Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ اسفند ۲۶, شنبه

ئایا بە ڕاستی پێویستە ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی سیپاڵی کوردی هەبێت؟


ئایا بە ڕاستی پێویستە ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی سیپاڵی کوردی هەبێت؟
ئاریتما موحەممەدی

لەم ڕۆژانە گوێبیستی ئەوە بوم کە گوایە لە باشووری کوردستان ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی جلوبەرگی کوردی دانراوە، پێم باش بو، چونکە پێم وابو کە لە بەر خۆشەویستی بۆ کەلتور و کەلەپوری کوردی ئەو ڕۆژەیان ناو ناوە ڕۆژی جلوبەرگی کوردی.
 بەڵام کاتێک لە بابەتەکە ورد بومەوە، دەرکم بەوە کرد کە ئەو ڕۆژە بۆ ئەوە دانراوە کە تەنیا لەو ڕۆژەدا جلوبەرگی کوردی لە بەر بکەن، ئیتر پاش ئەو ڕۆژە لە بیریان دەچێت و فڕەی دەدەن.
ئەمە پرسێکی گرینگ و هەستیارە بۆ ئێمە وەک نەتەوەی کورد، بۆ نەتەوەیەکی بندەست و ژێر چەپۆکەی داگیرکەرانی، جلوبەرگ و زمان، پێناسەی بونی و نەبونێتی، ئەوەی کە ئەمڕۆ ئێمەی وەک نەتەوەی کورد هێشتووەتەوە، ئەو کولتور، جلوبەرگ، زمان و کەلەپورە دەوڵەمەندە ڕەسەنەیە نەک ئەو مۆدێلاتەی کە باشوری کوردستانی داگیر کردووە و بووەتە مۆڵگەی زمان، موسیک و گۆرانی و کولتور و کەلەپوری بێگانە و داگیرکەر. چی شتێک نەتەوەی کورد لە داگیرکەرانی جیا دەکاتەوە؟ بێگومان ئەو جیاوازییانەی وەک زمان، جلوبەرگ و کولتور و کەلەپورە، کە ڕێگەی لە ئاسمیلە بونی کورد گرتووە.
گرینگی فەرهەنگ بۆ کورد:
فەرهەنگ و زمان و جلوبەرگ هەر کام لەمانە بە تەنیا نەتەوەیەک ساز دەکات و پێش لە ئاسیمیلە بونی دەگرێت و دەبێتە هۆی گەشەی کولتوری ئەو نەتەوەیە، بەڵام ئاخۆ کاتێک لە وڵاتێکدا خەڵکەکەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بۆ ڕاگرتنی ئەو ڕەسەنایەتییە سەدان هەزار شەهیدی بۆ داوە و ڕۆڵەی لە پێناودا فیدا کردووە، بۆ ئەمڕۆ بەو شێوەیە هەڵسوکەوتی لە گەڵ دەکات!
فەرهەنگ و زمانی و جڵوبەرگی کوردی بەرهەمی ژیان و ژیانەوەی دەیان هەزار ساڵەی نەتەوەی کوردە، نابێت بەو شێوەیە لە خۆمانی دوور بکەینەوە، ئیمە کاتێک دەڵێین دەوڵەتی کوردی و مافی نەتەوایەتیمان دەوێت بۆ ئەوەیە کە دۆخی کولتوری و ئابوری و گەشەی فەرهەنگی خۆمان برەو پێبدەین و پێشی بخەین، بۆ ئەوە نییە کە لاوازی بکەین و دواتر لە بەر چاومان ون بێت.
ئەوەی کە ئەمڕۆ نەتەوەکانی جیهان شانازی پێوە دەکەن و بە خۆیاندا دەباڵن ئەو ڕابردوو و "تمدن" و شەهرستانییەتەیە کە لە مێژودا هەیانبووە و ئەومڕۆ وەک چەکی کوشندە دژ بە ناسیۆنالیزمی پاکی نەتەوە بندەستەکان بەکاری دێنن، لە ئێرانی ئەمڕۆ دا فارسەکان پێیان وایە کە دەبێت ئێمەی کوردو نەتەوە بندەستەکانی دیکە بە ئەوە شانازی بکەین کە لە ژێر چەتری کولتوری و "تمدن" و "شەهرستانییەتی" ئەوانداین و لەو کولتور و ڕەسەنایەتییەی ئەوان بێبەش نەبوینە. لە تورکیەش هەو بەو شێوەیە! بۆ هەمو لایەک ڕونە کە مێژوی، ئەو مێژووە خەیاڵییە کە بۆ فارس دروست کراوە ناگاتە دووسەد ساڵ، سیستمی سیاسی تورکیش بە شێوەیەکی ڕەگەز پەرەستانە پرۆگرامەکانی پەروەردە دادەڕێژێت و بە هەمو شێوەیەک نکۆلی لە بونی کورد وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە تورکیە دەکات.
 لە یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە دا هاتووە، کە تورک پێشکەوتوترین مرۆڤ و کولتور و زمانی هەیە و دەبێت هەمو تورکێک شانازی بەوە بکات کە بە "تورک" لە دایک بووە! ئەگەر کەسێکی شارەزا لە زمان و موسیک و کولتور، لێکۆڵینەوە لە ناسنامەی تورک بکات بۆی دەردەکەوێت کە ناسنامەکەیان ساختەیە و ناسنامەی نەتەوەی کورد و ئەرمەنیان دزیوەو بە تورکیان کردووە. هەروەها موسیکی تورکی لەبنەڕەتدا کوردیە بەڵام ئەوەیشیان کردووەتە تورکی. زۆربەی وشەکانی ناو زمانی تورکی ئەستانبۆلی پێکهاتووە لە کوردی و عەرەبی و ئاسوری و ئەرمەنی.
زمانی فارسیش هەر بەو شێوەیە، دوکتور "عەلی ئەشرەف دەرویشیان" کە کوردێکی کرماشانییە تێزی دوکتوراکەی لە سەر ئەوە بووە کە وشە کوردییەکانی ناو شاهنامەی فارسی جیا بکاتەوە، لە پاش جیا کردنەوەی وشەکان دەرکەوت کە پەنجا لە سەدی ئەو وشانە کە شاهنامەیان پێکهێناوە کوردیین. دیارە شاهنامە هەر هەموی فردەوسی نەینوسیوە، لە ڕەوڕەوەی ئەو مێژووە ساختەیەدا دەستکاری کراوە و پێوە لکاندویانە. زمانی فارسی، ئەگەر وشە کوردی و عەرەبییەکانی لێ جیا بکەیتەوە وەک ماڵێکی چۆڵ و ڕۆخاو دێتە بەرچاو، کەچی پانفارسەکان دەڵێن زمانی پارسی گەورەترین بەشی فەرهەنگی ئێرانە!
لێرەدا مەبەست بێڕێزی بەو نەتەوانە نییە، یان خود بەو شێوە بێت کە نەتەوەی کورد لەوان مەزنترە و گەورەترە، دیارە زمان و کولتوری کورد وەک خواردنێکی بێ پاسەوانی لێهاتووە و ئەو نەتەوانەش لێیان خواردووە و خۆیان پێ گەورە کردووەتەوە.
تەنیا مەبەستم ئەوەیە کە هەمو نەتەوەکانی جیهان کولتور و زمان و ڕەسەنایەتی بۆ خۆیان ساز دەکەن، بۆ کورد ئەوەی کە هەیەتی نەیپارێزێت؟
من وەک خۆم هیچ چاوەڕوانییەکم لە دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان نییە، بەتاییبەت لەو بوارە کە زمان و فەرهەنگی کوردی پەرە پێبدەن، چونکو پێم وایە ئەوانیش لە هەلومەرجی سیاسی و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکەو دۆخەکەی ناڕازین، بەڵام ئەو داوایەم هەیە کە بیپارێزن و نەهێڵن کە لاواز بێت و کولتوری بێگانە بە سەری دا زاڵ بێت. ئەو داوایەش هەم قورس نییە و هەم ڕەوایە.
مێژوی جلوبەرگ:
جلوبەرگ بەرهەمی عەقڵ و بیرکردنەوەی مرۆڤ لە ڕابردوودا بووە و بە قەد پانی و بەرینی گۆی زەوی مەزنە، مێژوی جلوبەرگ بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە کە مرۆڤ وریا بووەتەوە و خۆی لە حەیوان جیا کردووەتەوە، وە هەروەها جۆری جلوبەرگ و شێوازی لە بەرکردنی پێوەندی بە ڕەوتی ژیانی مرۆڤەکان و کۆمەڵگا جیاوازەکان لە مێژودا هەبووە، هەر کۆمەڵە خەلکێک کە پێکەوە ژیانیان کردووە و حەواونەتەوە بۆ خۆیان شێوازە جلوبەرگێکیان هەڵبژاردووە، کە لە گەڵ دۆخی ناوچەکەیان سازگار بووە، زۆربەی نەتەوەکانی جیهان بە جلوبەرگیان دەناسرێنەوە، کەواتا بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی مرۆڤەکان و بەستراوەتەوە بە دابونەریت و کولتوری مرۆڤەکان، خۆ دزینەوە لە شێوەی سیپاڵ لەبەرکردن و جۆری جلوبەرگەکان خۆدزینەوەیە لە مێژو و ڕابردووی خۆت و گەلەکەت.
کاریگەری فەرهەنگ لە سەر نەتەوەکان:
فەرهەنگ بە بیر و ڕوانگەی گشتی هەر نەتەوەیەک پێناسە دەکرێت کە ڕو بە دوونیای دەروەی خۆی هەیەتی و لە ژێر کاریگەری ئەو ڕوانگانەدا دەجوڵێتەوە. ئەوەش بەو واتایە دێت کە ئەو نەتەوە گرینگی وباییخ بە ژیانی کولتورەکان دەدەن و مرۆڤ مەزن و باییخدارە لایان.
ئەوەش ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە هەر نەتەوە و میللەتێک  بیر و ڕوانگەیان جیاوازە، هەر کام لەوان ڕایەڵەی دوور لە یەکیان هەیە و لە پێکهێنانی هەر کۆمەڵگا و وڵاتێکدا ئەو ڕوانگە و ڕایەڵانە کاریگەریان هەیە و دەوری گرینگ و مەزن دەگێڕن.
پەرەپێدانی کولتور و زمان و جلوبەرگ هەر ئەوەندە باییخ و گرینگی هەیە کە مرۆڤەکان هەوڵیان بۆی داوە، کولتور و زمان و جلوبەرگی هەر نەتەوە و میللەتێک کاریگەری بەسەر هەمو ڕوانگە و کار و خەبات و تێکۆشانی ئەو کۆمەڵگایە لە بوارە جیاوازەکانی ئابوری، ئاوەدان کردنەوە و زانست، پێشەسازی و بەرخۆدانی مەزن و... هتد هەیە. ئەوەش مرۆڤەکانی هەر کۆمەڵێک پێکەوە گرێ دەدات و بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە، هەر کام لەو بەشانەی کولتور کە لە سەرەوە باسم کرد بۆ خۆیان ئاوێنەی ئەو نەتەوەنە کە خۆیانی تێدا دەبینن و نەتەوەکانی دەرەوەی ئەوان، بەو ئاوێنە دەیانناسنەوە.
بۆ نمونە کاتێک کەسێک دێتە لامان و نایناسین، پێش هەمو شتێک چاو لە جلوبەرگەکەی دەکەین، ئەو کات بڕیار دەدەین کە ئایا ئەو کەسە خۆماڵییە یان دەرەکییە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر کەس بە جلوبەرگی فەرمی وڵات بێتە لات، دەڵەیت کە ئەو کەسە فارسە و کورد نییە. کاریگەری جلوبەرگ ئەوەندە مەزنە و ڕونە.
 کاریگەری گلۆبالیزم و فاشیسم لە سەر کولتوری نەتەوە بندەستەکان:
 بۆ من وەک کورد کە نەتەوەیەکی بندەستم و بە هەمو شێوەیەک هەوڵ بۆ شاردنەوەی زمان و ناسنامەم دەدرێت و دەمچەوسێننەوە، ئەگەر بە جلوبەرگ و سیپاڵ نەڵێم من هەم، ئەی بە چی بڵێم و چۆن خۆم بە خەڵک و نەتەوەکانی دیکە بناسێنم. زۆر کەس و لایەن لەوانەیە پێیان وابێت کە ئیتر سەردەمی بەجیهانیبونە و کولتوری نەتەوەکان ئیتر نافەوتێت ولەبەین ناچێت، بەڵام من پێم وایە کە لەم ڕۆژەگارە دا کە کولتوری جیهانی زاڵە بە سەر وڵاتانی جیهانی سێوەم، پتر مەترسی لە سەر فەوتانی کولتوری نەتەوە بندەستەکان دەکرێت.
 هەنوکە تەنیا نەتەوەی باڵادەست هەوڵ بۆ شۆردنەوەی شەوناسی نەتەوەیی نەتەوەکان نادات، بەڵکە فەرهەنگی بەجیهانیبون کە پێکهاتووە لە فەرهەنگی ڕۆژئاوا، ئەوەش کاریگەری نەرێنی لە سەر کەلتورەکان هەیە و سرنجی وڵاتانی جیهانی سێوەم بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. باشوری کوردستانیش یەکێ لەو کۆمەڵگانەیە کە کولتوری داگیرکەر و ڕۆژئاواش هەموان پێکەوە هێرشیان کردووەتە سەری و کۆمەڵگاش باوەشی بۆی کردووەتەوە. وەک باس دەکرێت ئەگەر ئیستا جلوبەرگی کوردی لە بەر بکەیت بە کەسێکی جیاواز پێناسە دەکرەیت!
کاتێک گلۆبالیزم، واتا کولتوی بەجیهانیبون و فاشیسم واتا کولتوری ناوچەیی و داگیرکەر و ڕۆخێنەر و تێکدەر دەستی یەکدەگرن، پتر ناسنامە و فەرهەنگ و زمانی نەتەوە ژێردەستەکان دەتوێتەوە، لێرەدا نەبونی هوشیاری سیاسی و ڕۆشەنبیری نەتەوەیی هۆکاری بنەڕەتییە کە بونی نییە هەتا لە تواندنەوەی ئەو کولتورانە پێشگیری بکات.
کۆتای و ئەنجامی وتار:
لە کۆتایی ئەم وتارەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم، کە ئەو نەتەوانەی کولتور و ناسنامەی فەرهەنگیان نەبووە، کۆپیکەرێکی باش بونە، توانیویانە لە فەرهەنگی نەتەوەکانی دیکە ئاوێنەیەکی نوێ بۆ خۆیان ساز بکەن و بە ناسنامەی خۆیان بیناسێنن، بەشێکیتر لە نەتەوە داگیرکەرەکان ناسنامەی نەتەوە ژێر دەستەکانی خۆیان داماڵیوە و وەک کولتوری خۆیان ناساندوویانە.
جلوبەرگ ئەو بەشە گرینگەی ناوکولتوری نەتەوەی کوردە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک لە بیر بکرێت و گرینگی پێنەدرێت. شکڵ و شێوەی جلوبەرگی کوردی هەمان جیهانبینی نەتەوەی کوردە کە لە ڕابردوو هەیبووە و بووەتە ئاوێنە نیگای بۆ داهاتو و ناساندنی کولتورەکەی.
تاکە ڕێگا چارە بۆ دەربازبونی باشوور لەو قەیرانە سیاسی و کولتوری و تەنبەڵییەی خەڵک ئەوەیە کە گرینگی بە بواری پەروەردە و خوێندن بدرێت و هزری نیشتیمانی لە ئاستێکی بەرزدا لە ناو وانەکان جێگیر بکرێت و هەوڵ بۆ ئەوە بدرێت کە ئاستی ڕۆشەنبیری خەڵک بچتە سەرەوە.
هەروەها لە هەمو گرینگترین ئەوەیە کە دەبێت حوکوومەت بەو ئەنجامە بگات کە وڵاتەکە ببێتە وڵاتی بەرهەمهێنەر، لە شکڵ و شێوەی کولتورەکەی داهێنان و بەرهەمهێنان بکات. یان کۆمپانی و کارگەی مەزن بانگهێشت بکاتە ناو خاکەکەی و لە ژێر کاریگەری کولتوری کوردا بەرهەمهێنان بکات. بەو شێوەیە هەم پارێزگاری لە کولتور و ناسنامەی فەرهەنگی خۆی دەکات، وە هەم دەبێتە وڵاتێکی بەرهەمهێنەر و ناسنامەی خۆی بە نەتەوەکانی دیکە دەناسێنێت. ئەوە ئاسانترین ڕێگایە بۆ کونترۆڵ کردنی زیادەڕەوییەکانی کۆمەڵگا.
 کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان بەو سیستمە دەچنە پێشەوە، هەر وەک ئاگادارن هەموان دەزان جلوبەرگی هیندی و گۆرانی و فلیمی هیندی چۆنە و چییە؟ یان خواردنی تایلەندی و دابونەریتی ئەوێ چۆنە؟ یان جلوبەرگی یابان و خواردن و هونەری پیشەسازییان چییە؟ یان خواردنی چینی و چۆنییەتی ڕاکێشانی سرنجی کارگە مەزنەکانی جهیان بۆ ئەوێ کامەیە؟
وڵاتی کوردستان، بەتایبەت ئەم بەشەی باشوور کە ئیستا بە بەشێک لە مافەکانی گەیشتوە، خاکێکی بە پیت و بەرەکەتی هەیە، لە ژێرەوە گۆمی نەوت و گازە، لە سەرەوە بۆ کشت و کاڵی و باخداری و بەرهەمهێنان لەبار و گونجاوە.
لە وڵاتێکی بەو شێوە نابێت لاسای کردنەوە هەبێت، بەلکو دەبێت کولتور و ناسنامەکەی لە ڕێگای جۆراوجۆر بگوازێتەوە بۆ ناو وڵاتانی دیکە، جلوبەرگی کوردی بەشێکە لە کولتوری دەیان هەزار ساڵەی کورد، شایانی ئەوە نییە کە لە بیر بکرێت. جلو بەرگی کوردی وەک جلوبەرگی هندێک نەتەوە نییە کە ناشیرین بێت تا هەوڵ بۆ پەراوێز خستنی بدرێت، ئەو هەنگاوە، بۆ پەراوێز خستنی جلوبەرگ کوردی مەترسیدارە، لە بەر ئەوە کورد تاکو ئیستاش نەتەوەیەکی ژێر دەستەیە.
وڵاتانی، پاکیستان، هیند، ئەفغانستان، وڵاتە عەرەبییەکان، بەشێکی زۆر لە وڵاتەکانی ئەفریقا، بەنگلادیش، بەشێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، دەیان وڵاتی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە سەدان ساڵە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان هەیە و ئیستاش پەرە بە کولتور و جلوبەرگی خۆیان دەدەن و لە بیریان نەکردووە. بەدەر لەوە کە جلوبەرگی کوردی بەشێک لە ناسنامەی نەتەوەیی ئێمەیە، جلوبەرگی کوردی سەر و سیمایەکی جوان و ڕازاوە بە کچ و کوڕی کورد دەبەخشێت، خۆشتیپ و خۆش هەیکەڵ ڕایدەگرێت، باشە ئەگەر جلوبەگی ئێمە وەک جلوبەرگی ئەفغانی و پاکستانی و هیندی بوایە چیمان بکردایە؟ ئایا دەبو لە بیری بکەین؟
دیارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تاییبەت لە شارەکانی سنە و کرماشان ئەو کێشەیە هەیە، بەڵام ڕوی بابەتەکەم لەم بەشەی باشوری کوردستانە،  چونکە لێرە دەسەڵاتێکی کوردی بونی هەیە و بۆ ئەوە دامەزراوە کە کورد وەک نەتەوە، کولتور و زمان و جلوبەرگەکەی نەفەوتێت و بگرە پەرەشی پێبدات.
بە هیوای ئەوە کە چ لە باشور و چ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تاییبەت شارەکانی سنە و کرماشان، جلوبەرگی کوردی وەک بەشێک لە ناسمانەی کوردی و نەتەوەیی چاو لێبکەن و باییخ و گرینگی پێبدەن و بیپارێزن.
لەم وتارە دا بێڕێزی بە هیچ کەس و لایەنێک نەکراوە، تەنیا مەبەست ئەو قەیرانەیە کە ڕوی لە کولتور و ناسنامەی کورد کردووە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر