Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ شهریور ۱, چهارشنبه

رێككەوتنەكەی كۆمەڵە و دیمۆكرات بۆچی كەوتە ئێستە؟


رێككەوتنەكەی كۆمەڵە و دیمۆكرات بۆچی كەوتە ئێستە؟

هاوار بازیان
یەكدەنگی و رێككەوتنی هەموو هێزێكی كوردی لە پێناو یەكلابوونەوەی كێشەكان و دواجار بۆ پرسی كورد بەباش دەزانم و لەمێژە هەموو ئەوانەم پێ نەیارن كە دژی یەكبوونی كوردان دەوەستن، بەڵام یەكەم رێككەوتنی رەسمیی نێوان كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كە دوێنێ سێشەم لەسەر ئاستی سكرتارییەتی هەردوو حزب ئیمزای بۆ كرا، لە ئێستەدا مایەی رامانە، بەتایبەت كە حدكا و حزبی دیموكراتی كوردستان بەرامبەر یەكتری باس لە نیازەكانیان بۆ “شكاندنی بەستەڵەك” و “لێك نێزیكبوونەوە” دەكەن.


هەروەك لە راگەیەنراوی هاوبەشی دیموكرات و كۆمەڵەدا هاتووە كە بەگشتی 9 خاڵی سەرەكی و لاوەكی لەخۆ دەگرێ و لایەنی زۆر باشی هەیە و دووریش نییە لە رەخنە و كەموكوڕی، یەكەم رێككەوتنی نێوان ئەو 2 هێزە كوردییەی رۆژهەڵاتە كە مێژوویان بۆ دەیان ساڵ دەگەڕێتەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە كاریگەریی ئەو رێككەوتنە بۆ سەر پرسی رێككەوتنەكانی تری نێوان كۆمەڵەكان و دیموكراتەكان چی دەبێ كە لێرەدا زیاتر پرسی دیموكراتەكان تۆخ دەكەینەوە.
پاش زنجیرە دابڕانەكانی ناو هەریەك لە كۆمەڵە و دیموكرات كە تا ئێستەش وەك 2 هێزی سەرەكیی رۆژهەڵاتی كوردستان دەنوێنن، لایەنی ماوە یان “دایك” لەناو هەردوو حزبدا خۆیان بەبڕیاردەر لەسەر لایەنی رۆیشتوو زانیوە و یەكلایەنە ئەو مافەیان بەخۆیان داوە كە چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ پرسەكان و لەوانەش هاوكاریی لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوویاندا بكەن، بۆیە تا ئێستەش ئەو هەستە زیاتر كۆنترۆڵی ئەقڵی سیاسییان دەكا. كۆمەڵە و دیموكراتی “دایك” كە بەسەدان جۆر باسیان لە گرینگیی “بایكۆت” و “پەراوێزخستن”ی هاوسەنگەرانی پێشوویان بۆ ئەندامان و لایەنگرانیان كردووە ئێستە بەبارگرانی دەزانن حاشای لێ بكەن، بەڵام رای گشتی چاوەڕێی یەكبوون لە هەردوو حزب دەكا و ئەو پێشهاتە لە دۆخێكی نەخوازراو و هەستیاری خستوون.
ئەگینا لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا كە لەبارەی رێككەوتنی هاوبەش و بەرەی كوردستانییەوە بۆ رۆژهەڵات پرسیار لە رێبەرانی كۆمەڵە و دیموكرات دەكرا، تەنانەت وەڵامی سكرتێرەكانیش هەر ئەوە بوو كە لایەنی دیموكرات/یان كۆمەڵە لەمپەرن تا بەرە و رێككەوتن بێتە ئاراوە، بۆیە ئاسایییە ئێستە بپرسین كە بۆچی لە بەرەبەری لێك نێزیكبوونەوەی حدكا و حدك چی بوو كە هەردوو سەری كێشەكەی پەرتەوازەییی كوردی رۆژهەڵات وا سووك و ئاسان دەستیان لە مل كرد.
لێرەدایە كە دەكرێ 4 گومانی سەرەكی بكەین و بڵێین:
1. كۆمەڵە و دیموكرات لە رێگەی ئەو رێككەوتنەوە خۆیان لە چاوەڕوانییەكانی جەماوەر بدزنەوە و لەو رێگەوە ئەو پەیامە بدەن كە ئێمە بەدوای رێككەوتنی گەورەترداین و زۆر گرینگ نییە خەڵك بۆ لێك نێزیكبووونەوەمان لەگەڵ لایەنەكانی ترەوە پاڵەپەستۆمان بخەنەسەر.
2. دیموكرات و كۆمەڵە بەو رێككەوتنە بەنیازن “برا گەورەیی”ی خۆیان لە رۆژژهەڵات دووپات بكەنەوە و بەهێزەكانی تری كوردی لەو پارچەیە بڵێن كە ئێمە رووگەی رووداوەكانین و لە رێگەی ئێمەوە یەكدەنگی دورست دەبێ.
3. بەپێی كارتێكەریی حزبەكانی باشووری كوردستان لەناو كۆمەڵە و دیموكرات، هەروەها پێوەندیی هەردوو هێزی سەرەكیی پارتی دیموكرات و یەكێتیی نیشتمانی لەگەڵ ئێران كە لە ئێستەدا دۆخی نێوان پارتی و ئێران خراپە و ئێران پەنای بۆ نەیارانی پارتی لەوانە بزووتنەوەی گۆڕان بردووە، شیمانە دەكرێ پارتی دیموكرات وەك لایەنێك كە زیاتر كارتی نەتەوەیی بەكار دەبات لە نێزیكبوونەوەی كۆمەڵە و دیموكراتدا رۆڵی سەرەكی هەبووبێ و بەوشێوەیە كۆماری ئیسلامی لە تواناكانی خۆی باشتر ئاگەدار بكاتەوە.
4. كۆمەڵە و دیموكرات بەنیازن وەك ئۆپۆزسیۆنی كوردی لە دەرەوە قسە بكەن و هەموو ئەو بۆشایییە سیاسییەی چەند ساڵی رابردووی نەبوونی دەنگی كوردی رۆژهەڵات لە دنیای دەرەوە بە یەكەوە پڕ بكەنەوە تا لەو رێگەوە وەك یەكەم سەرچاوەی ئۆپۆزسیۆنی كوردی رۆژهەڵات ئەژمار بكرێن.
بەو پێیە، حزبی دیموكراتی كوردستان كە ماوەیەكی دوور و درێژە كار بۆ لێك نێزیكبوونەوە لە حدكا دەكا و لەو پێناوەدا تووشی چەندان سەرئێشەی سیاسی بووە، ئێستە رێگەكەی ئەستەمتریش دەبێ و پێویستە بەباشی درك بەو راستییە بكا، چونكە رەنگە حدكا زیاتر چاوەڕێێ توانەی حدك لەناو خۆیدا بێ نەك لێك نێزیبكبوونەوە و هاوكاری. هەروەك چۆن كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێرانیش هەر بەدوای ویستێكی لەوشێوەدایە تا بەهەڵگرتنی بازنەیەكی گەورە و دەگمەنی وەك رێككەوتنی هاوبەشی لەگەڵ حدكا، بازنەكانی تری وەك كۆكردنەوەی كۆمەڵەكان و چارەسەركردنی كێشەكان حەشار بدا.

سەرچاوە خۆرنیوز
http://xornews.net/archives/12303
////////////////////////////

بە شێکی زۆر لە دارستانەکانی رۆژهەڵات سووتێندران

خۆرنیوز- بەشێکی بەرچاو لە دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی مەریوان ئاگر دراون و تا ئێستاش ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە.
سەرچاوەیەک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە خۆرنیوزی راگەیاند: لە ناوچە دەرەوەران ئاگر بەشێکی زۆری دارستانەکانی ئەم ناوچەیەی سووتاند کە نزیکەی 15 هیکتار دەبێ.
سەرچاوەکە وتیشی: ئەندامانی ئەنجوومەنی سەوزی چیا زۆر بە جیددی لە هەوڵی ئەوە دان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی خەساری گەورەتری لێ نەکەوێتەوە.
ئەم سەرچاوەیە بۆ خۆرنیوز زیاتر دواو و گوتی: بەشێکی زۆری دارستانەکانی مەریوان و سەوڵ‌ئاوا ئاگریان گرتووە و لە ئاکامدا نزیکەی 20 هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی ناوچەکە بە تەواوی سووتاوە و تا ئیستا روون نەبۆتەوە چ کەسانێک ئاگریان لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە بەر داوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر