Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۰ فروردین ۵, جمعه

جەنگی ئەلكترۆنی .... بەرەیەكی تازەی جەنگی ئیسرائیل دژ بە ئێران

به این زودی عکس گروه اسرائیل کرد بین المللی منتشر میشود

جەنگی ئەلكترۆنی .... بەرەیەكی تازەی جەنگی ئیسرائیل دژ بە ئێران
جەنگی ئەلكترۆنی یاخود ( Cyberwar ) بەرەیەكی تازەی جەنگی مۆدێرنە، هەروەك چۆن لە رابووردوودا، ئاسمان و زەوەی و ئاوەكان و تەنانەت بۆشاییش مەیدانێكی گرنگی جەنگ بوون، ئەوا ئیتر ئەمڕۆ لەسەردەمی شۆڕشی زانیاری و كۆمۆنیكەیشندا، جەنگی ئەلكترۆنی بۆتە بەرەیەكی تازەی كوشتار، بەڵام ئەم بەرە‌ تازەیە وەك جەنگەكانی دیكە زرێپۆش و تانك و رۆكێتی زیرەك و فڕۆكەی تێدا بەكار نایەت و سەرباز و ئەفسەرەكانیشی راستەوخۆ لەنێو كوشتارگاكاندا بەشدارنابن و تەنانەت خوێن لە لوتی كەسیشیان نایەت،ئەم جەنگە تازەیە لەڕێگای پرۆگرامە ئاڵۆزەكانی كۆمپیتەرەوەو لە شوێنە دوورەكانەوە، زۆر دوورتر لە بەرەكانی شەڕ، بە ئارامی و نهێنی ئەنجام دەدرێن...
مەترسی جەنگی ئەلكترۆنی لەوەدایە كە ئەمڕۆ جیهان بەشێوەیەكی یەكجار خێرا ئالۆزو دیجیتالیزە دەكرێت، بەمجۆرەش دەبینین پشبەستن بە بواری ئەلكترۆنی لە ژێرخانە گرنگەكانی زانیاریدا جا ئایا زانیاریە سەربازی و پیشەسازیەكان بن یاخود زانیاریە بانكی و تەكنەلۆژیەكان بن، تا دێت پەرەدەسێنێت، ئەم پەرەسەندنەیە وادەكات لەمڕۆدا ئەنجامدانی شێوە جیاوازەكانی شەڕی دەستەویەخەی ئەلكترۆنی لە نێوان دەوڵەتان و كۆمپانیا زەبەلاحەكاندا لە برەودا بێت.ئەوەتا ئێستا ئیتر زاراوەكانی وەك ( جەنگی ئەلكترۆنی ، تیرۆری ئەلكترۆنی، چەتەگەری ئەلكترۆنی ، تاوانی ئەلكترۆنی، هێرشی ئەلكترۆنی...هتد) بوونەتە هاوەڵزاراوەی تەكنەلۆژیای ئەلكترۆنی...
ئیسرائیل چۆن بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێرانی تێكشاند؟
بۆچی لەپڕێكدا ئەمەریكاو ئیسرائیل ئەوەیان ئاشكراكرد كە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران سێ ساڵ پاشەكشەی كردووە ؟ ئەوان چۆن زانیان ئێران هەتا ساڵی 2015 ش ناتوانێت چەكی ئەتۆم بەرهەم بێنێت؟ تەنانەت سەرۆكی ئیرانیش ئەحمەدی نەژاد چەند مانگێك لەمەوبەر راشكاوانە ئەوەی راگەیاند كە بەڵێ دەوڵەتەكەی دوچاری هەندێك گرفتی تەكنەلۆژی تایبەت بە پیتانی یۆرانیۆم هاتووە!
مەڵبەندی ( د‌یمونا- Dimona) لە بیابانی ( نەگب - Negeb) لە ئیسرائیل تەنها مەڵبەندی بەرهەمهینانی چەكی ئەتۆمی ئیسرائیل نیە، بەڵكو ماوەی دوو ساڵە سەنتەرێكی زۆر گرنگ و نهێنی دیكەشی تێدا دروست كراوە ، ئەم سەنتەرە كە تایبەتە بە كردوەكانی هەوالگری ئەتۆمی بەپێی بەرنامەیەكی وردو زۆر ئاڵوز نەخشەی تێكشاندنی بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێرانی داڕشت...
پاش دۆزینەوەی جۆری ئەو كۆمپیتەرو بەرنامانەی كە لە ئێران بەكاردێن و ناسینەوەو ئاشكراكردنی ئەو شێوازە تەكنەلۆژیەی كە ئێران پەیڕەوی دەكات زاناو پشۆڕەكانی بواری هەواڵگری ئەتۆمی لە مەڵبەندی دەیمونە توانیان پرۆگرامێكی ئەلكترۆنی هێرشبەر لە شێوەی كرمێكدا بە ناوی ستۆكس نێت ( Stuxsnet) دروست بكەن، هەر ئەوەندەی ئەم كرمە خۆی گەیاندە كۆمپیتەرو ئامێرەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم (centrifuges ) توانی بەشێكی زۆری ئەو ئامێرانە بەتەواوی لەكار بخات، دیارە بەرهەمهێنانی ئەم ڤاریرۆسە لە لایەن ئیسرائیلەوە دوو ساڵی رەبەق كاری بۆ كراوەو بەر لەوەی ئاراستە بكرێت لە سەر هەمان جۆری ئەو ئامێرانەی ئێران كە ئیسرائیل پێشتر پەیدای كردبوون، تاقیكراونەتەوە...
بەپێ ی وتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، ئەمەریكا و ئیسرائیل بە هاوبەشی ئەم كارەیان ئەنجامداوە ، هەرچەندە هەتا ئێستا هیچ لایەنێكیان بە راشكاوی ناچنە ژێر باری ئەوە، بەڵام سەرۆكی خانەنشین كراوی مۆساد( مەیرداگان- Meir Dagan) كە ئێران دەزگاكەی بە كوشتنی ژمارەیەكی زۆر لە زانایانی ئێران تۆمەتبار دەكات، لەبەردەم ( كنێست)ی وڵاتەكەیدا راشكاوانە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئێران توشی گرفتی تەكنەلۆژی هاتووەو لەبەر ئەو هۆكارەش هەتا ساڵی 2015 ناتوانێت بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم بێنێت، ئەم وتەیەش تەواو پێچەوانەی لێدوانەكانی پێشووتری ئیسرائیل بوو كە دەیگوت ئێران لە بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی نزیك بۆتەوە...
هەروەها راوێژكاری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆم ( گاری سامۆر) لە وەڵامی پرسیارێكدا ( لە كۆنگرەیەكی تایبەت بە ئێران) سەبارەت بە ستۆكس نێت بە زەردەخەنەیەكی پڕماناوە گوتی( هەست بە كامەرانیەكی زۆر دەكەم كاتێك گوێبیستی ئەوە دەبم كە ئێران دووچاری گرفتی تەكنەلۆژی هاتووە ، ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی هەموو كارێك دەكەن بۆ ئەوەی رێگری لەو كارە بكەن)..
بیرۆكەی دروستكردنی ئەم كرمە:
بەر لەوەی بیر لە دروستكردنی ئەم كرمە بكرێتەوە، ئیسرائیل تەنها بەشوێن چارەسەری سەربازییەوە دەگەڕا، بۆیە پەنای بۆ سەرۆك ( بوش) برد بۆ ئەوەی رۆكێتی دژە پانسەر( دژە زرێ ) بە ئیسرائیل بدات، تا بتوانێت لە هێرشە ئاسمانیەكانی خۆیدا بەكاری بهێنێت، ئیسرائیل ئەو كاتەش لەو باوەڕەدا بوو كە ئەگەر بێتوو هێرشە ئاسمانیەكەش ئەنجام بدات ئەوە رەنگە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران تەنها سێ ساڵ دووابخات، سەرەنجام داواكەشی لە لایەن ( بوش)ەوە رەتكرایەوە... هۆكاری رەتكردنەوەی ئەم داوایەی ئیسرائیل ئەوە نەبوو كە ئەمەریكا ناخوازێت ئێران بە دەستی ئیسرائیل تەمێخواردوو ببێت، بەڵكو هۆكارەكە تەواو پێچەوانەی ئەوە بوو!
لە راستیدا لە سەروبەندی ئەم كارەدا هەروەك رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئاماژەی بۆ دەكات، سەرۆك بوش بۆ یەكەمجارو لە دووا مانگەكانی حوكمی خۆیدا فەرمانی دابوو كە دەبێت پرۆگرامێكی نهێنی بۆ تێكوپێكدانی سیستەمی كۆمپیوتەری و ئەلكترۆنی بۆ مەڵبەندی یۆرانیۆمی ئێران لە ناتانز (Natanz ) داڕیژریت.
سەرۆكی تازەی ئەمەریكا باراك ئۆباما تەنها ماوەیەكی زۆر كەم بەرلە دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك لەم بەرنامە نهێنیەی ئەمەریكا ئاگادار كرایەوە، بەڵام ئەم پاش ئەوەی بوو بە سەرۆك كارەكانی ئەم بەرنامەیەی خێراتركرد. بەڵام ئەوەی لێرەدا شایەنی باسە ئەوەیە كە لەهەمان ماوەدا ئیسرائیل خۆشی بە تەنها سەرقاڵی هەمان بەرنامە بووە ، دیارە ئەمەش رێكەوتێكی سەیرە! چونكە باراك ئۆباماش لەو باوەڕەدایە كە ئەگەرهێرشی ئاسمانی سەركەوتوش بكرێتە سەر ئێران ئەوە پرۆگرامە ئەتۆمیەكەی تەنها سێ ساڵ پاش دەكەوێت بەڵام بەهۆی ئەم كرمەوە و بەبێ ئەوەی پەنا بۆ جەنگ ببرێت و تاقە یەك سەرباز بە كوشت بدرێت هەمان دەستكەوت بەدەستهاتووە...
ئەكینۆكۆكاس:‌
ئەم كرمە ئەلكترۆنیەی ئیسرائیل لە رووی تەكنیكیەوە زۆر لێكۆلینەوەی لەبارەوە كراوە، هەموو دەرئەنجامەكان ئەوە دەردەخەن كە كرمەكە سەرەتا تەنها هەوڵ دەدات لە نێو پرۆگرامە ئەتۆمیەكەدا شوێنی خۆی بكاتەوەو خۆی بكات بە بەشێك لەو، پاشان هەر ئەوەندەی گەیشتە شوێنی كۆنترۆڵی پیتانی یۆرانێۆم ئیتر وردە وردە كاری خۆی دەكات، لەوەش زیاترهەتا لە ئامانجەكەی نزیك بێتەوە كاری خۆی خێراتر دەكات و پاشان هەرخۆی بەرنامەی دیكە لە نێو كۆنترۆڵەكەدا دروست دەكات و بە تەواوی دەست بەسەر سیستەمەكەدا دەگرێت بەبێ ئەوەی لە ماوەیەكی نزێكدا هیچ كەس هەست بە بوونی بكات، هەر لەبەر ئەم هۆكارەش بوو دەیان هەزار ئامێری ئەو مەڵبەندەی ئێران زیانیان وێكەوت. پشكنەرە نێودەوڵەتیەكان لە دووا سەردانی خۆیاندا بۆ دامەزراوە ئەتۆمیەكانی ئێران دڵنیا بوون لەوەی كە ئێران 984ئامێری پیتاندنی یۆرانیۆمی فڕەداوە...
پێدەچێت ئیسرائیل ئەم كرمە ئەلكترۆنیەی خۆی هاوشێوەی كرمی (Echinococcus ) دروست كربێت، لە یادم ماوە لە یەكێك لە قۆناغەكانی خوێندنی ئامادەیدا ئەم كرمەم لە وانەی زیندەوەرزانیدا خوێند و زۆر ترساندمی چونكە زۆر بە شێنەیی دەگاتە مێشكی مرۆڤ و هەر كە گەیشتە ئەویش ئیتر مێشكی ئەو مرۆڤە هاوشێوەی مەڵبەندی پیتاندنی یۆرانیۆم كۆنترۆڵی خۆی لەدەست دەدات، تەنها یەك جیاوازی گرنگ لە نێوان ئەم دوو كرمەدا هەیە ئەویش ئەوەیە ئەگەر دكتۆرەكان لە كاتی خۆیدا هەست بە بوونی بكەن رەنگە بتوانن ئەو مرۆڤە لە مردن رزگاربكەن، بەڵام كرمەكەی دی دیجیتاڵەو دۆزینەوەی زۆر قورسترە!
ئا: رێكەوت ئیسماعیل ئیبراهیم
سەرچاوە: گۆڤاری ئیسرائیل-كورد-20

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر