خانەقین: بڵاوبوونەوەی 45 گرتەی سێكسی ژیانی ژنان دەخاتە مەترسییەوە
وارڤین - خانەقین: بڵاوبوونەوەی (45) گرتەی سێكسی لە رێگەی مۆبایلەوە ژیانی ژنانی خستووەتە مەترسییەوە و چالاكوانانی شارۆچكەكەش داوا لە كچان دەكەن رێگە بە تۆماركردنی پەیوەندییەكانییان نەدرێت و داواش لە كوڕان دەكەن دوور بكەونەوە لەو رەفتارە.
لە بانگەوازێكدا لیژنەی ئاشتی و هیوا بۆ (ئەنانا) كە لە گروپێك چالاكوانی خۆبەخش پێكهاتووە، رایدەگەیەنن، لە سنووری شارۆچكەی خانەقین، (45) گرتەی سێكسی كوڕان و كچان لە رێگەی مۆبایلەوە بڵاوبوونەتەوە و ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانی ئەو كەسانە دروستكردووە كە لە گرتەكان دەركەوتوون.
هەروەها لە بانگەوازەكەدا، لیژنەكە داوا دەكات كچان رێگە نەدەن كوڕان سوود لە متمانەی نێوانییان وەربگرن و بە ڤیدیۆ یاخود بە فۆتۆ وێنەیان بگرن.
ئەمەی خوارەوە دەقی بانگەوازەكەیە:
بانگهواز بۆ كچان و كوڕان
سەرچاوەیەكی ئاگادار و بەرپرس بە لیژنەی ئاشتی و ھیوا بۆ ئەنانا، راگەیاند كە(٤٥ گرتەی ڤیدیۆی سێكسی كچان و ژنانی لەبەردەستە، بەڵام ھیچ كەسێكیان سكاڵای بەرزنەكردووەتهوه. وەك لە گرتەكان دیارە ھەمووی بە ئارەزووی ھەردوولایان بووە، بەڵام بەھۆكاری جیاواز دزەیان كردووە بۆ ناو خەڵك).
ئێمە بەوپەڕی پەرۆشییەوە بۆ ژیان و چارەنووسی خۆتان و كەسوكارتان، داوا لە كچان دەكەین بە ھیچ شێوەیە رێگا بە خۆشەویستەكانیان نەدەن ڤیدیو یان وێنەی تایبەتیان بۆ بگرن و لە كوڕەكانیش داوادەكەین بەھیچ شێوەیەك ئەو كارە ئەنجام نەدەن. راستە ئێوە لەو كاتە بەتەواوی متمانەتان بە یەكتر ھەیە، بەڵام ئایا ھیچ زەمانەتێك ھەیە بۆ ئەوەی ھیچ كێشە و لێكترازان روو نەدا؟!
بەڕێزان: لەوانەیە پەیوەندیتان تا سەر نەبێت و پاشان ئەو وێنە و گرتە ڤیدیویانە بۆ فشار، ھەڕەشە و بێزاركردن و شكاندنی كەسایەتی بەكاربھێنرێن و زۆر كێشەی كۆمەڵایەتی قورس و دڵتەزێنیان لێ بكەوێتەوە.
لیژنەی ئاشتی و ھیوا بۆ ئەنانا
http://warvin.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=1490&Jor=9
-------------------------
-------------------------
یونیسێف: ساڵانە لە جیهاندا 23 ملیۆن كچی ژێر 15 ساڵ بە مێرد دەدرێن
وارڤین: بەبۆنەی بەڕێوەچوونی یەكەمین رۆژی جیهانی كچان لە یازدەی ئۆكتۆبەر، رێكخراوی یۆنێسێفی سەر بە نەتەوەیەكرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا لەبارەی زەواجی كچانی ژێر 15 ساڵ هۆشداری داوەتەوە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و داوای كۆتاییهێنان بەو دیاردەیە دەكات.
لە بەیاننامەكەی یونیسێف (سندووقی منداڵانی نەتەوەیەكگرتووەكان) دا هاتووە كە لە ئاستی جیهاندا یەك لەسەر سێی ژنانی تەمەن 20 تاكو 24 ساڵانی ئێستا كە دەكاتە 70 ملیۆن، لە تەمەنی ژێر 15 ساڵییەوە ناچاركراون هاوسەرگیری پێكبهێنن.
لەو بەیاننامەیەدا هەروەها هاتووە كە لەئێستاشدا سالانە 23 ملیۆن كچ لە تەمەنی ژێر 15 ساڵانەوە ناچار بە هاوسەرگیری دەكرێن.
سابینە كریستیانسن، رۆژنامەنووسی ئەڵمانی و باڵێۆزی یونیسێف دەڵێ: "بۆ كچێكی منداڵ، مەراسیمی شاییەكەی بە واتای دەستپێكی ژیانێكی خۆش نییە، بەڵكو كۆتاییەكی توندوتیژانەی سەردەمی منداڵییە".
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە كە سەرەڕای پێشنیازی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ولاتان لەساڵی 1994 بۆ سەرخستنی تەمەنی هاوسەرگیری بۆ 18 ساڵ، هێشتا زیاتر لە 50 وڵاتدا هاوسەرگیری منداڵانی ژێر 18 ساڵ یاساییە.
یەكێك لە ئەنجامەكانی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا، گیان لەدەستدانی ساڵانەی نزیكەی 50 هەزار ژنی گەنجە لە تەمەنی 15 تا 19 ساڵی لەئاستی جیهاندا.
رۆژی جیهانی كچان بۆ یەكەمین جارە كە بەرز رادەگیرێت. كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەمانگی دیسێمبەری ساڵی 2011 رۆژی 11 ئۆكتۆبەری هەموو ساڵێكی وەك رۆژی جیهانی كچانی منداڵ دەستنیشان كرد.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر