Pages

Subscribe:

Ads 468x60px

۱۳۹۱ مرداد ۲۴, سه‌شنبه

ئایگون: پەکەکە داوای لێکردم بۆچارەسەری کێشەی کورد و کۆتایی هێنان بە شەڕ هەوڵی زیاتر بدەم


ئایگون: پەکەکە داوای لێکردم بۆچارەسەری کێشەی کورد و کۆتایی هێنان بە شەڕ هەوڵی زیاتر بدەم
 NNSROJ: ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 14ی ئاگۆستی 2012ی زاینی، هێزەکانی پاراستنی گەل، باڵی چەکداری پەکەکە ڕایگەیاند کە "حوسێن ئایگون، نوێنەری جەهەپە لە پارلەمانی تورکیایان، پاش 48 کاتژمێر، ئازاد کردووە".

دوابەدوایی ئەو لێدوانەی هەپەگە، "حوسێن ئایگون"، پارلەمانتاری "پارتی کۆماری گەل، CHP"، لە وتووێژێک لەگەڵ مێدیاکانی تورکیا ڕایگەیاند کە "لە سەرەتای گیرانمەوە، هیچ نیگەرانییەکم نەبوو، بۆیە کە دەمزانی مەبەستیان [گەریلاکانی HPG] تەنیا پڕۆپاگەندەی سیاسییە. ئەو گەنجانەی کە ئەو چالاکییەکان ئەنجام دا، وتیان کە من تەنیا میوانی ئەوانم و ناڕاستەوخۆ ئەوەشیان درکاند کە ئەگەر بە شێوەیەکی سەربەخۆ [لە دەرەوەی جەهەپە] سیاسەت بکەم، ئەوان خۆشحاڵتر دەبن. هاوکات داواشیان لێکردم کە بۆ چارەسەری کێشەی کورد، بۆ ڕاگرتنی ڕژانی خوێن و پێکگەیشتنەوەی هەزاران گەنجی سەر چیا و بنەماڵەکانیان هەوڵی زیاتر بدەم تا سیاسەت و پارلەمان، بۆ کۆتایی هێنان بەو شەڕ و پێکدادانانە، چالاکانە تر رۆڵ بگێڕن".

ئەو پارلەمانتارە بە ڕەچەڵەک کوردە وتیشی کە خۆی، لە ماوەی یەک ساڵ بوونی لە پارلەمان دا هەوڵی زۆری لە پێناو چارەسەری کێشەی کورد داوە و بۆ وێنەی دەنگی "نا"ی بەو ئیختیارنامە داوە کە پارلەمان ئیزن بە ئەرتەش دەدات لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیاش هێرش بکاتە سەر پەکەکە. ناوبراو وتیشی کە ئەوان [گەریلا] پێیان وابووە کە سیاسەت کردنی سەربەخۆ، زیاتر لە من دەوەشێتەوە.
حوسێن ئایگون وتیشی کە "ئامانجی سەرەکی گرتنی من، ڕاکێشانی سەرنجی بیرو ڕای گشتی و هەوڵدان زیاتر بۆ چارەسەری کێشەی کورد و کۆتایی هێنان بە شەڕ" بوو و "هیچ هەڵسوکەوتێکی خەراپیان لەگەڵ نەکردم و زۆر بە ئیحترامەوە لەگەڵم جووڵانەوە و تەنانەت لە کاتی ئازادکردنم دا، ماچیان کردووم و وتوویانە کە براکانت لە چیا فەرامۆش مەکە".
هەواڵی گیرانی حوسێن ئایگون لە لایەن پەکەکەوە، دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە مێدیای تورکیا، کوردستان و جیهان هەبوو و هەندێک لە چاودێرانی سیاسی تورک، ئیدعایان کردبوو کە ئەو پارلەمانتارە، خۆی لە خەتی فکری پەکەکە نزیکە و مومکینە پاش ئازادبوونی ببێتە ئامرازێکی پڕۆپاگەندەی سیاسی ئەو حیزبە.
ناوبراو لە وەڵامی ئەو ئیدعایانە بە Cnnturkی وت: بە بیستنی ئەو ئیدعایانە دڵگران بووم بەڵام هەر کەس [لەم وڵاتە] باس لە ئاشتی دەکات بەردەوام بە "سیاسەتکردن لە سەر هێڵی پەکەکە" تاوانبار دەکرێ.
شایانی باسە کە ئێوارەی ڕۆژی 12ی ئاگۆست، هەپەگە ڕایگەیاندبوو کە "حوسێن ئایگون، پارلەمانتاری دەرسیمی سەر بە جەهەپە، لە سەر کۆمەڵێک سکاڵا، لە سەر ڕێگەی ئۆڤاجیک بۆ دەرسیم قۆڵبەست کراوە و پاش کاروباری ئیداری و حقووقی، ئازاد دەکرێت".
بەکارهێنانی وشەی "قۆڵبەست‌کران" لە لایەن هەپەگەوە، ڕەنگدانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە. ڕۆژنامەنووسانی تورک لەمبارەوە وتیان کە "بەکارهێنانی ئەو چەمک و دەستەواژانە نیشان دەدات کە پەکەکە لە کوردستان خۆی بە دەوڵەت دەزانێ و دەیهەوێ سیستەمی حقووقی خۆی پیادە بکات".
---------------------
ژنێکی گەنج لە مەهاباد ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا
NNSROJ: لە شاری مەهاباد، ژنێکی گەنج ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە ئەنجام دا گیانی لە دەست دا. 

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بە سایتەکەمان گەیشتوون، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٨ ساڵ بە ناوی ش، هەفتەیەک لەمەوپێش لە گەڕەکی "زەمینەکانی شارەداری"ی مەهاباد ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و بە هۆی خەستی برینەکانی بۆ نەخۆشخانەی ورمێ گوازراوەتەوە.

بە پێی هەمان ئەو زانیارییانە، هەوڵی پزیشکان بێ ئاکام ماوەتەوە و ناوبراو دوێنێ دووشەممە (١٣ی ئووت) گیانی لە دەست داوە. 

دەگوترێ ئەو ژنە مناڵێکی کوڕی هەبووە و بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

وەک ئامارەکانی کۆماری ئیسلامی باسی دەکەن، پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت کرماشان و ئیلام، زۆرترین ڕێژەی خۆکوشتنی هاوڵاتیان لە سەرانسەری ئێرانیان بۆخۆیان تۆمار کردووە. 

بێکاری، هەژاری، گووشارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، کێشەی خێزانی بە هۆی داب و نەریتی کۆنی کۆمەڵگا، لە لایەن کارناسانی کۆمەڵایەتییەوە، بە گرینگترین هۆکارەکانی ئەو دیاردەیە دەزانرێن.
--------------
گیراوێکی سیاسی کورد پاش 5 ساڵ زیندان، ئازاد کرا
NNSROJ: زانرا کە گیراوێکی سیاسی کورد بە ناوی "هادی ئەمینی"، پاش تێپەڕکردنی 5 ساڵ زیندان، ئەمڕۆ لە گرتووخانەی رەجایی شاری کەرەج، ئازاد کراوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بە ئێن‌ئێن‌ئێس ڕۆژ گەیشتووە، ئەمڕۆ سێشەممە، 24ی گەلاوێژی 1391ی هەتاوی، گیراوێکی سیاسی کورد بە ناوی "هادی ئەمینی"، پاش تێپەڕکردنی 5 ساڵ زیندان لە گرتووخانەکانی ورمێ، مەهاباد، ئێڤینی تاران و ڕەجایی شاری کەرەج، ئازاد کرا.
ئەو گیراوە سیاسییە، خەڵکی بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و هاوینی ساڵی 1386ی هەتاوی بە تۆمەتی ئەندامەتی لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی قۆڵبەست کرابوو و لە مانگەکانی سەرەتایی گیرانی دا، بە گوێرەی هاوبەندەکانی، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بە سەختی ئەشکەنجە درابوو.
هادی ئەمینی لە ماوەی گیرانی دا، چەند جار مانی لە خواردن گرت و دواجار لە هاوینی ساڵی 1388، بەشداری چالاکی مانگرتن لە خواردنی گیراوانی سیاسی و مەدەنی کورد بوو.
ئەو گیراوە کوردە لە ماوەی 5 ساڵی زیندانی کرانی دا، لە ژێر گووشاری بەردەوامی بەرپرسان و ئیتلاعات دابوو و لە مافی وەرگرتنی مەرەخەستی بێبەش کرابوو.
شایانی باسە کە لەم ڕۆژانەی دواییدا، گیراوێکی سیاسی تری کورد بە ناوی "ئەنوەر حوسێن پەناهی"، بە دانانی بارمتەی 300 میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر