Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۲ شهریور ۳۰, شنبه

حیزبەکانی دیموکرات لەڕۆژی تیرۆرکردنی سەرکردەکانیان لەڕیبازیان لایان داوە!


حیزبەکانی دیموکرات لەڕۆژی تیرۆرکردنی سەرکردەکانیان لەڕیبازیان لایان داوە!
ئەمرۆ ٢٦ی خەرمانان ٢١ساڵ بەسەر تیرۆری میکۆنوسدا تێپەڕبوو!
لەنووسینی: شەهین تەها
ئەمڕۆ سێشەمە ٢٦ی خەرمانان ساڵڕۆژی تیرۆری میکۆنۆسە، تیرۆرێک کە تێدا دووکتۆر سەعید شەرەفکەندی ناسراو بەسادق شەرەفکەندی، لەپلانێکی داڕێژراوو توکمە کە لەلایەن کاربەدەستە باڵاکانی ڕژیم و لەسەری هەمووانەوە خامنەئی ڕێبەری کۆمای ئیسلامی ئێران، ڕەفسەنجانی سەرۆککۆمارو عەلی فەلاحیان وەزیری ئیتلاعاتی ئەو کاتی ڕژیم ئامادە کرابوو، بەڕێوەچوو و تێدا شەهید کران.


دووکتۆر سادق شەرەفکەندی سکرتێری ئەو کاتی حیزبی دیموکرات بوو، کە بەمەبەستی بەشداری لەکۆبونەوەی ئینتر ناسیۆنالی سۆسیالیست سەفەری دەرەوەی وڵاتی کردبوو، لەکۆبوونەوەیەکدا کە لەمەڕ چارەسەری پرسی سیاسی کورد لەگەڵ بەشێک لەدیپلۆماتە تیرۆرستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دانیشتبوو بەشێوەیەکی ناجوامێرانە لەگەڵ سێ کەسی دیکە بەناوەکانی فەتاح عەبدوولی، نووری دێکۆردی و هومایۆن ئەردەڵان تیرۆر کران.
هەر چەند ئەو تیرۆرەو شەهید کردنی دووکتۆر قاسملوو و دواتر دووکتۆر سادق شەرەفکەندی بووە هۆی پاسیڤ بوونی حیزبی دیموکرات و ئوردووگانشین کران، بەڵام ڕووخساری ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەبەر چاو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەرخست و ڕژیمی ئێران سەرکۆنە کراو ئەو تیرۆرانە بەتوندترین شێوە ئیدانە کران و لەقاو دران.
زۆربەی هەرە زۆری وڵاتە ئەورووپییەکان کونسولی خۆیان لەئێران بانگهێشتی وڵاتەکەیان کردەوەو بۆماوەیەکی زۆر پێوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بچڕاند.
هاوکات هەر لەو پێوەندییەدا دادگای میکۆنوس پێکهات و تێدا کاربەدەستە هەرە باڵاکانی ڕژیم بەئەنجام دەرانی بنەڕەتی و پلاندانەرانی ئەو تیرۆرە ناسێندران و تاکوو ئیستاش پۆلیسی ئینتر پۆل بەشێون ئەو کەسانەدا دەگەڕێت کە بەپلاندانەرانی ئەو تیرۆر کردنە ناسێندراون.
پێویست بەوتن دەکات کە دووکتۆر سەعید شەرەفکەندی لەبەر هێمنی و لەسەر خۆو هاوکات سادق بوونی لەناو هاوڕێکانیدا بەدووکتۆر سادق شەرەفکەندی ناسرابوو.
دووکتۆر سادق شەرەفکەندی یەکێ لەکەسایەتییە هەرە گرینگ و بەبلیمەت و لێهاتووەکانی کوردستان بوو کە جێی لەناو دڵی بەشێکی زۆر لەکەسایەتییە سیاسییەکانی ئەورووپیدا گرتبوو.
لەپاش تیرۆر کردنی ئەو کەڵە پیاوە گەلێک کەس لەجیهان داخدار بوون و ئەو تیرۆر کردنەیان لەژێر هەر ناونیشانێکدا بوو بێت ئیدانە کردو لەقاو دا.
دووکتۆر سادق نووسەرێکی بەتواناو بەبلیمەت بوو کە ئیستاش نووسینەکانی چرای ڕێگای تێکۆشانە. دووکتۆر سادق و دووکتۆر قاسملوو پێچەوانەی سەرکردایەتی دیموکرات باوەڕیان بەوە بوو کە هەر کەس و لایەنێک کە بەکردەوە بیسەلمێنێ دیموکرات و ئازادیخوازەو ڕێز لەئیرادەی نەتەوەی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنێت، دانیشتنی لەگەڵ ساز دەکەن و لەو پێوەندییەدا ڕێگای دیالۆگی لەگەڵ دەگرنەبەر.
ئەو دوو سەرکردە کەخۆیان بەدرێژە پێدەری ڕێگای پێشەوا قازی مەحەممەد دەزانی و دەناساند، هەموو کاتێک ئەوەیان دەوت کە کورد نابێت لەگەڵ ئەو لایەنە ئیرانییانە کە خۆیان بەئۆپۆزیسیۆن دەزانن، بەڵام باوەڕیان بەچارەسەری سیاسی پرسی کورد نییەو لەکورد وەک نەتەوەیەکی جیاوازو سەربەخۆ ناڕوانن، دانیشتن بکەن.
هەر بۆیە تاکوو لەژیاندا مابوون، بزاڤی نەتەوەی کوردیش لەقۆناغێکی دژوارو پڕ لەهەورازو نشیودا بوو، هاوکات ئەو بزاڤە پێویستی بەپشتیوانی نێوخۆیی و دەرەکی هەبوو، چونکوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لەخەباتی چەکداریدا بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دوو ڕێبەرە ئامادە نەبوون کە لەگەڵ پانئێرانیستەکان و ئێرانییە فاشیستەکان دانیشتن بکەن.
چونکوو دەیانزانی کە ئەوانە پێڕەوی لەفاشیسم و دووگماتیسم دەکەن و ئاڵوگۆڕ بەسەر بیرو بۆچوونیان لەپێوەندی بەپرسی سیاسی و نەتەوەیی کورد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان نایەت، هەر بۆیە لەهەر شێوە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەو لایەنە ئێرانییانە خۆیان دەبوواردو دەپاراست.
بەڵام هەڵسوکەوت و کارو تێکۆشانی دیموکراتەکانی ئەمڕۆ پێچەوانەی هەڵسوکەوتی ئەو دوو ڕێبوارەی ڕێگای کوردایەتی و ئازادی و دیموکراسییە.
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دیموکراتەکان لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری ئەو لایەنە ئێرانییانە کە لەلایەن ئەو دوو کەسایەتییەوە وەک هێڵی سوور دەناسران، کۆبوونەوەیان ساز کردووەو بگرە لەژێر ئاڵای شیرو خۆرشید و سروی ئەی مەرزی پڕ گەوهەر لەسەرپێ ڕاوەستاون و بۆ ئەو سروودە چەپەڵەیان لێداوە.
سروودو ئالایەک کە لەژێریدا پێشەوای کورد قازی موحوممەد لەسێدارە دراوەو قاسملوو و شەرەفکەندی ئاوارە کران و کوردی لەڕۆژهەڵات پێ ماڵوێران کراو بزاڤی نەتەوەیی کورد لەباشووری کوردستان نسکۆ پێهێنا.
سروودو ئاڵایەک کە باس لەیەک نەتەوەو یەک ئاڵاو یەک زمان دەکات. ئەوەش زمانی فەرمی فارسی و داسەپاندنی بەسەر نەتەوەکانی بندەست لەئێران.
لەو پێناوە دایە کە بەپێویستی دەزانم بڵێم کە دیموکراتەکانی ئەمڕۆ  پێچەوانەی سیاسەتەکانی ئەو سێ سەرکردە، واتا پێشەوا، قاسملوو و شەرەفکەندی هەنگاو دەهاوێژن و دەنێن.
ئەو سیاسەت و بنەما هزری و فکرییانەی کە قاسملوو و شەرەفکەندی بنەماکەیان بۆ داڕشت، ئەگەر ئەمڕۆ بووبایەو لەگۆڕەپانەکەدا بوونایە، ئاڵوگۆڕێکی قوڵ و بنەڕەتیی و بنەماییان بەسەر بەشێکی زۆر لەو ڕێبازانەدا دەهێنا کە کاریان پێدەکرد، هەر وەک قاسملوو دەڵێت سیاسەت هوونەری ئاڵوگۆڕە. ئاڵوگۆڕی پێویستان دەهێنایە کایەوە.
قاسملوو و شەرەفکەندی لەقۆناغ و هەلومەرجێکدا لەخەبات و گۆڕەپانی تێکۆشاندا بوون کە زرووف و هەلومەرجەکە دژوار بوو، کوردیش پتر پێویستی بەهاوکاری بوو، پێویستی بەوە دەکرد کە سرنجی هێزە ئێرانییەکانی دیکە لەبەرژەوەندی خەبات و تێکۆشان و ماف و ویست و داخوازی کورد ڕابکێشن. بەڵام بۆ دڵنیا بوون لەوە کە هەڵە نەکەن هیچ کات لەگەڵ ئەو لایەنانەش کەدەیانویست سرنجیان بۆ بزاڤی نەتەوەیی کورد ڕابکێشن، دانیشتنیان نەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا دەیانتوانی لەبەر دژواری دۆخ و هەلومەرجەکە ڕیسک بکەن، بەڵام لەبەر ئەوە کە نەوەی ئەمڕۆ نەکەونە ناو گۆماوی سەرلێشێوان ئەو ڕیسکەیان نەکردو ئەنجام نەدا.
بۆیە بڕیاریاندا پرسی بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی کورد لەچوارچێوەی ئێران وەک پرسێکی تاکتیکی و ڕۆژ بخەنە ناو ڕۆژەڤی سیاسەتیانەوەو ڕێگەی پێوەندی گرتن و دداننان بەمافی نەتەوەی کورد لەقۆناغی یەکەمدا بۆ ئەو لایەنانە بهێڵنەوەو لەسیاسەتی خۆیاندا بەشێوەیەکی گشتی پرسی کورد بۆ لایەنە ئێرانییەکان شی بکەنەوە.
ئەوەش لەسیاسەتدا بەئەزموون و تاقیکاری پێناسە دەکرێت و ناو دەهێنرێت. من لەوە دڵنیام کە ئەو دوو سەرکردە ئەگەر ئەمڕۆ لەگۆڕەپانی تێکۆشانی خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوونایەو مابانایە، ئاکامی ئەو تاقیکارییانەیان ڕادەگەیاندو ئیستراتیژیکی نەتەوەییان دەخستە ڕۆژەڤی سیاسەتیانەوە.
هەر چەند خۆبەستنەوەیان بەئێران هەر وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا تاکتیک و سیاسەتی ڕۆژ بوو، چونکوو ئەو سەردەمە ئەوە پێویستی دەکرد بۆ ڕاکێشانی سرنجی لایەنەکانی دیکە لەپێوەندی بەپرسی سیاسی کورد، نەک وەک ئەمڕۆی حیزبەکانی دیموکرات کە هەموو تاکتیک و سیاسەتێکی ڕۆژی سەردەمی قاسملوو و شەرەفکەندیان کردووەتە ئامانجی بنەڕەتی و ئیستراتیژیکی سیاسی و گشتیی خۆیان.
هەنووکە حیزبەکانی دیموکرات کەوتوونەتە ناو گێژاوی گۆمێکی قوڵ لەهەڵە لەشۆناسی نەتەوەیی بوون و سەرلێشێوان لەپێناسەی شۆناسی کوردو پێناسەی ئێرانی بوونیان دا. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە کە ئەو حیزبانەی دیموکرات بخاتە سەر دووڕیانی کوردبوون و ئێرانی بوون کە نازانن کامیانە هەڵبژێرن.
ئەوەی کە هەنووکە پێوستی بەئاماژەدان و قامک لەسەر دانان دەکات ئەوەیە کە تاکوو ئەمڕۆ شۆناس و پێناسەی ئێرانی بوونیان هەڵبژاردووە، ئەمەش بۆ هەموولایەک ڕوونە، ئەوەش کێشەی مەزن و بنەڕەتی ساز کردووەو کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕای گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داناوە. بەشێوەیەک کە بەشێک لەڕووناکبیران و خەڵکی ئاسایی بەئاماژەدان بەسیاسەتی ئەو حیزبانەی دیموکرات و گوتاری سەرکردەکانیان پێناسەی ئێرانی بوونیان هەڵبژاردووەو ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بنەما فەلسەفییەکانی پێشەوا قازمی مەحەممەدو قاسملوو و شەرەفکەندی دژایەتی دەکەن و بەهەڵە لەڕێگای ئەو سەرکردە بلیمەتانە گەییشتوون.
کێشەی لەتبوون و لێکترازانەکانیش بۆ هەمان هەڵەی سیاسی ئەو حیزبانەی دیموکرات دەگەڕێتەوە کە بەرۆکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوەو بزاڤی نەتەوەیی کوردی لەو بەشەی کوردستان تووشی کێشەو لاوازی و تێڕمانی شۆناسی نەیەوەیی و کورد بوون کردووە.
                                                                          ***
دووکتۆر سادق شەرەفکەندی لە١٧ی ٩ی ١٩٩٢ی زایینی لەڕێستۆرانتی میکۆنۆس لەشاری برلینی ئاڵمان بەدەستی تیرۆرستەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆر کرا، لەو تیرۆر کردنەدا تەنیا سەرشۆڕی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و دەست و پێوەندەکانی مایەوە.
سادق شەرەفکەندی دووکتۆرای لەبواری شیمی لەزانکۆی پاریس وەرگرت، سادق شەرەفکەندی لەڕێگای دووکتۆر قاسملوو بەبەرنامەی حیزبی دیموکرات ئاشنا دەبێت و پاش ماوەیەک دەبێتە ئەندامی فەرمی ئەو حیزبە.
کارو چالاکی خۆی لەبەشی پەروەردەو ئینتیشارات و ڕادیۆ بەباشترین شێوە بەڕێوە دەبات، بۆماوەیەکی زۆر ئەندامی کومیتەی ناوەندی و دەفتەر سیاسی حیزبی دیموکرات و جێگری دووکتۆر قاسملوو دەبێت، لەپاش تیرۆری قاسملوو دووکتۆر سەعید دەبێتە سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات و ئەو حیزبە وەک سەردەمی قاسملوو چالاک و کارا دەمێنێت و برەو بەخەباتی سیاسی خۆی دەدات و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لەسێبەری ئەو دوو ڕێبەرەدا بەپرسی کوردو چارەنووسی ئەو نەتەوەیە لەهەموو بەشەکانی کوردستان ئاشنا دەبێت.
هەر وەک سەردەمی قاسملوو کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاردا دەبێت و خەباتی چەکداری درێژە دەکێشێت، بۆیە کۆماری ئیسلامی بەو قەناعەتە دەگات کە شەرفەکەندیش وەک قاسملوو بەڕێوەبەرو مودیرێکی باش دەبێت، بۆیە بەو ئامانجە دەگات کە دووکتۆر سادق شەرەفکەندی تیرۆر بکرێت. لەپاش پلانێکی تۆکمە دوای سێ ساڵ تێپەڕبوون بەسەر تیرۆری قاسملوو ئەویش تیرۆر دەکرێ. هەنووکەو لەپاش لەسێدارەدان و تیرۆری ڕێبەرەکانی ئەو حیزبە، حیزبەکانی دیموکرات لەدەشتی کۆیە گۆشەگیر بوونەو پاڵیان داوە بەوردە کێوەکانی کۆی سنجاق و هەیبەتسوڵتان.
هەنووکە تاکە پرسیارێ کە لەو پێوەندییەدا دێتە گۆڕێ ئەوەیە کە ئایا شەرەفکەندی تیرۆری قاسملووی لەبیر چوو بوو؟ یان خود ئەویش دەیویست تیرۆر بکرێ؟ 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر