Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۲ فروردین ۲, جمعه

ئایا بە دوور خستنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان پرسی کورد لە باکور چارەسەر دەبێت؟


ئایا بە دوور خستنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان پرسی کورد لە باکور 1چارەسەر دەبێت؟
ئەم بابەتە شرۆڤە کردنی ڕوداوەکانی دوێنەی باکوری کوردستان و پەیامەکەی ڕێزدار ئۆجەڵانە!
جێژنی نەورۆزی کوردان لە باکوری کوردستان بە بەشداری پتر لە دوو ملیۆن و سێسەد هەزار کەس پیرۆز کرا!
دوێنێ ١ی خاکەلێوەی ٢٧١٣ی کوردی جێژنی نەورۆز لە باکوری کوردستان بە بەشداری نوێنەر و پارت و ڕێکخراوەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوە چو.

لەو ڕێوڕەسمەدا نوێنەرانی پارتی "بەدەپە" بۆ خەڵک و بەشداربوانی کۆبونەوە جەماوەرییەکە قسەیان کرد.
هاوکات پەیامی بەڕێز عەبدووڵا ئۆجەلان لە ڕێوڕەسمەکەدا لە لایەن یەکێ لە ئەندامانی بەدەپە خوێنرایەوە.
لە پەیامەکەدا هاتبو کە ئیتر بەسە با چەکەکان بێدەنگ بکرێن و بە شێوەی دیموکراسی پرسی کورد لە باکوری کوردستان چارەسەر بکرێت، هەروەها سپاسی ئەو کەس و لایەنانەی کرد کە گوێڕایەڵی داواکەی دەبن.
سەرچاوەیەک لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە ڕایگەیاند کە ئەوان ڕێز لە داواکەی ئۆجەلان دەگرن و ڕێوشوێنی تاییبەتی لەو بوارەدا دەگرنە بەر.
هاوکات لە پارلەمانی تورکیە گرژی کەوتە نێوان نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسیەکانی تورکیە و ئەو ڕێوەرەسمەیان بە سەرەتایەک بۆ دابەشبونی تورکیە پێناسە کردو نوێنەرانی پارتی جەهەپە و مەهەپە بە توندترین شێوەیە لە دژی ئەو کۆبونەوەیە کە بە مەبەستی پیرۆزبای کردنی نەورۆز و ساڵی نوێی کورد لە باکوری کوردستان ڕێکخرابو هەڵوێستیان وەرگرت. نوێنەری دەرسیم کە خۆی کوردی عەلەوییە لە وتەیەکدا ئەو ڕێوەڕەسمەی بە هەوڵدان بۆ دابەشکردنی تورکیە زانی و وتی نابێت لە گەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان دیالۆگ بکرێت.
نوێنەرانی دیکەی ئەو دوو پارتە فاشیستەی تورک و بەشێک لە نوێنەرانی پارتی داد و گەشە پێدانی دەسەڵاتدار وتیان کە هەڵواسینی وێنەی بەرێز ئاپۆ و ئاڵای کوردستان و گرینگی پێنەدان بە ئاڵای تورکیە وەک بێڕێزی بە نەتەوەی تورک پێناسە دەکرێت و دەبێت لەو پێناوەدا هەوڵوێست وەربگرن.
پاشان نوێنەری وەزیری وڵاتی توکیە کە خۆی بەرپرسیاری وێنە و دوکومێنێت کردنی ڕێوڕەسمەکە بو، پەنای بۆ پارلەمانی تورکیە برد و لەوێ قسەی بۆ ئەندام پارلەمانەکانی تورک کرد و وتی کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک "قبوڵ" ناکرێت، هەر لەوێ ئەندام پارلەمانەکانی تورکی دڵنیا کردەوە کە ئەو کەسانەی کە ئەو بۆنەیان بەڕێوە بردووە دەدرێنە دادگا و لێپرسینەوەیان لە گەڵ دەکرێت.
 شایانی وتنە کە هەر ساڵ و لە پاش بەڕێوە چونی جێژنی نەورۆز و بەهار و دەسپێکی ساڵی نوێی کوردی ئەو کەسانەی کە لە بۆنەکاندا قسەیان کردووە و وێنەی بەڕێز ئاپۆ و ئاڵای ڕەنگاوڕەنگ و هەروەها ئاڵای کوردستانیان بەرز کردوەتەوە دراونتە دادگا و پاشان بە بەند کردنیان کۆتایی بە پڕۆسەکە هاتووە.
بەو چەشنەی کە دەردەکەوێت ڕژیمی تورک دەیهەوێت بە میدیاکانی جیهان ڕووێکی ئاشتی و هێمای ئاشتبونەوە پیشان بدات، وە لە لایەکی دیکەوە پەرە بە گرژی و ئاڵۆزییەکان دەدات و بە هێرش وبەند کردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد لە باکوری کوردستان تۆی گرژی و ئاڵۆزی دەنێتەوە.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو ڕژیمی تورک و پارتی دادوگەشەپیدانی دەسەڵاتدار چەندین جار بە فەرمی باسی لە پرسی سیاسی کورد لە تورکیە و چارەسەری ئەو پرسە کردووە، بەڵام هەر کات کە دەرفەت بۆ ئەو چارەسەرییە ڕەقساوە، بە بەند کردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و سەرۆک شارەوانییەکانی باکوری کوردستان پردی ڕێگا چارەکانی تێکشکاندووە و کۆتایی بە پڕۆسەکەی هێناوە.
ئەوەی کە ئەمڕۆ لە تورکیەو باکوری کوردستان بۆ تورک و جیهان ڕونە هێز و پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان و زیندووێتی نەتەوەی کوردە لەو بەشە داگیرکراوەی کوردستان.
لە ساڵی ١٩٢٠ بەملاوە تورک و فاشیستە تورکەکان هەوڵیان بۆ ئەوە داوە کە نەتەوەی کورد لە باکور بتوێننەوە، هەمیشە نکۆڵیان لە کورد و کوردبونی کورد لە باکوری کوردستان کردووە، بەڵام ئەمڕۆ پاش زێتر لە ٩٠ ساڵ هەوڵدان بۆ لە ناو بردنی کورد، ئەم نەتەوەیە دەڵێت من هەم و ناتوێمە و ناتوێمەوە، دەڵێت چارەسەری، دیموکراسیی و ئازادییە، ڕێگاکان بدۆزنەوە و "واقعییەتی" کۆمەڵگای دوو ڕەنگی تورکییە ببینن.
پەیامەکەی ڕێزدار ئاپۆ هەر ئەوە بو کە چاوەڕوان دەکرا، پارتی کرێکارانی کوردستانی باکور، باشتر وایە کە گرینگی بە داواکەی بەرێز ئاپۆ بدات و ئەو ڕێگایە کە باس لە ئاشتی و چارەسەری دیموکراسیانەی پرسەکە دەکات بپێوێت، بۆ ئەوە بۆ هەمو دوونیا بیسەلمێنێت کە هێزێکی ئاشتی خوازن، وە پێشوازی لە چارەسەری ئاشتیانەی پرسەکە بکەن.
بەڵام ئەو بەشەی لە پەیامەکەی بەڕێز عەبدووڵا ئۆجەلان کە باس لەوە دەکات کە گەریلاکان کوردستانی باکور بەجێ بهێڵن و بچنە دەرەوەی سنورەکان مەترسیدارە، لە بەر ئەوە ئەگەر چارەسەرییەک لە ئارادا بێت ئەوا لە ژێر کاریگەری ئەو هێزەدا هاتووەتە کایەوە، کەواتا دوور خستنەوەی ئەوان لە خەبات و مەیدان و ناوچەکە ترسناک دەبنێت.
ئایا بە ڕاستی بە دوور خستنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزی پاراستی گەڵ کێشەکە چارەسەر دەبێت؟ یان پڕۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت؟
ئەمە بەهێزترین پرسیارە، کاتێک باس لە چارەسەری دەکەین ڕوبەڕومان دەبێتەوە!
تورکیە ئەگەر نیازی چارەسەری هەبێت و باوەڕی بە چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورد بە ڕێگای ئاشتی بێت، دەبێت دەنگی گەڵ لە بەر چاو بگرێت و ڕێز بۆ ویست و داخوازییەکانی گەڵ دابنێت، کەواتا، گەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان هەڵدەبژێرێت، بۆ دەبێت ئەو پارتە لە چارەسەر کردنی کێشەکە دوور بکەوێتەوە؟
بەڵام لە لایەکی دیکەوە ڕوی ڕاستی ڕوداوەکان ئەوە دەڵێت کە ڕوانگەیەک لە تورکیە بۆ چارەسەری کێشە سیاسیەکە هەیە، بەڵام ئاخۆ تا چەندە ئەم پڕۆسەیە سەرکەوتوو دەبێت و جێگای ڕەزامەندی هەر دوو لا دەبێت، دیار نییە.
لە تورکیە چەندین هێز و لایەنی سیاسی و مەدەنی بونیان هەیە کە دەبێت پڕۆسەکە بە ڕەزامەندی هەمو لایەنەکان بێت، دیارە تاکو ئیستا بە شێوەی ڕون و شەفاف هیچ کام لە لایەنەکان بڕوای چارەسەریان پێنیە و لە "عەمەڵ" و پەراکتیکدا ڕوانگەی چارەسەری کز و لاوازە.
بە تاییبەت هەر دوو پارتی جەهەپە و مەهەپە کە تورکییەی "سکولار" بە میراتی خۆیان دەزانن و دژایەتی هەر بیر و هزرێک دەکەن کە ئاڵوگۆڕ لە یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتەدا پێکبهێنێت.
هاوکات "ئەرتەش و سپا" کە ساڵانێکی زۆر دەسەڵاتداری تورکیە بونە و ئیستاش پێگە و کاریگەریان بە سەر دەسەڵاتی یاسای و سیاسی ئەو وڵاتەوە هەیە، ئەوانیش لە ماوەی ئەو ساڵانەدا کە شۆڕشی کورد لەو وڵاتە چڕ بووەتەوە و خەباتی چەکداری کراوە، هەمو سەروەت و سامانێکی ئەو وڵاتە لە ژێر دەستیان بووە و بە دڵی خۆیان بەکاریان هێناوە و گەندەڵیان پێوە کردووە، ئیستاکە ئەگەر پرسی سیاسی کورد لەو وڵاتە بە ڕێگای ئاشتی و دیموکراسی چارەسەر بکرێت، لە بەرژەوەندی ئەواندا نابیت، هەر بۆیە دژایەتی دەکەن و هەوڵ بۆ تێکدانی دەرفەتە ڕەقسێنراوەکە دەکەن.
هەر کات کە سەرۆک وەزیرانی تورکیە وتەیەکی لە بارەی چارەسەری پرسی کورد لەو وڵاتە پێشکەش کردە بوبێت، چەند ڕۆژێکی بە سەردا نەچووە کە کۆمەڵێکی زۆر لە چلاکوانانی سیاسی ومەدەنی کورد دەست بەسەر کراون و ڕەوانەی بەندیخانەکان کراوە.
بۆ نمونە کاتێک لە هەواڵەکان بڵاو کرایەوە کە حوکوومەتی تورک لە گەڵ بەڕێز ئاپۆ کەوتووەتە دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەی پرسی کورد، بەدوای چەند ڕۆژێک سێ چالاکوانی سیاسی و مەدەنی کورد کە یەکێ لەوان لە دەستەی دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان بو لە پاریسی پێتەختی فەرانسا تیرۆر کران.
من پێم وایە کە ئەگەر چارەسەرییەک لە ئارادا بیت، دەبێت لەوە دەست پێبکات کە بەڕێز ئاپۆ ئازاد بکرێت و یاسای بنەڕەتی وڵاتی تورکیە ئاڵوگۆری بە سەردا بێت، بەتاییبەت ئەو بەندانەی کە باس لە یەک نەتەوە و یەک ئاڵاو یەک زمان لە تورکیە دەکات، هەروەها دەبێت هەموی بەندکراوە سیاسییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و کوردی ئەو وڵاتە ئازاد بکرێت و لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژوی سیاسی ئەو وڵاتە دەست پێبکات.
ئەو کات دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ هەنگاو هەڵهێنانەوە بۆ چارەسەری نەک ئیستا کە ئاڵوگۆڕ بە سەر هیچ شتێکدا نەهاتووە. پەیام ناردنی بەڕێز ئاپۆ لە بەندیخانەوە ناتوانێت بە تەواوەتی گوزارش لە ڕاو بۆچونی بەڕێزیان بکات! ئەوەی کە رێزدار ئاپۆ بە باشی بناسێت هیچ کات باوەڕ بەوە ناکات کە بەڕێزیان بڕیاری داوە گەریلا وڵات بەجێ بهێڵێت. لەوانەیە لە ژیر کاریگەری زبری حوکوومەتی تورک ئەو بریارانە بدات.
من پێم وایە ئەم شێوە چارەسەرییە تەنیا فۆرماڵیتەیە و هیچتر، چونکە نیازێکی پاک بۆ چارەسەری نابیندرێت، تەنیا ئەوەیە کە پارتی کرێکارانی کوردستان ئەو ڕێگەی کە بە ناو ئاشتییە، دەپێوێت تا بە بنبەست دەگات.
کاتێک کە دوو لایەن هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەی نێوانیان دەدەن، دەبیت هەر دوو لایەن بە حەزەوە ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و لە داخوازییەکانی خۆیان کەم بکەنەوە، بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ دەبینرێت هەمو شتێک لە سەر حیسابی کورد لە باکورە نەک هەر دوو لا.
ئەو جەوەی کە ئەمڕۆ لە باکوری کوردستان هاتووەتە پێش، من بە هی سەردەمی خاتەمی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێناسە دەکەم، لە بەرژەوەندی کورد نییە و مافی کورد لە باکوری کوردستان بەو شێوەیە دەستەبەر نابێت، تەنیا سیمایەکی نوێ بە میدیای جیهانی و سیاسەتی نێودەوڵەتی و داگیرکەری دەبەخشن.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کورد بە کوردی قسە دەکات و جلوبەرگی کوردی ئازادە، ڕادیۆ و تیڤی کوردیش هەیە، بەڵام ئایا ئەوە توانیوێتی پرسی کورد لەو وڵاتە چارەسەر بکات؟ وڵامەکەی زۆر ئاسانە، "نە".
ڕادیۆ و تیڤییەک کە لە بەرژەوەندی تورک و خزمەت بە سیاسەتی تورک بکات، تا چەندە کولتور و کەلەپوری کوردی پێش دەخات و ئاوڕ لە پرسی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری کورد لە باکور دەداتەوە.
دەبێت سەرمایە لە خزمەت بەرژەوەندی کورد و کولتوری کوردی "سەرف" بکرێت. دەبێت ڕێکخراو و سەندیکای تاییبەت و سەربەخۆ پێک بێن، نابێت هەمو شتێک لە ژێر سێبەری حوکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی و نیزامی ئەو وڵاتەدا بێت.
ئێمە وەک نەتەوەی کورد دەبیت بۆ ڕوداوەکانی کوردستان و ناوچە و سیاسەتی داگیرکەری خوێندنەوەی کوردیمان هەبێت و شرۆڤەی بکەین و چارەسەری و شێوازی چارەسەر کردنیش هەڵسەنگێنین.
ئەو کات دەتوانین ڕوداوەکان لە بەرژەوەندی کورد و نەتەوەی کورد بقۆزینەوە.
بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ لە باکوری کوردستان لە ڕێیە، هێزێکی بە ورەو بە هیمەتە کە ئاگری بیر و باوەڕی بڵێسە دەکات و تیشکی هەتاوینی، بەرد دەتوێنێتەوە و ورەی پۆڵایینە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر