگانە بڵاو دەکەمەوە، چونکە کوردەکان چەندین ساڵە خاکێکیان لێ زەوت کراوە و کەسانێک بوونەتە هاوبەشی ئەو خاکە کە هیچ مافێکی ئەوانی تێدانییە. هەوەها ماوەی ١٠ ساڵە کورد لە چاوەڕوانیی جێبەجێکردن هەندێک ماددەی دەستوورییە، بەڵام هیچ نیەتێکی پاک نابینرێت لە سەرکردەکانی ئێستای عێراق کە داواکانی کورد جێبەجێ بکەن.

سەرکردە عێراقییەکان ئێستا بەرژوەندیی تایبەتیی خۆیان پێباشتره‌ لەوەی کەرکووک بگەڕێننەوە سەر ڕێڕەوی ڕاستی خۆی، کە کوردستانییە ."

بدێوی باس لەوەش دەکات؛ " جێگای داخە کە هەندێک لە عەرەبەکانی کەرکووک لە دوا هەڵبژاردندا خۆیان پاڵاوت تا لە هەڵبژاردندا سەرکەون و ماددەی ١٤٠ هەڵوەشێننەوە، لەکاتێکدا ئەوان هیچ مافێکیان لەو شارەدا نییە ."

" ئێستاش کاتی ئاشکرابوونی ڕاستییەکانە و دەبێت هەموو جیهان ئەوە بزانێت کە کەرکووک کوردستانییە".
حوسێن بدێوی:
پارێزەری نێو دەوڵەتی
ئەندامی کۆمەڵەی دادوەری جیهانی
ئەندامی کۆمەڵەی " Global voıce of the Legal Profession
حوسێن بدێوی لە لەندەن ژیان بەسەر دەبات

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر