Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۲ فروردین ۱۱, یکشنبه

بەیاننامەی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵیادی لە سێدارەدانی پێشەوای کورد!



بەیاننامەی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵیادی لە سێدارەدانی پێشەوای کورد!
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان!
٦٦ ساڵ لەمەوبەر کۆماری کوردستان لە سەر دەستی پێشەوا قازی موحەممەد و لە سەر بنەمای کۆمەڵەی ژ.ک. دامەزرا.
پێشەوا قازی موحەممەد لە ساڵی ١٢٨٩ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایک دەبێت، لە ساڵی ١٣٢٣ پێوەندی 
بە ڕێکخراوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد ژ.ک. دەگرێت.


پێشەوا قازی مەحەممەد کەسێکی خوێندەوار و ڕۆناکبیر بووە و بە سەر چەندین زماندا زاڵ بووە و لە ناو کۆمەڵگەی ئەو کاتی کوردستان پێگە و جێپێی تاییبەتی هەبووە و لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە ڕێزی لێنراوە، هەروەها وەک کەسێکی نەتەوەیی و مافخواز و لە بەر نەتەوەیی بونی ئەو ڕێکخراوەیە دەبێتە ئەندامی چالاکی کۆمەڵەی ژ.ک.
ئەندام بون لە کۆمەڵەی ژ.ک. دەبێتە سەرەتایەک بۆ ئەوە کە پێشەوا قازی مەحەممەد بێتە ناو گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو کاتی کوردستان و ناوچەکە، هاوکات لە بەر ڕوناکبیری ناوبراو و هەڵسوکەوتی پێشکەوتوخوازانەی زۆر زوو لە لایەن خەڵکەوە متمانەی پێدەرێت و خەڵک وەک کەسایەتییەکی نیشتیمانی و کۆمەڵایەتی و سیاسی دەیناسن، هەر بۆیە لە ماوەیەکی کورتدا  پلە سیاسییەکان دەبڕێت و وەک نوێنەری کورد دەناسرێت.
ئیتر هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە پرسی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد بوروژێنێت، هەر بۆیە لە گەڵ نەتەوەی هاوسێی واتا ئازارییەکان پێوەندی دروست دەکات و لە هەمو بوارەکاندا هەوڵ دەدات کە لە گەڵ ئەو نەتەوەیەدا لە پێوەندی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا بێت.
ڕوانگەی پێشکەوتوخوازانەی پێشەوا ئاوا دەبێت، کە پێی وابووە، کە دژوارە کورد بە تەنیا لە دژی حکوومەتی ناوەندی بوەستێتەوەو داوای مافەکانی بکات، هاوکات پێشی وابووە کە نابێت کورد دەستبەرداری مافەکانی بێت، دەبێت کورد لە هەمو بوارێکدا دریژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی بدات و لەو پێوەندییدا هەنگاوی مەزن هەڵێنێتەوە.
ئێمە لە پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پاش ٦٦ ساڵ لە ساڵڕۆژی شەهید کرانی پێشەوا و سەیفی قازی و هەواڵەکانی لە گەڵ ئەو شەهیدانە پەیمان نوێ دەکەینەوە کە ڕێگەیان درێژەی دەبێت و بەرخۆدانی ئێمە بەردەوام دەبێت تا کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ دروست دەبێت و ئاواتی پێشەوای کورد بەدی دێت.
هاوکات داوا لە پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و پارچەکانی دیکەی کوردستان دەکەین کە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە بکەینە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە هەمو پارچەکانی کوردستان.
لە بەر ئەوە کۆماری کوردستان بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەمو بەشەکانی کوردستان بووە و قازی موحەممەدیش پێشەوای هەمو کورد بووە.
بۆیە ئەوە ئەرکە لە سەر شانی هەمو لایەک کە بە ئەرکی خۆی هەستێت و لە بەرامبەر ئەو داوا کراوەیەدا ڕۆڵی خۆی ببینێت.
پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٠ی خاکەلێوە بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دەناسێت و داوا لە هەمو لایەک دەکات کە ئەو ڕۆژه وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دیاری بکات.
لە ساڵ ڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەو، ڕیسوایی بۆ داگیرکەران و فاشیستەکان دەمێنێتەوە و خەباتی نەتەوەی کوردیش بڵێسە دەسێنێت و پتر پێداگیری لە سەر خەباتی مافخوازانەی خۆی دەکاتەوە.
کۆماری کوردستان لە مێژوی نەتەوەی کورد بە خاڵێکی وەرچەرخان پێناسە دەکرێت کە هیوا و ئاواتی نەتەوەی کوردی بۆ ماوەیەکی دیاری کراو بەدیهێناوە و بۆ یەکەمین جار لە بەشێکی کوردستان دەوڵەتی کوردی پێکهاتووە.
ئەوەش کاریگەری لە سەر دەرونی مرۆڤی کورد و ئاسۆی ڕونی خەباتەکەمان داناوە بۆ ئەوە کە خەبات بەردەوام بێت تا بە کۆماری کوردستان دەگەینەوە.
بەرز و پیرۆز بێت یادی شەهیدانی کوردستان.
١٠ی خاکەلێوەی ٢٧١٣ی کوردی
دەستەی کارگێری پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر